کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتى عەدنان قوربانى شیوعی، لە ژیرەوە پیاوی دەزگای زانیارییە دەكاتە دەمڕاستى ژمارەیەك ڕێكخراو

Saturday, 03/03/2012, 12:00


پەیامنیری کوردستانپۆست  / ١٤
ماوەیەكى زۆرە بۆ كپكردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى خەڵك لە گەرمیان و فریودان و چەواشەكردنى خەڵك،  یەكێتى زیرەكانە كادیرەكانى حیزبى شیوعى خستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەكانى خۆیەوە و كادیرەكانى حیزبى شیوعیش لە بەر پارە خواردن و گەندەڵیی و تیكەى چەوریى یەكێتى، چەند ڕێكخراوێكیان بۆ خزمەتكردنى یەكێتى پێكهێناوە، سەیرترین كارى یەكێتى ئەوەیە ناوەندەى كارى هاوبەشى ڕێكخراوەكانى گەرمیان لە بەرگێكى سەربەخۆدا دروست كردووە. ژمارەیەك ڕێكخراوى كارتۆنى، كە بە هەموویان 30 كەس نابن لە چوارچێوەیەكى زیاتر لە دە (10) ڕێكخراودا كۆكردۆتەوە و خەریكى پارەخواردن و چەواشەكردنى گەنج و خەڵكى گەرمیانن و بۆ ئەوەشى گومان نەكرێ، كە ئەمانە ڕێكخراوى یەكێتین عەدنان قوربانى كراوەتە دەمڕاست و كوێخاى ئەم ڕێكخراوانە، كە لە ناو حیزبى شیوعیدا ئەندامى مەحەلیە و لە دەزگاى زانیاریى یەكێتیش كادیرێكى پێشكەوتووە. ئەم بەناو ڕێكخراوە مەدەنیانەى گەرمیان گەورەترین خزمەت بە دەسەڵاتى دڕندە و دیكتاتۆرییەتى یەكێتى دەكەن، یەكێتى و بە تایبەت مەحمود سەنگاوى و سەڵاحى كوێخاى سەرپەرشتیاریى ئیدارەى گەرمیان هەر كار و كردەوەیەكیان بووێت، یان هەوڵى ناشرینكردنى هەر كەس و لایەنێك بدەن ئەوا فەرمان بۆ عەدنان قوربانى دەرئەكەن، كە ڕێكخراوەكانى بخاتە كار و مەرام و مەبەستەكەیان بۆ بپێكێت.
سەرچاوەیەك لە مەڵبەندى گەرمیانى یەكێتى بە نهێنى بە كوردستانپۆستى ڕاگەیاند "مەحمود سەنگاوى، عەدنان قوربانیی ڕاسپاردووە دەست بەردارى ئەو ڕێكخراوانە و حیزبى شیوعى نەبێت و پێویستە هەر وەك كارگێرى مەحەلى حزبى شیوعى بمێنێتەوە لە بەر ئەوەى بەو جۆرە كاركردنەى سوودى باشترى بۆ یەكێتى ئەبێت"
كوردستانپۆست ئەوەشى زانیوە ئەم ڕێكخراوانەى عەدنان قوربانى پارە لە هیرۆى ژنى جەلال تاڵەبانى و بەرهەم ساڵح و (كۆمپانیاى بەڕێز) و (كۆمپانیاى قەیوان) وەرئەگرن بۆ چالاكییەكانیان جگە لە بوودجەیەكى خەیاڵى، كە مەحمود سەنگاوى لە ڕێگەى دەزگاى زانیارییەوە بە ڕاستەوخۆیى دەیدات بە عەدنان قوربانى، لەو هەموو پارەیەش بە ناوى هاوسەرگیریى بە كۆمەڵەوە كۆمەڵێك گەنج كۆئەكەنەوە، كە بە حساب تازە هاوسەرگیریى دەكەن و ئەیكەنە شانۆنامە بۆ ئەوەى مەحمود سەنگاوى و سەڵاحى كوێخا خۆیانى تێدا هەڵكێشن.
كوردستانپۆست ئاگادارى ئەوەیە هەتا ئێستا ئەم ڕێكخراوانە هیچ ناڕەزاییەكیان بەرامبەر بە پێشێلكردنى مافى خەڵك دەرنەبڕیوە جگە لەوەى، كە بە فەرمانى مەحمود سەنگاوى خۆپیشاندان بۆ ماددەى 140 و ناردنى پێشمەرگە بۆ جەلەولا و بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەن ئەنجام ئەدەن، کە ئەمەش هیچ مەترسییەکی بۆ یەکێتیی، یان ناڕەزایی دژی دەسەڵات تێدا نییە، كە هەموو ئەم چالاكیانە خزمەت بە یەكێتى و حكومەت ئەكات، لە ڕێگەى سەرچاوەكانى خۆیەوە كوردستانپۆست بۆى دەركەوت عەدنان قوربانى، كە ئێستا سەرپەرشتیاریى ئەو ڕێكخراوانەى یەكێتیە دواى ڕاپەڕین چووتە نێو حیزبى شیوعى و ئێستاش لەگەڵ دەزگاى زانیاریى یەكێتى بە نهێنى كار ئەكات، هەروەك ئەوەش ئاشكرا بووە ئەم عەدنانە بە فەرمانى دەزگاى زانیاریى هەرچى زانیارى لە سەر ڕۆژنامەنوووس و چالاكەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى لە گەرمیان هەیە دەینێرێت بۆ جەماڵ عەبدوڵڵا تا لە گۆڤارەکەیدا بە ناو گۆڤارى بەڵگە بڵاوى بكاتەوە .. كوردستانپۆست وەك ئەركێكى ئەخلاقى و ڕۆژنامەوانى و بۆ ئەوەى چیتر بە ناوى سەربەخۆبوونەوە گەنج و خەڵكى گەرمیان فریوو نەدرێن ئەم ڕاستیانە بۆ خەڵكى گەرمیان ئاشكرا ئەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە