ئه‌و په‌یکه‌ره‌ی حه‌پسه‌خان لابه‌رن له پارکی ئازادیی
Friday, 14/12/2012, 12:00
نه‌وه‌د و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆژی 21/05/1919 خه‌ڵکی سلێمانی له دژی ده‌سته‌ڵاتی ئینگلیز راپه‌ڕین، به فه‌رمانی مه‌لیک مه‌حمود له به‌رده‌رکی سه‌را ئاڵای ئینگلیزی داگیرکه‌ر له لایه‌ن عیزه‌ت نه‌جیبه‌وه داگیراو ئاڵای کوردستان له جێگایدا هه‌ڵکرا.
دوای یانزه ساڵ له‌م رووداوه رۆژی 06/09/1930 جارێکی تر نزیکه‌ی دوو هه‌زار که‌س رژانه‌وه به‌رده‌رکی سه‌راوه دژ به ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز و حکومه‌تی عێراق. به لایه‌نی که‌مه‌وه سیانزه که‌س له‌م خۆپیشاندانه‌دا به گولله‌و نێزه‌ی سه‌رباز کوژران.
خاڵێکی گرنگ له‌و دوو روداوه مێژووییه‌دا، که نرخێکی جۆرایه‌تیی هه‌یه، بوونی نه‌ژادی ئافره‌ته وه‌کو جه‌مسه‌ری دووه‌م. شانبه‌شانی شێخ مه‌حمود وه‌کو هێزی ژن حه‌پسه‌خان خاوه‌ن پایه‌و هه‌ڵوێست بووه.
راپه‌ڕینی رۆژی (21/05/1919)
له‌م راپه‌ڕینه‌دا کاتێک که ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردیی هه‌ڵکراوه‌و کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز گیراون، حه‌پسه‌خان ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر ئیداره‌ی دیلهکانداو له ماڵی ئه‌وانه‌وه خواردنیان بۆ چووه‌و پارێزراون. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێکی شارستانیی داوه به کورد که چۆن له‌گه‌ڵ دیلدا بجوڵێته‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره مۆراڵه‌وه، که له لایه‌ن شێخ مه‌حمود و حه‌پسه‌خانه‌وه پیاده کراوه، ئینگلیزه‌کان زۆر نامه‌ردانه له‌گه‌ڵ ئینسان جوڵاونه‌ته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا که دژی کورد جه‌نگان شاری سلێمانیان به ناپاڵم بۆردومان کرد. شێخ مه‌حمود چه‌ند جارێک داوای له ئینگلیزه‌کان کرد که به‌رامبه‌ر به چه‌کدار ئازادن چی ده‌که‌ن به‌س ده‌ست له ژن و منداڵ بپارێزن، به‌ڵام بێ سود بوو. ئه‌وان له بۆمبارانی گونده‌کان ده‌ستیان نه‌پاراست. له ناوچه‌ی بارزانیش له مانگی دوانزه‌ی ساڵی (1935)دا هێزه‌کانی عێراقی ئینگلیز سه‌ری خه‌لیل خۆشه‌ویی و دوو که‌سی تریان له سێ دار چهقاندو دانیشتوانی شیروان و گوندی کلکه مویان به ژن، منداڵ و پیره‌وه لێ کۆکردنه‌وه بۆ تۆقاندنی خه‌ڵک (1).
راپه‌ڕینی رۆژی 06/09/1930ماوه‌ی ئینتیدابی به‌ریتانیا له عێراق به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چوو. ساڵی 1931 عێراق به‌ناو سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرت و ده‌بوو به ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. به‌ریتانیا ده‌یویست پێش ئه‌و کاته په‌یمانێک له‌گه‌ڵ عێراقدا تازه بکاته‌وه که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بپارێزێت. کورد هه‌ندێک مافی هاکه‌زایی بۆ دیاریی کرابوو به حساب عێراق ده‌بوو پشت گوێیان نه‌خات.
ژماره‌یه‌ک له ناسراوانی سلێمانی به نامه‌ی داواکاریی بۆ کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز و کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان جوڵانه‌وه‌یان خستبووه ناو خه‌ڵکه‌وه. له‌وانه، رۆژی 24/08/1930 به ئیمزای حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، حه‌لاوه ره‌مزی، ئامینه غه‌فور ئاغا، ناهیده ساڵح ئه‌فه‌ندی و حه‌پسه قادر ئاغا له بروسکه‌یه‌کدا ده‌نوسن که ژنانی کورد به هه‌موو توانایه‌کیانه‌وه داوای مافی ره‌وای کوردستان ده‌که‌ن که کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان پێی به‌خشیون و دانی پیادا نراوه. هه‌روه‌ها داواده‌که‌ن که پارێزگاریی بکرێن (2).
ئینگلیزه‌کان خه‌ریکی رێکخستنی هه‌ڵبژاردنی گشتیی بوون بۆ دانانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌نگدان بوو بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی په‌یمانی به‌ریتانیا/عێراق پێش به‌ناو سه‌ربه‌خۆبوونی عێراق ساڵی 1931. ئینگلیزه‌کان ئاسایی ده‌یان ویست که‌سانێک هه‌ڵبژێردرێن که ئه‌مان بتوانن به‌کاریان بهێنن بۆ مه‌رامی خۆیان. نوێنه‌ره‌کانی کوردستان جگه له‌مه ده‌بوو بۆ پێشێلکردنی مافه‌کانی کوردیش له به‌ڕله‌مانی عێراقدا بێده‌نگ ببن.
رۆژی 06/09/1930 ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا ته‌قییه‌وه. ئینگلیزه‌کان هێزی چه‌کداریان هێنایه به‌رده‌رکی سهراوهو شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا. له ئه‌نجامدا لایه‌نی که‌م 13 که‌س کوژران که سێ که‌س له‌وان منداڵ بوون. چالاکانی ناڕه‌زاییه‌کان گیران و خامۆشیی باڵی کێشا به‌سه‌ر شاردا.
حه‌پسه‌خانی نه‌قیب رۆژێک دوای شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌را 07/09/1930 له سلێمانییه‌وه بروسکه‌یه‌ک ده‌نێرێت بۆ مه‌ندوبی سامی به‌ریتانیی. له نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت:
هه‌ڵبژاردنه‌کان به شێوازێکی دڕندانه‌ی بێزراوی ئه‌وتۆ تێده‌په‌ڕێت که هیچ گه‌لێکی جیهان له رۆژگاری به‌ربه‌رییه‌کاندا له وێنه‌یان نه‌بینیووه. کام یاسا رێگه ده‌دات له کاتی هه‌ڵبژاردندا تیڕۆڕ بکرێت. کام یاسا رێگه‌ی داوه چه‌ک دژی جه‌ماوه‌ر له کاتی هه‌ڵبژاردندا به‌کاربهێنرێت؟ ئه‌مڕۆ شاری سلێمانی گه‌یندراوه‌ته دۆخێکی دژواری به‌ربه‌ریی ئه‌وتۆوه که بۆی هه‌یه سه‌رتاپای مێژووی هه‌رکه‌سێکی به‌رپرس له‌که‌دار بکات.
لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌تان که‌وته وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا، که هیچ سه‌نگێکیان له‌م وڵاته‌دا نییه. جه‌ماوه‌ر کاتێک به‌مه‌یان زانی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی خۆیان کۆبوونه‌وه، ئه‌مه‌ش بێگومان مافی یاسایی خۆیانه. کاتێک پیاوانی حکومه‌ت دییان زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکه‌که دژیانن په‌نایان برده به‌ر سه‌ربازو ره‌شاش و ده‌ستڕێژیان لێکردن، شه‌ست حهفتایهکیان لێ کوشتن و بریندار کرد. کام یاسا رێگه‌ی ره‌فتارێکی وه‌ها ده‌دات؟ ئه‌ی چۆن ئه‌وانه‌ی وایان کرد ده‌توانن پاکانه بۆ کاره‌که‌یان بکه‌ن؟ ئێمه‌ی کورد بێزاریی خۆمان به‌رانبه‌ر به‌م کاره دڕندانه‌یه ده‌رده‌بڕین وهه‌تا خوێنی کوردایه‌تیی له ده‌ماره‌کانماندا بجمێت هه‌ر باسی ده‌که‌ین و ده‌که‌ین، ئێوه یاساپارێزن، ئه‌گه‌ر وابێت کێن ئه‌وانه‌ی یاسایان پێ شێل کرد؟ هێزه چه‌کداره‌کانی میری به‌وه‌وه نه‌وه‌ستان، که به جه‌ماوه‌ریان کرد، به‌ڵکو رژانه ناو ماڵه‌که‌ی منیشه‌وه و که‌وتنه پشکنین و رووی چه‌که‌کانیان کردبووه سنگی ئافره‌ته‌کان (3).
جگه له‌م جۆره هه‌ڵوێسته سیاسییانه حه‌پسه‌خان ژماره‌یه‌ک ئافره‌تی کۆکردۆته‌وه‌و په‌چه‌و عه‌بای له به‌رده‌رکی سه‌ردا سوتاندووه. هه‌موو حه‌فته‌یه‌ک ژنانی کۆکردۆته‌وه‌و بردونی بۆ سینه‌ما. گرنگیی داوه به زانست و یه‌کسانیی ئافره‌ت و پیاو. گوێ له خۆی بگرن له بۆنه‌ی کردنه‌وه‌ی په‌یمانگایه‌کی زانستییدا ساڵی 1930 چی ده‌نوسێت:
ئه‌ی کوردینه! ئه‌ی ژنینه!
میلله‌تیک ته‌نها هه‌ر پیاوی خوێنده‌وار بێت ته‌رازووه‌که‌ی لاسه‌نگ ده‌بێت. ئه‌و میلله‌ته وه‌کو پیاوێکی سه‌قه‌ت، ناته‌واو و نه‌زان ده‌مێنێته‌وه. به‌ده‌ستهێنانی زانست فه‌رزه له‌سه‌ر هه‌موو پیاو و ژنێکی موسڵمان.
پیاو و ژن به ئازادییه‌کی یه‌کسانه‌وه هاوبه‌شن له گفتوگۆی ژیاندا. ته‌نها له دابه‌شبوونی ئیش و رێنمایی کاردا جیا ده‌بنه‌وه. بۆیه ئیشی ژن گه‌لێک له ئیشی پیاو زیاتر و گرنگتره. ئێمه‌ی ژنان له پێشوازیی کاردا له پیاوه‌کانمان زیاتر به‌رپرسیارین. ئێمه‌ین که پێویسته نه‌وه‌یه‌کی زیندوو، به‌توانا و چالاک په‌روه‌رده بکه‌ین و بهێنینه بوون.
نه‌وه‌یه‌کی داهاتوو، که به‌ته‌واویی حوکم بکات به‌سه‌ر کۆسپه‌کانی میلله‌ته‌که‌ماندا. منداڵه‌کانمان له وانه فیربوونی قوتابخانه زیاتر له باوه‌شی ئێمه‌دا په‌وه‌رده فێر ده‌بن و توانای ته‌حسیلی بنچینه‌یی وه‌رده‌گرن. ئه‌م په‌روه‌رده بنچینه‌ییه ده‌بێت به بناغه‌یه‌کی پته‌و و توند بۆ ته‌حسیلی سه‌ره‌تایی و پله‌کانی قوتابخانه‌کانمان. هیچ گومانی تیادا نیه که دایکێکی تهحسیلدیده منداڵێکی ته‌واو په‌روه‌رده ده‌کات و ده‌یداته ده‌ست کۆمه‌ڵگا. منداڵێک که ده‌بێت به خزماتکاری میلله‌ت و نیشتیمان.
به پێچه‌وانه‌وه دایکێکی نه‌زان منداڵێکی ناته‌واو و نه‌زان ده‌نێرێته ناو کۆمه‌ڵگاوه. کۆمه‌ڵ له جیاتی سودوه‌رگرتن زیانی لێ ده‌که‌وێت و ئه‌م منداڵه ده‌بێت به بارێکی قورس به‌سه‌ریه‌وه. که‌واته پێویسته دایکی ئه‌مرۆ خۆی به زانست و زانیاریی ته‌قه‌ت بکات و لایه‌ق بێت به دایکایه‌تیی. ئێمه‌ش وه‌کو پیاوه‌کانمان ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌کتریی و به گوێره‌ی پێویستی سه‌رده‌م خه‌ریکی فێربوونی زانست و زانیاریی بین. ئه‌م کێشه گرنگه نابێت هه‌ر له قسه‌دا بمێنێته‌وه. ده‌بێت ببه‌سترێت به عه‌زم و بڕواوه.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روو ده‌دات ئه‌ڵقه‌یه‌که له زنجیره‌یه‌کی مێژوویی. ده‌ستنیشانکردنی رووداو و تێگه‌شتن لێی وه‌کو ئه‌ڵقه‌یه‌ک له زنجیره‌یه‌ک هێزێکی مێژوویی ده‌به‌خشێت به‌و روداوه. گه‌شه‌کردن له پرۆسێسێکی چوونهسهریهکدا روو ده‌دات. مرۆڤێک له دڵۆپێکهوهو دارێک له ده‌نکه تۆوێکه‌وه ده‌ست پێده‌کات.
روداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوبات ئه‌گه‌ر ئه‌ڵقه بوونایه له زنجیره‌ی مێژوو یان به رسته‌یه‌کی تر ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌یان له مێژووه‌وه بگرتایه ئه‌وا هه‌م هێزێکی مێژووییان ده‌بوو هه‌م که‌ره‌سه‌ی چه‌ند به‌ها و پره‌نسیپێکی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له روداوه کۆنه‌کانی ئه‌م شاره‌وه هه‌ڵده‌هێنجا بۆ گۆڕان. یه‌کێک له‌وانه که لێره‌دا مه‌به‌ستمه ئه‌مه‌یه:
دانانی وێنه‌یه‌کی حه‌پسه‌خان به ته‌نیشت وێنه‌که‌ی مه‌لیک مه‌حموده‌وه وه‌کو سیمبۆلی یه‌کسانیی ژن و پیاو. ئه‌مه ده‌بووه وزه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ کورد له ناوه‌وه‌و له جیهاندا که دیدی خۆی بگۆڕێت به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت و سه‌رئه‌نجام ژیان. ئه‌مه له کاتێکدا که ئێستا له ئه‌وروپا کورد به کوشتنی ئافره‌ت ناسراوه. نموونه‌ی فاتمه که له سوید به‌ده‌ستی باوکی کوژراو بێلا که به تایه‌فه‌یه‌ک له ئه‌وروپاوه هێنایانه‌وه بۆ کوردستانی دیموکراتیی و لێره کوشتیان دوو حاڵه‌تی زیندوون. ئه‌م دیاردانه بۆ سیاسه‌ت و رێکخراوی سیاسیی به واتای وشه خاڵی سه‌ره‌کی به‌رنامه‌ی ئیش و ئایدیان. ئه‌م دیاردانه بنه‌مایه‌کی کولتورییان هه‌یه. بۆیه بکوژه‌کانیش قوربانیی ده‌ستی ئه‌و باره کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ن که پێویسته بگۆڕدرێت، به‌ڵام شکستی کورد هه‌ر له چه‌کداناندا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌ڵکو له مێژووی خۆشی بچڕاوه. خراوه‌ته سه‌ر خه‌تێک که به پێوه‌ری گه‌لانی داگیرکه‌ری شت هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و لێیان تێده‌گات. کورد به‌تاڵ له بینایه‌کی کولتوریی خۆی، پارت و روناکبیرانی له قسه‌ی به‌تاڵ و له خۆگۆنجاندان له‌گه‌ڵ رۆژدا به‌و لاوه هیچ گۆڕانێکیان بۆ نایه‌ته ئاراوه.
پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا ئه‌مڕۆ تا راده‌یه‌کی زۆر به‌وه ده‌خوێنرێته‌وه که گه‌لێک تا چ راده‌یه‌ک هه‌نگاوی ناوه له کێشه‌ی یه‌کسانیی ژن و پیاودا، به‌رنامه‌ی چییه بۆ پاراستنی ژینگه و چۆن رێزی سروشت به دار‌و گیانلهبهریهوه ده‌گرێت. به‌رده‌رکی سه‌را له خۆپیشاندانه‌کانی (17)ی شوباتدا نه‌بوو به جێگای چه‌سپاندنی به‌های جۆربه‌جۆر له‌و روانه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، بوو به‌و جێگایه‌ی که چه‌نده‌ها که‌سی پیسخۆر بێن قسه‌ی تیا بکه‌ن و سه‌رئه‌نجام به ده‌ستی به‌تاڵ جه‌ماوه‌ر لێی هاته ده‌ره‌وه. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ رۆژدا له‌گه‌ڵ دوو رێکخراوی ئیسلامییدا ئازادیی و الله اکبری تێکه‌ڵاو کرد.
مه‌لا به‌ختیار کارگێڕی یه‌کێتی نیشتیمانی له پرۆگرامێکی ته‌له‌فیزیۆندا وتی که ئه‌وان هه‌ر که‌سێک یه‌ک قسه‌ی کردبێت ئاگایان لێیه‌تی. پارتی به ئاشکرا رووی چه‌کی کرده لاوانی شار‌و لێی کوشتن. ئه‌مه له کاتێکدا مه‌لیک مه‌حمود 90 ساڵ له‌به‌وبه‌ر وتوویه‌تی: ئێمه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خه‌ڵک هاتووین. ئنجا که خه‌ڵکه‌که‌مان کوشت ئیتر چی تیا ده‌مێنێته‌وه؟ له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م رێکخراوه کوردییانه رێکخراوی سیاسیی نین. بۆیه هه‌ڵه‌یه ئه‌م جۆره چاوه‌ڕوانییه‌یان لێ بکرێت. جان جاک رۆسۆ ده‌ڵێت: هه‌میشه جیاوازییه‌کی گرنگ هه‌یه له نێوانی ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ڕێوه به‌ریت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵگایه‌ک ملکه‌چ بکه‌یت.
حه‌پسه‌خان کراوه به مادده‌ی ریکلام
حه‌پسه‌خان ئێستا له پارکی ئازادیی په‌یکه‌رێکی له پلاست بۆ کراوه، که له خۆی ناچێت. له سه‌ر ئه‌و سه‌کۆیه‌ی په‌یکه‌ره‌که‌ی له‌سه‌ر دانراوه نوسراوه: سپۆنسه‌ر: کۆمپانیاکانی قه‌یوان.
حه‌پسه‌خان به په‌یکه‌ریی دراوسێی پیره‌مێرد نییه.
حه‌پسه‌خان دراوسێی که‌سێکه، که له‌گه‌ڵ دووانی تردا بۆ پاره هاوڕێیه‌کی خۆیان کوشتووه.
له پایته‌ختی رۆشنبیرییدا حه‌پسه‌خان نه‌کراوه به بازووی کچان.
حه‌پسه‌خان رانه‌وه‌ستاوه به‌رامبه‌ر به داگیرکه‌ری کوردستان.
حه‌پسه‌خان چاوی نه‌کردۆته‌وه بۆ قوتابخانه‌کان.
حه‌پسه‌خان نه‌بووه به داڵده‌ی هه‌ژاران.
حه‌پسه‌خان له پارکی ئازادیی راوه‌ستاوه بۆ کۆمپانیای قه‌یوان.
[email protected]سه‌رچاوه:1. ل 190، ئه‌یوب بارزانی، المقاومه الکردیه للاحتلال. 1914-1958
2. ل،232، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، ژیان، به‌ته‌مه‌نترین رۆژنامه‌ی کوردی، سلێمانی 2002، چاپخانه‌ی ره‌نج.
3. که‌مال مه‌زهه‌ر، کورد‌و کوردستان له به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌کانی حکومه‌تی به‌ریتانیادا، به‌رگی یه‌که‌م، ئاماده‌کردنی عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه و شه‌هلا تاهیر حه‌یده‌ریی، 2009 چاپخانه‌ی گرین گلۆری، لوبنان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست