پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی - بهشی سیانزە
Saturday, 29/06/2013, 12:00
1659 بینراوە
بەروو بوومی هەڵبژاردن
پێش ئەوەی گەشتەکەمان بە بێستانی هەڵبژاردندا بکەین، باشتر وایە پێش بژارکردن، ڕێکەوتەیەك لەنێوان هەر دێراوێك و ئەوی تردا بکەین، پرسیارێك بکەین کەئایا تا کەی تۆوی گەنم و جۆ بچێنین و بەری دڕك کۆبکەینەوە. تاکەی نەمامی هەنجیری تەڕو بڕ بچێنین و هەنجیری تەقلەو پووچ و ناکامڵ دەستە بەر بکەین. تاکەی پاڵەو جووتیار پاچە کۆڵە بکەن و خەلەو خەرمانیان یەکێکی تر بیبات و ئەمانیش مایە پووچ و سەرگەردان. بۆیە ئەم هەڵبژاردنانەی لەکوردستاندا کراوە بەتەواوی وەك ئەو جووتیارە وایە کە لەچاوەڕوانی بەروو بوومی باش و بەکەڵك ، تەنها پووش و پەڵاش کۆبکاتەوە.
لەیەکەمین پرۆسەی هەڵبژادنەوە کۆی خەڵکی کوردستان چاویان بڕیبوە ئاکامێکی باش کە بەهۆی دەنگەکانیانەوە بێتە کایەوە. کەس نەبوە هەروا بەسانایی دەنگی خۆی هەرزانفرۆش بکا بەس بۆ تەنها بەشداریکردن و هیچی تر. ئەوەی دەنگی داو باوەڕی بەم پرۆسەیە هەبوو، پێی وابوو لانی کەم هەندێ لەو دروشم و بەرنامانە جێبەجێ ئەکرێن. دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنانە کەچی دەنگدەر دەستی لەهەمانەکە دەردێ و جگە لە ئۆف و هەناسە ساردی هیچی تری لەم هەڵبژاردنانە نەچنیوەتەوە. جا لەم بەشەدا ئاماژە بەو بەروو بوومانە ئەکەین کەوا دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەن کە بەدەنگی ئێمەومان هاتۆتە کایەوە. بۆیە پێش ئەوەی ئەو بەروبوومانە بخەینە نێو بازاڕی باسەکەمانەوە ، باشترە کەوا داوای لێبووردن لەو کەسانە بکەین کەبەهۆی هەڵمەت و بانگەشەکردن و بەستنی چەندین کۆڕو سیمینار بۆ مەبەستی زیاتر هاندانی خەڵکی و خۆ ئامادەکردن بۆ بەشداری کردن بە ژمارەیەکی زۆر بۆ پرۆسەی دەنگدان بەگشتی و هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ بەتایبەتی. کە بەندە خەریکی پاڵ پێوەنان بەگوژمێکی زۆر بە چەرچ و فەلەقی(گۆڕان) و هانی خەڵکیم ئەدا کە دەنگ بدەن بەم بزووتنەوە جەماوەرییە. فەرموون لەگەڵ هەندێ لەو بەروو بوومە ناهەموار و خراپانەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان
١- شەڕی ناوخۆ: ئەمە یەکەمین بەروو بوومی یەکەمین هەڵبژاردن بوو بۆ خەڵکی کوردستان. بەهۆی دەنگی ئێمەوە؛ڕەوایەتیدان؛مان دا بە هەریەکە لەپارتی و یەکێتی.کەچی ئەمان هەستان بەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، کەهەندێ کەس بەهەڵە ناوزەندی ئەکەن بە شەڕی براکوژی. لەڕاستیدا ئەوە شەڕی فەرهود و تاڵانکردنی ئەوەی مابۆوە لەو ئابووریە داتەپەییو ڕزییوەی سەردەمی بەعس، لە ئامێرە کارەبایی و خزمەتگوزاری و شۆفڵ و حەفارە . ئەم دوو باندە مافیایە لەسەر پارەی گومرگەکان کە تاکە سەرچاوەی داهاتی کوردستان بوو، بوو بەشەڕیان خێرو بەرەکەت بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان ، نەمان و قاتوقڕی و جگەر سوتانیش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی وەك دیاریەکی ئەو هەڵبژاردنەی ساڵی ١٩٩٢ پێشکەش کرا.
٢- گەندەڵی و پیسخۆری: بۆ یەکەمین جار لەمێژووی گەلەکەماندا کەوا ئەم دیاردەیە بەشێوەك لەژێر دەستی ئەم دوو بنەماڵەیەدا بازاڕی پەیدا کرد و برەوی سەند. کە تاوای لێهات لەزاری نێچییرڤانەوە ووتی(گەندەڵی بۆتە کلتوور) کە لە ڕاستیدا ئەمان خۆیان لەوەتەی هەن دز و چەت و گەندەڵن. ئەم دیاردەیە کە بەبەرنامە لەلایەن ئەو دوو باندە مافیاییوە نەخشەی بۆ داڕێژرا، هەنووکە هەموو کون و قۆژبن و جومگەکانی ژیانی سەراپا گرتۆتەوەو وەك نەخۆشی شێرپەنجە بەجەستەی کۆمەڵگای کوردیدا تەشەنەی سەندوەو چارەسەرکردنی گەلێ ئەستەمە.
٣- هەڵتەکاندنی کۆمەڵگا: هەر بەهۆی دەنگی خۆمانەوە ئەم دوو پارتە نالەبارە هەرچی باش نیە هێنای بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا و لەهەموو جوانی و بەهای مرۆییە دای شۆری و ئەوەی ئەوڕۆ کۆمەڵگای کوردی پێوەی ئەناڵێنێ ئەو بیسەرو بەرەییەیە کەوا کەم کەس هەیە چی تر ئامادە بێ گوێ لە کوردایەتی و خۆشەویستی نیشتمان و بەها بەرز و جوانەکەی میلەتی کورد بگرێ.
٤- گەوجاندن: ئەمە ئەو سیاسەتە خراپەیە کەوا ئەم دوو هێزە ناڕەوایە هەردەم پەنای بۆ ئەبەن و تەنها و تەنها خەریکی فێڵ و فرت و دزی کردن و تەزوویر کردن و گەوجاندی خەڵکین. کۆمەڵگایان وا گەوجاندوە کەوا کەسێکی وەك مەسعود کراوە بە پێشمەرگەو خاوەن خەباتی بێوچان و سەرۆکی کورد و مەرجەع. وەیان کەسێکی وەك جەلال کراوە بە ئەندازیاری ئاشتی و تەبایی و ڕێکخەری ماڵی کورد. گەوجێتی نەك هەر لەلایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنەوە پیادە ئەکرێ،بەڵکە لەلایەن بەناو دوکان و کۆشکە بازرگانی و سیاسیەکانی ئۆپۆزیسیۆنەیشەوە لەخزمەت کردنی دەسەڵاتدا درێژەی پێ ئەدرێ و تەمەنی دەسەڵات و بنەماڵە ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەو نما ئەکا.
٥- گۆڕینی مانای شەرەف: هەر بەدەنگی خۆمان ،کۆمەڵی پیاو کوژمان دروست کرد بۆ لەناو بردنی ڕەگەزی مێینە بەپاساوی شەرەف. لەژێر دەسەڵاتی ئەماندا ژمارەی کوژراوانی دەست ئەم جەللادانە بەچەنین هەزار کەس هەژمار ئەکرێ. ئەوەتا بەناو سەرۆکی هەرێم کەسێکی ژنکوژی وەك (سالە موزەلی) لەزیندان بڕیاری لێبووردنی بۆ دەرئەکا .ئەمە لەکاتێکدا شەرەف بریتیە لەخۆشەویستی ووڵات و سەروەری یاسا و پاراستنی کچ و ژنان لەهەر تاوانێك و دەست درێژی دەسەڵاتی پیاو سالاری.
٦- ئازادی کپکراو: هەر بەدەست و واژووی خۆمان و لەڕێگای ئەم هەڵبژاردنانەوە ئەم دوو هێزە کورد کوژانە گەلێ بە چاکی توانیان هەرچی دەنگی ئازاد هەیە کپیان کرد و لەشوێنیان زیندان و حوکمی قەرقووشیان پیادە کرد. لەوەتەی ئەم هێزانە هەن ئەوەندە ئازادیان بەرتەسك کردۆتەوە. بۆیە گەر هەر هەڵبژاردنێکی تر بکرێ. ئەوا بەڕەی ئازادی لەژێر پێی هەموو کەسێکدا ڕائەکێشرێ و هیچ نووزەیەك نامێنێ بۆ ئەوەی ناڕەزایی تاك گوێبیستی هەبێ.ئازادی وا سانسۆر کراوە کەوا چەندین جار کوردستانپۆست هاککرا، وا هەنووکە خۆپیشاندانیش قەدەغە کرا.
٧-تاپۆکردنی کوردستان: هەر بەدەنگی خۆمان ڕەوایەتیمان بەم دزانە بەخشی تا هەرچی زەوی و زاری کوردستانە لەسەر خۆیان و بنەماڵەکانیان تاپۆیان بکەن. بەچ ماف و بەچ ڕەوایەتیەك هەریەك لەسەری ڕەش و قەلاچوالان و دوکان و گردەکەی زەرگەتەو چەندین شوێنی تر لەسەر ئەم هێزانە تاپۆکران؟؟ ئەمانە بەوەشەوە نەوەستان و بەڵکە بۆ مردوەکانیشیان هەریەك لە بلەو بارزان وگردی مایە یارەیان لەسەر خۆیان تاپۆکردوە.
٨- خاك بۆ پارە: هەروەك چۆن مەلا مستەفا کاتی خۆی شاری موسڵی فرۆشت، ئاوهاش ئەم دوو دزە جگە لەشاری کەرکوك، چەندین ناوچەی تری کوردستانیان بۆ خاتری مشتێ دۆلار هەراج کرد و مافی کوردبوونی لەو شوێنانە لەخەڵکەکەی سەندەوەو تووشی کوشتن و ماڵئاوەرایی بونەوە. بەناوی مادەی ٥٨ و دواتر ١٤٠ . کوردستانیان فرۆشت و پارەکەیان خستە تەنکەی باخەڵیانەوە. دواتر هەستان بەکڕینی چەندین کۆشك و تەلار لە ئەمریکا و ئەوروپا کە گەر ئەم دزیە نەبوایە ئەبوایە لە کەرەج هەر خەریکی دەست پانکردنەوەو سواڵ کردن بونایە.
٩- تیرۆر: گلەیی ئەبێ تەنها لەخۆمان بکەین کەوا بەدەنگی ئێمە ئەم دوو باندە کوردکوژە چەندین ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیری گەلەکەمانیان تیرۆر کرد. سۆران و شێخ ستار و سەردەشت نمونەی ئەو چەند پێنووسە بۆێرانە بوون کەوا لەژێر یاسای ئەم دوو هێزە نادیموکراتەدا تیرۆر کران. جگە لەمەش ، چەندینی تر تووشی زیندان و گێرمەو کێشە هاتن، تا ئێستاش چەندین لەژێر چاودێری ئەماندان و لەزیندانەکانی ئەواندا فەلاقە ئەکرێن و ئەخەسێنرێن. کوا چارەنووسی سەیدا ئەکرەم و چەندینی تر..
١٠- کەلتوور شێواندن: خوا هەڵناگرێ ئەم بەناو دیموکرات و سۆشیال دیموکراتانە هەرچی ئەوەی پەیوەندی بەزمانی کوردی و هونەری کوردی و کەلتوورەکەیەوە هەیە ، هەمویان سەراپا هەڵگیڕایەو کردیانە قوربانی تورك وعەرەب و فارس. ئەوەندەی ڕێز و پێزانین بۆ هەریەك لە(ئەدۆنیس ، شەجەریان، دکتۆر هۆجۆ و هەیفا وەهبی و کێی و کێدا هەیە). بە چارەکی ئەوە ڕێز لە هونەرمەندی کورد و شاعیرو نووسەرانی نەگیراوە.
١١- کۆمپانیانیزم: لەسایەی ئەم تازە ملیاردێر و مافیانەوە کە جگە لەکۆمپانیای کۆڕەك و نوکان. هەرچی سەر بەخۆیان نەبێ نایەڵن ببێتە خاوەن سەرمایەو دەسەڵات. ئەمانە یەکی وەزیرێکی پیسخۆر و تەوەزلی وەك ئاشتی هەورامیان ڕاگرتوەو دزیان بۆ ئەکەن و نەوتی خاوو و سامانی نەتەوەیەك بۆ خۆیان ئەدزن. ئەمانە شتێك نەماوە ناوی ئایدۆلۆژیاو سیاسەتکردن بێ، هەمویان لە ژێر سایەی خەبات و کوردایەتی و پێشمەرگایەتی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتیەوە گۆڕیوە بۆ کاری دزی و فزی و کۆمپانیا. جا ئەم چەند بەروو بوومە خراپ و ناتەندرووستە تەنها لەڕێگای دەنگەکانی ئێمەوە هاتۆتە کایەوەو خەتای خۆمانی تیایە. هەقی خۆیەتی دان بەو هەڵەیەدا بنێین و داوای لێبووردن بکەین. ئێمە هەموو مرۆڤین و شایستەی هەڵەکردنین. بەمەرجێ تا سەر لەسەر ڕێچکەی هەڵە نەڕۆین و سنووریك بۆ هەڵەکردنمان دابنێین. بۆیە پێوستە چی تر نەکەوینە داوی دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و ناڕەواییەدا.
بەڕاستی ئەوەی لەکوردستانی باشوردا هەیە سیاسەت کردن نیە، بەقەد ئەوەی نەبوونی سیاسەت کردن وقەیرانی نەبوونی سیاسی دڵسۆزە. ووڵات لەجیاتی یەك کەسی سیاسی خەمخۆر و نیشتمان دۆز. تەژیە لە کەسانی کاسە لێس،دز،ووڵات فرۆش،گەندەڵ و کوردکوژ. ئەم قەیرانە بەهەڵبژاردن کۆتایی نایەت. پێوستە میلەت چی تر بەناوی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدان فریو نەخوا. گەر بیانەوێ یاسا سەروەر و ووڵات لەقەیرانی کەسانی خراپ و پیسخۆر ڕزگار کەن، پێوستە بایکۆتی هەڵبژاردن وەك پێوستیەکی ئەوڕۆ لەبەر چاو بگرن . بەو پێیە ئەتوانن ڕەوایەتی بۆ خۆیان و نەوەکانمان نەخشەڕێژی بکەن.