کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا گۆڕان چووەتە ژێر ركێڤی پارتیەوە ؟

Saturday, 10/05/2014, 12:00






لە مانگی سیپتەمبەری ساڵی 2011 وتارێكم بە ناونیشانی (هەماهەنگی پارتی و گۆڕان قازانجی نابێت بۆ هەموان) لە رۆژنامەی هاوڵاتی بەرێز بڵاوكردەوە ، لەو وتارە و لەو رۆژگارەی ئەو كاتەدا، تەنها ئەم پەرەگرافە دێنمەوە یاد(ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەموو بیرو كارو خەیاڵی سیاسی خۆی لە رووبەرێكدا گردبكاتەوە، كە هەرچیەك بكات بەهانەی بەدەستەوەیە و لەو پێناوەشدا بۆی هەیە هاوپەیمانی لەگەل شەیتانیشدا بكات بەرامبەر ئەو لایەنانەی كە بە ركابەر و نەیاری سەرەكی خۆی دادەنێت، بەڵام ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و لەهەردوو حاڵەتی سەركەوتن و ژێركەوتنیشیدا لەدواجاردا بە دۆراوی لێی دەردەچێت، بە تایبەتی ئەوێك كە ئیدیعای گۆرانكاری دەكات و هەر هەنگاویكێ دژ بە گۆڕانی گشتی بێت لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا یەكناگرێتەوە و یەكتردەبرێت، چونكە خاڵە ئیجابیەكانی سەركەوتنە كاتیەكەی ئەگەر لە هەر هەماهەنگیەكیشدا بێتەدی، لەو كارلێكە كورتخایەنەدا، سەرئەنجام دەكەوێتە سەر ئەو زنجیرە بردنەوە و بەرەو پێشچونە سیاسیانەی پارتی كە بەتەنها بۆی لواوە و،بەو رەفتارانە لەم ماوەیەی دوو دەیەدا قازانجیی حزبی خۆی بەدەستیهێناوە و لە رێگەی ئەو ململانێە كلاسیكیە ئاشكرایەی خۆیشیەوە پەلدەهاوێژێت ..
وەك نمونەی رەفتارەكانی پارتی كە چۆن لەگەڵ كەس و لایەنەكان مامەڵە دەكات و بەناراستەوخۆ خەڵك ناچار دەكات فەرمانەكانی جێبەجێبكەن؛ چەند مانگێك لەمەوبەر حزبێكی ئەم كوردستانە پێش ئەوەی كۆنگرە ببەستێت سەردانی پارتی دیموكراتی كردبوو، ئەوانیش داوایان لێكردبوو ئەگەر كۆنگرەكەیان لە هەولێر ببەستن، ئەوا سەرجەم خەرجیەكانی كۆنگرەكەیان بە زیادیشەوە بۆ سەرف دەكەن، بەڵام ئەوان رەتیان كربووەوە و نازانم چۆن و لەسەر چ بارودۆخێك رازینەبون بەو بۆندە . دوای ئەوان، بزوتنەوەی گۆڕان پێش ئەوەی كۆنگرە ببەستێت سەردانێكی گەرم و گور و پەیوەندیەكی نوێ و نەرم و نیانیان لە گەڵ پارتی دروست كرد . پرسیارەكە لەوەدایە، جگە لەو قسەو باسە ئاشكرایانەی لەسەر بەستنی كۆنگرەكەیان لە هەولێر دەكرا، هەر لەو رۆژەوە، تۆ بڵێیت شتێكی لەوبابەتەش لە نێوان پارتی و گۆڕان لە ئارادا نەبوبێت و بزوتنەوەی گۆڕان بە بەردێك دوو چۆلەكەی نەكوشتبێت و هەم چۆلەكە و هەم چۆلەكاوەكەشی نەخواردبێت ؟؟، لەلایەكەوە پارتی رازی كردبێت، لە لایەكی تریشەوە بۆ هاورێ و لایەنگرانی خۆیان بوبێت بۆ رزگاربون لەو تۆمەتەی كە دەوترێت،گۆڕان رێكخراوێكی لۆكاڵیەو تەنها سلێمانی نەبێت هیج شوێنێكی تری لا گرنگ نیە، پرسیارێكە و دەیكەین .
ئەمرۆش،پاش ئەم هەڵبژاردنە و،سەرەرای ئەوەی كە رۆژگار زۆر نهێنی دەردەخات، بەڵام پاش ئەم رێككەوتنەی پارتی و گۆران بۆ پێكهێنانی حكومەت،پرسیارگەلێك دێنە ئاراوە كە دەبێت گۆران بە رونی وەڵامی خەڵك بداتەوە، ئەگینا وەك یەكێتی ئەوكاتی هاوپەیمانی پارتی كێرڤی جەماوەرێتی تا دێت بەرەو داكشان دەچێت . تاچەند گۆران پابەند دەبێت بە ناوچە دابراوەكانی كوردستانەوە و بۆچی خەڵكی ئەوێ پشتگیریی ناكەن،بۆچی راوبۆچونی لە ئاست سیاسەتی پارتی نەرمیەكی لە رادەبەدەری پێوەدیارە، سەرەرای گلەییەكانی پارتی،بۆچی باسی گەرانەوەی دەستور ناكات، بۆچی باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناكات كە پەرلەمانی بەدەستەوە بێت، پەرەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم هەڵناداتەوە، بۆچی بەشەرمەوە باس لە ساختەكاری هەڵبژاردن لە هەولێر دەكات و، لە دهۆكیش هەر هیچ .ئایا گۆران تەنها سلێمانی مەبەستە و دەیەوێت لامەركەزیەكی قوڵ بسەپێنێت و هەتاهەتایە سەر بەعیراق بین،بۆچی مەبەستی لە دەسەڵات تەنها وەزارەتە ئەمنیەكانە و داوای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی نەكرد كە پارتی دەڵێت هیچ خەتی سور لەبەردەم هیچ لایەنێكدا نەبوە بۆ داواكردنی ئەو وەزارەتە، بۆچی بۆ خەڵكی رونناكاتەوە كە هاوپەیمانێتی ئەو و پارتی لەسەر حسابی هیچ لایەنێكی دیكە نیە و ئامانجی ئەو هەڵوەشانەوەی هیچ حزبێك نیە .گرنگتر، بۆچی سیاسەتی و هەڵوێستی لەئاست پرسی نەتەوەیی و كوردستان بۆ خەڵك رون ناكاتەوە،بۆچی باسی خەندەقەكەی رۆژئاواو و پردێیی نەكرد و خۆ لەقەرەی نەدا.ئەمەو دەیان پرسیاری تر كە چاودێرانی سەرسام كردوە .
بۆیە، پێویستە بڵێین كە ئەم هاوپەیمانێتیەی پارتی و گۆران جكە لە قازانجی پارتی هیچ شتێكی تیدا نیە و ئەگەر بە ناچاری گۆران دەچێتە ژێر ركیڤی پارتیەوە و بۆ چوار ساڵی داهاتو بە ناراستەوخۆش بێت جێبەجێكەری ئامانجەكانی پارتی دەبێت و ئەگەر سیاسەتی حەكیمانەی راست پەیرەو نەكات ولە زۆر شت بەخۆیدا نەچێتەوە دەستی لە بن هەنبانەكەش دەردەچێت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە