کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى لە یادى بیست وسێساڵەى جینۆسایدى ئەنفال

Thursday, 14/04/2011, 12:00



هاونیشتمانیانى خۆشەویست،
خێزانى سەربەرزى شەهیدانى ئەنفال و سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى،
سڵاوى خۆڕاگریتان لێبێت،
مەرگەساتى ئەنفال لە مێژووى سیاسى نەتەوەى كورددا تەنها پرۆسەیەكى سەربازى ڕژێمى فاشى بەعس نەبوو بۆ لە ناوبردنى نەتەوەى كورد، تەنها تراژیدیاى نەتەوەیەك نەبوو، بەڵكو تاوانێكى گەورە بوو كە لە هەناویدا كۆمەڵێك مانا و پەیامى هەڵگرتبو و هەڵگرتوە كە بە داخەوە ئێمە وەك نەتەوە هێندەى سەنگینى پەیام و ماناكانى مامەڵەمان لەگەڵ ئەو جینۆسایدە نەكردوە. ئەنفال وەك گەردەلولێك ڕویدا كە دەبوایە پاش ئەنفال گۆڕانكارى گەورە لە لە ژیاتى سیاسى و فیكرى و كلتورى و رۆحى ئێمەدا دروستبوایە، بەڵام ئەفسوس ڕوداو و مامەڵە و شێوازى بیركردنەوە و ئەزمونى سیاسى هێزە سیاسیەكانى كورد باس لە تراژیدیایەكى دیكە دەكەن، لە بیركردنى ئەنفال و فەرامۆشكردنى دۆزى ئەنفال و خێزانى قوربانیان و تێنەگەیشتن لە پەیامە گەورەكانى ئەنفال لە لایەن بە ناو سیاسەتمەدارانى كوردەوە لە ماوەى بیست ساڵى حوكمڕانیاندا بۆ ئێمە كارەساتە. میللەتێك جینۆساید كرابێت و هێشتا بۆنى خوێن لە جەستەى وڵاتەكەى بێت چۆن دەچێتە نێو شەڕى ناوخۆوە؟ شەڕى خود دژ بە خود لە پێناو كورسى و سەروەت وسامان كۆكردنەوە سوكایەتیە بە سەرجەم قوربانیانى ئەم نەتەوەیە. میللەتێك ڕوبەڕوى جینۆساید بوبێتەوە جگە لە سەربەخۆیەتى بیر لە هیچ فۆرمێكى دیكەى بەڕێوەبردن ناكاتەوە! جگە لە دامەزراندنى سیستمێكى دیموكراسى كە دادپەروەرى و ئازادى و یەكسانى بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم بكات بیر لە هیچ سیستمێكى دیكە ناكاتەوە.. بەڵام مەخابن ئەزمونى حوكمڕانى بیست ساڵى ڕابردووى كوردى باس لە نادادپەروەرى وستەم و نایەكسانى و سەركوتكردن و گەندەڵى و تیرۆركردنى خەونى سەروەرى دەكات. تاوانكاریەكانى هەڤدەى شوبات و ڕۆژانى دوایى كە تیایاندا كۆمەڵێك لاوى ئەم وڵاتە شەهید كران پێمان دەڵێن كە ئەم دەستەڵاتدارانەى كورد لە وانەكانى ئەنفال هیچ تێنەگەیشتون، خۆپیشاندانەكانى ئەم دواییانەى هەرێمى كوردستان و ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەى ئەمڕۆ لە كوردستاندا سەریهەڵداوە هەنگاوێكە بۆ كۆتایهێنان بە تاوانى فەرامۆشكارى و غەمساردى فەرمانڕەوایانى كورد بەرامبەر قوربانیانى ئەنفال و سەرجەم قوربانیانى ڕێگاى ڕزگارى كوردستان.

ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
14/04/2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە