کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتی و پارتی لە 7 ساڵدا 500 هەزار دەفتەر دۆلاریان لەبودجەی میلەت بۆ حزبەكانیان كردووە!

Saturday, 12/03/2011, 12:00




بەڵێنیان پێدەداین و هەمیشە دەیانوت حكومەت ساوایە بەڵام ئێستە كاتی ئەوەیە پێیان بڵێینەوە سەردەمی بەڵێنی بەدینەهاتوو بەسەرچووە، سەردەمی ساوایی حكومەت كۆتایی هات، حكومەت تاكو پێتان دەوتین ساوایە زۆرمان لێنەدەكردن بۆ ئەوەی ئەو حكومەتە ساوایە پێبگات، بەڵام لەوەشدا ڕاستتان نەكرد، چونكە هەر ئێوە بوون لەپەنای ساوایی حكومەتدا ئەم وڵاتەتان ئیفلیج كرد بەهۆی گەندەڵییەوە، بەداخەوە كاتێك حكومەتی ساوا پێگەیشت و گەنج بوو لەبەرامبەر داواكارییە ڕەواكانماندا دەستدرێژی كردە سەر لاوو گەنجەكانمان و خوێنی ڕشتن، زیندانەكانی لێپڕكردین، نەخۆشخانەكانی پێ ئاوەدان كردینەوە، ئێمە داوای ئازادیمان كرد بەڵام لێیان زەوتكردینەوە، ئێمە داوای حكومەتێكی مەدەنیمان كرد بەڵام هەزاران تفەنگیان هێنایەوە ڕوومان، ئێمە داوای ژیانمان كرد بەڵام لێیان سەندینەوە، ئێمە شەڕی چۆنێتی سەرفكردنی %17ی بودجەی حكومەتمان دەكرد، ئەوان 4 ملیار دۆلاری شیرینی گرێبەستی نەوتیان ونكرد!!
لەكاتێكدا بودجەی %17 ی هەرێمی كوردستان لە 2004/ 2 ملیارو 330 ملیۆن دۆلار بووە بەڵام لە 2011 بووە بە نزیكەی 12 ملیار 446 ملیۆن دۆلارە، لەنێوان كە تەنها لەماوەی 7 ساڵدا بودجەی هەرێم 10 ملیار 110 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە..
لەكاتێكدا حكومەت تەنها لەپارێزگای سلێمانی لەتۆمار كاركردنی ئۆتۆمبیلی بچوكدا مانگانە یەك ملیارو شەسەد ملیۆن دیناری دەست دەكەوێ!!!
لەكاتێكدا كە حكومەت بودجەی یەكێتی و پارتی كەمكردەوە بەڵام هێشتا ئەم حكومەتە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار دەدات بەیەكێتی و پارتی، واتە لەئێستادا ساڵانە یەكێتی و پارتی 60 ملیۆن دۆلار، كەدەكاتە 6 هەزار دەفتەر دۆلار لەحكومەت وەردەگرن!! لەپێشتردا و لەساڵی 2004 ەوە تاكو ساڵی 2010 مانگانە یەكێتی و پارتی 70 ملیۆن دۆلاریان بردووە لەبودجە، واتە ساڵانە یەكێتی و پارتی 840 ملیۆن دۆلار كەدەكاتە 84 هەزار دەفتەر دۆلاریان بردووە بۆ حزبەكانیان.
واتە لە 2004 بۆ 2010 یەكێتی و پارتی 5 ملیارو 40 ملیۆن دۆلاریان لەداهاتی ئەم وڵاتە بردووە، كە دەكاتە 504 هەزار دەفتەر دۆلار.
جگە لەوەی حكومەتی هەرێم 621 هەزار فەرمانبەری هەیە بەڵام ملیۆنێك و 150 هەزار كەس موچەخۆرێتی!! واتە جگە لەو پارە خەیاڵییەی بۆ حزبەكانیان دەیبەن، یەكێتی و پارتی 529 هەزار كەسی كادێری خۆیان بەپلەی باڵاو تایبەت كردووە بەموچەخۆری حكومەت لەسەرداهاتی میلەت..
ئەمە لەكاتێكدایە ئەو بودجە زەبەلاحە لەم وڵاتەدا بۆ دوو حزب دەڕوات بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان 14 هەزارو 878 منداڵی ئیشكەر لەكوردستاندا لەبەر خراپی بژێوی خێزانەكانیان لەبازاڕەكاندا كار دەكەن.
حكومەتێك تاكو ئێستە دوو حزب بیبات بەڕێوە و لەیادی ڕاپەڕینی پایتەختی هەرێمی كوردستاندا سەلماندیان كە هیچ حورمەتێكیان بۆ حكومەتەكەی خۆشیان نییە، دەبێت ئێمە چی بڕواو متمانەیەكمان بەو حكومەتە هەبێت كە پایتەختەكەی بەدەست هێزی لایەنێكەوە كراوەتە سەربازگە تەنها لەترسی ئەوەی خۆپیشاندانێك لەو شارەدا ئەنجام نەدرێ!!
حكومەتێك كە لەسایەیدا ژمارەی هەژاریی ڕۆژانە ڕوو لەزیادبوون دەكات و بێكاری ژیانی تەنیووەو بڕوانامە ئیعتباری تەزكییەی یەكێتی و پارتی نییە، دەبێ چاوەڕێی چی بین لەو حكومەتە؟
ئەگەر حكومەت لەكوردستاندا مۆراڵی سیاسی هەبووایە، ئەبوو تەنها لەبەرامبەر ڕوداوەكانی هاتووچۆدا واز لەحكومەتداری بێنێ چونكە لە ساڵی 2003 ەوە تاكو ساڵی 2011 / 3031 هاوڵاتی ئەم كوردستانە بەڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە!! كە تەنها لەساڵی یەكەمی تەمەنی ئەم كابینەدا 838 هاوڵاتی بەڕوداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە!!! هەموو كەس دەزانێ ئەم كارەساتە لەهەر وڵاتێكی پێشكەوتوودا ڕووبدات ئەوە حكومەتی لەسەر هەڵدەوەشێتەوە!
ئەمە حكومەت نییە، ئەمە دەست بەسەرا گرتنی حكومەتدارییە،
ئەوە حكومەتە كە ساڵی پار لەبەرامبەر كوژرانی پیاوێكی بەتەمەندا لەنێو پاسێكی وڵاتی بەلیجیكا بڕیاریدا 6 ملیار یۆرۆ خەرج بكات بۆ دانانی كامێرا لەهەموو پاسەكانی ئەو وڵاتەدا بۆ ئەوەی جارێكی تر تاوانێكی لەو جۆرە دوبارە نەبێتەوەو بكوژی كەسیش ون نەبێ! ئەوە بەحكومەتی خەڵك دادەنرێ كە 10 ڕۆژ لەمەوپێش لە هەمان وڵات منداڵێك ئۆتۆمبیلێكی تویۆتای بەرز لێیداو كوشتی، حكومەت بۆ ڕێگرتن لەدوبارە بونەوەی ئەو كارەساتە بڕیاریدا زەمانەتی ساڵانەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلە هێندە بەرز بكاتەوە كە هیچ هاوڵاتییەكی بەلجیكا ئێستە ناتوانێ ئەو ئۆتۆمبیلە لێبخوڕێ چونكە حكومەت پێی وابوو بەهۆی بەرزی ئۆتۆمبیلەكەوە ئەو كارەساتە خولقاوەو شۆفێرەكەی ئەو منداڵەی نەبینیوە.
لەم شەوانەدا یاریزان لویس مۆنیرۆی كۆڵۆمبی لەنێو یاریگادا شەقی لەكوندە پەپویەك هەڵدا بۆ ئەوەی بیكاتە دەرەوەی یاریگا، باڵندەكە 2 ڕۆژ ژیاو پزیشكەكان نەیانتوانی ڕزگار بكەن، بەوهۆیەوە ئەو باڵندە گیانی لەدەستدا، ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی ئینگلیزی بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی مۆنیرۆ ڕوبەڕوی گەورەترین ناڕەزایەتی هاندەرانی بویەوە لەبەردەم بارەگای لیژنەی ئۆڵۆمپی وڵاتی كۆڵۆمبیا خۆپیشاندان كراو بەفەرمی داوای لێبوردنی كرد لەكوشتنی باڵندەیەك، بڕیار درا سزای بەندی مانگێك تاكو سێ مانگ بدرێ جگە لەوەی سزای مادیی لێ وەرگیراو ڕەوانەی باخچەی ئاژەڵان كرا تاكو فێری ڕێزگرتن لە ئاژەڵ ببێت! ئەی ئێمە ئێوە بۆ كوێ بنێرین ئەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 17ی شوباتەوە خوێنی 8 ئینسانتان ڕشتووەو 200 كەسی ترتان بریندار كردووە، یەكێك لەو 200 بریندارانە كاكە زمناكۆی بلوز سوری لەخوێنا سور بووی سەر شەقامی سالمی بەردەم لقی چوارە كە تا ئێستە لەنەخۆشخانەیەكی توركیا جوڵە نەكەوتۆتەوە لاشەی!!! چەندین بارەگای ئیعلامی و حزبی سوتێنراوو تاڵانكراوە، چیت كردووە بۆ ئەوەی كارەساتی تری لەو جۆرە دوپات نەبێتەوە؟
نەك هیچت نەكردووە بەڵكو تا ئێستە پێتان وایە لەم هەوڵەش ماندوو دەبین و دەچینەوە ماڵە ساردە بێ كارەباكانمان، ئێمە ناچینە ماڵەوە تاكو ئێوە لەحكومەت دێنە دەرەوە.

ئەم وتارەم ئێوارەی ئەمڕۆ 12/3/2011 لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە