تەونی جاڵجاڵۆکە یان بێسەرەوبەرەیی؟ شۆرش هەر بەردەوامە...
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
مەرجەع کەس نیە مەیدانەکانی ئازادی نەبێت!
ئەوانیش پێش هەمو کەس و لایەنێک با وەڕیان بە دیالۆگە و دەستیشیان نەداوەتە تفەنگ!
ئەوە جەلال و مەسعودن دەیانەوێت ڕاپەڕینەکە بەرەو ئاقارێکی توندوتیژ بەرن و ژیانی کۆمەڵایەتی و هەمو شتێک بخەنە مەترسیەوە.
ئەوان بەزۆر دەیانەوێت دریژە بە مانەوەی خۆیان بدەن.
مەلا بەختیار:
مام جەلال کاسترۆ نیە، ئەم بە قسەی کەمال کەرکوکی شەست و شەشیشی هەیە. شەڕی براکوژی و شتی تریش.
قەزافییش نیە، فرۆکەی نیە ئەگینا ئەویشی بەکاردەهێنا.
پاڤێل و قوباد لە سەیفولئیسلامەکەی قەزافیان تێپەڕاندووە.
کیم ئێل سۆنگیش نیە، چونکە کەس ڕێگە نادات کوڕەکانی ببنە جێگری.
تاڵەبانی بەتەنیا هەر خۆشی نیە، تاڵەبانی خۆیەتی و ژنەکەیەتی و کوڕەکانێتی و مەحمودە و جەعفەرەو قادرە و کێ و کێی ترن. میللەت کە دەڵێت برۆ، ئەوە بە هەمو ئەوانە دەڵێت. میللەت کە دەڵێت جەلال تاوانبارە ئەوە بە هەمو ئەوانە دەڵێت. کەسی لێ دەرناچێت. یەکێتی تەنیا کاتێک دەبێتە حیزبێک کە ڕوی ناو کۆمەڵی کوردەواری هەبێت، کە جەلال و هەمو دەستەودایەرەکەی بڕۆن. تەنیا ئەو کاتەی کە هەمو ئەو مێژوە قێوەزنەی یەکێتی کە جەلال بەسەریا سەپاندوە بڕوات.
بەرهەم:
پاش ئەو هەمو تاوانانە داوای لێبوردنی چی؟
میللەت هەمو گومڕاییەکانی تۆ دەناسێت. تۆش بڕۆ. یەکێتی گەنج و ئازادیخواز و دادپەروەری زۆر تیایە بتوانن بیهێننەوە ناو کۆمەڵگە و سەر ڕیگەی ڕاست.
ئەو کارە بە ئێوە ناکرێت.
مەرجەع:
مەیدانی ئازادی و گەنجانن. مەرجەع شۆڕشە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە زاتی ئەوە بکات بە بێ ئەو مەیدانە شتێک بکات.
خەڵکی ئازادیخوازی سلێمانی:
بە جەلال دەڵێن برۆ لێرە مەبە. ئیش و کاری تۆ لێرە نیە. نە وەک بەرپرس، نە وەک هاوڵاتیی.
تۆ بە زۆر خۆت سەپاندوە بەسەر سلێمانیدا.
کەمال کەرکوکی:
شەست و شەشەکەی تۆش دەزویەکە لەو چەواشەکارییانەی کە جەلال و مەسعود وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە دەیچنن.
تۆ بە ئامۆژگاریی ئەوان ئەو قسەیەت کرد. تا بە یەکێتیە پاکەکان بڵێیت کە بەڵێ جەلالی و مەلایی ماون و نەبون بەیەک، ئەوە نیە تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانەکەی پارتیش دەڵێت ٦٦.
ئێوە یەکێتی و پارتیتان کردوە بەیەک، گەر بەرببنە گیانی یەکیش بە قسە، لەو یەقینە دودڵمان ناکەن.
مەسعود کێیە:
شەخسی مەسعودە و هەموو ئەوانەشن کە ڕێبازەکەی ئەوو باوکی فو پیادەکەن. ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەشیەتی.
بۆ نوسەران و هونەرمەندانی سیانزە:
کە باوەڕتان بە دایەلۆگ مابو بۆچی پشتتان کردە سەرا؟
زۆر دڵنیابوم کە دوای نامە سەر ئاوەڵاکەتان و ئەو ناڕەزایەتیە بەر بڵاوەی گەنجەکان لەدژی ئەو کارەتان دێن و خۆتان بە گاندی دەشوبهێنن.
ئێوە گاندی نین و کۆتری ئاشتیش نین.
گاندیەکان لە سەران و کۆتری ئاشتیەکانیش هەر لەوێن.
ئەوان پێش هەمو کەس بۆ دیالۆگن، ئیوە تێدەگەن بەم قسەیەتان ئاماژە بە چی دەکەن؟ بەوەی خۆتان جیا کردۆتەوەو دەڵێن باوەرتان بە دیالۆگە؟ بەوە پێمان دەڵێن ئەوانەی لە سەران بۆ دیالۆگ نین، مەبەستان ئەوەیە؟ ئەم عوزرەتان بەجێ نیە.
ئەوە جەلالە گوێی گیراوە، ئەوە مەسعودە گۆیی نیە، ئەگینا پەیامەکانی سەرای ئازادی رون و ئاشکران.
من وەکو خۆم نامەوێت بڵێم ئێوە بە دەسیسە و ڕاسپاردە هاتنە مەیدانەکە و دواییش لێی دەرچون بۆ ئەوەی خەڵک سارد بکەنەوە، بەڵام ئەم نێتی چاکەیەشتان کاریگەریی پێچەوانەی هەبوو.
ناونیشانی نامەکەشتان جێی سەرنجە.
نامەی کراوە، بەڵێ، بەڵام نامەی سەرئاوەڵا لە مەنجەڵی سەر لادراو دەچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست