کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان ئاسۆى ئازادییە

Thursday, 04/03/2010, 12:00



هەموو نەتەوە و میللەتێك گەر بیەوێت پێشكەوێت و ئایندەیەكى گەشى هەبێت ، پێویستە بەخۆى دابچێتەوە و چاكە و خراپەكان لەیەكتر جیابكاتەوە . نەتەوەى ژیرو هۆشیار ئەوەیە كەوا برەو بەچاكەكان دەدات و چاكتریان دەكات و خراپەكانیش دەخاتە ژێر كۆنتڕۆڵى چاكسازى و چاكەكارى و پەندیان لێوەردەگرێت ، وەك بەڕێز نەوشیروان لەپەیامە پڕ لەبەهاو گرنگەكەى بۆ چین و توێژەكانى كوردستان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە (ئێمە كار ئەكەین نەوەیەكى سیاسى تازە دەركەوێت و ئەو نەوەیە بێت بەدرێژەپێدەرى ئەو كارە باشانەى نەوەكانى پێشوو ئەنجامیانداوە و ئەو هەڵە و كەموكوڕیانەش دوبارە نەكاتەوە كە ئەوەى پێشو توشى بون) .
ئەمڕۆ گۆڕان لە ناڕەزاییە كەڵەكەبوەكانى ناخى جەماوەرى ستەمدیدە و بەشخوراوانى كوردستان و خەڵكانى خاوەن ویژدانەوە وەكو ئاگرپژێنێك لەرووى رەشى گەندەڵان و مشەخۆرانى دەسەڵات تەقیوەتەوە . ئەگەر بەرپرسانى دەسەڵات تۆزێك شەرم و حەیایان هەبێت یان خۆیان دەكوژن یان ئەم نیشتمانە بەجێدەهێڵن كەتیایدا كەوتونەتە زەڵكاوى خیانەت و ریسوابونەوە .
راستە زۆرینەى هەڵسوڕێنەرانى گۆڕان سەركردە و كادیرە بەشەرەفەكانى یەكێتى بون ، بەتایبەتى ئەوانەى رابردویەكى پاكیان هەیە و بەشدارییان لەگەندەڵى نەكردوە و گاڵتەیان بەهەست و سۆزى خەڵكى خێر لەخۆنەدیوى كوردستان نەكردوە و بەدرۆو دەڵەسە فریویان نەداون .
وێڕاى ئەوەى ئەم هەڵوێستەیان زۆر جوامێرانەو شەرفمەندانەیە لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە كاریگەرێكى زۆرى كردبێتە سەر بڕبڕەى یەكێتى و درزێكى گەورەى بۆ دروستكردبێت ، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش باش بزانین كەوا پارتى داینەسۆرى كوردستان نەك لەگەڵ ئەم پێشڤەچوونەى گۆڕاندا تۆقیوە بەڵكو كلۆریش بووە .
بێگومان كەسانێكى زۆریش لەدڵسۆز و خاوەنویژدانانى گشت حزب ولایەنەكانى دیكەى كوردستانیش ئەوانەى كەوا دەمێكە دەنگى ویژدانیان خنكێندرابوو ، ئێستا زۆر چاك هەست بەوەدەكەن كەوا لەژوورە تاریك و داخراوەكانى حزبەكاندا مۆمێكى گەش دادەگیرسێت و روى دزێوى بەرپرسە گەندەڵەكان ئاشكرادەكات . 
باشترین بەڵگەش بۆ كلۆربوون و داخورانى پارتە داینەسۆرەكەى مەسعودى میلیشیا پەرست ئەو كزى و لاوازییە كەوەك رۆژى رون دیارە ، بەتایبەتى كاتێك لەشارى هەولێردا بەهەموو شێوەیەك رێگربوون لەجموجۆڵەكانى یەكیَِتى و یەكگرتووى ئیسلامى و گشت لایەنەكانى تر نەیاندەهێشت بەئازادى كارى سیاسى و حزبیان ئەنجامبدەن ، كەچى ئێستا بەپێچەوانەوە لەسایەى گەردەلولى گۆڕانەوە هەموو لایەنەكان و خەڵكى كوردستان بوژاونەتەوە بەئازادى راى خۆیان دەردەبڕن بەتایبەتى لەشارى هەولێى قوفڵدراودا .
نموونەیەكى تر بۆ سەلماندنى ئەم راستیانە ئەوەیە كەوا هەموو خەڵكى شارى هەولێر باش دەزانن لەوەتەى مەڵبەندى (3) ى یەكێتى هاوتۆتەوە هەولێر كاك كۆسرەت لەلایەن پارتیەوە فشارێكى زۆرى لەسەر بووە تاكو جموجۆڵى لەهەولێر نەبێت و نەچێتە ناو خەڵك و لەگەڵیان كۆنەبێتەوە نەوەكو جارێكى تر جەماوەرە ترسێنراوەكەى هەولێر بەدواى كۆسرەت بكەونەوە ، كەچى ئێستا كۆسرەت لەسایەى گەشەسەندن وپێشكەوتن و سەركەوتنى گۆڕاندا بەئارەزووى خۆى و بێ سڵكردنەوە لەهەڕەشەكانى پارتیدا دەچێتە ناو خەڵكى شارى هەولێر و لەگەڵیان كۆدەبێتەوە،لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت كەوا گۆڕان لەگەڵ ئەوەى بوەتە هۆى زیان گەیاندن لەبەرژەوەندیە ناشەرعیەكانى ئەم حزبانە بەڵام ئیعتباریشى بۆ هەندێك لەبەرپرسەكان گەڕاندۆتەوە ، جاپێویستە ئەمەش پەند و عیبرەتێك بۆیان و بەخۆیان دابچنەوە و بزانن گۆڕان چیەو سودى چیە ؟! لەم میانەوە نەك تەنیا كۆسرەت بەڵكو هەندێك لەكەسایەتیە سیاسیەكان و بەرپرسە فەرامۆشكراوەكانى پارتى خێڵەكى مەسعودیش ئێستا حیسابیان بۆدەكرێت .. جابۆ ناڵێن گۆڕان خێر و بەرەكەتە .. كاك نەوشیروان نەك هەروەكو گاندى و گیڤارا خۆشەویستە بەڵكو بۆ كورد زۆریش پێویستە . 

4/ 3/ 2010
هەولێر
  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە