بەپێى یاساو رێسا دزیمان لێدەكەن
Saturday, 02/11/2013, 12:00
لەكابینەى پێشوودا پەرلەمانتارانى لیستى گۆڕان، وا بەقایم ئەیان كێشا بەو مێزەیا ئەووت ئێستا ورد و خاش ئەبێت، ئەیان نەڕاند و هاواریان ئەكرد(مافى گەلە،مافى گەلە)هەموو خەنى بوبوین ،ئەمان وت حەمدو سەنا بۆ خوا،ئەوا ئیتر گەل ومیللەت بێ پاڵپشت و پەنا نابێت،خوداى تەعالا داكۆكیكار و هەق سێنى بۆمەیسەر كردین، بەڵام بەداخەوە، ئەوەى ئێمە تەسەورمان دەكرد وا نەكەوتەوە،هەر زوو چاوى رەشمان كاڵ بۆوە، رووى راستى ئەو دەهۆڵ و كوت و هوتاف كێشانەمان بۆدەركەوت،دەمامكى راستى خۆیان هەڵماڵى، كەئەوەى دەیكەن،بۆ گیرفان و بەرژەوەندى خۆیانە،لەیەكەم هەوڵیشیاندا، بۆخۆشگوزەرانى خۆیان داواى كۆمەڵێك شتیان كرد.
وتمان هیچ نیە ئەوانە كۆمەڵێك كەسى بەرژەوەند خوازن، لەژێرسایە و ناوى گۆڕاندا، خۆیان مەڵاس داوە،گەرەكیانە لەو رێگەیەوە هەنێ پارەو سامان پێكەوەبنێن، بەڵام بەداخەوە گریمان و بۆچونەكەمان زۆر چەوت بوون،جارێكى دیكە گۆڕان وكاندیدەكانیان ئەوەیان سەلماند،كە ئەوانیش تەواوكار و درێژ ەپێدەرى هەمان سیاسەت و پاوان خوازى حیزبەكانى دیكەن،لەژێر ناوى كوردایەتى وسیاسەتدا هەگبەیان لێ پڕدەكەن. ئەوەتا هەموو دەبینین،ئەورۆ پەرلەمانە سواو و بێ خێرەكەى كوردستان،بەئارەزوى خۆى پارە تەخشان و پەخشان دەكات، بڕیاریداوە سەرو چەند ملیۆن دینارێك بكاتە پاداشت بۆ سەرجەم پەرلەمانتارەكانى خولى رابردوو، لەكاتێكدا هیچ كامێكیان شیاوى ئەوبڕەپارەیە نین، جگە لەوەش ئەو پارەیە وەكو مینحە و پاداشتى خانەنشینى دێتەئەژماركردن،بەڵام بەشێك لەو بەناو پەرلەمانتارانە،خانەنشین ناكرێن،ئەم خولەش بۆخۆیان بەئەندامێتى دەمێننەوە، بێجگەلەوەش زۆرێك هەیە كە خولى پێشوش هەمان بڕە پارەى دراوەتێ، بەڵام دووبارە پێى پێدەدرێتەوە! لەوانەش خۆشتر چەند ئەندامێك كە ساڵى پار لەسەر حوسن و رەزاى خۆیان خانەنشین بون ، وازیان لە پەرلەمانتارى هێنا،ئەوانیش هەمان پاداشت شمولیان دەكات. هەتا ئێستا نەمان بیست،یەكێك لەونەڕە شێرانە بڵێت ئەوپارەیە ناهەقیە و ماڵى میللەتە و بۆ ئێمە حەرامە،نابێت توخنى بكەوین، هەریەكەیان بەجیا ولەژێر ناوێكدا دۆریەك دەدۆزێتەوە، بۆ وەرگرتنى،فڵان دەڵێت ،ئەگەر وەرمگرت وا سەرفیدەكەم، ئەمیان دەڵێت،دەیكەم بەپرۆژەى خێرخوازى،ئەوی دیكەیان كەزۆر خۆى بە لایەنگرى هەژاران وهەتیوان دەزانێت، دەڵێت هەمووى دەكەمە خێر بۆ ئەو نازدارو بێ سەرپەرشتانە ،دەى برایان خوشكانى پەرلەمانتار، ئەگەر ئێوە دەزانن كە میللەت پێویستى بەپارەیە، هەزاران هەتیو وبێ لانە و هەژار ونەخۆش هەیە،بۆچ هەرلەسەرەتاى دەست بەكاربونتانەوە،هەوڵتان نەدا ئاوڕێك لەو كەسانە بدەنەوە. بەخێرێ ئێوە نوێنەرو دەمڕاست و چاوساغ و داكۆكیكارى ئێمەومانان بون؟بۆچ وەكو پرۆژەیەك سندوقێكى خێرى ،یان بڕینەوەى مووچە، یان بەشێوازێكى دیكە ئەم چوار ساڵە هەوڵتان نەدا، بڕێك لەبرین وئێش و نەهامەتیەكانمان كەم بكەنەوە؟ خێرە وا ئێستا ولەدواساتەكانى تەمەنى بەهەدەر چوتاندا،فرمێسكى تیمساحى بۆ ئەو كەسانە دەڕێژن،ئێستا هەست دەكەن كەسانێك هەن لەژێر ناوى حكومەت و پەرلەمانەكەى ئێوەدا نانى شەویان نیە،بێ ماڵ ولانەو پارەو پولن، پێویسیتان بەدەواو دەرمانە؟؟
باشە دەپرسم ،ئەى كوا لیژنەى نەزاهە؟كوالیژنەى دارایى،كوالیژنەى ئیدارى؟كوا لیژنەى یاسایى پەرلەمان؟ئەمە واتاى چى و چۆن دەبێت؟ بەكام سیستەم ویاسا رەوایە بەعالەمى ئاشكرا دزى بكەن،خۆتان پارەو موڵكى میللەت بدزن، ئێمەش زەقەى چاومان بێت؟
من گەیشتومەتە ئەوباوەڕەى كە نەك گۆڕان ،نازانم كێش بێت، بێتە ناو كایەى سیاسى كوردەوە،هەمان تاس و حەمامە،جگەلە گۆڕانى ناوو لیست و دروشم ودەموچاوەكان، هیچ شتێكى تازە بەدیناكەم، چونكە گۆڕانەكە، لەگۆڕانى ریشەیدا نیە،لەگۆڕانى عەقڵ و لۆژیك وئایدۆلۆژیا نیە،لەگۆڕانى پێش خستن و باشكردنى كایەى سیاسى و جڤاكى كۆمەڵدا نیە، بەڵكو گۆڕانە لە شێوازى ناعەدالەتى،لەشێوازى لوشدانى پارە و سامانى میللەت، لەشێوازى خۆڵكردنە چاوى خەڵك،لەشێوازى فریودان و بەكوشتن دان ولەخشتە بردنى گەنجان ولاوان بۆمەرامى تایبەتى ،ئەو لاوانەى كە بەدرێژایى تەمەنیان كاربكەن و رەنج بدەن، ناتوانن 48 ملیۆن دۆلار پاشكەوت بكەن. خوشك و برایانى پەرلەمانتاریش،بەبێ ئەوەى هیچ ئیش وكارو خزمەتێكى بۆ كورد و میللەتەكەى كردبێت، مانگانە بڕێكى زۆر پارەو سەروەتمان دەدزێت، بەوەشەوە ناوەستن ،پاداشتى كۆتاییان دەكەن ، من دەپرسم ودەڵێم، لەوسەد وئەوەندە ئەندامە،چەندیان لاى خەڵك ناسراون، كامیان بەئەندازەى برایەكى ژینگە پارێز یان كارگوزارێك(سڵاو رێزى زۆرم بۆ ئەو كارمەندە بەڕێزانەو پیشە پیرۆزەكەیان)هەیە. توانویانە خزمەت بكەن و، لاى خەڵك مایەى رێز و گەورەیى بن، من واى دەبینم، ئەو بڕەپارەیەو تەواوى ئیمتیازەكانى دیكە ، بۆ هەمووكەسێك رەاویە،تەنها بۆ ئەو ئەندامانە نەبێت،چونكە بەدرێژایى چەند ساڵ هیچیان نەكردوە،گەر لەلایەنى ى شەرع و ئاینیشەوە لێكى بدەیتەوە ئەو پارەیە و سەرجەم مووچەو ئیمتیازەكانیان، وەكو چڵكى سەگ حەرامە،چونكە مرۆڤ لەپاى هەركار و وەزیفە و ئەركێك كە دەیكات مووچە وەردەگرێت،كەبەرى رەنج و عارەقە و ماندوێتیە. ئەى پێم ناڵێن ئەوانەچیان كردووە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست