پێویستە حكومەتێكی بێ ئیرادەی حساب بۆ نەكراو هەڵوەشێتەوە
Tuesday, 22/03/2011, 12:00
شۆڕشگێڕانی مەیدانی ئازادی، ئەی ئەوانەی كە زیاتر لە 33 ڕۆژە لەم مەیدانەدا بەپێوە وەستاون ڕوبەڕووی دەسەڵاتی كوردی و بەدەنگی بەرز داوای مافی ڕەوای خۆتان دەكەن و ماندوو نەبون و ماندووش نابن و ئێرەش چۆڵ ناكەن بەبێ دەستكەوتی گەورەو مژدەی خۆشی سەركەوتنی ئیرادەی گەل بەسەر ئەوانەدا كە هێندەی تەمەنی گەنجی ئێوە فرسەی هەبووە بۆ ئەوەی حكومەت و دەسەڵاتێكی دادپەروەرو شەفا و خزمەتگوزار بێنێتە بوون بە 3 هەڵبژاردن و 6 كابینەی حكومەت.
ئەی ئەوانەی كە تیونی گۆڕانكاری ڕیشەیی و بنەڕەتین لەسیستەمی حوكمڕانی كوردیدا، دڵنیاتان دەكەینەوە كە ئەم شۆڕشە نوێیەتان هەنگاوی گەورەی بڕیوەو لەئاسۆیەكی زۆر ڕوون نزیك دەبێتەوە، ئەو ئاسۆیەی كە تێیدا یاسا گەلێك بەرهەمدێ كە مافی تاك تاكی ئێوەو سەرجەم خەڵكی كوردستانی تێدا فەراهەم دەبێت، ئێوە لە 17ی شوباتەوە بەهەردوو حزبی دەسەڵاتدارو هەموو بەرپرسێكی حزبی و حكومی ئەم وڵاتەتان وت چیتر ڕازی نابین داهات و پۆست و بازاڕو دەستكەوتی ڕاپەڕین و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆشگوزەرانی تەنها بۆ چەند كەسێك پاوان بكرێ.
ئەوە ئێوە بوون مژدەی ئومێدی ژیانێكی نوێی دوور لەدەستێوەردانی حزبی و قۆرغكاری سیاسی و ئابوریتان بەگوێی خەڵكی كوردستانادا، پڕ بەگەروتان گوێی دەسەڵاتتان پڕ كرد لە ئازادی و ژیان، لە ماف و یەكسانی، لەداخوازی ڕەوای میلەتێك كە بەنانی ماڵی خۆی ئێوەی گەورە كرد، نەك بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ڤێلاو بینای بەرزو كۆمپانیای نەوت و بازرگانی و بیناسازی و ڕەگەزنامەی ئەوروپی و هەموو داهاتی ئەم وڵاتە بۆ ئێوە بێت، بەڵكو بۆ ئەوەی لە پەنای ڕزگاری نیشتمان و هەستانەوەی دوای میحنەتە گەورەكانی ئەنفال و كیمیاویدا پشوی ژیانێكی شەرەفمەندانە بدات لەسایەی حوكمی كوردا، بەڵام ڕابردووی 20 ساڵەتان ئەوەی سەلماند كە ئێوە وەفاتان بۆ ڕابردووی شۆڕش و خەباتی خۆشتان نەبوو، ڕێزتان بۆ ئێمەو مێژوی ئەم میلەتە نەهێشتەوە، بەڵام لە 17ی شوبات بەدوا ئەوە گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە بە كوڕو كچ و ژن و پیاوو منداڵیەوە ڕژاونەتە سەر مەیدانەكانی ئازادی و داوای ئەوە دەكەن ئەگەر ماف و سەرمایەی ئەم میلەتە نەپارێزن ئەوە قۆناغی دوای وەڵام نەدانەوەی جدی و فیعلیتان قۆناغی لەدەستدانی پۆست و پلەو پایەتانە، قۆناغی ڕوبەڕووبونەوەی قورستری داخوازی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستانە، ئەو قۆناغەی كەتێدا وەڵام و گۆڕانكاری درەنگ وەخست هیچ سودێكی نابێت بۆ مانەوەتان، بۆ ئەوەی بمێننەوەو یەك شانازیتان بمێنێ لەم وڵاتەدا پێی بژین باری زەبروزەنگی سەر شارو شارۆچكەكان لابەرن، تاوانبارەكانی بن دەستان تەسلیم بەدادگا بكەن، حكومەتێكی بێئیرادەی حساب بۆ نەكراو هەڵوەشێننەوە، ڕێزی سەروەری یاسا و دادگا بگرن، لەتكردنی كوردستان وازلێبێنن، چەكەكانتان بەرنەوە سەر سنورەكان و سوپای كوردستان لەوانە پێكبهێنن كە ڕۆحیان فیدای ئەم نیشتمانەیە، ئاسایش بكەنە گێڕانەوەی ئارامی بۆ وڵات، گەندەڵەكانی بەرچاوتان تەسلیمی دادگاكان بكەن، ئاوڕێك لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و پێشمەرگە دێرینەكان و زینداییە زوڵملێكراوەكان و گەنجە بێنازو بێكارو منداڵەكانمان بدەنەوە، ژیانی هاونیشتمانی ئەم وڵاتە باشتر بكەن، پێشكەوتن بۆ ئەم وڵاتە بهێنن و ئابوریی و پیشەسازییەكەی ببوژێننەوە، ئەم وڵاتە بەتەنها هی ئەوانە نییە كەلەشاخ شۆڕشیان كردووە، هی ئەوانەشە كەلەدیهاتەمانی كوردستانا نانیان پێداون و لە شارەكانا بەعس مولازم موحسینی لەگیانمان بەردابوون، ئەم وڵاتە هی نەوەی ئێستەیە، هی گەنجی سەردەمی فەیس بووك و زانكۆیە، هی ئەو گەنجە گیرفان بەتاڵە بێكارانەیە كە 33 ڕۆژە لەم مەیدانەو مەیدانەكانی تر بەپێوە وەستاون، ئەم وڵاتە هی كوڕی بەرپرس و خزمی مەسولی نابەرپرسی سەر كورسی نییە، ئەم وڵاتە هی ئەوانەیە كەلەسەر كورسی خاوەن پێداویستی تایبەتی دانیشتوون نەك لەسەر كورسی حوكمی هەڵبژاردنی پڕ لەتەزویرو تۆقاند، دڵنیاشتان دەكەینەوە كە زاكیرەی ئەم میلەتە هێندە نەشێواوە وەك ئێوە پێی دەڵێن ڕابردوو لەبیر مەكەن، ئێمە ڕابردوومان لەیادە بەم بەڵگەنامەشەوە:
بەڵگەنامەی لۆرد ئیفبری لێپرسراوی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا كە بۆ جێمری هانلی بەرپرسی كاروباری كوردستانی عێراق لەوەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای ناردووە تاكو مەسعود بارزانی لەسەر كوشتنی 100 هاوڵاتی مەدەنی بانگێشتی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان بكرێ لەژنێف بۆ دادگایی كردن.
ئەم وتارەم لە 22/3/2011 لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست