ئەو رۆژەى، کە جەلال تاڵەبانى هۆشى بە خۆیدا دێتەوە
Wednesday, 25/09/2013, 12:00
هەرچەندە تاكو ئێستاش بگرە و بەردەیەكى زۆر هەیە لە سەر بابەتى مان ونەمانى جەلال تاڵەبانى و ئەگەرە بەهێزەكەش نەمانیەتى و شاردنەوەیەتى لە مجمدە دا , بەڵام با گریمانەى ئەوەش لە بەرچاو بگرین، كە هێشتا نەمردووە و هەر لە حاڵەتى بێ هۆشیدایە .... بابەتەكەى من لەسەر ئەوەیە كە تالەبانی ماوە و بێ هۆشە!
با ئەمەی خوارەوە وەکو رووداوێکی راستەقینە بهێنیە پێش جاوی خۆمان و وا بزانن کە روودەدات!
************************
ڕۆژگارێك دێتە پێشەوە، كە ژیان ئاڵوگۆڕێكى زۆرى تێدا ڕووى داوە و لە سەر داواى دادگا و لە ژێر فشارى پەیوەندییە بازرگانى و ئابووریەكانى كوردستان و ئەڵمانیا ، جەلالى بێ هۆش دەهێنرێتەوە كوردستان و تیمە پزیشكییە ئەڵمانیەكەش هەموو ئامێر و كەل و پەلە پزیشكیەكانیان پێوە بەستووەو بەو شێوەیە هێنراوەتەوە كوردستان.. وەختێك جەلال هۆشى دێتەوە لە ژوورێكى بەندیخانەى معەسكەر سەلام دانراوە و هەموو لەشى سۆندە و ئامێرى پزیشكییە.. ژوورى بەندیخانەكە زۆر رێك و پێك و پاك و خاوێنە، لەبەر ئەوە نا، كە ئەو سەردەمێك فەرمانڕەوا بووە ، بەڵكو لەبەر ئەوەى لەو سەردەمەدا بەندیخانەش بەشێوەیەكە، كە بۆ ژیانى مرۆڤ شیاو بێت نەك وەك ئێستا بەندیخانەكان شوێنى شكاندنى كەرامەتى مرۆڤەكان و لێدان و هەڵواسینیانە.
كاتێك بانگ دەكات و پاسەوانەكەش زۆر بەڕێزەوە لێى نزیك دەبێتەوە.
جەلال دەپرسێ:
كۆشكى كۆمارى ژوورى ئاواشى تێدایە؟ ئەى بۆ من تا ئێستا ئەو ژوورەم نەدیووە.
پاسەوانەكەش دەڵێت:
قوربان ئێرە كۆشكى كۆمارى نییە.. ئێرە بەندیخانەى معەسكەر سەلامە.
جەلال:
ئەى ئێوارە لەگەڵ نورى مالكى سەرۆك وەزیران دا كۆنەبووینەوە و قسەمان زۆر نەكرد،؟ چۆن ئێرە كۆشكى كۆمارى نییە؟
كابراى پاسەوان دەڵێ:
ببوورە قوربان ، نورى مالكى لە مێژە لە هەڵبژاردنەكان سەرنەكەوتووە و لابراوە.
جەلال:
شتى وا چۆن روو دەدات، خۆ من خەون نابینم... من قەت رازى نابم مالكى لاببرێت.
پاسەوان:
قوربان گووتم ئێرە بەندیخانەیە.. تۆ سەرۆك و شتى وا نەماویت....
جەلال:
كوڕم وا دیارە تۆ تێك چوویت! دەباشە ، مادام لە سلێمانیم ، هێرۆ و منداڵەكانم بۆ بانگ بكە.
پاسەوان:
قوربان قوباد لە ئەمریكا دەژیت و هێرۆ و پاڤێلیش تۆ خۆش.. خەڵك سەریانی پان كردەوە.
جەلال:
من هیچ تێناگەم، بەس دەستم بگاتە گۆچانەكە هەموو لەشت دەشكێنم، گاڵتەم پێ دەكەیت؟
پاسەوان:
حەددم نییە قوربان، بەڵام راستیەكەت پێ دەڵێم.
جەلال:
باشە دەى كۆسرەت یان بەرهەمم بۆ بانگ بكە.
پاسەوان:
كۆسرەت لە داخدا هێندە ملی بادا، لە ترسى خەڵك جەڵتە لێى دا، دەمێکە مردووە، د. بەرهەمیش حزبێكى تازەى هەیە و مێش تێی داوە، کەس ناچیت بەلایدا، بە قسەى منیش نایەتە ئێرە.. من تەنها پاسەوانێكم هیچم بە دەست نیە!
جەلال:
ئەى یەكێتى؟ یەكێتى چى یە؟ باشە ئەندامێكى مەكتەب سیاسیم بۆ بانگ بكەن.
پاسەوان:
قوربان مكتب سیاسى چى؟ نە یەكێتى ماوە و نە مەكتەب سیاسى.. لە سایەی سەری تۆ و مەسئولەکانەوە یەکێتییش فت، مەلا بەختیار و عومر فتاح و هەندێكى تریش هەر لە ڕۆژانى ڕاپەڕینەكەدا خەڵك لەناوى بردن، هەندێكى تریشیان وا لە زیندان دا دەژین.. خەڵك تۆڵەى بەر و دواى لێكردنەوە...چەند كەسێكیشیان خۆیان گەیاندۆتە ئەوروپا و لەوێ دەژین.
جەلال:
دە تۆ ئەو سۆندە و شتانەم لێ بكەوە ، بزانم دنیا چ باسە؟
پاسەوان:
دنیا هیچ باس نییە.. ئەوسا تۆ خۆشت دەتزانی، کە یەكێتى ووردە ووردە، خۆى بچووك كردەوە، دوای تۆش بەشێوەیەك پەلامارى خەڵكیان دەدا و كوڕى خەڵكیان دەكوشت، سامانى ووڵاتەكەیان تاڵان دەكرد و خاك و ئاویان زەوت دەكرد، تا واى لێهات خەڵك بەناچارى لێیان ڕاپەڕین و تەفر و توونایان كردن... ئێستاش چاوەڕێ دەكەن تۆ هۆشت بێتەوە و دادگاییت بكەن، لە سەر ئەو هەموو كوشت و بڕەى كە بەسەر ئەو ووڵاتەت هێن..
پاشان پاسەوانەكە ڕۆیشت و بەرپرسەكەى ئاگادار كردەوە لەوەى، كە جەلال هۆشى بە بەردا هاتۆتەوە.
ئەو هەواڵە هەر ئەوەندە گەیشتە تەلەفزیۆن و بڵاوكرایەوە. بوو بە تەقەى خۆشى و خۆپیشاندان بەڵام لەو تەقەیەدا كەس نەكوژراو كەسیش بریندار نەبوو، تەقەى خۆشى و خۆپیشاندانەكە بۆ ئەوە بوو، کە شوکور مارابۆ بە زیندوویی دادگایی دەکرێت، هەموو خەڵکی داوای دەکرد، كە هەتا زووە تالەبانی دادگایى بكەن و لە سێدارەى بدەن، لە تۆڵەى ئەو هەموو خوێنى خەڵكەى كە ڕشتوویەتى و ئەو ووڵاتەى كە لەلایەن چەتەكانى یەكێتیەوە تاڵان كراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست