کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەتواى تێرۆر لەقسەكانى" مەسعود بارزانى" و میدیاى پارتیدا. ئاكۆ خەلیلزادە

Wednesday, 19/05/2010, 12:00


تێرۆركردنى رۆژنامەنوس "سەردەشت عوسمان" لە 6/5/2010 لە ناوشاری هەولێر بەرۆژى روناك و لەبەردەم حەرەمى زانكۆ كە هێندەى بەردەم دەزگایەكى جاسوسى پۆلیس و چەكبەدەستى لێیە ئەوە ئەسەلمێنێت كە ئینسان كوژو دەزگا جاسوسییەكانى پارتى دەستیان هەیە لەم تێرۆرەدا، هەڵبەتە ئەم تۆمەتباركردنە لەخۆوە نەهاتوە بەڵكە بەپشتبەستن بە رابوردوى بڕتێرۆرو سەركوتگەراى ئەوپارتە و زمانى هەرەشەى تەواوى میدیاكانى پارتى تا دەگاتە فەتواى راستوخۆكانى سەرۆك بارزانى دژ بەرەخنەگران و خەڵكانى ئازادیخواز سەلمێنەرى ئەوراستیەن كە ئەوانن بكوژى سەردەشتى رۆژنامەنوسن.بۆیە بەپشتبەستن بە هەرەشەو فەتواكانى مەسعودبارزانى و پارتەكەى كە لەخوارەوە باسى دەكەم من پارتى دیموكراتى كوردستان بە رفێنەرو تێرۆركەرى سەردەشتى نوسەرو رۆژنامەنوس ئەزانم.
1- لەسەروبەندى ناوزەندكردنى پێشمەرگە بە میلێشیا و سوكایەتى كردن بە پێشمەرگە وەك گوێى سەرۆكى هەرێم و تەواوى نەیارانى بزوتنەوەى گۆران وەهایان بیست ،مەسعود بارزانى بۆ جارێكیتر و لە وتاریێكى حەكیمانەیدا لەساڵیادى دامەزراندنى رێكخراوى یەكێتى قوتابیانى كوردستان فەتواى كوشتنى بۆ هەموو ئەوكەسانە دەركرد كە رەخنە لە هێڵەسورەكان و موقەدەساتەكانى ئەوان ئەگرن،سەرۆك فەرموى "ئەوەى سوكایەتى بە پێشمەرگە بكات لەسەر ئەم خاكە جێنابێتەوە"ئەگەر ئێمە سادەترین شیكردنەوە بۆ ئەم قسەیەیى مەسعودبارزانى بكەین ئەوا جگە لەفەتواى كوشتن هیچیتر بەدى ناكەین،چونكە بۆ كەسانێك كە رەخنە لە دەسەڵاتى خێڵەكى ئەوانبگریت و پرسیارى جدى لە سەر سەروەت و سامانە دیارو شاراوەكانیان بكات تادەگاتە ئاشكراكردنى پلانى كوشتنى هاولاتیان و گەندەڵى و ئەو سات وسەودایەى كە لەگەڵ دوژمناندا سازیانداوە بۆ دەستكەوتنى دەسەڵات و پارەوپول وە لەبەرامبەردا هێنانى داگیركەران و بێدەنگبوون لەتاوانەكانیان ئەمانەو سادەترین رەخنەى دیكە بەزاندنى ئەو هێڵەسورەكانەیە كە سەرۆك فەتواى كوشتن و شاربەدەرى بۆ رەخنەگران دەردەكات، بەپێى وتە هەرەشە ئامێزەكەى ماندێلاى كورد، هەموو ئەوكەسانە یان دەبێت سەرى خۆیان هەڵگرن و راوبنرێن لەم وڵاتە، یانیش دەبێت بكوژرێن، وشەى" لەسەر ئەم خاكە جێى نابێتەوە" یانى دەبێت ببرێتە ژێرخاك و بەدەستى پیاوەكانى سەرۆك و دەزگا هەواڵگریەكانیان وەك هەزاران كەسیترببرێنە ژێرخاك و تێرۆر بكرێن ئەگەر نا ! خۆ جەنابی سەرۆك بە رێزەوەو بەفرۆكە نەیارانى رەوانەى دەرەوەناكات؟!، هەرەشەكردنى پیاوێكى سیاسى وەك سەرۆك حیزب و وەك سەرۆكى هەرێمێك یان وەك سەرۆك بنەماڵیەكى دەسەڵاتدار دەبێت جێگەى مەترسى و ئیعتیباربێت لاى هەرەشەلێكراوان.
2- ئاشكرایە مەسعود بارزانى هەمیشە زمانى زبرو هەرەشەى بەكارهێناوە لەبەرامبەر نەیارانیدا، وەلێ ئینسان بە ویژدانەوە بڵێت جار جار سەرۆك هەرەشەى فشەڵ و خۆگیڤكردنەوەش لە برا تورك و عەرەب و فارسەكایش دەكات ،بەڵام وەك بینیومانە ئەوە تەنها بۆ فریودانى خەڵكى كوردستان و دەروێشەكانى خۆیەتى تا بڵێن ئەها سەرۆك چەندە كوردپەروەرو نەتەوەپەرستە!! بۆیە لێرەدا من تەنها هەرەشەیەكى ترى بارزانیتان بیردێنمەوە كە لە 24/6/2009 لەسەر مەسەلەى دەستورى هەرێمى كوردستان بۆجارێكى تر و لەسەرو بەندى بانگەشەى لیستى كوردستانیدا لە یاریگاى هەولێر بارزانى فەرموى "دەستور دەبێتە چقڵى چاوى دوژمنان " وشەگەلى زبرى وەك " چقڵ و ناحەزان و دوژمنان" وشەگەلێكن كە پرپرن لە هەرەشەو چاوسوركردنەوەو فەتواى كوشتن.
ئاشكراشە مەبەستى سەرۆك لە ناحەزان و دوژمنان تەنها خەڵكى كوردستانە، ئەوخەڵكانەى كە بۆ تێنەپەراندنى دەستور كەمپینیان رێكخست و رەخنەیانگرت، نەك داگیركەرانى دراوسێ كە بەرێزەوە فەرشى سور بۆ خۆیان و سوپا و دەزگا ئیستخباراتیەكانیان دادەخرێت، هەرەشەى سەرۆك لەو كەسانەیە كە نەیانویست وەك سەرۆك و پارتەكەى ئیمزاى تێپەراندن لە دەستورەكەى بنەماڵە بدەن،كەسانێك و خەڵكانێكى ئازادیخواز كە لەكۆمەڵگەدا ئازایانە وە بە هەستێكى پر لە مرۆڤانەو ئەخلاقیانەوە لە خەمى نەوەكانى داهاتودا داواى پەسەندنەكردنە ئەودەستورەیان كرد كە گەرەنتى و پارێزەرى دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانى سەرۆك و پارتەدواكەوتوە كۆنەپەرستەكانى هەرێمەكەن،دەستوریێك كە پربوو لە بەندو ماددەى دژ بەئازادى و دیموكراتى و تەنهاو تەنها هێشتنەوەى سەرۆك وەك خوداو بەس.
3-دەركردنى بەیاننامەى مەكتەبى سیاسى پارتیدا لە 13/5/2010 دژ بە كەمپینى" بێدەنگ نابین" و بێنرخ كردن و بەلارێدابردنى ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەى كە دژ بە تێرۆركردنى سەردەشتى رۆژنامەنوس و بەردەسكردنەوەى ئازادى رادەربرین لە زۆربەى شاروشارۆچكەكانى كوردستان هاتەدەنگ، بەتەواوەتى ئەوە ئەسەلمێنێت كە خودى پارتى هەستاوە بە تێرۆركردنى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لە پایەتەختى هەرێمى كوردیستان، زمانى پرلەهەرەشەى هەمیشەیى وتازەترین بەیاننامەى مەكتەبى سیاسى و زمانزبرى و جنێودانى كۆیلەكانى ئەوپارتە لە سەرجەم كەناڵە میدیاییەكانیانەوە ئەوە ئاشكرا ئەكات كە خۆیان بكوژى ئەورۆژنامەنوسەن.
نوسینى رستەگەلێكى وەك " جا ئه‌گه‌ر زوو ده‌ستی ره‌شی نه‌گریسیان نه‌بڕینه‌وه‌، له‌و بڕوایه‌داین كار و كرده‌وه‌ی دڕنده‌تریشیان له‌ به‌رنامه‌دایه‌ ‌" كە لە بەیاننامەكەى مەكتەب سیاسى ئەوپارتەدا هاتوە پرلە وشەو رستەى پرلە هەرەشەو تێرۆر بەئاشكرا بۆنى خوێن و مەرگ دۆستى لێدێت، ئەمە جگە لەتۆمەتباركردنى ئەوخەڵكانەى كە دژ بەتێرۆر و كوشتنى هاورێ و هاوكارەكەیان هاتونەتە سەر شەقامەكان.
هێژایانى پارتى دەڵێن " جه‌ماوه‌ری خه‌لكی كوردستانیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیلانه‌ و دارێژه‌ر و ئه‌نجامده‌رانی له‌ گۆڕ ده‌نێین " بێشك لێرەدا مەبەستیان لە گۆرنان و كوشتنى رۆژنامە نوسان و رەخنەگران و خەڵكانى ئازادیخوازە دەنا بۆ هێندە بە هاتنەسەرشەقامى خەڵك ئەترسن و تۆمەتباریان ئەكەن بە پیلانگێر و نەگریس و ئاژاوەچی داواى لەگۆرنانیان ئەكەن، سەیرە ؟!!؟؟ ئەوان هاوبیرو هاورێیەكى ئێمەیان تێرۆر كردوەو كەچى بەعس ئاسا رێگە لە پرسە و فرمێسكەكانمان ئەگرن مافى تورەبون وپرسیاركردنمان پێرەوانابینن،تورەدەبن كە دەڵێین كێ ؟وە بۆ؟ سەردەشتى رۆژنامەنوستان تێرۆركرد،لەبرى ئەوەى میدیاى پارتى وەڵامى پرسیارەكانى رۆژنامەنوسان و خەڵكى ئازادیخواز بداتەوە كەچى زۆر شەرەنگێزانە دێت و بەرگریكاران لە ئازادیرادەربرین تۆمەتبار ئەكات،وە هەوڵ و تێكۆشانە جەماوەرییەكانیان بە ئاژاوەگێرو دەست لەپشت و خەتەر بۆسەر ئاسایشى هەرێم تۆمەتبار ئەكات، بەزمانێكى مەرگدۆستانەوە وەك سەرۆكە ئاشتى خوازو نەفەس دریێژە كەیان، داواى لەگۆرنانى ئەوكەسانە ئەكەن كە بۆ پرسەى هاورێ رۆژنامە نوسەكەیان هاتونەتە سەرشەقام و داواى ئاشكراكردن و دۆزینەوەى تێرۆرستان ئەكەن و لەبرى زمان زبرى بە شێوەیەكى مۆدێرنانە دەڵێن نەفرەت لە تێرۆر ،بژى ئازادى.
بۆیە بە بۆچونى من وتاردان و بەكارهێنانى زمانى زبرو پر لەهەرەشەكانى سەرۆك و پارتەكەى و دژ بە رۆژنامەنوسان و نوسەران و خەڵكانی ئازادیخواز و نارازى بەدەسەڵاتى پرلەستەمكارى ئەوان رێگە خۆشكەرە بۆ ترساندن و سەركوتى ئازادى وە ئەم وتەو فەتوایانەى سەرۆك بارزانى پشتیوانی و دەست خۆشییە لەو كەسانەى كە بەئاشكراو بەرۆژى روناك لە سەرعەرشى سەرۆكدا سەردەشتى رۆژنامەوسیان تێرۆركردو بەردەوامن لە تێرۆرى هاوكاران و هاورێو هاوبیرانى سەردەشت.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە