کچەکانی کوبانی سێ سوڕی مانگانەیە لەشەردان
Friday, 09/01/2015, 12:00
ن
ژیان هەلێکە بۆ نواندنی هەڵوێست ، ژنە و کچە شەڕڤانەکانی کوبانی کۆمەڵێ وێنەیان خستۆتە بازاڕەوە کە لەمێژوودا نمونەیان کەمە و پڕێتی عەشق و خۆشەویستی ، دەشزانین عەشق ئەرک نی یە ،چونکە کەعەشق بوو بەئەرک ئیتر دەبێتە ساختەکاری . ئەوە بەڵگە هێنانەوەی ناوێت کە بڵێین ئەوانە بەڕاستی وێنەکانیان وکردەوەکانیان پڕێتی لەعەشق و خۆشەویستی . ئەوان هیچ هۆکارێک ناهێنەوە بۆ چۆڵنەکردنی سەنگەرەکانیان ، ئەوان بونە نمایندەی ئێمەی کوردو ئیتر بە ئێمە نالێن ژنکوژەکان . بۆبەرگری کردن ئێش و ئازاری جەستەی دەخرێتە لاوە ، ئەوان هەمووشتێکیان بەداهاتویەکی ئازادەوە بەستۆتەوە، ئەوان هەموو ڕۆژێک خۆر دەبینن ، سەمادەکەن سرود دەڵێن ، لایلایە بۆ نیشتمان دەکەن . دەڵێن کاتێک سوڕی مانگانەدێت ، ئافرەت زۆر تورە دەبێت و شەڕانی خۆی نمایش دەکات ، کچەشەڕڤانەکان ئەو هاوکێشەیەشیان بەدرۆخستەوە ئەوان بەچرکەش خەندە خۆشی گۆرانی لەسەر لێوەکانیان ناتۆرێت ، ئەوان پرچەڕەشەکانیان دەدەنە بەر خۆر، ئەوان لەبەر ئاوێنەکاندا شانە دەکەن ، کەچی تفنگەکانیان دورناخەنەوە، ئەوان دەڵێ مردن لایان گەشتێکە بۆ بەهەشت ، ئاخر ئەوان لەفریشتەکانن کە ئێستا ئەوان نمونەی ڕۆژهەڵاتن کە ڕۆژئاوایەکان ئیرەیان پێدەبەن .
هەموو دنیا گرنگی بەجەستەی ئافرەت دەدەن ، کەدەڵێم جەستە مانای وایە ئافرەتانیش دەزانن بۆ یە ئەوانیش گرنگی بەخۆیان دەدەن ، کەچی شەڕڤانە کچەکانمان ئەو هاوکێشەیەشیان تێک شکاند ، ئەوان گرنگی بە شتێک دەدەن کە ئازادی یە ، ئەو کچانەمان بەبێ ئەوەی لەپێشبڕکێ جوانی ئافرەتاندا بەشداربن لەهەموو شاجوانەکانی جیهان جوانترن . هەمووشمان دەزانین تەنها لەناو ئافرەتاندا پێشبڕکێی جوانی هەیە . ئەوان کچە شەڕڤانەکانمان گەریلاکانمان ئەو جوانیانەشیان لەشاجوانەکانی جیهان سەندەوە کە دوای چەند کاژمێر لەخۆڕازاندنەوە بەدەستی دەهێنن .
کچە شەڕڤانەکان هەموو بێمانایەکیان تێپەڕاند، ئیتر ئەوان پاشکۆی براو باوکو مێردیان نین ، ئەوان خۆیانن بەهەموو جوانێکانەوە .
ئافرەتانی جیهان ملوێنەها دۆلار خەرج دەکەن تا خۆیان بڕازێنەوە و نەشتەرگەری بکەن و سەریان لەخەنەو بۆیاخ و هەمەڵشن بنێن و نیوەی تەمەنیان لەبەردەم ئاوێنەدا بەسەربەرن ، لەکاتێکدا هەرگیز ڕازی نابن لە خۆیان و هەمیشە بۆڵەیانە و ئیرەی بەدراوسێ و خوشک و ئامۆزاو پورزاو هاوڕێ قوتابخانەکانیان و کارەکانیان دەبەن ، کەچی کچە شەڕڤانەکانمان ئەوان پێویستیان بەوە نی یە کە هێندە خۆیان بەو کارە پوچانەوە خەریک بکەن ، ئافرەتان بۆیە نەشتەرگەری دەکەن و سەریان بۆیاخ دەکەن و دەمموچاویان لەگەچ دەنێن، تاکو بلێن ئێمە هێشتا گەنجین ، کەچی کچانی گەریلا ژیان بە مانایەکی تر دەزانن و ئەوان نایانەوێت پێچەوانەی یاساکانی سروشت ژیان بکەن . بۆیە هەمیشە بەگەنجی دەمێنەوە ، کاتێکیش شەهید دەبن ئەوان ئیتر بۆ هەتا هەتایە پیر نابن و گەلێک شانازی بە بونی ئەو کچانەوە دەکات . من نامەوێت هێچ بەراوردێک لەنێوانی پیاوان و ژنانددا بکەم . چونکە لە باشوری ووڵات هێشتا ئەو ژنانە نەهاتونە مەیدان بەڵام کۆمەڵێ ژنی هزر پیاو دەرکەوتوون ، کە هێندە ناحەزن پیاو ئارەزووناکات بەراوردیان کات ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا ٧٠٠ فەوجی جاشی پیاومان هەبوو بێ لەفایل دار و سیخوڕ و ترسنۆک و خائینەکانی تر ، کەچی بۆدەرمان فەوجێکی جاشی ژنمان نەبوو وەک چۆن چەند پێشمەرگەیەکی کەمی ژنمان هەبوو ، ئاواش جاش و سیخوڕی ژنمان نەبوو ئەوەش وای کرد دوای ڕاپەڕین جاشەکان و سیخوڕەکان و خۆفرۆشەکان قەسابخانەی ژنان دانێن و بەناوی شەرەفەوە لەژێر پەردەی شەرەفدا کەخۆیان نیانە دەستیان کرد بەسوتان و کوشتنی ژنان.
ئەگەر ژنانی باشور دەخوازن ئەوانیش بەخۆری ئازادی نزیک بنەوە، با چاوێک لەگەریلاکان بکەن . بەتایبەت لەکچ و ژنە شەڕڤانەکانی کوبانی کە ئیتر جوانیان لێ دەچۆڕێت ، من هێندەی هەموو دنیا شادمانم لەم مێژوەدا دەژیم کە شەڕڤانەکان تێدا مێژوو دەنوسنەوە ، بێئەوەی گلەی لەهیچ بکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست