"بوونى پێشمەرگە لە جەلەولا و سەعدیە دۆخەكەى خراپتر كردووە"
Friday, 18/11/2011, 12:00
بەوتەى سەرچاوەیەكى سەربازى هێزى پێشمەرگەى كوردستان،بوونى هێزەكانیان لەناوچەكانى جەلەولا و سەعدییە پێچەوانەى دەستورەو بارى ئەمنى ناوچەكەى خراپتر كردووە.
بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولایش دەڵێت"باڵانسی ئەمنى ناوچەكە،هەمووى شیرازەى تێكچووە".
هەرچەندە پەرلەمانى كوردستان لەدانیشتنى نائاسایی رۆژى 18ى ئابی 2011دا بڕیارى جێگیركردنى هێزى پێشمەرگەى لەو ناوچانەدا،بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە.
لەگەڵ نزیكبونەوەى وادەى كشانەوەى سوپاى ئەمریكا،توندوتیژى لەناوچە كوردنشینەكانى پارێزگاى دیالە بەرەو زیادبون دەچێت و دانیشتوانى ئەو ناوچانەش لەنائارامى و نیگەرانییەكى زۆردا دەژین،هەرچەندە هێزى پێشمەرگە لەو ناوچەیە جموجۆڵیان هەیە.لەماوەى ئەمساڵیشدا ئەمە دووەم جارە پێشمەرگە رەوانەى ئەو ناوچەیە دەكرێت.
لەمانگى ئابی ئەمساڵدا هێزى پێشمەرگە بەرەو ناوچەكانى جەلەولا و سەعدیە جوڵێنرا،هەرچەندە ئەو ناوچانە تا ئێستا بەپێی دەستور لەسنورى دەسەڵاتى حكومەتى عێراقدایە،نەك هەرێمى كوردستان.
سەرچاوەیەكى سەربازی لە هێزى پێشمەرگەى كوردستان، كە نەیوست ناوى خۆی ئاشكرابكات بە ئاوێنەى راگەیاند"بردنى هێزى پێشمەرگە بۆ دەوروبەرى جەلەولا نا دەستورى و ناقانونییە،وادەكەن دۆخى ئەمنى ئەو ناوچانە خراپتر بێت و تیرۆرست و عەرەبەكان ژیانى كورد بخنە مەترسیەوە".
هەرچەندە بەرپرسانى هەرێم رایدەگەیەنن پێشمەرگە بۆ پاراستنى تەواوى دانیشتوانى ناوچەكە رۆیشتوە نەك بە تەنها كورد،بەڵام سەرچاوەكەى ئاوێنە جەخت لەوەدەكاتەوە تائێستا پێشمەرگە نەچۆتە ناو جەلەولاو سەعدییەوە،بەڵام رۆژانە پانزە پێشمەرگە لەگەڵ سوپاى عێراق كاروانێكى هاوبەش ئەنجام دەدەن و بەفەرمانى سوپا دەجولێنەوەو تواناى لێپرسینەوەو دانانى بنكەو دەستگیركردنى كەسیان نییە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا ئەنور حوسێن بۆ ئاوێنەى رونكردەوە بارى ئەمنى ناوچەكە لەلایەن سوپاى عێراقیەوە كۆنترۆڵكراوەو"هێزى پێشمەرگە دورە پەرێزى ناوچەكەمانە"،پاشتروتى"باڵانسی ئەمنى ناوچەكانى جەلەولا و سەعدییە،هەمووى شیرازەى تێكچووە".
ناوبراو،باس لەوەدەكات ئەو كاروانە هاوبەشانەى لەنێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراقی ئەنجامدەدرێت" دەوریاتێكى لاوازە و كاریگەرى نییە،چونكە سوپاى عێراقی خۆی بەخاوەن ماڵ دەزانێت و پیشمەرگەیش بەمیوان".بۆیە داوا لەحكومەتى هەرێم دەكات ئەو دۆخە قبوڵ نەكات و ئەو دوو لیوایەى هێزى پێشمەرگە كە لەدەوروبەرى سەعدییەو جەلەولان، بچنە ناو ناحیەكەوە،بۆ ئەوەى"زوڵم لە هاووڵاتى كورد نەكرێت و هەست نەكەن دراوەنەتە دەست قەدەر".
سەرچاوە سەربازییەكە ئاماژەى بەوەدا لەدواى جوڵانى هێزى پێشمەرگە بۆ ناوچەكە،كورد زۆرتر كوژراوە،بۆ نمونیش باسی لە كوشتنى جێگرى بەرپرسی كۆمیتەى سەعدیە و چەند بەرپرس و ئەندازیارێكى یەكێتی و كارگێڕ ناوچەیەكى پارتى كردو وتى"لەدواى هاتنى هێزى پێشمەرگە،كوشت و بڕی پێشمەرگە هیچ فەرقی نەكردووە".
هەرچەندە پەرلەمانى كوردستان لەدانیشتنى نائاسایی رۆژى 18ى ئابی 2011دا بڕیاریدا بەفەرمى هێزى پێشمەرگە لەهەردوو شارۆچكەى سەعدیەو جەلەولا جێگیر بكرێن،بەڵام تائێستا كار بەو بڕیارە ناكرێت،كەچی چەند رۆژێك پێش بڕیارەكەى پەرلەن،دوو لیواى هێزى پێشمەرگە بە پاڵپشتى چەندین چەكى قورس رەوانەى ناوچەكانى سەعدییەو جەلەولا كران و تائێستا لەدەوروبەرى ئەو دوو شارۆچكەیە لەحاڵەتى ئامادە باشیدان.
لەبارەى جێبەجێنەكردنى بڕیارەكەى پەرلەمان،پەرلەمانتارى راكسیۆنى گۆڕان و ئەندامى لیژنەى ناوخۆ،نەریمان عەبدوڵا بە ئاوێنەى ووت" ئەگەر بەكەم و كورتى بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت،ئەوا لە ئەستۆی ئەو كەسانەیە كە ناچنە ناوچەكەوە".بەڵام سەرچاوە سەربازییەكەى ئاوێنە دەڵێت"پەرلەمان هیچ كات ئاگاى لێنییە هێزى پێشمەرگە بۆ كوێ دەڕوات،چونكە پێش بڕیارەكەى پەرلەمان پێشمەرگە بەرەو جەلەولا و سەعدیە جوڵێنرا"
سەرچاوە سەربازییەكە ئەوە ناشارێتەوە كە پێشمەرگە" هێزێكى بێ پلان و بێ كەرەستەى سەربازییە، لەڕووى جەنگیشەوە هێزێكى نا كارامەیە"بۆیە سەرچاوەكە گەیشتۆتە ئەو بڕوایە مانەوەى پێشمەرگە بۆ ماوەیەكى درێژ لەناوچەكە دەبێتە هۆی ئەوەى "پێشمەرگە بە ئاسانى ببێتە پاروى چەورى تیرۆرستان،چونكە بۆیان دەردەكەوێت كە هێزێ پێشمەرگە ئەو هێزە نییە كە ئەوان لێدەترسن".
بۆ سەلماننى وتەكانى،سەرچاوە سەربازییەكە ئەوەشی گێڕایەوە كە لەسەروبەندى خۆپیشاندانەكانى حەڤدەى شوباتى ئەمساڵدا،(140) پێشمەرگە هێنراوەتە جەلەولا، كەچی "لەناو عەلوەكەى جەلەولا حەسریانیان كردو چوار دەوریان گیرا،دوومانگ بە پیجامەوە یەكتریان دەگۆڕییەوە،پاشان گەڕانەوەو وتیان ئەمە كۆتا جارە بڕۆین".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست