کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیژنەیەكیش بۆ مەسئولى ماوەبەسەرچوو

Wednesday, 19/09/2012, 12:00



ماوەیەكە كۆمەڵێك لیژنە لەشارى سلێمانى و دەروبەرى بە جدى و ئینسافەوە كەوتونەتە چاودێریكردن و لێپێچینەوەى ناوبازاڕ وچێشتخانەوە و گەنجینەو وسەمونخانەو زۆر شوێنى دیكە، كە تاكو ئێستا ژمارەیەكى زۆریان سزاداون و دوكان و شوێنەكانیان پێ داخستون و كە زۆربەى ئەوشوێنانە لەچێشتخانەو كەبابخانەو جێگا دیاروناسراوەكانى شارن ،رۆژانە خەڵكانێكى زۆر رویان تێدەكەن، دور لەرووى بەرێزتان ورووى دەمم لەئێوە نەبێت جاران شتێك لە ژیانا هەبوو پێییان ئەوت شەرف و ویژدان و كەرامەت،هەموو تاكێكى ئەم میللەتە پابەندبوون پێوەى ، بەدەگمەن هەڵدەكەوت كەسێكى ساختەچى وقوڵبڕو فێلاوى هەبوایە و ئیستیغلالى بازاڕو موشتەرى بكردایە و خواردنى خراپ و شتى ماوەبەسەرچووى بەسەردا ساغبكردایەتەوە،هەركەسەو بەپێى داهاتو كاسپى وبازاڕى خۆى رسقى ساغ دەكردەوە، بەهۆیەوە بژێوى خۆیى و خێزانى پێدابین دەكرد،كاسبكارى جاران تەنها هەرئەوەندەى بەس بوو كە ئێواران بەدەست وكیسەى خاڵیەوە نەچوایەتەوە ماڵ و رۆژانە پارەى شوتیە كۆڵەیك و دووسێ نان و شتى دەست بكەوتایە تابەیانى شوكرى خواى ئەكرد وخۆى بە شاى سەرزەمین ئەزانى ، ئەوەى پێى بڵیى تەماع و چاوچنۆكى و قۆرخكردنى بازاڕ و ساختەكارى نەك نەیدەكرد بگرە هەرناویشى نەدەزانى لەفەرهەنگ و ویژدانى ئەودان نامۆبوو بوونى نەبوو. تا ئەم مەسئول بەرپرس و پاشەڵپیسانە نەهاتبوون خاوەنى هەموو شتێك بووین،شەرەف،كەرامەت ،ویژدان،ناموس،ئابڕو،حەیا،بەڵام هەر كەئەوان وەكو ویشومەو كونەپەپوو پەیدابوون وەكو قارچكى ژەهراوى هەڵتۆقین، ئیدى لەوە بەدواوە ژیان مانا وجوانیەكانى خۆى لەدەست دا وئەوان بونە مۆتەكەو ملۆزم و دابو نەریت و رەوشت و ئاكارى كۆمەڵگاشیان شێواند وەكو گورگ و دڕندەى برسى كەوتنە هەڵپەو پەلامارو قۆرخكردنى بازاڕ و كاروكەسابەت وبازرگانى ولەژێر چەندەها ناوى جۆراوجۆرى وەكو بازاڕى ئازاد وسەربەستى بازرگانى وچى وچیدا جۆرەها كۆمپانیاو چێشتخانەو ئوتێل وبانزینخانەو شوێنى گەشتوگوزارى یان بۆخویان كردەوە ، وەكوگورگى برسیش كەوتنە پەلامار و هەڵپە وهەڵتەكاندنى گیرفانى خەڵك وجۆرەهاكاسبى وبازرگانى ساختەو بێ رەوشتیان داهێنا كەساڵانێكە خەریكن و بەهۆیەوە خۆیان چاك لێ دەوڵەمەندكرد، لەمێژە ئەو خوێن مژو دڕندانە خەریكى ئەو كارو كەسابەتە ناشەرعیەن بەلاًم ئەو لیژنانە یان ئێستا پێدەزانن یان تازەرێگەیان پێداون كە لێپێچینەوە بكەن ،هاتنى هەزاران تۆن داو دەرمان و خۆراكى ماوە بەسەرچوو،گرتنى سەدان تەن گۆشتى هیندى وخراپ بوو،ساغكردنەوەى جۆرەها خۆراكى نەشیاو ناتەندروست دیارى دەستى ئەوانە،ئەوان نەبێت كێ دەتوانێن ئەوبازرگانیانە بكات و بەبێ ترس و سزاو لێپرسینەوە وچاوقایمانە بەبازگەكاندا ئەوشتانە بێنێتە ناو وڵاتەوە كەس نەوێرێت بڵێ لەل،ئەوە كارى ئەو بەرپرسە دزو جەردەوبێ ویژدانانەیە ئەوانن لە توركیا وچین و كوێ وكوێ بەدواى خراپترین وهەرزانترین جۆرى خۆراك و جگەرەو مەشروب وكاڵادا دەگەڕێن وبەنرخى گران وخەیاڵى بەسەرئێمەى داماودا ساغى دەكەنەوە،لیژنە بەڕێزەكان ئەوانە كارى پڕشورەیى و شەرمەزاریى ئەومسئولە تازە پیاكەوتوانەن نەك كارى كاسبى ناوبازاڕ و خەڵكى هەژار،بۆیە ئێوەش دەسەلاتتان دیاریكراوە ناتوانن سزایەكى قورسیان بدەین،چونكە چارەنوستان باش نابێت،بەهەرحاڵ هەرچى چۆنێك بێت دەستتان خۆش بێت وسەركەوتوبن ئێوەش توانیتان ئەوەى ژێربەڕە بخەنە سەر بەڕەو جۆرەها گەندەڵى وساختەو دزى وبێ ناموسى سەركردەكانمان بۆ بخەنە روو زیاتر لاى خەڵك و میللەت بیان ناسێنن كە چ دەعباو مشەخۆرێكن،بۆ ئەوەش من یەك داواكاریم لەئێوە هەیە بۆ ئەوەى زیاتر و زۆرتر كارەكانتان سەركەوتبێت و هەموو بوارەكانى دیكەش بگرێتەوە واباشترە چەند لیژنەیەكى دیكە پێك بهێنن بۆ ئەوەى لەهەمووبوارەكانى دیكەدا سەركەوتوبن ،ئەویش بۆخۆتان لە وڵاتەكەدان دەبینن و هەستى پێدەكەن كە زۆرێك بەرپرس و مەسئول و سكرتێر و تەنانەت پارتى سیاسیش مان هەیە كە لەمێژە ماوەیان بەسەر چووە وئێكسپایەر بون و كەڵكى هاتنە ناو جەماوەریان نەماوە بونەتە ژەهر و موادى زیان بەخش وخراپ بوو ،واباشترە سەرەتا بیرێك لەوان بكەنەوە چونكە وەك پێشتر وتم هەموو ئەوشتانە لەرێگەى ئەوانەوە دێتە ناو وڵات هەروەها ئەوان زۆر زیان بەخشترن و زیان زۆرتردەگەیەنن ،تۆ بڕوانە زۆرێك لەو چێشتخانانەى كە داخراون وسزا دراون لە شوێنە راقى وناسراو بەناوبانگەكانن ئەوان خاوەنیانن ،ئەوشوێنانە زیاتر كەسانى بەرپرس و خواپێَداو دەچن ئەگەریش توشى نەخۆشى یان ئینتەلا و بەلەفیڕێش بوون ئەوا ژمارەیان زۆركەمە بۆیە زۆرخەمى ئەوەتان نەبێت،بیرێك لەو مەسئولە ئیكسپایەرو ماوە بەسەرچوانە بكەنەوە ئەوانە خەتەرن و هەڕەشە و مەترسیدارن، خواردن وترشیات وكەباب و جۆرەكانى تر لاى من زۆر مایەى ترس و دڵەراوكێ نین چونكە ئەگەر بێت وئەوانەش بخویت و نەخۆش بكەویت بەشرینقەیەك یان یەك دوو دەنگ حەب یان بەشۆردنەوەى گەدە وناوسكت چاك دەبێتەوە وعەلەمت تیا نامێنێت،بەڵام چى ئەكەى لەوانەى خەریكى بڵاوكردنەوەى بیرو باوەڕى كۆن وژەنگ گرتوو رزیو و بەسەرچوو بێ فەڕن ،مێشك وبیرى خەڵكى پێ پیس دەكەن، تۆبڕوانە دەیان ساڵە جۆرەها بیروباوەڕى كۆن و بێ فەڕى وەكو پارتى و یەكێتى وشوعى و زۆر لایەنى دیكە ماوەیان بەسەرچووە و ئەبوایە لەناوببرانایەو نەمانایە لە زبڵدانێكى وەكو ئەوەى تانجەرۆدا بسوتێنرایەو بۆهەتایە ئاسەواریان نەمایە تا خەڵك دووچارى نەخۆشى بیرو باوەڕى كۆن وپاشكەوتونەكەن وڤایرۆسى گەمژەیى وحەپۆلى بڵاونەكەنەوە ،كەچى بەداخەوە دەروێش و كاسەلێس ودەهۆڵ كوتەكانیان بۆخاترى هەندێك پول وئیمتیازات و ئافەرین بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەى ئەوبیروباوەڕە شڕو قڕێژو نەگریسە،بۆیە ئەگەر مێشك وبیرو هزرمان خاوێن بوو ئەو دەمە ویژدان ورەوشت وئاكاریشمان خاوێن دەبێت،بۆیە واچاكترە لەسبەینێ وە دەست بكەن بەو هەڵمەتە من دڵنیام نەك گیانى چەند سەدكەسێك بگرە گیانى هەموو میللەت رزگار دەكەن.و دەرگاى فەرەحیمان لێدەكەنەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە