کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ پرسى تاكڕه‌ویى و دیكتاتۆرى له‌نێو خودى خوێدا چاره‌سه‌ربكات......

Monday, 18/02/2013, 12:00





خالید عه‌بدولكه‌ریم :. عوسمانى حاجى مه‌حمود وازبهینێ, واتا گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ پرسى تاكڕه‌ویى و دیكتاتۆرى له‌نێو خودى خوێدا چاره‌سه‌ربكات......

سازدانى دیمانه‌: دانا ڕزگار
خالید عه‌بدولكه‌ریم وه‌كو چالاكه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ڕێبه‌رایه‌تیكردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كفرى له‌ماوه‌ى ڕابردودا وتوێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسى سه‌ربه‌خۆ له‌ ئێستادا، له‌م دیمانه‌یه‌دا ده‌رگا له‌سه‌ر زۆر نهێنى ده‌كاته‌وه‌ و، ئه‌م جاره‌ به‌ئاشكرا ڕووى ڕه‌خنه‌كانى ئاڕاسته‌ى سه‌ركردایه‌تى ئێستاى گۆڕان ده‌كات و پێى وایه‌ هه‌یمه‌نه‌یه‌كى ته‌قلیدیانه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و ئێستا گۆڕان وه‌كو حزبه‌كانى ترى لێهاتووه‌.
دانا ڕزگار: له‌كاتى ده‌ركه‌وتنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، چیتان كرد؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: پێش دروستبوونى گۆڕان ئێمه‌ له‌و پۆلێنه‌ هاووڵاتیانه‌ بووین له‌ خیتاب و كارى ئیعلامی و خه‌باتى مه‌ده‌نیماندا چاكسازى و گۆڕانكاریمان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانى وڵاتتدا به‌پێویست ده‌زانى بۆیه‌ به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ و فشاره‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بوو ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و قه‌یرانى گه‌وره‌ ده‌چێ و پێویسته‌ چیتر یه‌كێتى و پارتى واز له‌ حزباندنى ژیانى هاووڵاتى و داو و ده‌زگاكانى حكومه‌ت بهێنن به‌ڵكو دروستكردنى ده‌زگا و حكومه‌تى دامه‌زراوه‌یى و نیشتیمانى كاتى هاتووه‌ و سه‌رده‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت, پێش دروستبوونى گۆڕان ئه‌م ده‌نگانه‌ له‌ ئاستێكى سنورداردا بوون, یه‌كێتى و پارتى به‌ ئاسانى ده‌یانتوانى ئه‌و ده‌نگانه‌ بخنكێنن و په‌رته‌وازه‌ و بێ ئومێدى بكه‌ن, ئه‌وه‌ بوو ناڕه‌ازیه‌تى و ڕه‌خنه‌كان گه‌یشتنه‌ ئاستێك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كوردستان خۆپیشاندانى به‌رفراوان سه‌ریهه‌ڵدا به‌ڵام توانرا كپبكرێنه‌وه‌. كاتێكیش لیستى گۆڕان خۆى ئیعلانكرد بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان, تێگه‌یشتنمان له‌به‌رنامه‌ و پلانه‌كانیان, له‌ كه‌سایه‌تى و ڕابردووى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌و ڕێبه‌رانى ئه‌و لیسته‌, به‌كارتێكردنى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ڕۆشنبیر و نوخبه‌ دیارانه‌ى وڵاته‌كه‌مان كه‌ پشتیوان و دانه‌رو داڕێژه‌رى به‌رنامه‌ و كارنامه‌ى لیسته‌كه‌ بوون, ئێمه‌یش وه‌كو كۆمه‌ڵێك رۆِژنامه‌نووس و ڕۆشنبیر پشتیوانى خۆمان بۆ لیسته‌كه‌ ڕاگه‌یاند و له‌سه‌ر ئاستى مه‌یدانیش به‌شدارییه‌كى سه‌ره‌كى و دیارمان هه‌بوو له‌و كه‌مپه‌ین و چالاكیانه‌ى كه‌ ده‌خرانه‌ گه‌ڕ بۆ تێگه‌یاندنى هاووڵاتیان له‌ به‌رنامه‌ى لیسته‌كه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگده‌ر بۆ به‌رنامه‌ى لیسته‌كه‌.

دانا ڕزگار: ستافه‌كه‌ى ئێوه‌ كێ بوون له‌ كفرى؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: سه‌ره‌تا چه‌ند مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییه‌ك بووین، ئۆفیسى كفریمان دامه‌زراند بۆ پشتیوانى لیستى گۆڕان, دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كانى باڵى ڕیفۆرم به‌شێك له‌ كادیره‌ وازهێنه‌ره‌كانى یه‌كێتى و پێشمه‌رگه‌ى دیرَین پشتیوانى خۆیان بۆ لیسته‌كه‌ ڕاگه‌یاند و هه‌ندێكیان كارى مه‌یدانیان له‌گه‌ڵ ده‌كردین, به‌ڵام جۆرێك له‌ قه‌له‌قى و سڵكردنه‌وه‌ دیار بوو به‌ كادیره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانى یه‌كێتیه‌وه‌ له‌ كاركردندا, هه‌ندێجاریش نه‌یانده‌توانى بیشارنه‌وه‌ كه‌ نیگه‌رانى ئاینده‌یه‌كن, به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌و سه‌ركردانه‌دا وازیان هێنا و گۆڕانیان پێباشبوو ئه‌وان زیاتر له‌ ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئاینده‌ى گۆڕانیان لا ڕۆشنكرابوویه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ى ئێمه‌ كه‌ هیچ پێشینه‌یه‌كى حزبى و ڕێكخستنمان نه‌بوو.. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان به‌گرنگ ده‌زانى به‌رنامه‌ و دروشمه‌كانى لیستى گۆڕان وه‌كو خۆى شیبكه‌ینه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك, هاووڵاتى له‌ ده‌نگده‌رێكى عاتیفییه‌وه‌ بگۆڕین بۆ ده‌نگده‌رێكى تێكه‌ڵ له‌ عاتیفى و عه‌قڵانى, واتا بڕواى لا دروستبێت بۆ به‌رنامه‌ى لیسته‌كه‌، دواتر چاودێر بێت به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ى ده‌نگى بۆ ده‌دا, واتا بڕوامان هه‌بوو به‌ها ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ده‌نگدان, ده‌نگده‌ر, هه‌ڵبژاردن, به‌ڵام ئاراسته‌یه‌ك هه‌بوو پێی وابوو به‌ گردبونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى زیاتر كاریگه‌رى لاى هاووڵاتى دروست ده‌بێت وه‌كو له‌ شیكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌كان, له‌ ڕاستیشدا هه‌روا ده‌رچوو, ده‌نگده‌ر زیاتر ده‌جوڵا بۆلاى قه‌ره‌باڵغى و ده‌یویست بزانێ هێز و داهاتوو له‌لاى كێیه‌ نه‌ك به‌رنامه‌، ناڵێم هه‌موو ده‌نگده‌ر به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێكى نه‌ستى بوو, چونكه‌ به‌هۆى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵبژاردن وه‌كو ڕۆتین و هاوكێشه‌یه‌كى نه‌گۆڕ، خه‌ریك بوو له‌ زاكیره‌ى تاكى كوردیدا ده‌چه‌سپا, ستافه‌كه‌ى ئێمه‌ تاڕاده‌یه‌كى باش له‌كفرى دا توانى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ په‌یڕه‌و بكات هاووڵاتى خۆى سه‌نته‌ره‌ و ده‌توانێ بڕیاربدات له‌ هه‌ڵبژاردندا .
به‌هۆى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵبژاردن وه‌كو ڕۆتین و هاوكێشه‌یه‌كى نه‌گۆڕ، خه‌ریك بوو له‌ زاكیره‌ى تاكى كوردیدا ده‌چه‌سپا
دانا ڕزگار: له‌و كاته‌ هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ئێوه‌ ده‌ركه‌وت له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌كفرى؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: ئێمه‌ وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ى باسمكرد دواى هه‌ڵبژاردنى 25/7 سه‌ربه‌خۆى خۆمان ڕاگه‌یاند و زیاتر وه‌كو گۆڕانخوازێكى سه‌ربه‌خۆ ماینه‌وه‌, سه‌ربه‌خۆ له‌و ستراتیژه‌ حزبیه‌ى كه‌ ئێستا گۆڕان وه‌كو حزب پیاده‌ى ده‌كات, به‌ڵام پێمانوابوو ئێمه‌ كارمان بۆ فراكسیۆنێك كردووه‌ وه‌كو ئۆپۆزیسیۆنێك بچێته‌ په‌رله‌مان و باشتره‌ چاودێرى فراكسیۆنه‌كان بكه‌ین تاچه‌نده‌ به‌رنامه‌ و به‌ڵینه‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن, ئه‌وه‌ى گۆڕان كردى دواتر ئێمه‌ ته‌نها وه‌كو ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیرى سه‌ربه‌خۆ وه‌كو چۆن قسه‌ و خوێندنه‌وه‌مان له‌سه‌ر كاره‌كانى یه‌كێتى و پارتى هه‌بووه‌ و پێمانوابووه‌ كاریگه‌رى بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ئاوه‌هاش قسه‌مان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر گۆڕان و پێمانوابووه‌ گۆڕانیش خاوه‌ن جه‌ماوه‌ره‌ و ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ش به‌شێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌, ناكرێت گۆڕان سیاسه‌تێكى پیێوه‌ بكات وه‌كو چۆن یه‌كێتى و پارتى ده‌یكه‌ن, به‌ڵكو واتێگه‌یشتووین خه‌ڵكى گۆڕانخواز زۆر حه‌جمى گه‌وره‌تر و فراوانتره‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.. ئه‌م بیروبۆچونه‌ى ئێمه‌ وه‌كو ئاراسته‌یه‌كى جیاوازى لێهات، هه‌ستمان كرد له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌ى گه‌رمیان و ناوچه‌كانى تریش شێوازێك له‌م بۆچوونانه‌ هه‌ن, ئه‌وه‌ به‌باش زانرا گۆڕان ته‌نها حزبى هه‌ڵبژاردن بێت نه‌ك حزبى ڕێكخستن و كۆبونه‌وه‌ى داخراو و سواو, ئاراسته‌یه‌كى تریش پێى باش بوو گۆڕان خۆى ڕێكبخاته‌وه‌ و ڕێكخستن دروست بكات, له‌دواى 25/7 هه‌ستمان به‌وه‌ كرد كه‌ به‌ربه‌سته‌كان دیارن, بۆیه‌ وازهێنانى خۆمان وه‌كو كادیرى حزبایه‌تیكردن ڕاگه‌یاند, دواتر ئه‌و ئاراسته‌ ته‌قلیدییه‌ حزبیه‌ زاڵ بوو به‌سه‌ر كاره‌كاندا و فه‌لسه‌فه‌ و ستراتیژى گۆڕان له‌حزبى هه‌ڵبژاردن و دیارده‌وه‌ كرده‌ حزبى ڕێكخستن و ته‌قلید و پابه‌ندبوون به‌كه‌سایه‌تى و به‌رژه‌وه‌ندى و دژایه‌تیكردنى وزه‌ و توانایى نوێ و چه‌نده‌ها سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ى تر.
گۆڕان بووه‌ حزبى ڕێكخستن و ته‌قلید و پابه‌ندبوون به‌كه‌سایه‌تى و به‌رژه‌وه‌ندى و دژایه‌تیكردنى وزه‌ و توانایى نوێ و چه‌نده‌ها سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ى تر.

دانا ڕزگار: به‌رهه‌مى كاره‌كه‌تان چۆن بوو؟ و ئایا قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ پڕۆژه‌ى تایبه‌تتان هه‌بێت؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: گۆڕان وه‌كو شوێنه‌كانى تر بونه‌ واقیعێك له‌كفری دا, هه‌وڵ و ماندوبونى په‌رله‌مانتاره‌كانى تاكه‌ ده‌ستكه‌وتى كاركردن و ده‌ستكه‌وتى ئێمه‌یه‌, ئه‌گینا گۆڕان ئێستا له‌كفری دا یه‌كێتیه‌ كۆنه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتن و ئه‌وان ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌ وه‌كو پێشوتریان به‌كه‌مێك جیاوازیه‌وه‌, ئه‌وانیش ده‌ڵێن ئێمه‌ شه‌رعیه‌تى هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌, بۆ شه‌رعیه‌ته‌تبونیشیان پێویسته‌ كاك نه‌وشێروان وه‌ڵام بداته‌وه‌ چونكه‌ خۆى باش ته‌فاێیلى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كفرى ده‌زانێت و ڕه‌خنه‌كان و له‌به‌یاننامه‌ بڵاونه‌كراوه‌كه‌ش ئاگاداره‌.
حزب ته‌نها دێوه‌خانى هه‌یه‌ چاى تیا ده‌خورێ و ڕاپۆرتى چالاكییه‌كانى تیا ده‌نووسرێ, ئیتر نازانرێ كامه‌یه‌ چالاكى..؟
دانا ڕزگار: ئه‌گه‌ر ئه‌م ستافه‌ى ئێوه‌ ئه‌و كاته‌ له‌كفرى كاریان نه‌كردایه‌، ئاستى ده‌نگى گۆڕان چۆن ئه‌بوو؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: ستافه‌كه‌ى ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ر و دروستكه‌رى یه‌كه‌مى گۆڕان بوون له‌ كفرى, له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دا ئاستى ده‌نگدانى گۆڕان دابه‌زى له‌ كفریدا به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌كفرییه‌وه‌ نه‌بوو, له‌ناوچه‌كانى ترى كوردستانیشدا ئه‌مه‌ ڕوویدا, ئه‌گه‌ر ستافه‌كه‌ى ئێمه‌ نه‌بووایه‌ پێموایه‌ گۆڕان له‌ كفریدا به‌شێوازێكى زۆر ناته‌ندروست له‌دایك ده‌بوو، تا ئه‌وكاته‌ى وه‌كو چاودێرێكى مه‌ده‌نى وه‌كو كه‌سانێك به‌شداریمان له‌به‌رنامه‌ و گه‌شه‌پێدانى دا كردبوو سه‌یرى خۆڕێكخستن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یمان ده‌كرد, بۆمان ده‌ركه‌وت گۆڕان ناتوانێت جیاوازبێت له‌حزبه‌كانى تر, ڕه‌نگه‌ له‌شكڵ و تێوردا جیاوازى هه‌بێت به‌ڵام له‌پراكتیكدا ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌كفرى سازیدا له‌هه‌ڵبژاردن, یه‌كێتى و پارتیش هه‌رووه‌ها ده‌كه‌ن به‌كه‌مێك جیاوازییه‌وه‌.. به‌ڵام جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان تاڕاده‌یه‌ك جیاوازه‌, گۆڕانخوازان ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌رده‌بڕن و پیشانى ده‌ده‌ن.
دانا ڕزگار: ئه‌و كێشانه‌ چى بوون كه‌ ڕووبه‌ڕووتان بووه‌وه‌؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ دواى هه‌ڵبژاردن وازمانهێنا, ئه‌و شتانه‌ى ئێمه‌ باسمان ده‌كرد دواتر وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ پێشبینیمان ده‌كرد ڕوویدا, بۆنمونه‌ ده‌مانووت گۆڕان ببێته‌ حزبى ڕیكخستن سه‌ركه‌وتنى تیا ئه‌سته‌متره‌, چونكه‌ كوتله‌ و باڵباڵێن و مه‌حسوبیه‌تى تیا دروست ده‌بێت, به‌رژه‌وه‌ندى زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر به‌هادا, پرسى سه‌روه‌رى و قوربانیدان دێته‌ پێشه‌وه‌, ستافێك ده‌ڵێت ئێمه‌ وازمان له‌ده‌ستكه‌وت هێنا و خۆمان بێبه‌ش كرد, داواى قه‌ره‌بوو ده‌كات, ستافێك ده‌ڵێت چه‌نده‌ها ساڵه‌ خه‌باتم هه‌یه‌ و پێویسته‌ شوێنم بدرێتێ, ستافێكى گه‌نج بێ ئاگا له‌و ئه‌زموونه‌ حزبیه‌ خۆى ڕاناگرێ و پاشه‌كشه‌ ده‌كات و ناتوانێ بچێته‌ ناو ئه‌و هه‌موو ململانێ و ناكۆكییه‌ ناته‌ندروستانه‌وه‌ كه‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات به‌درێژاى ساڵانى پێشوو به‌رهه‌میانهێناوه‌, كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى تر هه‌بوو شكستى گۆڕان پیشانده‌دا كه‌ ببێ به‌حزبى ڕێكخستن و قه‌باره‌ و خاوه‌ن ئه‌ندام, سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ش له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ڕێگه‌ نادات گۆڕان ببێت به‌ حزبێكى مۆدیرن و جیاواز, ئه‌وه‌تا دواى ئه‌و هه‌موو قه‌یران و بگره‌ و به‌رده‌ى گۆڕان و حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات داواى لێ ده‌كه‌ن به‌شداربێته‌وه‌ له‌ كێكه‌ شیرینه‌كه‌دا و به‌شداربێت له‌حكومه‌ت, واتا گۆڕان ئه‌وه‌ى بیرچوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكدا ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رم ده‌كات ته‌نها ڕێگه‌ چاره‌ى بۆ چاكسازى به‌شداریكردن و بێده‌نگ كردنى به‌رامبه‌رێتى، بۆ ئه‌وه‌ى مڕۆڤ تێربێت له‌داهاتى ئه‌م وڵاته‌ و لێى دانیشێ.. كێشه‌كان ئه‌وه‌بوون كادیره‌ حزبیه‌ وازهێنه‌ره‌كان پێیانوابوو ده‌بێت ئه‌وان هه‌موو شتێك بن, چونكه‌ قوربانیان داوه‌ و ده‌بێ دواقسه‌ و بڕبار لاى ئه‌وان بێت, گۆڕانیش كه‌وته‌ ژێر هه‌مان ته‌وژمه‌وه‌ و ئه‌وه‌ى ئه‌وان ویستیان كردی و له‌ده‌رئه‌نجامیشدا پاشه‌كشه‌ى گه‌وره‌ى گه‌نجان ڕووى له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ كرد وه‌كو به‌شدارنه‌بوون له‌و شێوازى حزبایه‌تییه‌ نه‌ك بیرۆكه‌ى گۆڕانخوازى.. هه‌ر له‌كاتى سه‌ره‌تایى خۆڕیكخستندا كادیره‌ حزبیه‌ كۆنه‌كان كاریان بۆ پاشه‌كشه‌ى گه‌نجان كرد و نه‌وشێروان مسته‌فا سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌خۆى ئه‌و كاره‌ى ده‌كرد گوایه‌ گه‌یشتۆته‌ بڕواێه‌ك گه‌نجان هه‌ناسه‌یان كورته‌ و زوو پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن, پێش هه‌ڵبژاردن خه‌ڵكى ته‌كلیف ده‌كرد به‌ ته‌سكیه‌ مه‌كۆكان ڕێكبخا به‌ مه‌كۆى كفریشه‌وه‌, دواتر ئه‌ویش چۆنى بویستایه‌ ئاوه‌هاى ده‌كرد, خاڵێك بینیمان پێچه‌وانه‌ى دروشمه‌كانى خودى كاك نه‌وشێروان بوو ده‌یووت" ئاینده‌ى وڵاته‌كه‌م گه‌ش ده‌بینم چونكه‌ ئاینده‌ى گه‌نجانى وڵاته‌كه‌م گه‌ش ده‌بینم" له‌كاتى ڕێكخستن و هه‌ڵبژاردنى بزوتنه‌وه‌كه‌ى دا له‌كفرى و شوێنانى تریش نه‌ك ئاینده‌ى گه‌نجانى گه‌ش نه‌كرد له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ى دا, به‌ڵكو گه‌نجیشى بێ ئومێد و ته‌فروتوناكرد,ئه‌وه‌شى ده‌وترێ گه‌نجه‌و به‌شداره‌ له‌ ئێستادا, من ده‌ڵێم با كه‌سێك له‌و گه‌نجانه‌ بچێ له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ك, پێشنیارێكى جیدى, له‌سه‌ر ستراتیژ یان یه‌كێك له‌كاره‌كانى كاك نه‌وشێروان بگرێت بزانه‌ چۆن چۆنى وه‌ڵامى ده‌درێته‌وه‌, یان یه‌كێك له‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجانه‌ى كه‌ ده‌وترێن ئێستا له‌بزوتنه‌وه‌كه‌دا هه‌ن, با وتارێكى ڕه‌خنه‌ى له‌سه‌ر كاره‌كانى كاك نه‌وشێروان بڵاو بكاته‌وه‌ بزانه‌ چۆن بۆى ده‌ربكه‌وێ گۆڕان كۆپییه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستاى له‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات.. كاتێك ئێمه‌ ناڕه‌زایه‌تى هه‌ڵسوڕاوان له‌سه‌ر شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كفریمان گه‌یانده‌ كاك نه‌وشێروان, ئه‌وكات بۆمان ده‌ركه‌وت زۆر كاره‌ساتبارتر له‌ ڕه‌خنه‌ تێگه‌یشتووه‌, به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌رپرسه‌ى ژوورى هه‌ڵبژاردنه‌ى كه‌ ئێستا باسى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ناڕه‌زایه‌تى جه‌ماوه‌رى و ڕه‌وایه‌تى خۆپیشاندان ده‌كات, به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى گۆڕانخوازانى كفرى دایه‌وه‌, جگه‌ له‌ بێ ئومێدى و فه‌لسه‌فه‌ى چه‌واشه‌ى گۆڕانكارى هیچى تر نه‌بوو. چونكه‌ پێمانوابوو شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ى ته‌قلیدیه‌كاندایه‌, ئه‌وانه‌ى بڕوایان به‌خۆپارێزى و دوورپارێزى له‌ ڕێكخستنى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى خه‌ڵكى هه‌یه‌, پێمانووتن بیهێننه‌ پێشچاوى خۆتان, خه‌ڵكێ ناڕازى بێت له‌دواى هه‌ڤده‌ى شوبات و بیه‌وێ بچێته‌ سه‌رشه‌قام و پشتیوانى پرۆسه‌ى چاكسازى بكات ئه‌و ستافه‌ى كه‌ ئێستا خۆیان كردۆته‌ حه‌كیمى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خه‌ڵك ساردبكه‌نه‌وه‌ و هانى خه‌ڵك بده‌ن به‌شدارى خۆپیشاندانى مه‌ده‌نیانه‌ نه‌كه‌ن, چاوه‌ڕێى چى ده‌كرێ له‌و گۆڕانه‌ى دروست ده‌بێ و چ حزب و ڕێكخستنێكى لێ دروست ده‌كرێ, به‌ڵام دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت پشتكردنه‌ خه‌ڵكى خۆپیشانده‌ر و ناڕازى له‌كاته‌ چاره‌نووسازه‌كاندا, سیاسه‌تێك بووه‌ گۆڕان دایڕشتووه‌ نه‌ك كه‌سانى خواره‌وه‌ى مه‌كۆكان.
له‌سه‌ره‌تاى خۆڕیكخستندا كادیره‌ حزبیه‌ كۆنه‌كان كاریان بۆ پاشه‌كشه‌ى گه‌نجان كرد و نه‌وشێروان مسته‌فا سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌خۆى ئه‌و كاره‌ى ده‌كرد
دانا ڕزگار: بۆچى خۆتان هه‌ڵنه‌بژارد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى گۆڕان له‌كفرى؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: هیچ قه‌ناعه‌تێكمان به‌ كاركردنى حزبى نه‌ما, هه‌ڵبژاردنه‌كانیشى له‌كفرى, جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ى كه‌ پێشووتر ده‌كران, جیاوازییه‌ك كه‌ هه‌یبێت گۆڕان خاوه‌نى پاره‌و هێزى سه‌ربازى و كۆمپانیا و ده‌زگاى ئه‌منى و ئه‌و شتانه‌ى نه‌بوو, به‌ڵام كاریگه‌رى شێوازى هه‌ڵبژاردن به‌هۆى ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ى ئێستا كه‌ پێشێنه‌یى حزبى تریان هه‌بوو, وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌ و له‌زۆر شوێن دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كفرییه‌وه‌ دیاربوو, ئێمه‌ وه‌كو چاودێرێكى سه‌ربه‌خۆ و ڕۆژنامه‌نوسێك ئامانجمان پشتیوانى ده‌نگى ناڕازى ته‌ندروسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێكبخرێ و شوێنه‌وار و كاردانه‌وه‌ى سلبى ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ نه‌بێت, ناڕه‌زایه‌تى فراوان هه‌بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گۆڕان له‌كفرى ته‌نانه‌ت واى لێهات به‌یاننامه‌ له‌دژى بارودۆخى هه‌ڵبژاردنى كفرى له‌لایه‌ن گۆڕانخوازانى ناڕازییه‌وه‌ ده‌ربچێ, به‌ڵام نه‌وشێروان مسته‌فا به‌ به‌ڵێن هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى دامركانده‌وه‌ و به‌شێكیشى به‌ ناڕه‌وا زانى هیچ به‌ڵێنێكى نه‌برده‌ سه‌رو به‌ڵكو ووتى ئه‌وانه‌ى ده‌رچونه‌ ئه‌زمونی یه‌ و بۆ ساڵێكه‌ و ته‌واو ده‌بن, ئه‌وه‌تا له‌جڤاتتدا بینیمان نیازى چى هه‌یه‌...
دانا ڕزگار: چى تێبینییه‌كتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى ئێستا باژێروانى گۆڕانن له‌كفرى؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: هیچ تێبینیه‌كم له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى نییه‌, به‌ڵكو هه‌ستده‌كه‌ین گۆڕانیش ئه‌وه‌ى بیه‌وێ بیسه‌پێنێ به‌ یاساو ڕۆتینات و سه‌پاندنى فه‌لسه‌فه‌ى قه‌رزادنه‌وه‌ى سه‌روه‌رى ئیشى بۆ ده‌كات.
دانا ڕزگار: چڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆچى دروستبوو؟ عوسمانى حاجى مه‌حمود و هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانى بۆچى لێى ناڕازی بوون ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ بڵاوبونه‌وه‌ى هه‌واڵى وازهێنانیان له‌ گۆڕان؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: كاتى به‌ستنى كۆنگره‌ى گۆڕان نزیكبۆته‌وه‌, كاك نه‌وشێروان بۆ ئه‌وه‌ى شه‌رعیه‌تێك بدۆزێَته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێ له‌ كۆنگره‌كه‌ خۆى چۆن به‌باشى بزانێت بیكات, هه‌ستا ئه‌م جڤاته‌ى دروستكرد, به‌شێوه‌یه‌كیش دایمه‌زراندووه‌ ده‌یه‌وێ شه‌رعیه‌تى پێبدات ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ئیزدواجییه‌تى معایره‌یه‌ ئه‌و ته‌كوینه‌ ستالینیه‌یه‌ كه‌ خۆى دژى ده‌وه‌ستێ و باسى ده‌كات, دروستكردنى ئه‌و جڤاته‌ و هه‌ندێك له‌ بڕیار و هه‌نگاوه‌كانى, مه‌ترسى ئه‌وه‌ى دروست كرد بۆ جارێكى تر تاكڕه‌وى و دیكتاتۆریه‌ت له‌ خودى ئه‌و كه‌سه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ خۆى حزبه‌كه‌ى جێهێشت له‌پێناو نه‌مانى ئه‌و شتانه‌دا, نه‌وشێروان مسته‌فا پیاوێكى حه‌كیم و سیاسییه‌كى عاقڵه‌, پێشوه‌خت ئیشى بۆ دوورخستنه‌وه‌ و پاكسازى ئه‌و گه‌نجانه‌دا كرد له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ى دا كه‌ تاكڕه‌وى دیكتاتۆرییان پێ قه‌بوڵ نییه‌, وه‌كو قه‌رزێكیش بۆ كۆنه‌ یه‌كێتییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ دوورخستنه‌وه‌ى گه‌نجان به‌شێكى ئه‌وانیشى بێده‌نگ و به‌شێكیشیانى نائومێد كرد, بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر بڕیاێكى دا كه‌س جورئه‌تى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى نه‌بێت و بڕیاره‌كه‌شى بسه‌پێت, ئه‌وه‌ى مایه‌وه‌ وه‌كو ئومێدێك گۆڕان له‌قه‌یرانى تاكڕه‌وى و هه‌ڵدێڕ و دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ ستراتیژه‌ گرنگه‌كانى ده‌ربكا ته‌نها عوسمانى حاجى مه‌حمود و هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانى بوو, ویستیان خاڵێك دابنێن و ئه‌وه‌ى ڕویداوه‌ پێداچوونه‌وه‌ى پێدا بكرێت به‌جۆرێك گۆڕان وه‌كو هێزێكى سیاسى جێى ئومێد بۆ ئه‌م وڵاته‌ سه‌یربكرێت نه‌ك تووشى كێشه‌ و گیروگرفتى لاوه‌كى بكرێت به‌هۆى تاكڕه‌وى له‌ بڕیاردان و حساب بۆ نه‌كردنى پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ و بۆچوونى ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵى سه‌ره‌كى و ستراتیژیان هه‌یه‌ له‌ دروستبوونى بزوتنه‌وه‌كه‌دا و له‌سه‌ر ئاستى كوردستانیش كه‌سایه‌تییه‌كن به‌تایبه‌تى عوسمانى حاجى مه‌حمود خاوه‌ن بۆچوون و پێشینه‌ى وڵاتپارێزى و چاكسازى و خزمه‌تكردنى خه‌ڵكن, به‌جۆرێك جه‌ماوه‌ره‌كه‌شى چاوه‌ڕێى ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌ى لێ ده‌كه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌ى به‌فۆرمێك پێشبخات له‌گه‌ڵ هاوڕێكانییدا, چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌كانى وڵاتى پێبكرێ و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌نگ و قورسایى زیاترى هه‌بێت تا له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ چاكسازى گه‌وره‌ بكات..
دانا ڕزگار: بۆچى ده‌وترێت ئه‌و ستافه‌ى گه‌رمیان كه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى گۆڕان به‌تایبه‌ت له‌كفرى, سه‌ر به‌ كوتله‌ى عوسمانى حاجى مه‌حمودن و ئه‌و پشتیوانى كه‌سانى وه‌ها ده‌كات بۆیه‌ نه‌وشێروان مسته‌فاش گه‌یشتۆته‌ بڕوایه‌ك گوێى لێ نه‌گرێت؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم: من شتێك نابینم ناوى كوتله‌ى عوسمانى حاجى مه‌حمود بێت ئه‌و پرسیاره‌ش هیچ په‌یوه‌ندى به‌منه‌وه‌ نیه‌, ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ ئێستا و پێشووتر مه‌كۆكانیان بردۆته‌ ڕێوه‌ له‌كفرى و شوێنانى تر, نازانم تاچه‌نده‌ توانیویانه‌ خراپ سوود له‌ كه‌سایه‌تى ئه‌و وه‌ربگرن بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌تى خۆیان, به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ من باسى ده‌كه‌م له‌ كفرى, له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌و ئاگاى لێ بێت به‌و شێوه‌ ورده‌كاریانه‌له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كانى گۆڕاندا یان تایبه‌ت به‌وبێت, ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ كاك نه‌وشێروان و وه‌كو وتم ئه‌و به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامى هه‌بووه‌.له‌و باوه‌ڕه‌دانیم عوسمانى حاجى مه‌حمود بیه‌وێ خۆى بچوك بكاته‌وه‌ له‌ئاستى ناوچه‌یه‌كى تایبه‌تیه‌وه‌ یان مه‌كۆیه‌كه‌وه‌ خه‌رێكى ئه‌و كارانه‌ و بچوكردنه‌وه‌ى گۆڕان بێت بۆ ئه‌و ناكۆكیانه‌ ئه‌وه‌ى دیاره‌ و ده‌بینرێ و هه‌ستى پێده‌كرێت ئه‌و ستراتیژه‌ گرنگه‌كانى لا مه‌به‌سته‌ گۆڕان لێى لانه‌دات, به‌تایبه‌ت شێوازى خۆڕێكخستن و بڕیار دان و پرسى شه‌رعیه‌ت چونكه‌ گۆران بۆ ئه‌وه‌ دروستبووه‌ كوردستان له‌قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كان ده‌ربكات ناكرێ خۆى توشى ئه‌و قه‌یرانانه‌ بكات, وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا جگه‌ له‌وه‌ى دامه‌زرێنه‌رى نه‌خشه‌ڕێگاى گۆڕانخوازییه‌ له‌سه‌رئاستى كوردستانیش یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كان كه‌ ده‌توانرێ سه‌یر ڕابردووى بكه‌ى و شه‌رم نه‌تگرێت پێچه‌وانه‌ى هه‌ندێك سه‌ركرده‌ى حزبه‌كانى تر كاتێك سه‌یر ڕابردویان ده‌كه‌ى و ده‌یخوێنیته‌وه‌ شه‌رم ده‌تگرێت...
دانا ڕزگار: ئه‌گه‌ر عوسمانى حاجى مه‌حمود و هاورَیكانى وازبهێنن، گۆڕان چاره‌نووسى چى لێ دێت به‌تایبه‌ت له‌ گه‌رمیان دا؟
خالید عه‌بدولكه‌ریم:به‌بۆچونى من پێموانییه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ و به‌ وازهێنان كۆتایى بێت, چونكه‌ جه‌ماوه‌رى گۆڕانخواز جیاوازییه‌كیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى حزبه‌كانى تردا, هه‌ر كه‌س و سه‌ركرده‌یه‌ك بیه‌وێت تاكڕه‌وانه‌ چاره‌نووسى ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ حه‌ماس و دڵسۆزه‌ به‌ره‌و نادیار ببات باوه‌ڕناكه‌م بتوانێ تاسه‌ر ئه‌وه‌ بكات و سه‌ركه‌وتووش بێت, پێموایه‌ به‌ هه‌بوونى تاكڕه‌وى, خۆسه‌پاندن و كاركردن به‌ ئیزدیواجیه‌تى معاییر, گۆڕان ده‌ه‌وه‌ستێنێ و چه‌ق ده‌به‌ستێت, بێ ئومێدى لاى ده‌نگده‌ره‌كانى, لاى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى كوردستان كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن گۆڕان ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌یان بۆ خولق بكات, دروست ده‌بێت, پرسى وازهێنانى عوسمانى حاجى مه‌حمودیش هه‌روا ئاسان نییه‌, ئه‌گه‌ر وازبهێنى واتا گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ پرسى چاكسازى و تاكڕه‌ویى و دیكتاتۆرى له‌نێو خودى خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات, جا ئه‌وكات ئه‌و حزبه‌ به‌و شێوه‌یه‌ى لێ بێت ئێوه‌ پێم بڵێن چاره‌نووسى چى لێدێت؟ چونكه‌ ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ ڕه‌خنه‌مان له‌ به‌شێكى زۆرى كاره‌كانى عوسمانى حاجى مه‌حمود و هاوڕێكانى هه‌بێت له‌ماوه‌ى ڕابردوودا, به‌ڵام ئێستا پێمانوایه‌ ناڕازى و نیگه‌رانى ئه‌و له‌ پرسى مه‌ترسى دروستبوونى تاكڕه‌وى و دیكتاتۆرییه‌, بڕیاردانى تاكلایه‌نه‌ و حساب بۆ نه‌كردنى ئه‌وانى تره‌, باشتروایه‌ كاك نه‌وشێروان لێَیان تێبگات وه‌كو ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كه‌یان, نه‌ك كاردانه‌وه‌ و دروستكردنى پاڵه‌وانى به‌فرین و ده‌سته‌مۆ له‌به‌رده‌میاندا, لێدوانى ناواقیعى و هاندانى ده‌زگا و ئیعلامى سۆفیست و شكڵى و بێ ناوه‌رۆِك له‌ دژیان.. هیوامانوایه‌ ئه‌م ململانێیانه‌ نكۆڵیان لێ نه‌كرێ, ڕاگه‌یاندنه‌كانى كۆمپانیاى وشه‌ش بێ لایه‌نانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى ڕه‌خنه‌ دا بكه‌ن, له‌وه‌ زیاتریش هه‌وڵنه‌ده‌ن كاك نه‌وشێروان بكه‌نه‌ وه‌هم .


ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌ گۆڤارى (گه‌ڕان)ژماره‌ (10) حه‌ڤده‌ى شوباتى ئه‌م ساڵ بڵاوبۆته‌وه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە