کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ کێ ئه‌نێژێ!

Friday, 21/08/2009, 12:00


له‌ دوا چاوپێکه‌وتنی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌چیه‌کی عه‌ره‌بی ماستاوچی، که‌ ده‌مێکه‌ به‌به‌لاش سه‌فه‌ری لێ بڕاوه ‌و عه‌یامێکه‌ که‌بابی سلێمانی و بامێی شاره‌ حه‌یاته‌که‌ی نه‌خواردووه‌. ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێ(هێرۆ وتوویه‌تی، هیچمان نیه‌ گه‌ر مردین ئه‌بێ شاره‌وانی بمان نێژێ!).
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی بۆ شه‌ن و که‌و بکه‌م! به‌ پێویستی ئه‌زانم.، ئه‌م پرسیاره‌ له‌ هێرۆ بکه‌م.(ئێوه‌ به‌ ته‌مان شاره‌وانی بتان نێژێ! یا ده‌مێکه‌ ئێوه‌ شاره‌وانیتان ناشتووه‌!) نمونه‌یه‌کی خنجیلانه‌، که‌ بله‌ مرد له‌ له‌نده‌ن. له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ک گردێکتان بۆ داگیر کرد و جاده‌تان بۆ ڕاکێشاو ڕێ و جێی ته‌شریفاتیشتان جێ به‌ جێ کرد، بۆ میوان و ئاماده‌بوان، ده‌کرێ بپرسین؟ ئه‌رێ شاره‌وانی تا چه‌ند ئاگاداری ئه‌و داگیرکردنه‌ بوو.! شاوه‌رانی خان.
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌بوو، پارتی دوژمنی خانه‌خوێی دێرینه‌تان. نه‌ به ‌ووتار نه‌ به‌ برووسکه‌، نه‌ به‌نێردراوک به‌شداری پرسه‌که‌تانی نه‌کرد. که‌ ده‌بوو بیان کردایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وکات یه‌کێتی گه‌لێ هه‌نگاوی دۆستانه‌ی بۆ پارتی هه‌ڵناو سه‌ره‌ڕای نه‌شه‌ڕ نه‌ ئاشتی . له‌ ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی بکوژانی فرانسۆدا هاوکاری کردن.
ووتاری یه‌کێتی کاک نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌م نوسیبووی هه‌م خوێندیه‌وه‌، ووتارێکی چڕوپڕ بوو ده‌رباره‌ی ژیانی برایم ئه‌حمه‌د، به‌ جۆرێک ناوبراوی خسته‌ خانه‌ دووه‌مه‌وه‌ له‌ دوای ڕه‌حمه‌تی شیخ مه‌حمود و ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی که‌ دوای شێخی نه‌مر که‌سێک که‌ چاپخانه‌ی بردبێته‌ شاخ برایم ئه‌حمه‌د بووه‌!
که‌ چی ئێوه‌ش له‌ دوای ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی شیرینیتان به‌خشیه‌وه‌! له‌و کوردساته‌ی که‌ به‌خوێنی میلله‌ت ئه‌چێ به‌ڕێوه‌ و تۆ خۆتی پێوه‌ بائه‌ده‌ی. سه‌رباری ئه‌مه‌ش گه‌رماوگه‌رم له‌ به‌کورتیه‌کدا ووتی(هه‌ر خۆم ئه‌زانم چۆن به‌سه‌ری دڵی گه‌وره‌ زه‌لامه‌وه‌ ئه‌ده‌م!).
مادام ئه‌وان به‌ته‌مان شاره‌وانی بیان نێژێ! دێمه‌وه‌ سه‌ر باسی مڵک و ماڵتیان له‌ زمانی خۆیه‌وه‌.، هێرۆ به‌ پێنووسه‌که‌ی خۆی له‌ به‌ کورتی ژماره‌(115)دا ووتویه‌تی(من خاوه‌نی ده‌زگای خاکم به‌بێ خاکه‌که‌ی، که‌ ده‌زگاکه‌ له‌ سه‌ریه‌تی، کۆمپانیای سولی فیلمیش هی منه‌، که‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی سینه‌ماییه‌).
کاتی خۆی له‌ ووتارێکدا ئه‌وهام وه‌ڵام دایه‌ و پرسیارم لێ کرد(ده‌زگای خاک که‌ بریتیه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی خاک به‌هه‌موو به‌ ش و که‌ره‌سه‌کانیه‌وه‌ + گۆڤاری مانگانه‌ی خاک + ڕادیۆی خاک + سیخوڕمه‌ + سولی) ده‌کرێ پێمان بڵیت؟(مه‌سره‌فی حمایه‌ و سایه‌ق و سه‌یاره‌ و کرێ و پاره‌ی پاپ و حبر و پلێت و وه‌ره‌قه‌ و په‌خش و ستۆدیۆکان و که‌لوپه‌له‌کانی کامێره‌ و کۆمپیوته‌رو کلیپ و به‌رنامه‌ و فیلم و دراماو سه‌فه‌ر و جل وبه‌گ و موچه‌و پاداشت)ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ستافه‌که‌ت که‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ڵده‌گرن و چۆنیان دابین ده‌که‌ی! خۆ به‌ هه‌وا! یا به‌ ئاوی هه‌نار ناچن به‌ڕێوه‌! ئایا شاره‌وانی ئه‌و مه‌سره‌فانه‌ی بۆ ده‌کێشێ.!
یه‌م بڕه‌ش جارێ شمولی کۆمپانیای منداڵپارێزو ئوتێله‌کان و کۆماری ده‌باشان و موڵکه‌کانی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ و له‌نده‌ن ناکات.، هه‌ر نه‌ش چووم به‌لای پرۆژه‌ی گووڵه‌کان و مه‌یته‌ری ئه‌سپه‌کاندا! کاتێکیش که‌ کوڕی خه‌ڵکیان به‌ کوشت ده‌درا.، هێرۆ مه‌فره‌زه‌ کامێره‌ی ڕه‌وانه‌ی شلێرو شارباژێڕ ئه‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ، له‌و بنارو ده‌شت و چۆڵه‌وانیه‌ گه‌زۆ چۆن ده‌بارێ!
هێرۆ به‌ دیاری په‌ساپۆرت و سه‌فه‌ری چه‌ند مانگه‌ و خانووی ملیۆن دیناری! ئه‌به‌خشێته‌ نۆکه‌ر و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی به‌رده‌ستی که‌ هه‌ندێکیان تا دوێنێ قه‌رزاری خه‌ڵک بوون و ده‌یان شکاتی یاساییان له‌سه‌ره‌. دیسان ده‌کرێ پێمان بێژێ.، شاره‌وانی بۆ ئه‌مانه‌ش هاوکاری ده‌که‌ن!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مام جه‌لال سه‌ری زۆر قاڵه‌و به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی ئاشتکردنه‌وه‌ی برا عه‌ره‌به‌کانه‌ و ئاگاداری ئه‌وه‌ نیه‌ پێشتر چی ووتراوه‌! به‌ تایبه‌ت ده‌رباره‌ی سه‌روه‌ت و سامان. پێشنیار ئه‌که‌م له‌ مه‌ودوا کۆمپانیای خاک لیستی نوسراوه‌کانی هێرۆی به‌ فۆنتێکی گه‌وره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌ست.، تا ئه‌گه‌ر ماستاوچیه‌کی تری عه‌ره‌ب ڕیێ که‌وته‌ وێنده‌رێ. ڕاست وه‌ڵام بداته‌وه‌ و نه‌ که‌وێته‌ چاڵێکی شاره‌وانیه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز پڕناکرێته‌وه‌!
له‌ کۆتاییشدا به‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌ڵێم، خاکی ده‌زگای خاک موڵکی حکومه‌ته‌ و ساڵی 1997 بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ وه‌رگیراوه‌، واته‌ 2012 عه‌قده‌که‌ی ته‌واو ئه‌بێت و ئه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت واته‌ ماڵی گشتیه‌، ئه‌ویش حه‌په‌لووش نه‌که‌ن وه‌ک ئه‌وانی تر!
پاشانیش به‌ هێرۆ ده‌ڵێم (هه‌تا به‌ ساڵا بچی به‌ غه‌ڵه‌تا ئه‌چی) ئه‌ویش نوسراوی سه‌ر سیخوڕمه‌که‌ی له‌ مه‌ڕ خۆیانه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە