لەسەربڵاو كردنەوەى هەواڵێك لە كوردستانپۆست ، بنەماڵەى حەمەى حەمەسەعید سكاڵایان لەدژى كەیوان هەورامى تۆماركرد .
Thursday, 13/01/2011, 12:00
پەیامنێرى كوردستانپۆست:
دواى ئەوەى ڕۆژنامەنوس كەیوان هەورامى لەڕۆژى 23-12-2010 لەكوردستانپۆست هەواڵێكى لەژێر مانشێتى (بەرهەم ساڵ لەهەڵەبجەى شەهید پارەى بەسەر هەندێك ماستاوچى حزبى و جاشدا بەخشیوەتەوە) و تیایدا ئاشكراى كردبوو كە بەرهەم ساڵحى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەماڵى حەمەى حەمەسەعید لەهەڵەبجەى شەهید 8 دەفتەر دۆلارى بەسەر هەندێك ماستاوچى حزبى و جاشدا بەخشیوەتەوە ، (هادى حەمەسەعید) ى براى حەمەى حەمەسەعیدى ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ، لەدادگاى هەڵەبجەى شەهید سكاڵاى لەدژى كەیوان هەورامى تۆماركردوەو كەیوان هەورامى ڕۆژنامەنوسیش دواى ئەوەى لەلایەن بنكەى پۆلیسى هەڵەبجەوە ئاگادار دەكرێتەوە بە كەفالەتى 140 هەزار دینارى عێراقى ئازاد دەكرێت و بە پێى مادەى 8 ى یاساى ڕۆژنامەنوسى دادگایى كردنەكەى دەست پێدەكات ، هەروەهابەپێى ئەو ووتانەى كەلەدادگادا لێى وەرگیراون هادى حەمەسەعید سكاڵاكەر ئاماژەى بۆئەوە كردوە كە لە بڵاو كردنەوەى ئەو هەواڵەدا سوكایەتى پێكراوە كە ناوى وەكو كەسێكى جاش هاتوە ، هەروەها ئەوەشى وتوە كە كەیوان هەورامى لە و هەواڵەى كە بڵاوى كردوەتەوە لەكوردستانپۆست سوكایەتى بەبەرهەم ساڵح كردوە و داواى سەندنەوەى مافى دكتۆر بەرهەمى كردوە . لاى خۆیەوە كەیوان هەورامى بەكوردستانپۆستى ووت " پێش هەرشتێك سكاڵایەى كە لەدژى تۆماركراوە نایاساییە ،چونكە لەوتەكانیدا هادى حەمەسەعید داواى سەندنەوەى مافى دكتۆر بەرهەمى لەمن كردوە و بەپێى یاساش كەس بۆى نى یە داواى حەقى كەس بكات ،پێش ئەوەى كە ئەو سكاڵایەشم لەدژ تۆمار بكرێت بنەماڵەى حەمەى حەمەسەعید فشاریان خستوەتە سەرم و خودى حەمەى حەمەسەعیدى ئەندام سەركردایەتى یەكێتیش داواى ئەوەى لەخزم و كەس و كارم كردوە كە بەمن ڕابگەیەنن نوسینەكانم لەكوردستانپۆست بەناوى خۆمەوە بڵاو نەكەمەوە و ناوى خوازراو بەكاربهێنم " هەروەها كەیوان هەورامى ئەوەشى بە كوردستانپۆست ووت كە "واز لەكارى ڕۆژنامەوانى ناهێنێت و لە بڵاو كردنەوەى گەندەڵى و كارە ناشەرعیەكانى حەمەى حەمەسەعیدیش بەردەوام دەبێت و ئامادەشە لە دادگا هەموو ڕاستیەكان بخاتە ڕوو ".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست