دەوڵەتی كوردی ئەگەر خەونیش بێ، تكایە لە ئێستاوە گەندەڵی مەكەن ؟
Wednesday, 08/04/2009, 12:00
2103 بینراوە
هاتنی "باراك ئۆباما" سەرۆك كۆماری ئەمریكا بۆ توركیاو یەكەمین چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی پارتێكی كوردی وەك دەتەپە "ئەحمەد تورك" لە 6/4/2009 باشترین بەڵگەو دروستترین لۆژیكی سیاسی نێودەوڵەتییە، كە دروستبونی دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانە نیە وەك تاڵەبانی دەڵێ، بەڵكو خەونی دایكێكی ژانگرتووی خاوەن شۆرش و مێژووە بۆ كۆرپەیەكی سەربەخۆی خاوەن ناوو زمان و شوناس، خەونی خاكێكی خاوەن ئازارو تراژیدیانەی گەلێكی كۆڵنەدەرەو ناكرێت لەكەداری بكەین؟! لە پشتی هەر شۆرش و جڤات و سیستمێكی ئازادیخوازەوە شیعرو ئەدەبیاتی شۆرشگێڕی ئامادەیی هەیە، لە شارستانیەتی سۆمەرو دەلتانیل و گریك و یۆنان، لە پشت پەیامبەران و فەیلەسوفانی وەك زەردەشت و مانی و مەزدەك و عیساو محمد(ع) و ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە بۆ وەرچەرخان و رێنیسانس و شۆرشی رۆشنگەری لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، تا ئەگاتە گاندی هیندو ماندێللای دەوڵەتی رەشی ئەفریقی و شۆرشەكانی عەرەب و فارس، تەنها ئەدیب و شاعیرەكان بوون بە خەون دەوڵەتیان چنی، كە شیعرو فەلسەفەو خەونیان گۆڕی بە واقیع، خەونی شاعیرانی كوردیش زۆربەی هاتوونەتەدی و شۆرشی نوێی یەكێتیش كە تاڵەبانی هەڵگیرسێنەری بوو شیعرو ئەدەبیاتی شاخ كردی ئاخۆ (مەشخەڵانی شۆرشی نوێی ئەمجارە) خەون نەبوو بوو بە واقیع، یان شیعری (ئەی ئەسپەكەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم بەیتی تازەی توحفەی ئەمرۆی كوردستانم) كە جۆش و خرۆشی ئەكرد بە گەروی خەباتی شاخ و شارو رادیۆكانی شاخدا هەر شیعر نەبوو كردی، بەڵام من ئەم پرسە جێدەهێڵم بۆ شاعیرە بێدەنگ و بێهەڵوێستەكان و با ئەوان خۆیان وەدەنگ بێن لە ئاست ئەو كەمڕوانین و بێڕێزیكردنە بە كاراكتەری شاعیرو شیعرەوە!! ئاخۆ بەراست شیعر ئەوەندە بێ بەهایە، بەراست دروست بوونی دەوڵەتی كوردی خەونی نێو شیعرو خەیاڵدانی شاعیرانە بۆیە نایەتە دی؟
بە ئاسانی ناتوانرێت باوەر بەوە بهێنرێت كاراكتەرێكی وەك تاڵەبانی كە زیاتر لە 60 ساڵە خەبات بۆ بزوتنەوەیەكی میللی سیاسی نەتەوەیی باشوور ئەكات و چەندین شكست و هەستانەوەی دیوەو لەسەدان وێسگەی بێئومێدی داوەو چەندین سەركردەو رێبەری حیزبەكەی بۆتە قوربانی بیری نەتەوەیی و خەونی سەربەخۆیی، كەچی وا بەئاسانی دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ بێت و بە خەونی شاعیرانەو ئەفسانە ناوی بەرێت تەنها لەبەر خاتری راگرتنی باڵانس و نەوروژاندنی هەست و توررەیی دوژمنانی كورد، ئەكرێت ئێمە سیاسیانەو لە تاكتیكدا بە دڵی نەیارانمان بئاخڤین بڵێین سیاسەت ئەكەین و ئەمە گەمەی دبلۆماسیە، وەلێ رەنگە نەكرێ و قورس بیت لەسەر ستراتیج جەستەی رۆحی و سایكۆلۆژی نەتەوەی كورد قاژقاژ بكەین و ناوی لێ بنێین سیاسەت؟! یان سازش لەسەر موفرەداتەكانی نەتەوەو خەونەكانمان بكەین بڵێین قەیدی نییە راگرتنی باڵانسی بەرژەوەندیەكانە، ئێمە نابێت لەو لۆژیكە بچینە دەرەوە كە رەنگە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی زیاتر پێویستی بە ئیرادەو یەكدەنگی هەبێت نەك بڕیار، وەك چۆن شۆرشەكانی رابردووی كورد ئەوەی كە هەیبوو تەنها ئیرادەو یەكدەنگی بوو بە بڕیاری كەسیش شۆرشمان نەكرد، كاتی خۆشی هیچ دەوڵەتێكی داگیركەری كورد بە دەوڵەتە كۆلۆنیالەكانیشەوە رازی نەبوون كورد شۆرش بكات و جوڵانەوەی چەكداری هەبێت و خاوەنی ئەو ئیرادەیەبێت كە بێئومێدیەكانی نەتەوەكەی خۆی بسوتێنێ لەبەرچاوی دوژمنەكانی، ئەوە خێرە لەم سەردەمەدا كە كورد خاوەنی دەیان دۆست و ئیرادەی ناوخۆیی و حكومەت و پەرلەمان و داهات و ئابوری و دبلۆماسیەت و نیشتیمانی خۆی بێت كەچی دەوڵەتی سەربەخۆ كە مافێكی رەواو سروشتییە تاڵەبانی بە خەون و موستەحیلی دەزانێت؟ ئایا دەكرێت چاوەروانی دوژمنانی كوردبین بزانین ئەوا چیان پێ خۆشە ئاوا خەبات بكەین و لێدوان بدەین، ئەوە چۆنە هێشتا لەوە تێنەگەشتوین ئەوان هەزار ساڵی دیكە دەوڵەت بۆ كورد بە رەوا نازانن،
توركیا وەك دەوڵەتێكی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و میراتگری دەوڵەتی گەورەی عوسمانیەكان ستراتیجیترین دوژمنی سەرسەختی كوردە كەچی دەسەڵاتی كوردی بەردەوام بە سیاسەتی موجامەلە قۆناغە هەستیارەكەی هەرێم بەرێدەكەن و نایانەوێت دڵی نەك جەنراڵەكان بەڵكو چۆلەكەكانی توركیاش برەنجێنن، توركیا ستراتیژیانەو دوژمنكارانە لەم هەرێمە ئەروانن ئێمەش واتە هەرێمی كوردستان بازرگانیانەو سۆزدارانە لە توركیا ئەروانین، ئایا ئەم شێوە خەباتە شل و شێواوە لەم دۆخەی ئێستادا مایەی ترس و دڵە راوكێ نییە بەتایبەتی لە ئاسۆی پەیوەندییە تازەكانی سیاسەتی ئۆبامادا تروسكایی كەم بەدی ئەكەین بۆ ئەم هەرێمە، تازەترین موجامەلەی تاڵەبانی لە كۆنفرانسی پێنجەمی جیهانی ئاو لە توركیا لە یادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەداو لە 16/3/2009 كە بۆ میدیاكان هاتە ئاخاوتن و ووتی " لە ئێستای ئێمەدا بیركردنەوە لە دەوڵەتی كوردی ناواقیعیەو خەونی ناو شیعرەكانەوعیراق ووڵاتێكی دەستووری دیموكراسی فیدراڵیەو لە ساڵی 2005 و بە پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو دەستوورە پەسەندیان كردووە كە لە چوارچێوەی عیراقدا بمێننەوەو زۆرینەی كوردیش هاوڕاو هاودەنگن بۆ ئەم مەبەستە" بەڵام زۆرینەی كورد هاوڕا نەبوون و هەرگیز لەگەڵ یەكپارچەیی عیراقدا نین و بگرە كاڵفامترین تاكی كوردی ئێستا باوەڕی بە جیابوونەوەی كوردستان هەیەو مالیكی و شیعەو سیستمی مەركەزی و تۆتالیتاریەتی نوێ رەد ئەكەنەوە، بەداخەوە تاڵەبانی لەمەیاندا نەیپێكاو بیری چوو لە سەروەختی ئەو پرۆسەیەی كە بەرێزیان باسی ئەكەن، واتە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005، بە دەستپێشكەری بزوتنەوەی ریفراندۆم كە بزوتنەوەیەك بوو لە ناو دەزگای سەردەم دروست بوو كە دەزگایەكی چاپ و روناكبیری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و لە ئەنجامی ریفراندۆمێكی گشتگیردا گەلی كورد بە رێژەی 98.6% داواكار بوون بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە لە عیراق ئەمەش وەك دیكۆمێنتێكی مرۆیی سیاسی هەیەو پارێزراوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان فەتاح زاخۆیی بەباشی ئاماژەی بەم رەهەندە كردوو ووتی:
" بزوتنەوەی ریفراندۆم یەكەم كۆبوونەوەی لە 17 ی تەموزی 2003 ئەنجامدا بە دەستپێشخەری كاك شێركۆ بێكەس و هەڵكەوت عەبدوڵا و چەند بەرێزێكی ترو خۆشم لەگەڵیاندا بووم بۆ مەسەلەی ریفراندۆم، لە 31/1/2005 لە هەموو كوردستان بە ناوچە دابراوەكانیشەوە وەك كەركوك و موسڵ دەستمان كرد بە چالاكی و خێمە هەڵدان و دەنگ كۆكردنەوە بۆ سەربەخۆیی كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكەی عیراق و دواجار بە ئامادەبوونی دادوەرو رۆژنامەنوسانی ناوخۆیی و بیانی دەرەنجامەكان راگەیەنرا و دەنگەكان فەرزكرا بە رێژەی 98.6% كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستانداو ئەو فۆرمەش كە دەنگەكانی لەسەر ئەنجامدرا زۆر ئاشكراو یاسایی بوو كە دوو ئاڵای تێدابوو یەكێكیان ئاڵای كوردستان و ئەوی دیكەش ئاڵای عیراق و پرسیارێكی تێدا بوو كە ئایا لەگەڵ ئەوەی كوردستان جیابێتەوە لە عیراق یان سەربەخۆبێت بە بەڵێ یان نەخێر لە چوارگۆشەیەكدا؟ ئەنجامەكانی ئەو راپرسیەش وەكو بەڵگەنامەیەكی گرنگ گەیەنرایە كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كە بارەگاكەیان لە جنێڤە، زاخۆیی درێژەی پێ ئەدات و ئەڵێت، پێشتریش ئیمزای خەڵكی كوردستان لەسەر یاداشتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان كۆكرایەوە، كە ملیۆنێك و حەوسەدو پەنجا هەزار ئیمزای كوردستان و نزیكەی سێسەد هەزار ئیمزای دەرەوەی كوردستان بوو لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكم و بە سیدی و دیكۆمێنتی باوەڕپێكراو برانە بەغداو تەسلیمی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرڤ لە جنێڤ و نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان كرا"
دەسەڵاتی كوردی گوێی نەگرت لە دەنگ و ئیمزاو هەستی نەتەوەییانەی خەڵكی كوردستان بۆ خەونی سەربەخۆیی كوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا بەناوی خەڵكی كوردستانەوە قسە ئەكەن و بازارگەرمی سیاسی پێوە ئەكەن كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدا نیە ئەگینا كورد چی كەمترە لە دەوڵەتە تازە سەربەخۆكانی وەك تەیموری رۆژهەڵات و كۆسۆڤۆ كە هەر لەم چەند ساڵەی دوایی بە ریفراندۆم و ئیرادە توانیان دەوڵەت پێك بهێنن، چاودێرێكی روناكبیر سەبارەت بە جیاوازی خەونی خەڵك و قسەی سەرۆكەكانمان لە میدیاكاندا ئەوەی ووت" ئەم جۆرە بیركردنەوەیە جەستەی سیاسی ئەم هەرێمەی هەلا هەلا كردووە و خزاندوێتیە باوەشی دەوڵەتە داگیركەرەكان، ئەوپەری كارەساتە كە 18 ساڵە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریمان هەیە ناتوانین لەبەردەم تورك و عەرەب و فارسدا باسی سەربەخۆیی بكەین، پاشان لە كۆمەڵگاو كولتوری دیموكراسیدا هەرگیز ناكرێت بەناوی گەلەوە قسە بكرێت و ئەمە دوورە لە ئەتەكێتی دەوڵەتی مۆدێرن كە بەناوی گەلەوە قسە بكرێت لەكاتێكدا گەل شتێكی دیكەی ئەوێ و سەرۆك شتێكی دیكە ئەڵێ"
هەندێ چاودێرو كادری پێشكەوتووی یەكێتی و پارتیش وای ئەبینن كە راستە بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراقەوە بیر ئەكاتەوەو چەندین جارو لە چەندین چاوپێكەوتنی میدیایدا وەك عەرەبیەو BBC و جەزیرە، پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە مافێكی رەوا دەزانێت و هەرگیز بە خەونی شاعیرانە ناوی نابا ئەگەرچی بۆ دبلۆماسیەتیش بێ كە ئەمە بە دابەشكردنی رۆڵگێڕان و پلانی ستراتیجی كورد ناو ئەبەن كەرەنگە لە هاوپەیمانی ستراتیجیشدا هەبێت كە بەردەوام بارزانی ستراتیجیانەو نەتەوەییانە بیر بكاتەوەو لێدوان بدات و توندتر چەمكی سەربەخۆیی كورد بوروژێنێ بەحوكمی پێگە و پۆستەكەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، تاڵەبانیش بەو حوكمەی كە سەرۆكی عیراقێكی فرە نەتەوەو رەگەزو زمان و ئاین و ئاینزایە زۆر پێداگری لەسەر ئەو چەمكە نەتەوەییانەی كورد نەكات، بەرپرسی مەڵبەندی 27 ی رێكخستنی دوكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێستون سابوراوایی، پێی وایەكە لێدوانی ئەو دوو بەرێزە جیاوازیان هەیەو پەیوەندی بە ئیلتیزاماتی ئەتەكێتی دبلۆماسیەتی عیراقی و كوردستانیەوە هەیەو دەڵێت:
" ئەو لێدوانەی بەرێز مام جەلال سەبارەت بە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی گەر بە ووردی بخوێنینەوە لە رووی سیاسی و دبلۆماسیەوە تێدەگەین كە مەبەستی چیە، دەبێ بزانین كە بەرێز مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراقەو جیاوازە لە شێوازی قسەكردنێك كە ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوایە، خەسڵەتی مام جەلالیش وایە كە راگەیاندن و لێدوانەكانی خۆی ئەگونجێنێت لەگەڵ بارو زروفی هەرێمایەتی و ناوخۆیی و هاوكێشەكانی دونیادا، من خۆم زۆرجار گوێم لە بەرێزمام جەلال بووە دەڵێ با نوسەران و ئەدیبان و شاعیران و روناكبیرانی كوردستان ئەوەی كە خەڵكی كورد داوای دەكات بیخەنە سەر لاپەرەی رۆژنامەو میدیاكان و باسی بكەن و با رانەوەستن لەباسكردنی خەون و خەیاڵەكانی كورد لەبەر ئەوەی كورد مافی خۆیەتی بۆ گەیشتن بە هەر جۆرە قەوارەیەكی سەربەخۆی نەتەوایەتی، بەرێز مام جەلال زۆر لە ئێمە بەرفراوانتر تەماشای واقیع و هەڵوێستەكان و دۆزی كوردی دەكات، فراوانتر تەماشای دۆزی كوردی دەكات لە جیهاندا بە چاوی دونیاوە بەڵام پێشی خۆشە هەموومان تەماشای دۆزی كوردی بكەین بە چاوی خۆمان، وە دیدی كوردانەی خۆمان بۆ باسكردن لە كێشەی نەتەوایەتی فراوانتر بكەین"
بەڵام ئایا داواكردن بۆ سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد ئەگەر سەفیرو دبلۆمات و سەرۆكەكانمان نەیوروژێنن و پێی هەڵنەسن وەكو وەزیفەیەكی نەتەوەیی كێ بیكات، لە دنیادا ئەگەر گوێ لە خواستەكانی سەرۆكەكانمان نەگیرێت چۆن و بە چ میكانیزمێك گوێ لە خەڵك دەگیرێت بۆ خەونی سەربەخۆیی و سەرفرازی، بەڵام ئایا گەلی كورد و كێشە رەواكەی هی ئەوەیە كە بەردەوام سەرۆكەكانمان بە شەرمنی و سۆزباراندن و موجامەلەوە بەرێی بكەن و وازی لێ بهێنن بۆ خەڵكی،
فارس نەورۆڵی نوسەرو كارگێڕی لقی 4 ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵوێستەكانی بارزانی سەبارەت بە داواكردن بۆسەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی ئەگەرچی رای وایە لای پارتی و بارزانی پەیرەوێكی مێژووكردی نەگۆر هەیە هەر لە سەردەمی قازی محمدەوە بۆ ئەو خەونە بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە هەندێك جار ئەو هەڵوێستانەش لای سەرۆك بارزانی دەگۆرێ و بەرزو نزم ئەكات بەپێی بارودۆخی سیاسی و هەرێمایەتی و دەڵێت" ئەم هەڵوێستانەی سەرۆك بارزانی نوێ نیەو رەگی مێژوویی هەیە، لەوساتەوەی كە مستەفا بارزانی نەمر لە دوا ساتەكانی كۆماری مهاباد ئاڵای كوردستانی لە پێشەوا قازی محمد وەرگرت ئەمە بۆتە تێزێكی نەتەوەیی بۆ ئەوانەی كە پەیرەوی ئەو رێبازە ئەكەن، بەڵام هەندێ جار بەپێی قۆناغبەندی و هاوكێشەكانی دەوروبەر ئەم هەڵوێستانە بەرزو نزم ئەكەن و وا دەزانم بەرێز مام جەلالیش لە رووی دبلۆماسیەوە ئەو لێدوانانە ئەدات بەپێی هەلومەرجی ناسكی هەرێم"
ئێمەش ئەپرسین ئاخۆ گەلی كورد لەم نێوانەدا لە كام ئەجندا و تێروانین بروانێت و بۆچی ئەم پلانە ئەگەر پلانە لە چوارچێوەی كۆنفرانسێكی نەتەوەییدا رایناگەیەنن بۆ خەڵكی؟ دەوڵەتی كوردی وەكو خەونێكی شاعیرانە سەیر بكات یان وەك ستراتیجێكی نەتەوەیی؟ ئەگەرچی گەمەی ئەم دوو كاراكتەرە كوردییە چ لە رابردوو چ لە ئێستادا رەنگە خراپترین كاریگەری هەبوبێت بۆ بیركردنەوەی تاكی كوردی و ئایندەی نیشتیمانەكەی، چونكە نەچۆتە خانەی گوتار و تا ئێستا تەنها پاراستنی بەرژەوەندیەكانە لەگەڵ ئەنكەرەو كۆشكەكانی جانقایا و ووڵاتانی دراوسێ كە كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، ئەندامی یەكێك لە حیزبە ئیسلامیەكان ووتی " بەداخەوە رێبەرو سەركردەكانی ئێمە تا ئێستا نەیانتوانیوە وەزیفەی سەرۆكێكی رۆحی بۆ نەتەوەكەیان بەجێ بهێنن، ئەوەندەی سەرۆكی حیزبن ئەوەندە سەرۆكی نەتەوەیی نین،خەونی دەوڵەتی كوردی خەونێكی شاعیرانە نیە وەك بەرێز تاڵەبانی چەند جارێكە باسی ئەكات، ئەوە ئەگەر ئیسلامیەك ئەو قسەیە بكات دنیای لێ ئەكەن بە جەهەنم، خەونیش بێت خەونێكە بۆ ئەو بازرگانە سیاسیانەی ئێستای هەرێمی كوردستان كە دەوڵەمەند بوون بەناوی نیشتیمان و شۆرشەوەو لە ئەخیریشدا دەوڵەتی كوردی گەر لە خەونی شاعیرانیشەوە بێتە واقیع هەر بۆ ئەوانە نەك شاعیرو گەداو رەنجبەرەكانی دیكەو حیزبە بچوكەكان"
كەمال خەیری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كۆماجڤاكێن كوردستان(PKK) لە عیراق سەبارەت بەم دوو تێزو بیركردنەوەیەی بارزانی و تاڵەبانی بۆ ئێستای كوردستان رای وابوو كە ئەوان نایانەوێت بەدوای ئە لێدوانانەدا بچن و گرنگ ئەوەیە خەباتی یەكێتی نەتەوەیی بەردەوام بێت و زۆریش نزیك بووینەتەوە لە خەونی ئازادی و سەركەوتن و دەڵێت:
" شتی گرنگ ئەوەیە لەم رەوشە سیاسی و نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەدا دەرفەتێك رەخساوە كە ئەو دەرفەتە لەدەرەوەی تێكۆشانی نەتەوەیی كورد نییە، بە تێكۆشانی كورد رەخساوەو هاتۆتە پێش، بەڵام چۆن بتوانین ئەو دەرفەتە بە سەركەوتنی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان بە ئەنجام بگەیەنین، كە بۆ نزیككردنەوەی زیاتر لەو ئازادی و یەكبوون و سەركەوتنە چی پێویستە ئەنجامی بگەیەنین، بۆ ئێمە خوێندنەوەی واقعی و راستەقینە گرنگە كە نەچینە سەر ئەوەی فڵان بەرێز وای ووت و فڵان بەرێز ئەمەی ووت، بەڵكو ئێمە ئەورۆ نزیكی سەركەوتنین، نزیكی ئازادین، شتی پێویست بۆ ئێمە تەنها یەكێتی نەتەوەیی و ستراتیجی نەتەوەیی گرنگەو هەر هێزو لایەنێكی سیاسیش بە رەنگی خۆی و بە دەنگی خۆی لە خزمەتی ئەو ستراتیجە نەتەوەییەدابێت، ئەوكاتە دەستكەوتەكان لە باشووری كوردستان پارێزراوو مسۆگەر ئەبێت، شۆرش لە باكوری كوردستان تێدەپەرێت بۆ قۆناغی ئازادی، شۆرشی خۆرهەڵات و خۆرئاوای كوردستان هەنگاوی باش ئەنێت و لە هەر چوارپارچەی كوردستان سەردەكەوین"
تاڵەبانی كە لە مونتەدای پێنجەمی ئاودا لە چەند هەفتەی پێشوودا ووتی با كۆنفراسێكی نەتەوەیی ببەستین بۆ كوردو بۆ كێشەی پەكەكە لەم بارەیەوە كەمال خەیری بە پێچەوانەی تاڵەبانیەوە هاتە ئاخافتن و ووتی "ئێمە ماف بە هیچ كەس و لایەنێك نادەین دەستوەرداتە كاروباری ناوخۆییمان و ئێمەش دەستوەرنادەینە كاروباری ناوخۆی كەس، بەرێز مام جەلال لە توركیا هەفتەی پێشوو كە لەگەڵ سەرۆك وەزیری توركیا ئۆردغان دادەنیشێ و پێشنیاردەكات كۆنفرانسێكی نەتەوەیی ببەستین بۆ چارەسەركردنی كێشەی پەكەكە، كێشەی پەكەكە نییە كێشەی كورد هەیە، چونكە هۆكاری دروستبوونی پەكەكەو هەر هێزێكیتر مەسەلەی بوونی كێشەی كوردەو دەرهاوێشتەی سیاسەتی ئیهمالكردن و ئینكاركردنی نەتەوەی كوردە لەلایەن داگیركەرانەوە، بۆ دروستكردنی كۆنفرانسی نەتەوەیش پێویست ناكان ئیجازە لەكەس وەربگرین، كۆنگرەی گەل لە 2005 ەوە تا ئێستا كە هەیەو لە كۆنگرەی سێهەمی خۆی كە گرێیدا بانگی كۆنفرانسێكی گشتی كرد بۆ هەموو لایەك و لەگەڵ هەموو لایەنێكیش گفتوگۆی كرد، بەداخەوە هۆكارەكان زۆرن و تا ئێستا جێبەجێ نەبوون، وە كۆنفرانسی نەتەوەییش كاتێ هاتە پێش دەبێ هەموو لایەنەكان پشكداربن و دەبێ دەرەنجامەكانی ببێتە بڕیار و نابێت لەگەڵ هێزێكی دەرەكیدا كە هەندێ بەشداربن و هەندێك بەشدار نەبن كۆنگرە ببەسترێت چونكە ئەمە گەورەترین زیان لە كێشەی كورد ئەدات.
ئایا پەكەكە تیرۆریستن؟
"پەكەكە حزبێكی تیرۆریستن و پێویستە لە هەرێمدا بەرخودان نەكەن" ئەم لێدوانە لێدوانی بەردەوامی دەسەڵاتدارانی باشوورە بەرانبەر بە پەكەكەو مانگی پێشوو بوو لەئەستەنبوڵ، تاڵەبانی هیوای خواست پەكەكە گوێ لە دۆستەكانی بگرێ و چەك فرێ بدات، كەچی كاتێ باس دێتە سەر كوردستانی گەورە، وەك گیڤاراو شۆرشگێرانی فەرەنساو كوباو ڤێتنام لە میدیاكاندا سەركردەو سەرۆكەكان ئەكەینە پاڵەوان و كاریزماو سومبولی نەتەوەو ناپرسین ئەگەر ئەو چەكانەی قەندیل نەمێنن گرەنتی مانەوەمان چییەو پێگەی هەرێمی كوردستان چۆن چۆنی گۆرانی قوڵی بەسەردادێت، تورك ئەم چەند ساڵە بەراستی گاڵەی بە سەركردایەتی سیاسی كوردستانی باشوور كردو من بەش بەحاڵی خۆم خەریك بوو بەزەیم بە هەرێمدا بێتەوە، نەك لەبەر ئەوەی كە شایستەی ئەوەیە زللەیەكی بەركەوێ و لەخەوی غەفڵەت هەستێ، بەڵكو لەبەر ئەوەی كە زانیم چەندە بێكەسە و ئەم سەركردایەتیە هەژارەی كورد نەیئەزانی چی بكات و چۆن خۆی لەو گێژاوی بێگوتاریی رزگار بكات، رەنگە ئەگەر چەند داستانێكی گەریلای وەك زاب و ئۆرامار بەرخودانەكانی قەندیل نەبوایە توركیا شوڵی تەواو لێ هەڵبماڵیایەو كیوماڵ و لەشكركێشیەكانی بۆ كوردستان ببوایە بە ئەگەرێكی ترسناك و دەستوەردانێكی حەتمی، ئەو ئەجندایەی یەكێتی و پارتی رێگەش نادات گەریلا چالاكی مەدەنی خۆی هەبێ لەم هەرێمەدا چونكە مەترسین بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەڵام بۆ میت و ئیتلاعات و موسادو سی ئای ئەی، ئاساییە، بارزانی و تالەبانی پشیلەیەكی كوردی تەسلیم بە تورك ناكەنەوە بەڵام لەولاوە بە نهێنی دەیان كولانەی هەڵۆو بازو كۆتری كوردی لە قەندیل تەخت و تاراج ئەكەن و لە پایتەختەكەیاندا بنكەی ئەمریكی توركی عیراقی بۆ لێدان لە بەرژەوەندیەكانی پەكەكە ئەكەنەوە، بارەگایەكی گەورەی حیزبێك ئەكەن بە قوربانی بۆ تورك و دەشیانەوێت لە ناو گوتاری میدیای حیزبیدا وەك كاریزمای نەتەوەیی میسلی گاندی و ماندێللا بناسرێن، ئەپرسین ئاخۆ تەسلیمكردنەوەی پشیلەیەك گرنگە یان داخستنی بارەگای حیزبێكی سیاسی و دەمكوتكردنی دەیان كادری شۆرشگێڕ، كوا ئازادی سیاسی و دیالۆگی كوردوتورك و دەرەنجامەكانی، كە تا ئێستاش مۆڵەتی كاری سیاسی نادرێت بە پارتێكی كوردی وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان؟
دڵداری دەسەڵاتی كوردی و جانكایا.
پەیوەندیەكە پەیوەندیەكی نادیارە كە هەمانە لەگەڵ توركیا، رێك لە پەیوەندیەكی سۆزدارانە ئەچێ لە نێوان دووكەسدا كە عاشقی هەم دۆستایەتی و هەم دوژمنایەتی یەكدی بن، ئەجندای ئێمە ئاشكرایە بۆ ئەنكەرە لێ هی ئەنكەرە ئاشكرا نییە بۆ هەولێر، وەك ئەوە وایە (من تۆم خۆش دەوێ بەڵام تۆ نەك منت خۆش ناوێ بەڵكو ناشمناسیت) كەواتە لە نێوان كۆشكەكانی جانكایای ئەنكەرەو قەلاچوالان و سەری رەشدا جۆرێك لە دڵداری و موغازەلە هەیە ئێمە رەنگە هەستی پێنەكەین و نەی بینین، وەك چۆن دڵداریەكی سیاسیشمان هەیە لەگەڵ قەندیلدا،
سەردەمی شەری ناوخۆ كە یەكێتی بەشێكی هەڵمەتەكەی ناو نابوو گەردەلولی تۆڵە لەپاش 31ی ئاب، بەپێچەوانەی ئێستاوە مامەڵەی دەكردو داشەكانی ئەجوڵاند، كەچی ئەوكات بارزانی موجامەلەی توركیای ئەكردو تاڵەبانیش تەهدیدو ئاگری ئەباراند بۆ توركیاو میدیای یەكێتیش دەیان ووشەی وەك تۆرانچی و قوروچیان بە دەوڵەت و ژەندرمەی تورك ئەووت و تەنانەت رێگری دابەزاندنی گۆرانیە توركیەكانیشیان كرد وەك تاڵیساس و سبیلكان و ماڤی، تەنها لەبەر ئەوەی كە دەبابەكانی توركیا تا دۆڵی سماقوڵی و نزیك شاخی سەفین و جادەی هاملتۆن هاتن و دژی هێزەكانی یەكێتی شەریانكرد هەرچەندە لە بنەرەتدا بۆ پەكەكە هاتن، بەدرێژایی مێژووی ئەم 18 ساڵەی حوكمرانی یەكێتی و پارتی، دەمێ یەكێتی ئەبوویە دوژمنی گەریلاكانی پەكەكەو ئاشت ئەبوویەوە بە خاتری راگرتنی باڵانس و دەمێ پارتی بەهەمان شێوە شەری ئەكردو ئاشت ئەبوویەوە لەگەڵ پەكەكە، كە پارساڵ و لە كاتی لەشكركێشیە توندەكەی توركیادا پەكەكە ستایشی ئەو زمانە توندە نەتەوەییەی بارزانی كرد دژی تورك، ئێستاش كە لە كوردستاندا ئاشتییەك هەیەو قاچەكانی لەسەر بودجەو داهات بەندە كەوتونەتەوە دژایەتی پەكەكەو گەریلاو هەردوو سەرۆك بە دوو ریتم و ئاواز ئەپەیڤن و نازانین بۆ كامیان گوێ رادێرین، سەرۆك بارزانی كاتی خۆی بۆ هاتنە ناوەوەی تورك بۆ ناو كوردستان زمانی هەرەشەو تەهدیدی بەكارهێناو قسەی دڵی هەموومانی كرد بەڵام قسەكردنەكە بە رای من لە ناو خانەیەكی نەگۆرو ئەجێندایەكی ستراتیجیدا نەبوو، ئەوەندەی بەسترابوویەوە بە ئەجێندایەكی تاكتیكیەوە ئەوەندە پەیوەندی بە قوڵایی بیرو ستراتیچ و بەرژەوەندیمانەوە نەبوو كە سێ كۆڵەگەی پتەوی هەر سەرۆكایەتیەكن، بەپێچەوانەوە سەرۆك تاڵەبانی ئەجێندایەكی نەرم بەكار دێنێت و بە تەلەفۆنێك و لێدوانێك دڵنیایی ئەداتە توركان و دیبلۆماسیانە رێك پێچەوانەی بارزانی دەئاخڤێ، ئەمە لە بنەرەتدا ناكۆكی گوتارە، كەچی ئەیكەنە سیاسەت لێمان و دەرخەری ئەوەیە ئێمە گوتاری بێ ستراتیج بەرهەم دێنین بەرانبەر توركیاو هێشتا پێوەرێكی روونمان نییە بەرانبەر بە زوڵمی توركیا كە دەرهەق بە گەریلاو كوردی ئەكات و تا ئێستاش كوردی توركیا ئەوەتان لەبەردەم پرۆسەی سرینەوەی ناسنامەو پاكتاوی رەگەزی و رۆژانە سوكایەتیان پێئەكرێت، ژەهرخواردوكردنی ئۆجەلان و خزاندنی بۆ ژووری تاكەكەسی بێ خزمەتگوزاری باشترین دیكۆمێنتی ئەم پێشێلكاریانەی مافی مرۆڤی كوردە كە تەنانەت لێدوانێكیش نادەین وەك ئەوەی ئۆچ ئالان كورد نەبێت.
قەندیل لانكە ساردەكەی خوا و رۆحە گەرمەكەی كورد؟
نیشتیمانێكی شیرین و پڕ لە رۆحی گەریلا و هەستی كوردبوون هەیە لە ناوچەیەكی لێرەوارو بەردەڵان و سەوزەگیادا بەناوی قەندیل، بەڵام بەدڵی یەكێتی و پارتی نییە یان لاسەنگە بەبەرژەوەندیەكانیان و دەیان جار لێرەولەوێ باس لە تێزی چەكدانان و تەسلیم بوون و هاتنە خوارەوەیان لێئەكەن كە ئەوپەری نالۆژیكیە پەكەكە چەكەكانی خۆی فڕێ بدات و توركیاش جبەخانەكانی ئەوەندەی تر تۆكمە بكات دژی كوردو بۆ چاوبەستەكیش تەلەفزیۆنی TRT6 بخاتە بازارەوە، قەندیل مەكۆی كۆماری گەریلای كوردە، دەورەدراوە بە پاسداری ئێرانی و جەندرمەو ژیتەمی تورك و پاسەوانی سنوری عیراقی و پێشمەرگەی كورد، نەتەوەی كوردو شۆڕشگێرەكانی هەر چوارپارچە نزیكەی 30 ساڵە لەوێندەر ناسنەمەی كوردی ئەچنن و بەرگری ئەكەن و خوێن دروست ئەكەن، قەندیل گەلێ گوزارشتی چێژدارو رۆحانی و سلوكیانەی هەیە بۆ نەتەوەیەكی بێ كیان و بێدەوڵەتی وەكو كورد بەڵام دیارترین گوزارشت رەنگە ئەوەبێت كە قەندیل كۆماری سەربەخۆی كوردەو هەر شۆرشگێرێك سەرەك كۆمارە لەوێ؟ بەنەمانی ئەوەندەی تر تورك و عەرەب لە خۆمان هارتر ئەكەین و ئەو تۆزە پەراوێزە ئازادیەشمان نامێنێ كە باسی كوردستانی بوونی كەركوكی تێدا بكەین، دەسەڵات هەر رۆژێ یاری بە دروشمێكەوە ئەكات و بەردەوام رووبەری ئازادیەكانیش بچوك ئەكاتەوە، رووبەری منی ناحیزبی ئەو رووبەرە فراوانەی حیزبی كوردی نییە كە دەیەوێت بەزۆر گۆرانی ساختەی ئازادی تیا بچرم و بمباتە سەرجادەو دەنگەكانم بە زۆر بەرێت و تاوانبارم كات بە دوژمن و بە عیراقی و خەونی یەكپارچەی عیراق، ئازادی من بریتیە لە ئۆرگانی نەترس و ئازاو قسەكەرو میمبەری بیرورا كە حیزبی كوردی هەوڵ بۆ تەسككردنەوەی ئەو رووبەرانە ئەدات بە بچوككردنەوەی كۆماری قەندیلیشەوە.
[email protected]