بۆ قادر نادر و ئەوانی دیكە، پێویستە بكوژی حاجی لەق لەقەكەی شاری هەولێر دادگایی بكرێت
Friday, 08/06/2012, 12:00
ماوەیەكە لەهەندێك ماڵپەڕ و شوێنی دیكەدا باس لە دروستكردنی پەیكەر ێك بۆ حاجی لەق لەقەكەی سەر مزگەقتی خانەقای شاری هەولێر دەكرێت وەكو هێمایەك بۆ دژی شەڕی ناوخۆ , لەگەڵ ئەوەی ئەم بیرۆكە یان ئەو پێشنیازە مایەی دەستخۆشی و كارێكی جوانە , بەڵام واباشە بەر لەوەی ئەم پەیكەرە دروست بكرێت پێویستە ئەو تاوانبارەی كەوا ئەم باڵَندە بێگوناهەی كوشتوە بدۆزرێتەوە و ڕاپێچی داداگابكرێت وەك ڕێخۆشكەرێكیش بۆ تاوانبارەكانی دیكەی شەڕی خۆ بەخۆ .
نەك پەیكەرێكی ئاسایی و ناهونەرمەندانە وەك زۆربەی ئەو پەیكەرانەی لەشارەكانی باشوری كوردستان كراون بەتایبەتی شاری هەولێر , من حەزدەكەم پەیكەرێكی لەزێڕ بۆ ئەم باڵندە ئارام بەخشە دروست بكرێت , بەڵام ئەوەی جێگەی داخە واپێدەچێت ئەوەش هەر بازرگانی بێت و یان بابەتێكی دیكەی لەدوو بێت , چونكە ئەوەندە باس لەدروستكردنی پەیكەرەكە دەكرێت ئەوەندە باس لەبكوژی ئەو حاجی لەقلەقە بەسنەزمانە ناكرێت.
لای هەموو كەس ئاشكرایە كەئەوساكە یەكێتی حوكمی شاری هەولێری دەكرد و پارتی بەدەرنابوو , چەكدارەكانی یەكێتی بەتایبەتی ئاوارەكانی كەركوك (ڕێزێكی زۆرم هەیە بۆ خەڵكی بەشەرەفی شاری كەركوكی خۆشەویست چەم بێ چەقەڵ نابێت) ڕۆلێكی زۆر خراپیان لەشاری هەولێردا دەگێڕا وەك ئەوەی پاداشتی ئەم شارە بدەنەوە كەلەكاتی تەنگانەدا لەزەمانی بەعس ڕوویان تێكردبوو !! زۆر بەیان لەدەزگای زانیاری و هەواڵگرییەكانی یەكێتی بوون . بێگوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی, ئەوەی پێیان كرابوایە لەهەڵسوكەوتی خراپ دەیانكرد تاگەیشتە ئەوڕادەیەی یەكێك لەو كردەوە زۆر قێزەونانەی ئەنجامیان دا ئەویش تیرۆكردنی ئەو حاجی لەقلەقە بەدبەختەبوو . جائەم حاجی لەقلەقە بەدەستی ئاوارەیەكی كەركوكی جەلالی تیرۆركرا .
ئەم كردەوە دزێوە ببووە هۆی ئەوەی كەوا خەڵكی شاری هەولێر زۆر تووڕەبن لەیەكێتی و جەلالیەكان , وەیەكێك بوو لەو هۆكارانەی كەوا خەڵكی شاری هەولێر خۆزگە بەهاتنەوەی پارتی بخوازێت . ئەوان وایان دەزانی پارتی ئەڵتەرناتیڤی جەلالیەكانە و لەم تاوانانە دەربازیان دەبێت و چیتر كوشت و بڕ و تاوان نابینن , بەڵام كاتێك پارتی بەقەڕاسەی جاشایەتی لە31 ی ئابی شومدا هاتەوە خەڵك سەدان جار گوتیان ڕەحمەت لەكفن دز .
جاشەكانی سی و یەكی ئاب لەجەلالیەكان خراپتر بەربوونە ویزەی خەڵكی بێتاوانی هەولێر و لەتاڵان و برۆ و هەرچی پێیان كرا درێغیان نەكرد .
من نامەوێ ئەم رۆژ ە ناخۆش و تاڵانە بەبیر خەڵك بێنمەوە تەنیا ویستم چەند راستیەك بخەمەڕوو بۆ ئەوەی خوێنەران بزانن كێ ئەم حاجی لەقلەقەی كوشتووە و تاوانبارەكەش بدۆزرێتەوە و بدرێتە دادگا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست