چۆن لە گرفتی فەرهاد پیرباڵ و مەسەلەی فاروق رەفیق تێ بگەین
Monday, 07/03/2011, 12:00
دوو دەرگای ئاڵتونی: فەرهاد پێوەیدا، فاروق کردیەوە
پێشەکیەکی پێویست: پێشتر هەرگیز نەدەچوومە سەر سایتی کوردستانپۆست و رەخنەم لە هەموو ئەوانەش دەگرت کە دەمناسین لەویدا شت بلاودەکەنەوە. هەمیشە سڵم لەوە دەکردەوە نوسین بۆ کوردستان پۆست بنێرم چونکە جێگەی رەخنەیەکی بٶ شوماری من بوو، ئێستەشی لەگەڵدابێ رەخنەی زۆرم لێی هەیە، بەڵام پێمان خۆش بێ یان نا زۆرترین جەماوەری خوێندنەوە و سەیرکردنی سایتەکەی هەیە و وەک هەر وێبسایتێکی تری کوردی تەماشای دەکەم. بۆچی رام گۆڕا لەوەی کە بە هەمیشەیی بچمە سەر کوردستان پۆست و ئێستەش وتاری بۆ بنێرم. یەکەم دیقەتمدا ئەمیش هەر وەک رۆژنامەیەکی ئەلەکترۆنی ترە و وەک هەر وێبسایتێکی تر پرە لە چەندان کەم و کوڕی و لە هەمان کاتدا زانیاری گرنگ. دووهەم، هاوڕێیەکم هەس کەسانی نزیک لە حزبەکان دەناسێ، کەسانی خاوەن بڕیار و دەسترۆیشتوو لە ناو حزبەکاندا بەتایبەت یەکێتی. زۆر جاران لەوەوە هەندێ هەواڵی گرنگم دەبیست و قسەوباسمان لەبارەوە دەکرد. هەراوبەزمەکانی ناو یەکێتی و پارتی و سەرەتای سەرهەڵدانی گۆڕان بوو، پێم گوت خەبەر و باس چیە، وتی ناسیاوەکەم پێی گوتم لەم چەند رۆژانەدا لەوانە نیە بتوانم بە تەلەفۆن هەموو شتێکت پێ بڵێم بۆیە لە (کوردستان پۆست)دا زۆر شت دەبینی لەو بارەیەوە. ئیتر من تێگەیشتم کە کوردستان پۆست هەر بە تەنها ئەوە نیە کە من وام دەبینی هەمووی بێکەڵک بێ، وەک هەموو میدیاکانی تر لایەنی خراپەی هەس و باشیشی هەس. بۆیە بڕیارمدا بە هەمیشەیی تەماشای بکەم و وەک هەر وێبسایتێکی تری کوردی مامەڵەی لەگەڵدا بکەم. ئێستەش وا وتاری بۆ دەنێرم تاکو ئەو هەموو خەڵکانەی دێنە سەر ئەو وێبسایتە وتارەکەمان ببینن. گەر دەرفەتێک تر گونجا رەخنە و تێبینیەکانم لەسەر کوردستان پۆست دەنووسم و هۆکاری ناردنی وتارم لێرەدا بە وردی باس دەکەم و لای خۆشیان بلاوی دەکەمەوە. لەم دەورەی خۆپیشاندانەی کە ئێستا کوردستانی گرتۆتەوە، دوو کەس ناویان هاتە نێو باس و رەخنە و قسەپێگوتن لە نیوەندە رۆشنبیری و سیاسیەکەدا. ئەو دوو زاتە فەرهاد پیرباڵ و فاروق رەفیقن. ئەوی یەکەمیان لەسەر دەسەڵات حسابە لە کاتێکدا گەورەییەکەی خۆی لە دژە دەسەڵاتیەوە دروستکرد؛ ئەوی دووەمیان لەسەر خەلک حسابە لە کاتیکدا زۆرترلە نێوەندی میدیایی و راگەیاندنی دەسەلاتەوە دەبینرا. لە راستیدا من لێرەدا بە تەمای ئەوە نیم باسی بیر و نووسەنەکانیان بکەم. ئەوەی زۆرتر بۆ من گرنگە لیرەدا، وەک ئەو دوو قووتبە باسیان دەکەم کە ئێستا قسەیان لەبارەوە دەکرێ.
پێشئەوەی وتار دەست پێێ بکەین، با تۆزیک باس لەو کەشە بکەین کە جیهانی ئیمەی تاریک کردووە. تا ئێستاش لە نێوەندی رۆشنبیری ئێمەدا زۆرتر ئەو عەقڵە زاڵە بۆ بیرکردنەوە کە خاڵیە لە پرەنسیب و هاوسەنگی رەخنەگرتن. ئەو دەسەکەلایانەی دەستی ئیمە زۆر پوچەڵن کاتێک دەمانەوێ بهاوژینە کەسێکی تر. رەخنەکان هێندەی رووکەشین ئەوەندە بنەخانەیی نین. کەمتر بە دوای ئەوەوەین شەڕی عەقڵ و بابەتی بابەتیانە بکەین بەڵکو زۆرتر بە چاو جەنگەکانمان دەکەین.
ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەو دوو کەسە دەوترێ، رەگەیەکی هەیە لە رابردووەوە بەلام وەک کورد دەڵێ ئەو نانە ئەمڕۆ لە خوانە. دەبینی فەرهاد پیرباڵ چی دەکا و فاروق رەفیقیش چی دەکات. مەسەلەکە هیچ پەیوەندی بە هەل و کوڕی رۆژەوە نیە بگرە مەسەلەکە لەسەر خاڵێکی مێژوویی راوەستاوە کە کێ ئازایە دەوری راستەقینەیی خۆی تێدا ببینێ.
گرفتی فەرهاد پیرباڵ... یەکەم: هەموان دەزانین فەرهاد پیرباڵ ساڵی پارەکە چ گۆبەندێکی بۆخۆی نایەوە بەوەی وتی من دەنگ بە مەسعود بەرزانی دەدەم بۆ سەرۆکی هەرێم. خەڵک وەک خوێنەر و جەماوەرە ناڕازیەکە ئەم هەڵوێستەی فەرهاد پیرباڵیان وەک ناپاکیەکی لە لایەن ئەوەوە بەرامبەری بەخۆیان لێکدایەوە و زۆرکەسی تریش لە رووبەڕی رۆژنامە و سایتەکاندا ئەم هەڵوێستەی فەرهاد پیرباڵیان بە رەئێکی شەخسی خۆی لەقەڵەمدا. ئەم دیدە لیبراڵیە زۆر لاواز هاتە پێش چاو لەم بابەتەدا، چونکە مەسەلەکە بەهیچ کلۆجێک پەیوەندی بە رەئی شەخسی و ئەو شتانەی ترەوە نەبوو کە ئەو قەڵەم بەدەستانە باسیان لێکرد بەڵکو پەیوەندی بە بوونی فەرهاد پیرباڵ خۆی و ئەو پێگەیەی کە لە نێو خەڵکدا هەیبوو. گرفتی فەرهاد پیرباڵ لە دوو شتدا بوو. یەکیکیان ئەوەبوو کە فەرهاد پیرباڵ پشتی لە حەقیقەت کرد. دووەمیان ئەوە بوو کە ناڕاستی لەگەڵ جەماوەرەکەی خۆی و خەڵکیدا کرد بە گشتی. ئەو جێگە و رێگەیەی فەرهاد پیرباڵ پەیدای کرد بەهۆی ئەو باسانەیەوە بوو کە لە دژی گەندەڵی و خراپیەکانی دەسەلات دەیگووت و دەینووسی. ئێ کێیش لەسەری سەرەوەی ئەو دەسەلاتەوەیە، بێگومان سەرۆک. سادەترین خەڵکانی ئەم ولاتەی ئیمە دەزانن کە هیچ شتێک، ئەوانە فەرهاد پیرباڵ دژی دەوەستایەوە، بە بێ ئەمری سەرۆک ناکرێ و ئەو سەرۆکی هەموو ئەو خراپیانەیە کە لەم وڵاتەدا روودەدەن. سادەترین بەڵگەش ئەوەیە کە ئەوانەی ئەو شتە خراپانە دەکەن هەموویان لە بن دەستی ئەودان و لە لای دەستی راست و چەپیدا لێی دانیشتوون. فەرهاد پیرباڵ دەنگی بەمەدا. باشە هەر دەنگی نەکردایە باشتر نەبوو. گەر بیانووەکەی دەستی فەرهاد پیرباڵ ئەوە بوو کە گوایە سەرۆک ئالای کوردستانی شەکاندۆتەوە لە هەولێردا، ئێ دەباشە خۆ هەر ئەو سەرۆکەش بوو ئالای بەعسی شەکاندەوە لە ناو هەولیردا. خۆ کوێرکردنی فەرهاد پیربال لە ئاست ئەو تانک و تۆپانەی بەعس کە لە ناو هەولێری پایتەختی هەرێمدابوون خەڵکی لە خۆی تووڕە کرد. بۆ شنەی ئالاکەی کوردستانت دیت بەڵام شەکانەوەی ئالاکەی بەعست نەدی بەسەر تۆپ و تانکەکانەوە لە ٣١ی ئابدا. ئا ئەمەبوو گرفتەکەی فەرهاد پیرباڵ. تووڕەیی خەڵک لێرەدا بوو.
دووهەم: ئەم بارودۆخەی کوردستان دەرفەتێکی ئاڵتوونی بوو تا فەرهاد پیرباڵ خۆی ئاشت بکاتەوە لەگەڵ خەڵکدا. هات و ویستی بەشداری بکات بەڵام رێگەیان پێ نەدا و خەڵک وەک تۆڵەیەک دەریان کرد لە مینبەری وسەکردنەکەدا. ئئەم کارەی خەڵک کردی زۆر خراپ بوو چونکە ئەوانەی ئازادیان بە فەرهاد پیربال نەدا قسەی خۆی بکات ئەوا دوو سبەی دەبنە بەشێک لە کوشتنی ئازادی و بگرە ئەوانەشی لەوێ بوون و داکۆکیان لێ نکرد ئەوا بەشدارن لەو پەلاماردان و دەرکردنەی. ئەمە بەلایەک.
لەلایەکی تر، لە بری ئەوەی فەرهاد پیرباڵ دەرسێک لەم هارایەی خۆی وەربگرێ و دووبارە هەوڵبداتەوە کە جەماوەری تووڕە هێور بکاتەوە لە خۆی، کەچی رۆێست لە هەولیر هەمان هەڵویستی پارەکەی نیشاندایەوە بەڵام بە شیوەیەکی تر. لە سیمینارێکدا کە رۆژی ٢٣ی مانگی دووی رابردوو لە لایەن (رێکخراوی ئاسۆی مەدەنیەت)ی سەر بە دەسەڵاتەوە لە ئوتێل چوارجرا لە هەولێر بۆی ساز کرا خراپتری کرد لەو خەڵکەی کە ئەویان بەدەرنا. لەو سیمینارەدا دەکەوێتە سەروگوێلاک شکاندنی خەڵکی خۆپیشاندەر لە ژیرناوی جۆراوجۆردا. هەروەها لە رۆژنامەی (باس) ژمارە ٣٣ی رێکەوتی ١/٣/ ٢٠١١کە لە هەولێر دەردەچێ کۆمەڵێ قسان دەکات کە تەنها و تەنها دەسەڵات پێی خۆشحاڵە. دیارە هەندێک لەو قسانە زۆر بێ زانیاری و بێ ئاگا و بێ بنەمان. شتێک دەڵێ لەو سیمینارەدا کە سەر و قاچی تێدا یاوەژوو بۆتەوە، دەڵێت: "لە دروشمەکانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی پتر ئەنجام دەردەکەێت وەک لە ئامانج". ئەمەیە بۆیە دەڵێت چونکە تا ئێستا لە مانا و چۆنێتی هەڵایسان و پەیامی راستەقینەیی شۆڕشە یاسەمینیەکان نەگەیشتووە و وادەزانێ دنیا دنیای هەر زین العابدین و حوسنی موبارەک و سەرکوتگەرێتی ئەم دەسەڵاتدارێتیەی لای خۆمانە. خۆزگە کاک فەرهاد لە تووڕەیی خۆیدا راستیەکانی خراپتر ئاوەژوو نەکردایە یاخود روونتر بڵێم خۆی نەخستایەتەوە باوەشی دەسەلاتێک کە بە یەکێک لە نابووتترین دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهان لە قەڵەم دەدرێت.
کاک فەرهاد پیرباڵ پێی وایە کە ئەو خۆپیشاندانە خزمەت بە ئێران دەکات و ترسی ئەوەی هەیە پەلکێشی وڵاتانی دەوروبەر بەدوای خۆیدا بهێنێت بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە خودی دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەو کارە دەکەن بە خاتری ئەوەی بڵێن ئاه نەمان وت. هەموانیش دەزانین ئەو حزبانە مێژوویەکی دەوڵەمدنیان هەیە لەگەڵ پەلکێشکردنی ئەو وڵاتانە بۆ ناو کوردستان. ئەو سەر و سەودایەی ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە هەیانە لەگەڵ ولاتانی ناوچەکەدا بە تایبەت تورکیا و ئێران هیچ دوو مارێکی عاشقە و باشقە نیانە. پاشان ئەی کاک فەرهاد نازانێت وا پێشوەختە ئەو شارەی ئەوی لێ دادەنیشێ پڕە لە بنکە و بارەگای نهێنی و ئاشکرای ئەو دەوڵەتانە. ئەوانە خۆیان لیرەن و خودی دەسەڵات جاوساغیان دەکات، جا پێویست بەوە ناکات خەڵکی خۆپیشاندەر تۆمەتبار بکەیت.
لە (باس) دەڵێت: "پێنچ رۆشنبیری سەر بە گۆران پێیان گووتم ئێمە دەمانوێت سلێمانی جیابکەینەوە". لەگەڵ ئەوەی من تاسەر ئێسقان رەخنەم لە گۆڕان هەیە بەڵام ئەو قسەیە رێی تێ ناچێت، وە کێشە کێشەی نێوان نەوشیروان نیە لەگەڵ پارتی و بارزانیدا بەڵکو کێشەی هەموو خەڵکی کوردستانە لەگەڵ پارتی و بارزانیدا، لەبەرئەوەی ئێستا پارتی خاوەنی سیاسی کوردستانە و یەکیتی کە جەلال تالەبانیە وا لە بەغداد و خەمی کورسیەکەی خۆیەتی. ئەوە خودی پارتیە کە دەیەوێت کێشەکان بخاتە ملی لایەنێک و شەڕی چەکداری و راگەیاندنی بەرامبەری بکات بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی خەڵکی هەڵوەشێنێتەوە. دوای ئەوە کوردسدتان تا ئێستاش هەر دوو بەشە، هەموو خەڵک ئەمە دەزانێ. تەنانەت ئەو سەرۆکەی کاک فەرهاد بە نموونەی هەڵبژاردنی خۆی دایدەنێ ئاخۆ نازانێ تا ئێستا چەند جار سەردانی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە.
دواوتە: فەرهاد پیرباڵ پێشتر گرفتێک بوو هەموان پێوە خەرک و ماندوو ببوون بەڵام ئەم رووداوەی دوایی وەک هێلکەی پاککراو ساغی کردەوە بۆ هەموان و بۆ خۆیشی. چیتر شەهادەتی متمانەیی پێنادرێتەوە، مەگەر بڵێـم چی.
مەسەلەی فاروق رەفیق... دیارە من لێرەدا نامەوێ بەراوردی فاروق رەفیق لەگەڵ فەرهاد پیرباڵدا بکەم، ئەوە نە کاری منە و نە دەشمەوێ خۆمی لێ بدەم بەڵام جیوازیەکی فراوان هەیە لەوەی کە فاروق رەفیق چی کردووە و چی ویستووە و ئێستا چی دەکات. ئەو رەخنانەی لەم ماوەیەدا لە فاروق رەفیق گیران لە هەندێ بۆنە و وتاردا لاوازی رەخنە و کەسەکانی دەرخست. لە راستیدا، بواری هزر و بیرکردنەوە دەتوانی بکەویتە ناویەوە و کاک فروق رەفیق چاک داشۆری وەک ئەوەی وەختی خۆی لە دەورانی پاکس ئەمریکانادا کردی یاخود تێڕوانین و هەڵوێستی لەسەر ئێدوار سەعید کە چەند ئاست نزم بوو. کاک فاروق رەفیق هەندێ جار ئەمبەر و ئەوبەری بیرکردنەوە و هەڵوێستی فکری کردەوە، بەلام؛ئەوەی کە ئەو لە میدیا دەسەلاتەوە بەرنامەی هەبووە یان خانەیەکی فکری داناوە ئەوە رەخنەی زۆر لاواز و سادەن. یەکەمین شت ئەو میدیایە موڵکی حزب نیە و لە بنەڕەتدا بە سامانی ئەو ولاتە بنیات نراوە و حزب دەستی بەسەرداگرتووە و دووەم گەر هەر کەناڵێک ببێتە هۆی ئەوەی بیروبۆچوونەکانیتی لێوە پەخش بکەی بە بێ سانسۆردکرنیێکی هەمەلایەنەیی بیکە. لەوە چاکتر و عاقڵانەتر نیە گەر کارێک وابکەی. بارودۆخی کوردستان هەر ئەوەی تیایە لەوە زیاتر شتێکی تر نیە، لەو میدیا و رۆژنامانە زیاتر نیە. پێمان خۆش بێ و ناخۆش بێ هەر لەو جێگەیانەدا دەمانەوێت، گەر بۆمان بڵاوبکەنەوە، دیدەکانمان پەخش بکەین.
ئەوەندەی من ئاگام لە تەواوی بەرنامەکانی کاک فاروق رەفیق بووبێ چ لە لای پارتیەوە یان یەکێتیەوە، بۆ یەک جاریش ستایشی ئەو دوو حزبە یان ئەو دەسەڵاتدارەی نەکردووە، هەر ئەمەش سەنگی مەحەکە نەک ئەوەی گوایە لە میدیا ئێمەوە بەرنامەی هەبووە. ئەو قسانە هی نەخۆشن.
خانەی حیکمەت، لەگەڵ ئەوەی پێشوەختە دیاربوو هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ، لەوە دەچوو فاروق رەفیق ویستبێتی پردێک لە نێوان دەسەڵات و بنکە هزریەکاندا دروست بکات بەوهیوایەی ئەم دەسەلاتە مەنفەسیکی لێوەبێ و چیتر هەر بە تەنها خۆی کەڵەگای سیاسەتە جارەنووسسازەکانی ولات نەکات. بیرۆکەی بنکەی لە چەشنی (پینک تانک) وەک چۆن لە رۆژئاوا هەیە ئاواتی هەر کەسێکی بیریار و سیاستزان بووە بەڵام کاک فاروق دیارە وەک هەر یەکێک لە ئێمە فرسەتێکی ترمان بە دەسەڵات دابێ و لە خۆشمان کەمێک خۆش بووبێتین بەڵکو دەروویەکی رەحمەت لە دنیای سیاسەتی ئێمەدا بکرێتەوە گەر تۆزقاڵێکیش بێ بە تۆزی شوێن پێ دنیای سیاسی ئەو ولاتە رۆژئاواییانەدا بچێت. بەڵام ئەفسوس و ئەفسوس تاکو حزب و بنەماڵەچیتی و تاکسەرکردەیی هەبن لە وڵاتدا ئەوا هیچ شتێک جوان و باش و بە بایەخ جێگەی نابێتەوە. دەکرێ ئەمانە ببنە رەخنە و تەوەرکانی دیاری بکەین بەڵام ئەوەی کەسێک بێت لە وەتەرەکانی مەسەلەی فاروق رەفیق بدات ئەوا ئاست نزمی خۆی نێشان دەدات لە رەخنە و رەخنەگرتن.
هەموومان وا فاروق رەفیق دەبینین کە چی دەکات و چی ناکات، دیارە ئەو نەیتوانی هیچ هەڵکڕێنێ لەدەسەلات و خۆی دایە پال خەڵک لە ئیستادا. ئەو نانە ئەوڕۆ لە خوانە. کێ ئازایە و کێ لە پشت خەڵکە با وەک ئەو بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست