کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌ ت دژی له‌ سێداره‌دانی چالاکوانانی ڕۆژهه‌ڵات

Thursday, 20/01/2011, 12:00


کاتژمێر دووی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری سه‌دان که‌س له‌ ڕۆژنامه‌ نوسان و هه‌ڵسوڕاوانی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و که‌سانی ئازادی خوازی کوردستان به‌ تایبه‌ت شاری سلێمانی، خۆپیشاندانێکی به‌رفراوان بۆ ئیدانه‌ و ڕسواکردنی کرده‌وه‌کانی ڕژێمی تیرۆریست و کۆنه‌په‌رستی ئێرانی ئاخوندیی به‌ڕیوه‌ چوو، خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ ژێر ناوی (به‌سه‌ په‌ت و سێداره‌، هه‌تا که‌ی ئه‌م ئازاره‌) ده‌ستی پێکرد له‌ باخی گشتیه‌ وه‌ شه‌قامی مه‌وله‌ویان به‌ره‌و‌ به‌رده‌کی سه‌رای سلێمانی ته‌یکرد، هه‌ر له‌میانه‌ی خۆپیشاندانه‌که‌دا چه‌ندین چالاکی و دروشمی جۆراو جۆر له‌ ژێر ناوی(باکور باشور ڕۆژهه‌ڵات یه‌ک سه‌نگه‌ر و یه‌ک خه‌بات، سێداره‌ ئیراده‌ی مرۆڤ ناشکێنێت، به‌سه‌ په‌ت و سێداره‌ هه‌تا که‌ی ئه‌م ئازاره‌) و چه‌ندین دروشمی تری جۆراو جۆر به‌ جۆش و خرۆشێکی نیشتمانیانه‌وه‌ ده‌وترایه‌وه‌،
پاشان له‌ به‌رده‌کی سه‌را و له‌ سه‌ر فه‌لکه‌ی پێکگه‌شتنی چوارڕیانی نێوان پیره‌مێرد و کاوه‌ و گۆران و مه‌وله‌ی خۆپیشانده‌ران وه‌ستان و چالاکیه‌کانی تریان ده‌ستپێکرد، له‌میانه‌ی ئه‌و چالاکیانه‌دا قه‌سیده‌یه‌کی شاعیری کورد(شێرکۆ بێ که‌س) خوێنرایه‌وه‌ که‌ تێیدا ده‌ڵێت(شانازیه‌ ئه‌و پێڵاوانه‌ی فه‌رزاد بم بۆ دواین جار بۆ به‌ر په‌تی سێداره‌ له‌ پێی کرد) و چه‌ندین دێڕی هاوشێوه‌، پاشان وتاری چه‌ندین ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و گروپی تری کوردستان خوێنرایه‌وه‌، له‌ کۆتایی خۆپیشاندانه‌که‌شدا ئاکۆی خه‌لیلزاد هه‌ڵسوڕای ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌یاننامه‌ی (که‌مپینی نا بۆ سێداره‌)ی خوێنده‌وه‌،

پاش ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوانی خۆپیشاندانه‌که‌وه‌ ئاگر له‌ په‌تی سێداره‌ به‌ردرا و به‌ ده‌م سرودی نه‌ته‌وه‌یی (ئه‌ی ڕه‌قیب) و دروشمی شه‌هید نامرن، ئاگر له‌ به‌رده‌کی سه‌رادا ده‌گه‌شایه‌وه‌،
له‌ لایه‌ن چه‌ندین به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌که‌ش ئاگر له‌ وێنه‌ی دیکتاتۆر و سه‌رۆکی داپڵۆسێنه‌ری جمهوری ئیسلامی (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) به‌ردرا و کڵپه‌ی جه‌ماوه‌ری نیشتیمان په‌روه‌ر گه‌شته‌ دوا سنوره‌کانی،
ئه‌گه‌ر چی داوای مۆڵه‌ت نه‌کرابوو بۆ خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ڵام به‌ هۆی قه‌ره‌باڵه‌خی و به‌شداری کردنی به‌رچاوی ئازادیخوازانی سلێمانی پۆلیسی چالاکیه‌ مه‌ده‌نیه‌کان ناچار بوون ئاسایشی خۆپیشاندانه‌که‌ بپارێزن،

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بوترێت، به‌ هۆی نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین و هه‌بونی سیسته‌مێکی ئاخوندی و مینبه‌رگه‌رایی ده‌وڵه‌تی خوێنمژ و دیکتاتۆر و خۆسه‌پێن و داگیرکه‌ری به‌ ناو جمهوری ئیسلامی ئێران ده‌ستی کردووه‌ به‌ له‌ سێداره‌دانی چالاکوانانی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی له‌و وڵاته‌دا و به‌مه‌ش هێنده‌ی تر بێ متمانه‌یی ئه‌و وڵاته‌ له‌ لایه‌ن ولاتانی خۆرئاواوه‌ ڕوی له‌ هه‌ڵکشان کردووه‌،
ئه‌گه‌ر چی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا میدایاکانی یه‌کێتی نیشتیمانی ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند که‌ تاڵه‌بانی ڕێگر بووه‌ بۆ له‌ سێداره‌دانی چالاکوانێکی کورد به‌ڵام له‌ سێداره‌دانی (حسێن خزری) ئه‌وه‌ی ڕونکرده‌وه‌ که‌ نه‌ک تاڵه‌بانی به‌ڵکو هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی تری کوردی ناتوانێت ڕیگر بێت له‌ به‌رامبه‌ر بچوکترین بڕیاری جمهوری ئیسلامی ئێراندا ئه‌گه‌ر خواستی جێ به‌ جێ کردنی هه‌بێت.

لایه‌نه‌کانی به‌شدار بووی که‌مپینی (نابۆ سێداره‌) بریتی بوون له‌ (ڕۆژنامه‌ی چه‌تر،ناوه‌ندی چاک،ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید،ڕۆژنامه‌ی تروسکه‌، گروپی 12/12، پارتی جاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان، ڕێکخراوی cpt ، بزوتنه‌وه‌ی دیموکراتی خوازان، گه‌نجانی وڵاتپارێز، سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان، فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی، فیدارسیۆنی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی(که‌ پێکهاتووه‌ له‌ پازده‌ ڕێکخراو)، ڕێکخراوی ئاسوده‌، گۆڤاری هاوده‌م، سه‌نته‌ری هاوبه‌شی لوڕ، له‌ گه‌ڵ چه‌ندین که‌سایه‌تی ڕۆژنامه‌نوس و ڕۆشنبیر و چالاکوانی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە