دكتۆر بەرهەم چارەسەری چی پێدەكرێت جگە لە ..؟
Friday, 17/04/2009, 12:00
1494 بینراوە
پیاوێكی تا بڵێیت هێمن، تا بڵێیت قسەزان و زمانزان، پیاوێك شارەزا لە كاری دبلوماسی و پەیوەندیبەستن، بەراست پیاوێكە لەو كەسانەی توانایەكی سەیریان هەیە بۆ ئەوەی زوو دەركەون و زوو پەیژەكانی پلەی حزبی و حكومی ببرن، هەتا ئەم تەعریفانە بەندە هیچی نییە لەگەلأ ئەم پیاوەدا؟ ئەوەی هەیە چۆن دكتۆر گەیشتە پلەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟ من ئەوەیان بۆ بابەتێكی تر هەڵدەگرم چۆن بووە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق! بەڵام با ئەم جارەیان بپرسین ئەم پیاوە شارەزایە چۆن ئەم پلە حزبیەی لە یەكێتیدا مسۆگەركرد.
رایەك هەیە دەڵێت ئەم دكتۆرە پێش ئەوەی ببێتە جێگری سكرتێری گشتی، دەنگۆی ئەوەی بیستبوو كە مام جەلال جێگر بۆ خۆی دادەنێت، ئەم دكتۆرە وەك موشەك خۆی دەگەیەنێتە لای دلێری سەی مەجی و تكای لێدەكات بەڵكو لای مام جەلال رجای بۆ بكات تا بیكاتە جێگری خۆی، دلێری سەی مەجی لای مام حساباتی تایبەتی هەیە! مومكین نییە مام لە قسەی دەربچێت، وەلێ بەقسەی دەكات... ئەگەرچی ئەم چیرۆكە راستە هیچ گومانی تێدا نییە چونكە من لە كەسی نزیكی هەردوو تەرەفەوە زانیاریەكانم پێگەیشتوە، بەڵام چیرۆكەكە تەنها لەم دیمەندا كورت نابێتەوە، بەڵكو لەبنەرەتدا پەیوەندی بەو دابەشبوونانەوە هەیە كەلەسەر جەستەی یەكێتی بە چەقۆ هێڵەكانی هەڵكەندراون. چۆن؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەر 4 گروپدا دابەشبووە، هەندێك پێیان وایە بەسەر سێ گروپدا دابەشبووە، بەڵام راستیەكەی بەسەر 4 گروپدایە بەم چەشنەی لای خوارەوە:
گروپی یەكەم: مام جەلال رابەرایەتی دەكات، ئەم گروپە بریتیە لە مەلا بەختیار و ئەرسەلان بایز و سەعدی پیرە و .. ، تواناكانی ئەم گروپە لە مام جەلالدا چركراوەتەوە، بە كۆتایهاتنی مام جەلال ئەم گروپە هیچ بنەما و بناغەیەكیان نامێنێت تا لەسەر بوەستن و بە سانای دەرمێت، ڕەنگە تەنها چەند ئاسەوارێكی لاوەكیان بمێنتێت ئەویش لەبەر هەندێك اعتباری تایبەت دەمێننەوە.
گروپی دووەم: نەوشیروان مستەفا رابەرایەتی دەكات، سەرەتاكانی دروستبوونی ئەم گروپە پەیوەندی بە كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە نییە، بەڵكو گروپێكە بەرهەمی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی كوردستانە، بەدیاریكراوی بەرهەمی ئەو بەرهەڵستكارییە راستەوخۆیانە كە دەسەڵاتی كوردی بەرامبەر خەڵك نواندویانە، ئەم گروپە بریتی بووە لە حەمە تۆفیق ڕەحیم و قادی حاجی عەلی و ملازم عومەر و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی وەم شەمال عبدلوەفا و ئاسۆ عەلی.. گرنگی مانەوەی ئەم گروپە لەوەدایە لە هەموو دەزگا و دامەزراوە حكومی حزبیەكان ئەو كەسانەی لەگەڵدایە كە بەسانایی دەستبەرداری كاك نەوشیروان نابن، ئەم گروپە لە ئێستادا لە مەكتەب سیاسی كەسی نەماوە بەڵام لەسەركردایەتی و پەرلەمان و زۆر دەزگای گرنگی تری حكومی خەڵكیان هەیە.
گروپی سێهەم: 4 ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی، لە رووكەشدا ئەم 4 ئەندامە(عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەر و مستەفای سەید قاد و عوسمانی حاجی محمود) سەر بەباڵی ریفۆرمن و راستەوخۆ پشتگیری بەرنامەكەی كاك نەوشیروان دەكەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئەمانە كوری شەرەكانی ناو مەكتەبی سیاسین، ئەمانە خۆیشیان دەڵێن سەربە باڵی كاك نەوشیروانین، بەڵام ئەمان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بۆخۆیان هەن و پێگە و قورسای خۆیان هەیە، لە ململانێی هاوكێشەكانی ناو یەكێتیدا تا ئەو كاتەی نەفەسی پێكەوە كاركردنی تێدابوو ئەمانە كوری یەكێتی بوون، ئەمان پێیان وابوو دەبێت یەكێتی لەناوەوە چارەسەری كێشەكانی بكات و ریفۆرم دەبێت لە سەركردایەتیەوە دابەزێت بۆ خوارەوە، لە كاتێكدا نەوشیروان مستەفا پێی وایە یەكێتی توانای ئەوەی نییە خۆبەخۆ لەناو خۆوە چارەسەری گرفتەكانی بكات، تەنانەت پێیوایە یەكێتی هیچ ئیمكانێكی ئەوەی نییە ریفۆرم و چاكسازی نەك لە حزبدا بكات بەڵكو لەو بەشە دەسەڵاتەشدا بكاتن كەلە هەرێم بەدەستیەوەیەتی.
گروپی چوارەم: كۆسرەت رەسول رابەرایەتی دەكات، هەتا ئەو كاتەی شەر هەبوو لەگەل حكومەت و پارتی و ئیسلامیەكان ئەم گروپە مەساحەی زۆرتری لە یەكێتی داگیردەكرد، كۆسرەت رەسولأ پیاوێكی شەركەر و سەربازییە، لە یەكێتیدا هەوڵێك درا بۆ ئەوەی كۆسرەت وەك پیاوێكی سیاسیش بناسرێت، ئەوەبوو ماوەیەك كرا بە سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەڵام ئاماژەكانی دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمدا ئەوە نیشاندەدن زۆرترین گەندەڵی و بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە لەو كاتەندا ئەنجامدراوە كە ئەم پیاوە سەرۆك وەزیران بووە، بەجۆرێك هەندێك ئەندام مەكتەب سیاسی پێیان وایە ئەم پیاوە خەرقی گەندەڵییە، حەزێكی زۆری هەیە بۆ دەسەڵات و خۆ دەرخستن بە چەشنێك هیچ رێكەوتنێك لەگەل ئەم پیاوەدا سەر ناگرێت لەنێوان دوو دەرگادا سێ جار هەڵوێست دەگۆرێت، گروپەكەی ئەم زاتە رۆژ بەرۆژ لە بچوك بوونەوە و پوكانەوەدایە، ئەوەی وادەكات بەتەواوەتی لەناو نەچێ تەنها مام جەلالە، چونكە مام جەلال نەك كۆسرەت رەسول بەڵكو گروپێكی وەك ئەوەی كۆسرەتی دەوێت كە نەخۆش و بێ بنەما و لەرزۆك بێت، گروپێكە بە ئاسانی چۆك دادەت و لاوازدەكرێت و تەفروتونادەكرێت، ئەم گروپە لەو یاریە جاڵجالۆكیانە تێناگەن كەلە ناو یەكێتیدا بەرێوەدەچێت.
ئەى دكتۆر بەرهەم لە كوێی ئەم گروپانەدایە؟ ئەگەر ئەوە بزانین ژیان بەبێ گروپێك لەناو یەكێتیدا مانای نییە!
وتمان ئەم دكتۆرە زیرەك و فێڵزان و وتووریایە، قسە دەزانێت و زمانیش دەزانێت، ئەی ئەم كاكەیە چۆن گەمەكە بەرێ دەكات:
سێ بنەما بووەتە خاڵی كاركردنی دكتۆر بەرهەم، كە هەر خاڵێكیان دیوێكی تری هەیە:
خاڵی یەكەم: پابەندبوون بە سەرەتاكانی یەكێتی، دیوە راستەقینەكەی ئەم ئەم خاڵە تێوەگلانی پەلێكی دكتۆرە لەناو هەر چوار گروپەكەدا واتە گەر پەلێكی لای مام جەلال بێت بەوەی دەڵێت مام جەلال خەتی سورە، ئەوا پەلەكەی تری لای كۆسرەتە بەوەی پێكەوە پرۆژەی چاكسازیان داوەتە مام جەلال، گەر پەلێكی تری لای 4 ئەندامەكەی مەكتەب سیاسی بێت بەوەی ئەمانە كوری راستەقینەی یەكێتیە و یەكێتی جێگای هەموومانی تێدا دەبێتەوە، ئەوا پەلەكەی تری لای نەوشیروان مستەفایە بەوەی دەڵێت دەبێت حورمەت لە خەباتی نەوشیروان مستەفا بگیرێت و ئەم پیاوە شوێنی تایبەتی هەیە لە یەكێتیدا.
خاڵی دووەم: بێدەنگی لە پێناو مانەوەی وەزعی یەكێتی بەم جۆرەی ئێستا، رەنگە ئەمەیان ترسناكترین بنەما بێت كە ئەم پیاوە كاری لەسەر دەكات، ئەو كاتەی پێویست بێت ئەم پیاوە هەڵوێستی هەبێت لەسەر دیاردەیەك، بریارێكی ناو یەكێتی یان رووداوێك ئەم لەهیچ شوێنێكەوە نابیندرێت، ترسناكی ئەم دۆخە لەوەدایە ئەم كاكەیە سودمەندی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە سەركردە و جەمسەرە كاریگەر و مێژووییەكانی ناو یەكێتی لەناو خودی یەكێتیدا خامۆش و لەناو بچن، واتە پێ باشە ئەو جەمسەرانەی لە یەكێتیدا سبەی رۆژ دەبنەوە فەرمانڕەوا و سكرتێر و باڵادەست ورد وردە لەناوبچن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دكتۆر لە ئێستای خۆی زیاتر بیردەكاتەوە.
خاڵی سێهەم: دروستكردنی لینك و رایەڵی باریك باریك لەناو رۆشنبیران و كادرە دیارەكانی ناو یەكێتی و رێكخراوە جەماوەریەكان، دكتۆر لەم كارەدا هەوڵێكی زۆر دەدات و هێجگار خۆی ماندوو دەكات، ئەوەندەی من بزانم لە ئێستادا تۆرێك خەڵكی لەبەردەستدایە كە بەهەموو جۆرێك بۆ دەوڵەمەندكرنی ئەم لینك و رایەڵانە بەركاریان دەهێنێت، ئەگەرچی ئەم ئەزموونە لە یەكێتیدا كۆنە، بەڵام دكتۆر نۆژەنی كردۆتەوە بەوەی واخۆی نیشاندەدات كە ئەم خەمخۆری راستەقینەی یەكێتیە، كاری ئەو بێلایەنییە لە كێشەكان و پابەندبوونە بە یەكێتیەوە، راستیەكەی لای هەموو ئەو كەسانەی ئەم پەیوەندیان لەگەلأ دەبەستێ بە حەكیمی خۆی و بەكارهێنانی چوارپەلەكەی لەناو چوار گروپەكەی یەكێتیدا، ئەو باسانەی ئەو بۆ كەسی بەرامبەردەیكات، بەوە قەناعەتیان پێدەكات كە دەبێت هەموومان بۆ یەكێتی بژین و پارێزگاری لەو كاریزمایانە بكەین كە یەكێتی پێ دەژی، وابكەین ژیانی كاریزماچێتی ناو یەكێتی بەردەوامی هەبێت، چونكە پێداویستی بوونی كاریزما لە یەكێتیدا زۆر گرنگترە لەو دیموكراسیەتەی ئەمەریكا كە ئەم چەندین ساڵ تەمەندی لاویًَتی خۆی لەوێسەرفكردووە، بە وتەی دكتۆر فاروق رەفیقیش بێت ئەم كاكەیە تا لە ئەمەریكا بووە شەرمی لەوە كردووە كە كوردبووە.
دكتۆر بەرهەم توانای ئەوەی هەیەلەسەر هەموو پەتەكان یاری بكات، یاریزانێكی زیرەكە ئەگەرچی شێوازی گەمەكەی كەشفبووە، بەڵام قودرەتی یاریكردنی لەدەست نەداوە!
بەڵام داخۆ ئەم جۆرە یاریكردنە چی چارەسەر دەكات؟
بێگومان ئەم گەمەیە هەموو برینەكان بە كراوەی دەهێڵتەوە، وەك ئەوەی بڵێت یەكێتی لەبەردەم هەموو دەرگاكان رادەگرێت، دەرگای بەرەوخۆرئاوابوون و لە ناوچون، دەرگای بچوكبوونەوە و پەككەوتن، دەرگای گۆران و گۆرانی دەموچاوەكان، تا دەگاتەوە بەو دەرگایەی كە ئێستا یەكێتی تێدا راوەستاوە.
ئەم گەمەیەی دكتۆر بەرهەم ئەگەرچی پەوەندی بە مێژوو و هەڵوێست و پرسە چارەنوسازەكانی وەك بەدامەزراوەیكردن و دژە گەندەڵی و هەستانەوە لەناو قەیرانەكاندا نییە، بەڵام پەیوەندی بە حەزی شێتانەی دەسەڵات و پلەكانی حزب و حكومەتەوە هەیە، هەندێك لەناو یەكێتیدا خۆیان داتەپاندووە لە رووی هەڵسوكەوت و ئەخلاقی سیاسیەوە بۆ پارە و سامان و عقارات و گرێبەستە نەوتیەكان، هەندێكی تر كوشتەی ئەوەن نفوزی خۆیان لە یەكێتیدا بێ ئەندازە فراوان بكەن، زۆرێكیش لەسەر بەروبومی ململانێكانی ناو یەكێتی دەژی رۆژێك كارگێرە لەسەر ئەم لیستە و رۆژێك ئەندامی بەشی رووناكبیرییە لەسەر ئەو لیست و رۆژێكی تر ئەندامی بیروهۆشیارییە لەسەر فڵان كەس، بەراست ئەمانە ئەو ململانێیە گەرمەی ناوخۆی یەكێتی نەبێت نان نابێت بیخۆن.
دكتۆر لەشكرێك لەم كەسانەی هەیە، لەشكرێك بە قەبارە بچوك بەڵام لە پەیوەندی و رایەل و لینك دروستكردندا دەوڵەمەند و گەورە، ئەمانە هەمان بەرنامەكەی دكتۆر بێ ئەوەی حەرفێَكی كەم بێت جێ بەجێی دەكەن.
ئەوەی هەیە دكتۆر هەموومان دەخاتە بەردەم دەیان ئەگەر و چارەنوسى تەمومژاوی، بەچەشنێك خودی دكتۆر ئایندەی نازانێت، ئەوەی ئەو دەیزانێت كرانەوەیە بە رووی یاریەكەی ناو یەكێتی و رانەوەستانە لەسەر ئەنجامی هیچ گێمێكیان بەخاتری ئەوەی گێمی دوای ئەویش پەراوە بكات و بەم جۆرە گێم لە دوای گێم یاریەكە لەسەر تیخی چەقۆیەكی تیژ بەرێوە دەبات بەڵكو هەرجارەی ملی كەسێكی دیار بپەرێنێت بەڵكو لە دواهەمین ستێجدا دەستی بگاتە دەسكی ئەو چەقۆیەی هەموو یاریەكە پێكەوە كۆنترۆلأ بكات.
....................
لەبەر ئەوەى چەند بەرێزێك ناویان سامان حەمەیە و بابەت بڵاودەكەنەوە بۆیە من بریارمدا ناوی باپیرەی باوكم بكەمە سەر ناوەكەم تا تێكڵاو نەبێت لەگەل هەر بەرێزێكی تردا.