شۆڕشی مانگرتن، ئاشتیخوازانەترین شۆڕشی كورد
Friday, 09/11/2012, 12:00
رابەر رەشید- پردێ
بە سەرنجدان لە لاپەڕەكانی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوین، كورد هەمیشە وەكو نەتەوەیەك و خاكەكەیشی وەكو مەیدانی جەنگ، چەشنی كوانوویەكی ژیلەمۆ لێنەبڕاو، لە كڵپەسەندندا بووە، سەدەی نۆزدەهەم و دواتریش سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەكەمیش كورد وەكو نەتەوەیەكی ئازادیخواز بۆ وەرگرتنەوەی مافی زەوتكراوی خۆی لە خاك و كەلتوورو كەسێتیی، كە بە درێژایی مێژوو لەلایەن داگیركەرانییەوە هەوڵی لێسەندنەوەو سڕینەوەی ئەو كەسایەتییەی دراوە. شۆڕشە چەكدارییە ناوچەیی و راپەڕینەكان، زۆربەی هەرەزۆریان لە ئەنجامی شەرمنی و كەمئەزموونی و پشووكورتی سەركردەكانی هەر لە بێشكەدا شكستیانخواردووەو نەگەیشتوونەتە ئەنجام. ئەو ئەزموونەی لە باشووری كوردستاندا هەیە، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت وەكو پەرلەمان و حكومەت لە تەمومژێكی نادیاردا رۆژ بەڕێدەكات، چونكە هیچ بنەمایەكی چەسپاو و جێگیری لە رووی یاسای نێوەدەوڵەتییەوە بۆ مسۆگەر نەكراوەو تا ئێستاش پرسی كورد لە باشووری كوردستان، وێڕای پەرلەمان و پەیكەری حكومڕانیشی، كەچی هیچ دوورنییە لە وەرچەرخانێكی بەرژەوەندخوازانەی ناوچەیی، یان نێودەوڵەتیدا، هێرشی بكرێتەسەرو كۆتایی پێبهێنرێت.
لە رۆژئاوای كوردستانیش ئەوەی لە ئێستادا لە ئەنجامی راپەڕینی گەلانی سووریاوە هاتۆتەئاراوە، ئەویش هەر تەمومژاوی و نادیارەو هێزە پارێزەرەكانی لەناوخۆیاندا زۆر تەباو یەكانگیرنین. ئەو نایەكانگیرییەش مەترسییەكی گەورەی لەدوایە. شۆڕشی چەكداری لە باكووری كوردستان كە لە سەرەتای هەشتاكانەوە راگەیەندراوەو تا ئێستاش بەردەوامەو گەیشتۆتە چڵەپۆپە، جگە لەوەی شۆڕشێكی چەكداریی هاوچەرخانەیەو گەریلا جەنگاوەرەكان، خاوەن هزرو ئیرادەیەكی پۆڵایینن، بەڵام ئەم شۆڕشە چەكدارییەش بەهۆی گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان و بەرژەوەندیی ئابووریی زلهێزەكانەوە، گرەنتی مانەوەی مسۆگەر نییە.
كەواتە كورد بە چ ئاراستەیەكدا خەباتی خۆی تاوبدات، تاكو لە سەركەوتن نزیك دەكەوێتەوە، ئەگەر لە تەنها پارچەیەكیشی بێت؟ ئاقڵمەندانەترین شۆڕشێك كە تا ئێستا كورد دركی پێكردبێت و پەنای بۆ بردبێت و لە واری كرداریشەوە پەیڕەو و پیادەی كردبێت، ئەم شۆڕشی مانگرتنەی باكووری كوردستانە كە لە (12ی ئەیلولی 2012)ەوە دەستی پێكردووەو بۆ پشتیوانیكردنی زیندانییە مانگرتووەكانی زیندانەكانی توركیا كە نزیكەی (2) مانگی خایاندووە، (10) هەزار زیندانیی دیكەی بەندیخانەكانی توركیا بڕیاری بەشداریكردنیان لەو شۆڕشی مانگرتنە داوە كە ئەمەیان بە دڵنیاییەوە، راپەڕینی پڕ ئیرادەی تاكە هۆشیارەكانی كۆمەڵگای باكووری كوردستانەو لە رۆژانی داهاتوودا رای گشتی هەرێمایەتی و جیهانی ناچار دەكات، لە ئاست مەترسیی ئەو بە كۆمەڵ خۆكوژییە ئاشتیخوازانەیەی كە لە وڵاتێكی فاشیزمی ئیسلامی وەكو توركیادا بەرپاكراوە بێتەدەنگ و توركیا ناچار بكات، لە هەمبەر داوا رەواكانی شۆڕشی مانگرتندا چۆكدابدات. چونكە ئەگەر تا ئێستا داگیركەران بەوە پاساوی تاوانەكانیان داوەتەوەو لێرەو لەوێ وڵات و گەلانی دیكەیان قایلكردووە كە كورد وەكو نەتەوەیەك، شەڕخوازەو دژی ژیانی شارستانییەو ئامادە نییە چەك دابنێت، ئەمجارەیان بەرامبەر ئەم هەڵوێستە خۆكوژییە شۆڕشگێڕانە ئاشتیخوازانەیە، نە توركیاو نە داگیركەرانی دیكەش زاخی ئەوە ناكەن هاوشێوەی رابردوو درۆی شاخداری لەوجۆرە بكەن كە كورد نەتەوەیەكی شەڕخوازو تێكدەرە. لەلایەكی دیكەشەوە، جیا لە شۆڕش و راپەڕینەكانی دیكەی كورد، ئەم شۆڕشی مانگرتنە خۆكوژییەی كورد لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا، رێگە لە هەموو بڕوبیانوویەكی بێبنەما دەگرێت، چونكە هەرچەندە داواكانیان بەلای رژێمی توركیای فاشیزمی ئیسلامییەوە گران و زەحمەت بێت، بەڵام ئەستەم و مەحاڵ نییە، لەبەرئەوەی خودی سەرانی توركیاش باش دەزانن كە ئەو داواكارییانەی ئەو شۆڕشە سپییە ئاشتیخوازانەیەی ئێستای باكووری كوردستان وەكو دروشم و داخوازیی شۆڕش خراونەتەڕوو، داواكاریی رەوان و لە ئێستای سیستەمی نوێی جیهانیدا، ناچارە ملی بۆ بدات و لە هەمبەر ئاڵای سپیی ئاشتیخوازانەی شۆڕشی مانگرتنی خۆڕاگرانی زیندانەكاندا، ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بەرز بكاتەوەو ماندێلای كورد (ئۆج ئالان) ئازاد بكات و بە ناچاریش داوا رەواكانی دیكەی مانگرتوان جێبەجێ بكات كە لە سیستەمی گڵۆبالیزەیشندا هیچیان مەحاڵ نین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست