کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوپەیمانی كورد لە گەڵ عەللاوی

Tuesday, 30/03/2010, 12:00




هەڵس و كەوتی مرۆڤ لە كاتی ئاسایی: لە ماڵەوە، لە بازاڕ، لە كار...هتد، زۆر دەبێ جیاواز بێ كاتێك لە ئاستی سیاسەتدا بە تەنگ مەسەلەیەكی سیاسیەوەیە. لە سیاسەتدا، بە تایبەت لە ئاستی مافی گەل و كێشە چارەنوس سازەكان، دڵ پاكی و ساكاری كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە. ئەمڕۆ، لە دوای هەڵبژاردنی عێراق، لیستی ئەلعراقیەی بەعسی و عروبی و شۆڤێنیەكان بە سەرۆكایەتی عەللاوی، كەوتووەتە جم و جۆڵ بۆ ڕاكێشانی كورد بۆ هاوپەیمانیەكی فرت و فێڵ. ڕاستیەكەشی لیستی ئەلعراقیە ڕێژەی یاسایی دەست نەهێناوە بۆ پێكهێنانی حكومەت بە تەنیا، لەبەر ئەوە پێویستی بە هاوپەیمانی هەیە، بۆ زامن كردنی زیاتر لە نیوەی ڕێژەی پەرلەمان، بۆ پێكهێنانی دەسەڵات. شیعە بە هەردوو لیستەكەوە بە سەرۆكایەتی مالیكی و ئەلحەكیم، هاوپەیمانی نابەستن لە گەڵ لیستێك بە نەفەسێكی شۆڤێنی و تائیفیەوە، دەیەوێ تۆڵە بسەنێتەوە و دەسەڵاتی لە دەست دەرچوو بگەڕێنێتەوە بۆ دەستی عروبەی سوننی. چونكە سوننەی عەرەب، سەركردایەتی عێراق بە مافێكی ڕەوای خۆیان دەزانن و لە ناخەوە بە چاوی بوغز و كین تەماشای شیعە و كورد دەكەن. ئەوەی ئێستا لیستی ئەلعراقیە دەیەوێ بە ئەنجامی بگەیەنێ، گرتنی دەسەڵاتە و لەم پێناوەشدا، دەیەوێ كورد بكاتە پرد تا ئەو كاتەی دەستی لە حكومەت گیر دەبێ. پێویستە ئەوە بزانین، شیعە وەك پێكهاتەیەكی مەزڵومی عێراق و پشت بەستوو بە ئێران، بە كەڵكترن بۆ ئامانجەكانی كورد. ئێران وەك دەسەڵاتێكی تاك بۆ شیعە لە جیهاندا، دژ بە بەرەی عەرەب و سوننە وەستاوەتەوە و، پێویستی بە هاوپەیمانی خەڵكانی تر هەیە. ئەمەیان سروشتی ئەو هێزە جەمسەرانەن، كە لە مێژوودا بەرامبەر بە هێزی تر وەستاونەتەوە. كوردیش هەنوكە، مافە بنەڕەتیەكانی بە تەواوی فەرامۆش كراوە لە لایەن پان-عەرەب و پان-سوننەی جیهان و، بە چاوی گومان و دوژمنكاری و پلانگێڕی تەماشای كورد و مافەكانی دەكرێ. ڕاستە زۆربەی هەرە زۆری كورد سوننەیە، بەَڵام كێشە و مافەكانی كورد لە سەر سیككەی مەزهەب ڕێڕۆ نیە. گەر بە پێچەوانە بوایە، دەبوا عەرەبە سوننەكانی عێراق، لە كاتێكدا كەوتنە بەر شاڵاوی تۆڵەی شیعە و دەربەدەر بوون و تێك و پێك شكان، هەر هیچ نەبێ بۆ سیاسەت، دەبوایە پاڵشتیان لە كورد كردبا، چونكە هەر كوردیش بوون بە پەناگە بۆیان. بەڵام بە پێچەوانەوە، چونكە لە مێژوەوە ئیعتمادی عەرەبی سوننەی عێراق، بۆ هێز و قوڵایی ئیستراتیجی ئاساییشیان، لە سەر عەرەبی دەور و پشتی عێراق بووە، ئێستاش بە هەمان نەفەس، مامەڵە لە گەڵ كێشە هەنوكەییەكان دەكەن، كە گەڕانەوەی عەرەبی سوننە بۆ دەسەڵات نەك هەر زەرورەتێكی عێراقی و عەرەبیە، بەڵكو جیهانیشە! لەم میانەدا، شۆڤێنیەكی دڵ پڕ لە بوغز و كینەی وەك نوجەیفی، بۆ ئەم ئامانجە، پێش چەند ڕۆژێك ئامادەیی خۆی دەر بڕیوە بۆ سەردانی هەولێر! ئەمەش هەقیقەتی سوننەی عەرەب دیار دەكا، كە لە پێناو دەسەڵات، دەست لە ناو دەستی شەیتانیش دەنێن!
جگە لەمەش، ڕۆحی كورد بە جیهانی عەرەب نامۆیە. ڕاستە 14 سەدەیە كورد مسوڵمانە، بەڵام چونكە ئامانجی ئیسلام زەوق گۆڕینی گەلان نەبووە، تا ئەمڕۆش ڕۆح و شێوازی ژیان و زەوقی كورد لە گەڵ عەرەب، ئاسمان و ڕێسمانی فەڕقە. دیارە فارس لەم ناوچەیەدا نزیكترین پێكهاتەن لە كورد و، وێڕای ئەوەی "جمهوری ئیسلامی" دژی كورد وەستاوەتەوە، بەڵام لە گەڵ فارسدا، كورد پێویستە بە چاوی دووربین تەماشای پەیوەندیەكان بكا، لە ئاستی ململانێی عەرەب لە گەڵ فارسدا. هەروەها گرنگیشە كورد هاوپەیمانی شیعەی عێراق نەدۆڕێنێ بۆ خاتری دوژمنێكی هاوبەشی، بەردەوامی مێژوویی، كە عەرەبی سوننەیە.
لێرەوە دەبێ بزانین، كە پێكهاتەی عەرەبی سوننە، لە عێراقدا، بە هەموو شێوەیەك دژی ئامانجەكانی گەلی كوردە و، بە هیچ شێوە وەڵامگەری پێویستیە ڕاستەقینەكانی كورد فەراهەم ناهێنێ. نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا پێویستە سادە و دڵسافانە نەچنە نێو جەنجاڵی سیاسەت. هەروەها زۆر زەڕورە ناكۆكی و گیر و گرفتە سەرەكیەكانی نێو ماڵی كورد، نەبردرێتە نێو بازنەی دەرەوە، چونكە هیچ بە هیچ ناكرێ و تەنها گەر زەرەری لێ دروێنە بكرێ.
لیستی هاوپەیمانی كوردستان و، لیستی گۆڕان و، و لیستی ئیسلامی پێویستە بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بێنن بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی تەحەددیاتەكانی عێراق و، هەڵوێستیان لە كێشە بنەڕەتیەكان یەك بێ و بە هیچ شێوە هاوپەیمانی نەبەستن لە گەڵ لیستی ئەلعراقیە، ئەگەرنا بە دەردی هەمزاغای مەنگوڕ دەكەون، كاتێك بۆ مافی كورد چوو بۆ وتوێژكردن لەگەڵ ئەمیر نزامی ئێران، كە سوێندی خوارد بوو بە خراپە دەست درێژ نەكا بۆ هەمزاغا، هەتا ئەو لە سەر زەوی بێ.
ئەمیر نزام چاڵێكی لە پێش ئەو خیوەتە لێدا بوو، كە قەول وابوو وتوێژی تیا بكرێ. چاڵەكە بە پوش و گیا پۆشرا بوو. كاتێك هەمزاغا بە هەردوو قاچیەوە كەوتە ناوی، ئەمیر نزام خستیە ژێر ئاگر و گوللە. دواتر ئەمیر نزام پاساوی ئەوەی هێنایەوە، كە ئەو سوێندی خواردبوو، دەست لە هەمزاغا نەدا گەر ئەو لە سەر زەوی وەستابێ، بەڵام كاتێك هەمزاغای كوشت، لە نێو چاڵ بوو نەك لە سەر زەوی!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە