کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


2015 بەردەوامى دان بە نەخشەى گۆڕانکارییەکانى 2014 ماکیاج کردن ڕووداوەکان

Tuesday, 06/01/2015, 12:00




ئەگەر 2014 سەرەتاى دەرکەوتنى گۆڕانێک بێت بەسەر کۆى سیاسەتى جیهانى و ناوچەیى ناوخۆیدا ، ئەوا ئەتوانین بڵێین دەرکەوتنى داعش و وەستانى تەوژمى گۆڕانکارەییەکانى بەهارى عەرەبى زۆر هاوکێشەى گۆڕى ، بە جۆرێک خەریکە مل دەکێشى بۆ گۆڕینى جیوپۆلەتیکا و ئابورى جوگرافیاى سیاسى ، خۆ ئەگەر 2014 ببێتە سەرەتاى دەرکەوتنى قۆناغێکى تر بۆ مرۆڤایەتى ، ئەوا پێ دەچێت ، چەند ساڵێکى بوێت بۆ یەکخستنەوە و هاوسەنگکردنى کێشە و مل ملانێکان ، وە دەکرێت ئەو دیو ئەو ڕوداوانە بخوێنینەوە کە ماکیاج کراون بە کۆمەڵێک سیناریۆ و تاکتیک و بڕیارى ئەو دیو پەردە و کەوالیسەکان ، واتا ئەوەى ڕاگەیاندن باسى دەکات ڕووداوەکانە ... ئەبێت بپرسین ئەى کێ دروستکەرى ڕووداوەکانە ...؟ ئەم نمایشانە چى سیناریۆیەکى هەیە ..؟ کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا پێشبینیەکان بخەینە ڕوو ... کە هەمووى ئەگەر و گریمانەیە.
1. داعش لاواز دەبێت و لە ناو ناچێت ، چونکە سیناریۆى (کورەى هەنگ) درێژەى دەبێت و دەبێت شوێنێکى جوگرافى هەبێت ، تا دەوڵەتى خەڵافەت نمایشى توند و تیژییەکانى تێدا بکات ، وەک کایەیەکى موگناتیسى و فلتەرێک هەموو توندڕەوەکانى دونیا لە وڵاتە کراوەکانەوە ڕابکێشێ بۆ ئەم شوێنە جوگرافیە و وڵاتەکراوەکان فلتەر بکات .
2. ئەم شەڕە دەبێتە بازاڕێکى باشى فرۆشتنى چەکى کۆنى کۆگا عەسکەرییەکانى وڵاتانى زل هێز .
3. گۆڕەپانى شەڕەکان دەبێتە شوێنێکى شیاو ، بۆ تاقیکردنەوەى چەکى نوێ ى عەسکەرى .
4. دروست کردنى داعش وەک سیناریۆى ناتۆ ، دەبێتە هۆى نزیک بونەوەى ئێران لە ئەوروپا و ئەمریکا ، وەک جەمسەرێک و شوێنیکى خاوەن نەوت و گازى سروشتى .
5. بەرامبەر ئێران سیاسەتى دوو سەرە بەکار دەهێنرێت ، نە دەیەوێت ببێتە هۆى تێکدانى ڕێڕەوى سیاسەتى ناتۆ و نە دەیەوێت بچوک بێتەوە لە بەرامبەر داعش .
6. دۆسییەى ئەتۆمى ئێران هیواش تر دەبێتەوە ، تا پشتوانى ڕوسیا کەمتر ببێتەوە .
7. نرخى نەوت دەکاتە کارتێک ، بۆ ملدانى ئێران بۆ ناتۆ ، لە ڕێ ى بەکار هێنانى نەوتى ئەمریکى و دانەبەزاندنى هەناردەى نەوتى وڵاتانى عەرەبیەوە ، بۆ ئەوەى ئێران کە دەبێتە هاو بەرژەوەندى ناتۆ ، بە شێوەیەکى دەستەمۆکرا و ناچاریانە بێت .
8. عێراق لەم ساڵیشدا پاک ناکرێتەوە لە داعش ، چونکە ئەگەر لە موسڵ دەریان بکەن ئەوا پەنا دەباتە بەر تەقینەوەکان و دەتوانێ ئەمەش بکات .
9. کوردستان دەبێتە بەدیلى گازى سروشتى ئەوروپا و تورکیا ، بەمەش کارتى دەستى ڕوسیا دەسوتێنن ، بە تایبەت دواى بەستنەوەى گازى کوردستان بە نابۆکۆوە .
10. ناتۆ و ئێران بە تەواوەتى لەسەر دۆسیەى هەرێمى کوردستان و عێراق و سوریا و یەمەن و فەلەستین و لیبیا و لوبنان نزیک دەبنەوە لە یەکتر .
11. هەوڵ دەدرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێگەى حیزبە ئیسلامیە دەسەڵاتدارەکانى ناو تورکیا لاواز بکرێت و پەنا بۆ حیزبى نۆى ببرێت .
12. تورکیا وەک دەروازى ئابورى جیهان بۆ هەندى دۆسیەى دژ بە ئێران و ناتۆ گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵدەکرێت .
13. پرۆسەى ئاشتى تورکیا و پەکەکە وەک کارتێک دژ بە دەسڵاتە ئیسلامیەکانى ناو تورکیا بەکار دەهێنرێت .
14. تورکیا درێژکراوەکانى لە ناوچەکەدا بەرە و لاوازى دەڕوات .
15. لە بەرامبەر ئەمانەدا پێ دەچێت داعش وەک کارتى گۆشار ، زنجیرەیەک تەقینەوە لە وڵاتە کراوەکاندا بکات .
16. داعش هەوڵى پێگەى خۆى دەدات وەک هێزى شاراوە لە وڵاتانى قەزوین و قەوقاز .
17. سوریا دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچە (ناوچەى بەشار و داعش و کورد) لە ناوەڕاستدا بەردەوامى دەدەن بە شەڕەکان لە نێوان بەرەى ئۆپۆزسیۆن و داعش بە پلەى یەکەم و بە پلەى دووەم داعش و کورد و بە پلەى سێیەم داعش و بەشار .
18. گرنگى دەدرێت بە لیبیا وەک ترسى جێگاى دووەمى داعش .
19. یەمەن لە نێوان سونە و شیعەدا دابەش دەبێت .
20. ئەگەرى ئەوە هەیە کە لەهەر حاڵەتێکى بەریەککەوتنى ناتۆ و ئێراندا پەرچەکردارەکان لوبنان و فەلەستین و وڵاتانى خلیج ڕوو بدات ، بەڵام کاتى دەبێت چونکە بەرژەوەندى و ترسى هاوبەش بەهێز تر دەبێت لە ناکۆکیە کاتییەکان .
21. سیناریۆى گۆڕینى نەخشەى جوگرافى ، دەبێتە سیناریۆى گۆڕینى نەخشەى سیاسى و ئابورى .
22. یارى کردنى بە کارتى ئابورى بەردەوامى دەبێت ، بە تایبەت بە سەرچاوەکانى ووزە .
23. لە ناوخۆى هەرێمدا ، ئێران دەبێتە یارکەرێکى سەرەکى و هەوڵى یەکخستنى زیاترى هێزە کوردیەکان دەدات و هەوڵ دەدات پارتى بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە و کار لەسەر پەیوەندیەکانى کورد و تورکیا دەکات ، لە دیدى دەروازەى ناردنى سەرچاوەى ووزەوە .
24. ئەمریکا بە سیناریۆکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، هەوڵ دەدات هەیمەنەى زیاترى هەبێت لە دۆسیەى چین و ڕوسیا .
25. ناتۆ هەوڵى بەهێزکردن و فراوانکردنى بنکە سەربازیەکانى دەدات بە تایبەت لە لیتوانیا و ئەفغانستان و وڵاتانى خلیج .
26. شەڕ وەک سینارێوى یەکخستن و هاوسەنگى نێوان هێزەکان وململانێکانى وڵاتان بەکار دەهێنرێت لە لایەن ناتۆ وە .
هەموو ئەمانە و دەکرێت لەسەر ئاستى پەیوەندییە هەمە جۆڕەکان گۆڕانکارى ورد ڕوو بدەن ، بەڵام گۆڕانکارى گەورە دروست ناکەن ، ئەوەى دەمێنێتەوە 2015 ئەگەرى هەیە بۆ کورد لە باشوردا باش بێت ، بە تایبەت دواى ئەوەى کە نەوتى کەرکوک لە ڕێ ى بۆرى کوردستانەوە ڕەوانەى بەندەرى جیهان دەکرێت و گرنگى زیاتر بە گازى باشور دەدەرێت ، بەڵام لەسەر ئاستى هاوکێشەکان 2015 بەردەوامى دەدات بە کێشەکانى 2014 و ئەو نەخشەیەى لە هەگبەى وڵاتانى ناتۆدا هەبوە لە 2014 دا ، بەڵام ئەوەى بۆ باشور گرنگە کورد دەبێتە بەشێکى گرنگ لە نەخشەى وزەى جیهانى و سیاسى و عەسکەرى ، ئەگەر بتوانرێت تەندروستانە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت ، ئەوا نزیک دەبێتەوە لە دەوڵەت بوون .
لە ناوخۆى باشوردا ، ئەوەى گرنگە بەشدارى گۆڕانە لە حکومەتدا ، لەم ساڵەدا تواناى دەرکەوتنى پێویستى نابێت و دەبێت پایەکانى لە ناو دەسەڵاتدا بەهێز بکات و وە کاریشى بۆ دەکات ، بە تایبەت هێزەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ ، هەرچى بەرنامەکانیەتى لە ساڵى 2016 زیاتر دەردەکەون ، یەکێکى تر لە کێشەکانى ناوخۆ مەسەلەى سەرۆکایەتیە ، کە ئایا بخرێتە دەنگدانەوە و شەرعیەت وەربگرێ ئەو کات هەموو کەس بە پێ ى یاساى دیارى کراو ، بۆى هەبێت خۆى کاندید بکات بۆ سەرۆکى هەرێم بە مسعود بارزانیشەوە ، کە ئەگەر بڕیار بدرێت سستم سەرۆکایەتى بێت... خۆ ئەگەر وا بڕیار بێت پەرلەمانى بێت (کە ئەم ئەگەرە زۆر نزیکە ئەوا) پەرلەمان دەنگ دەدات بە دەستور و لە ڕەشنوس و پڕۆژەوە دەبێتە دەستورى باوەڕپێکرا و دەنگ پێدراو ، ئەو کات ماوەکانى پێشوتر ئەژمار ناکرێت و جارێکى تر مسعود بارزانى بۆى دەبێت خۆى کاندید بکاتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە