قەندیل لە چاوەڕوانی سنە و قامشلۆ و ئامەد و سلێمانی دایە...
Sunday, 16/03/2014, 12:00
لەمێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نەورۆز لای گەل و نەتەوە جیاوازەکان بە شێوەی جۆراوجۆرو جیاواز پیرۆز دەکرێت، گەلی کوردیش یەکێکە لە نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە کەوا خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانێت و جیاواز لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە نەورۆز پیرۆز دەکات. پیرۆز کردنی نەورۆز لای گەلی کورد زۆر گرنگە چوونکە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە درێژای مێژوو لەلایەن ڕژێمە داگیرکارە یەک لەدوای یەکەکان ماف و ئازادیەکانی گەلی کوردیان پێشێلکردووەو نەیان هێشتووە گەلی کورد شێوەی گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆنەو ڕێوو ڕەسمەکانی خۆیان یاد بکەنەوەو پیرۆزی بکەن.
لە ساڵانی هەری دوای سەدەی بیست و یەکەم بە هۆی پێشکەوتنی شارستانیەت و مرۆڤایەتی و تەکنەلۆژیا ئەمانەو هتد... وایکرد لە ئاستی جیهانیدا گۆڕانکاریەکی سەرتاسەری لە سیاسەت و ستراتیژیەت و هۆشیاری لە نێوان گەلانی جیهانیدا ڕوو بدات و پێشکەوتن بێتە ئاراوە. ڕۆژهەڵاتی ناوین بە بەراورد لەگەڵ گەلانی جیهانی بەهۆکاری شەڕی مەزهەبی و تایفی و پیلانگێڕێ وڵاتە زلهێزەکانی نێونەتەوەیی ئەمتیازاتی ئەو پێشکەوتن و هۆشیاریە لای گەلانی ناوچەکە کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین توانییان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ی زاینی ئەو هەلە بقۆسنەوەو زەنگێکی هۆشیاری بدەن بە ڕژێمە دیکتاتۆرە ستەمکارەکانی حاکمی وڵاتەکانیان و ئەو شاڵاوەش لە چەند وڵاتێک دەستیپێکردوو تیایدا چەند ڕژێمێکی حاکمی ستەمکارو دیکتاتۆر لەسەر کار لابران و ئەو شاڵاوە ناڕەزایەتییە لە ناوچەکەدا بەردوامەو لەئێستاشدا بە گەرمی وڵاتی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە.
گەلی کوردیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا یەکەمین و گەورەترین نەتەوەیە لە ناوچەکەدا هەروەها خاوەنی جوغرافیای خۆیەتی. بەڵام بە هۆی داگیرکاری و دابەش بوونی جوغرافیای کوردستان نەتەوەی کورد و کوردستانی گەورە بۆ چواربەش دابەش و پەرتەوازە کراوە، دواتر لەلایەن ئیمپراتۆرو ڕژێمە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانەوە بە درێژای مێژوویەکی پڕ لە تراژیدیایی دەیان ساڵە ئەو زڵم و ستەم و داگیرکاریە بەردوامی هەبووە ئێستاشی لەگەل بێت بەردوامە. بەڵام لەبەرامبەردا گەلی کورد هیچ کاتێك سەری نەوی نەکردووە بۆ دوژمنان و داگیرکاران، بەردەوام لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان شۆڕشی یەک لەدوای یەک سەری هەڵداوەو لەو شۆڕشانەشدا شەکست و دەستکەوتی دیا بەرهەم هاتووە. ئێستاشی لەگەڵ بێت شۆڕش و بەرخۆدان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لەلایەن بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ڕێبەرایەتی ڕێزدار:عەبدوڵڵا ئۆجالان بەردەوامە. جوغرافیای دابەشکراوی کوردستان بۆ چواربەش لە سەدەی ڕابردوودا، تەنها توانراوە بەشێکی ئەو جوغرافیایە بەتەواوەتی ئازاد بکرێت ئەویش باشووری کوردستان بوو، بەڵام ئازادکردن یان با ناوی بنێین ئازادبوونی باشووری کوردستان زیاتر هەلێکی سیاسی ناوچەی بوو وایکرد ئازاد ببێت و بکەوێتەوە دەست کوردان. ڕاستە باشووری کوردستان بەتەواوی ئازاد بووەو بۆ ماوی ٢٣ ساڵە لە دەستی کوردانە بەڵام بەداخەوە لەو کاتەوە باشووری کوردستان بەتەواوەتی ئازاد کراوەو کەو تووەتە دەستی کوردان نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خاوەنداریەتی لە گەلەکەی بکات هاوکات باشووری کوردستان هیچکات نەیتوانیەوە خاوەنداریەتی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بکات، ئەمەش جێگای شەرمە بۆ کارەکتەرە سیاسییە کانمان لەو بەشەی وڵات.
ڕۆژئاوای کوردستانیش بەشێکی دیکەی پارچە کراوی کوردستانە کەوا لەکاتی سەرهەڵدانی شٶڕشی گەلانی نوچەی ڕژهەڵاتی ناویندا بە دەستپێشخەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد توانراوە بە سەرکەوتوویی و سەربەرزییەوە شۆڕشیێکی بێوێنەی تیا بەرپا بکرێت و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئەو بەشەی وڵاتیش بە هەوڵ و ئیرادەیی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان ئازاد بکرێت هاوکات وەکو مۆدێلێکی سەردەمیانە حکومەتێکی کاتی سەربەخۆی دیمراتیانە بەناوی سێ هەرێمی کانتۆنی جەزیرەو عەفرین و کۆبانێ ڕابگەیەنرێت. بەشەکانی دیکەی وڵاتیش باکوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان ئیرادە و شۆڕش و بەرخۆدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە ئایندەیەکی دوورو نزیک بەپشت بەستن بە ئیرادەی گەلەکەمان ئازاد دەبێت و ئیدی گەلی کورد بۆ هەمیشە شێوەی گەلانی دیکەی جیهان دەتوانن بە ئازادانە ژیانێکی سەربەستانە لە بەردەوامی مرۆڤایەتی بووندا لەسەر نیشتمانێکی ئازاد کراو بەردەوام بکەن.
دێینە سەر گرنگی نەورۆز: نەورۆزی ئەمساڵ واتا نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی بەپێی ئەو گۆڕانکاری و دەستکەوتانەی گەلی کورد کە هاتووەتە دی، جیاوازتر دەبێت، بۆیە دەبێت گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت ئەوە بزانن نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی نەورۆزێکی مێژووی و خاوەن دەستکەوت دەبێت لەبەرامبەر ئەمەشدا گرنگیدان بە نەورۆزی ئەمساڵ ئەرکێکی ئیخلاقی و نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی کوردستان. ئەمەش دەبێت گەلەکەمان بە هەڵبژاردنی میکانیزمێکی نوێ بەشداری لە نەورۆزی ئەمساڵ بەکەن وەک لە پەیامەکەی (هاوسەرۆکایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان) پەکەکەدا هاتووە کوردان دەبێت بە دروشمی (یان ئازادی یان ئازادی) بە ملیۆنان کوردستانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەشداری مەیدانەکانی نەورۆزی ساڵی نوێی کوردی ٢٧١٤ ببن.
لە مەیدانەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا چیا سەرکەشەکانی قەندیل و گەریلە سەربەرزەکانی پاراستنی نیشتمانی پیرۆزی کوردستان لە چاوەڕوانی (سنە و قامشڵو و ئامەد و سلێمانی دان) قەندیل ئەمساڵ چاوەڕوانی سەدان هەزار کوردستانی هەموو بەشەکانی کوردستانە تاوەکو هەموو کوردستانیانی هەر چوار لای کوردستان بە یەک دەنگ و بە دروشمی یان ئازادی یان ئازادی پەیامێکی نەتەوەیی ئاڕاستەی گەلانی جیهان و ناوچەکە بکەن و هاواری نا بۆ پێشێلکردنی مافە ڕەوا ئینسانییەکانی گەلی کورد ئاڕاستەی مرۆڤایەتی جیهانی بکەن. نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی ئەمساڵی قەندیل چاوەڕێی پەیامەکانی سنە و قامشلو و ئامەد و سلێمانی یە، بۆ ئەوەی هەموو گەلانی جیهان و ناوچەکە بزانن کەوا گەلی کورد و هەرچوار بەشی کوردستان یەک نەتەوەو یەک کوردستانی پارچەکراوە، بۆ ئەوەی دوژمنان و داگیرکارانی کورد و کوردستان ئەو ڕاستیە باش بزانن ئیدی کوردان یەک دەنگ و یەک ڕەنگن. ئامادە بوونی سنە و قامشلو و ئامەد و سلێمانی لە نەورۆزی قەندیل نیشانەی بەرپەرچدانی وەڵامی دوژمناکارانەی دەوڵەتی تورک و کۆماری سێدارەو ڕژێمە فاشیستەکەی ئەسەدو هێزە چەکدارە تیرورستەکانی داعشە. ئامادە بوونی سنە و قامشلۆ و ئامەد و سلێمانی لە نەورۆزی ئەمساڵی چیا سەرکەشەکانی قەندیل پشتگیریەکی تەواوی گەلی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانە لە خۆبەڕێوەبەریە دیموکراتیەکەی کانتۆنەکانی جەزیرەو عەفرین و کۆبانێ.
گەش بین و هیواخوازم گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە نەورۆزی ئەمساڵدا جیاواز لە نەورۆزی ساڵانی ڕابردوو هەست بە بەرپرسیاریەتییەکی ئیخلاقی نەتەوەیی بکەن و لە نەورۆزی ٢٧١٤ی ساڵی نوێی کوردی ئەمساڵ لە سەرجەم مەیدانەکانی نەورۆز پەشداری بەکەن و سەر بۆ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان نەوی نەکەن و ئەو ڕۆژە بەرسەر بەرزییەوە پیرۆز ڕاگرن.
بە دروشمی یان، ئازادی یان، ئازادی نەورۆزی ٢٧١٤ی ساڵی نوێی کوردەواری لە هەموو گەلی کورد و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و گەریلا سەربڵندەکانی سەری چیاو ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئوجالان پیرۆز دەکەم.
بەهمەن ژاوەرۆیی/ ١٦. ٣. ٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست