کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵه‌هایه‌ وه‌کو حه‌ربان هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌رگێ ده‌پۆشن!!!؟؟؟پێشکه‌شه‌ به‌شاعیری گه‌وره‌ شێرکۆ و هاوتاکانی

Friday, 02/07/2010, 12:00



ئه‌مشه‌و
شه‌وی ئه‌و شیعره‌یه‌
که‌ هه‌رده‌بێ له‌دایك بێ.
ئه‌و شاعیرانه‌ی که‌ ده‌ڵێن
شاعر دڵی زۆر ناسکه‌و
شیعریش نابێ دڵی هیچکه‌س بڕوشێنێ
نابێ نا نا،نابێ هیچکه‌س زویربکا.
ئه‌و شاعیرانه‌ هه‌ڵماتن!
بۆ هیچکه‌سێ باریان نییه‌.
ئه‌مڕۆ بۆ من،سبه‌ی بۆتۆ
هه‌رچۆن با هات
شه‌نیان هه‌یه‌.
که‌ بارزانی بارزانی بوو
ئه‌وان شاعیری ده‌رباری بارزانی بوون.
که‌ ڕێوییه‌ گه‌ڕه‌که‌ی کوردیش
خۆی خسته‌ پێستی مه‌ڕه‌وه‌
ڕه‌دوی که‌وتن.
شیعرتان بۆ کرده‌ ملوانکه‌و
له‌ ملتان کرد.
ده‌ ئه‌ی شاعیره‌ بێناوه‌کان
وه‌رنه‌ زمان ئاله‌مانه‌
بۆ ساتێکیش بێ بیانکه‌ن
به‌و په‌ڕۆیه‌ی له‌ پییسیدا فڕی ده‌درێ.
ده‌ ئه‌ی شاعیره‌ بێنازه‌کان
به‌قینه‌وه‌ ڕووی ڕه‌حمه‌تیان
لێوه‌رگێڕن
په‌رده‌ له‌ڕووی کاره‌ دزێوه‌کانیان
هه‌ڵماڵن.
ده‌ ئه‌ی شاعیری ناسۆریه‌کان
ناسۆری ئه‌و خه‌م وزامه‌
ساڕێژنه‌بووه‌ی
به‌عسیانیان له‌گه‌ڵ جووتکه‌ن
هه‌ریه‌که‌یان له‌تایه‌کی
که‌له‌پچه‌ی مێژوو ببه‌ستن و
هه‌ڵیانده‌نه‌ زبڵخانه‌که‌یه‌وه‌.
تا ئه‌مانه‌ چیکه‌ شیعر
نه‌ڵێن به‌سه‌ر نازی و فاشی و
چڵکاوخۆرانی شاگردی
قوتابخانه‌ نه‌گریسه‌که‌ی
هیتلله‌ریانا.
<<<<>>>>
ئه‌مشه‌و هاتم
ملوانکه‌ی ڕۆح بهۆنمه‌وه‌
هه‌رچی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌
هه‌رچی ناسۆرو تاسه‌یه‌
هه‌رچی مه‌رگی ناواده‌یه‌
یه‌ک یه‌ک به‌ سمڵ و مێخه‌ك و
حه‌تحه‌تۆکه‌ بهۆنمه‌وه‌
تا هه‌ر که‌سێ بێتاوانه‌
له‌ملیکاو
شه‌وانه‌ به‌ڕۆژ بۆنیکا.
نه‌ك ڕۆژێک بێ
ڕووڕه‌شانی دروستکه‌ری
ئه‌و مێژووه‌
به‌درۆکانیان له‌بیرتانی ببه‌نه‌وه‌
به‌درۆکانیان له‌بیرتانی ببه‌نه‌وه‌
<<<<>>>>
ئه‌مشه‌و
مێژووتان لێده‌گرم به‌شایه‌ت
نه‌وه‌ک ئه‌مانیش وه‌ک ئه‌وان
په‌روه‌رده‌که‌ن
بۆ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیان بنێرن.
یه‌کێ پرۆفیسۆره‌ له‌ نازیه‌تا
ئه‌میان دکتۆرای هه‌یه‌ له‌ فاشیه‌تا
ئه‌وی تریان ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ عونفا
ئه‌می تریان هێشتا فه‌ریکه‌ ڕێوی یه‌
که‌چی لیسانسیان پێداوه‌ له‌ مرۆڤکوژیا.
ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن
بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان
تا ئێستاکه‌ چوار که‌سیان دیاری کردووه‌.
ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌جاخی هیتلله‌ر ڕۆشنه‌
ڕووی مۆسۆلینی سپی بۆته‌وه‌
کۆرتڤالده‌هایم به‌ قات و
بۆینباخه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕێ و
سه‌رچۆپیکێشه‌ به‌ ئاڵای
وڵاتانه‌وه‌.
ده‌ڵێ...هیتلله‌ر مۆسۆلینی
ئارام بنوون
دڵنیابن ! ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی
کێشاوتانه‌
ئه‌و تۆوی به‌دڕه‌وشتیه‌ی
چاندوتانه‌
وا هاته‌به‌ر
بێخه‌م بنوون!
جێدارتان زۆره‌ له‌مه‌ودوا
بێخه‌م بنوون!
هه‌رگیز جێتان خاڵی نابێ
هه‌رگیز جێتان خاڵی نابێ.
<<<<>>>>
ئه‌مشه‌و
له‌هه‌واری ڕه‌شماڵی
ماڵه‌کوردێکی کۆچه‌ریا
له‌ هیلاکیا ڕاکشام.
گه‌رچی چه‌ند ژه‌مێك چووبوو
به‌سه‌ر ژه‌می نانخواردنما
به‌ڵام تێربووم!
تێربووم تێر تێر
تێربووم له‌ خه‌م
تێربووم له‌ هه‌م
تێربووم له‌وه‌ی
خۆی له‌ به‌رگی ئه‌و میلله‌ته‌ هه‌ڵکێشاوه‌و
خۆی به‌میراتگری ده‌زانێ و
ساڵه‌هایه‌ مشه‌خۆرن
به‌سه‌ر لاشه‌ی ئه‌م گه‌له‌وه‌.
ساڵه‌هایه‌ جۆگه‌له‌ی خوێن
هه‌ڵده‌به‌ستن
له‌سه‌ر لاشه‌ی ئه‌و لاوانه‌ی
خۆشیان ناوێن.
ساڵه‌هایه‌ وه‌کو حه‌ربان
هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌رگێ ده‌پۆشن.

که‌مالی دادامین/ئه‌ڵمانیا
‌ 1995.11.16 له‌ سلێمانی نووسراوه‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە