به‌ڵێ .. ئێوه براوه‌ن!
Saturday, 15/08/2009, 12:00
جاران شیوعییه‌کان به ڕاستگۆیی به‌ناوبانگ بوون و سه‌ری خۆیان له‌پێناوی ڕاستییدا ، هه‌رچه‌ند بچوکیش بووایه ، دائه‌نا ، به‌ڵام له دوای سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردووه‌وه ، ئه‌و ڕاستییه کاڵ بووه‌ته‌وه و ڕاگه‌یاندنه‌کانی شیوعییه‌کانیش له ئه‌نجامی ده‌ستتێکه‌ڵکردنی ساڵانێکی زۆریان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداراندا و خۆژیاندن له سێبه‌ریاندا ، بووه به هاوشێوه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران.
له‌م ڕۆژانه‌دا که‌سێک که که‌م و زۆر به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌کانی حیزبی شیوعی کوردستان عێراقه و ئه‌ندامی لیجنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانه و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حشکه ، بێ سڵه‌مینه‌وه له ویژدانی خۆی و له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که ده‌نگیان به لیسته حه‌وت حیزبییه‌که‌یان نه‌داوه ، له هه‌ندێک له سایته‌کاندا نوسینێکی بێتامی بڵاوکردووه‌ته‌وه و ئه‌ڵێت به‌ڵێ ئێمه براوه‌ین!
به ڕاستیی سه‌یره .. نازانم چۆن مرۆڤ ئه‌توانێت ئه‌وه‌نده چاو و ڕوو قایم بێت!
له‌و بڕوایه‌دام که ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش توانای داراییان هه‌بووایه ، ئه‌وا وه‌ک دوو حیزبه گه‌نده‌ڵه دۆڕاوه‌که ئه‌ڕژانه ناو شه‌قامه‌کانه‌وه و که‌رنه‌ڤاڵی دۆڕاندنیان ئه‌گێڕا ، به‌ڵام دیاره ڕێژه‌یه‌کی ئه‌ووتۆیان له سامانی دزراوی گه‌ل ، له‌م هه‌ژده ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هاوخهباتیاندا به‌رنه‌که‌وتووه ، تا وه‌ک ئه‌وان ئاهه‌نگ و به‌زم و سه‌مای دۆڕاندنیان بکه‌ن!
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی حیزبی شیوعی و به‌رپرسه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌کانییه‌وه ، براوه‌یی ئه‌وه‌بێت که به حه‌وت حیزب له سه‌دا یه‌کی ده‌نگه‌کان دابینبکه‌ن ، ئه‌ی ئه‌بێت دۆڕاندن له ڕوانگه‌ی ئه‌و حیزبه‌وه چۆن بێت! تۆ بڵێیت ئه‌وانه بزانن لۆجیک چییه! تۆ بڵێیت ئه‌وانه ڕۆژێک له ڕۆژان وانه‌یه‌ک له مێژووه‌وه فێربووبن!
کاکه‌ی براوه ، باسی مێژوویه‌کی دوری حیزبی شیوعی ئه‌کات و لای وایه که ئه‌بێت جه‌ماوه‌ر له‌به‌ر خاتری ئه‌و مێژووه ، به براوه‌یان دابنێن و ڕێزیان لێ‌بگرن و ده‌نگیان پێبده‌ن!
سه‌یره .. نازانم چۆنه که کۆمه‌ڵێک جنێوی مزریش ئاڕاسته‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره ناکات که له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ئاوڕێکیان له مێژوویان نه‌داوه‌ته‌وه و ده‌نگیان به حیزبه‌که‌ی نه‌داوه!
سه‌یره .. یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی لیسته حه‌وت حیزبییه‌که‌یان که به زۆر خۆیان ناوناوه چه‌پ ، ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ "هۆشیاریی کۆمه‌ڵگا"! واته ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێنه‌درێت ، ئه‌وا کۆمه‌ڵگا ناهۆشیاره!
نازانم له کام سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه ئه‌و دۆڕاندنه مه‌زنه به سه‌رکه‌وتن دائه‌نێن و کۆمه‌ڵگاش به ناهۆشیار!
ئه‌وه‌ی که من و هه‌زارانی وه‌ک من ئه‌زانن ، ئه‌وه‌یه که ئه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گهندهڵهوهیه ، نه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم که زانستێکی دروستکه‌ره و دوره له‌و جۆره خه‌مڵاندنه ساویلکه و بێتامانه‌وه. جاران به‌و جۆره بۆچوونانه‌مان ئه‌وت "چه‌پڕه‌ویی مناڵانه" ، به‌ڵام ئه‌مه‌یان له مناڵانه‌ش ده‌رچووه و سوکایه‌تییه به کۆمه‌ڵگا.
ئه‌گه‌ر پیاوێک ، یان ئافره‌تێک ، خاوه‌نی ده‌یان کرده‌وه‌ی باش و ڕێز و سۆز و خه‌بات و قوربانییدان بن و مناڵه‌کان و مناڵی مناڵه‌کانیان و نه‌وه‌کانیان ، له‌سه‌ر شوێنپێی باوان و دایانیان نه‌ڕۆن و نه‌وه له دوای نه‌وه ، هه‌ر داوا له خه‌ڵکه‌که بکه‌ن که ڕێزیان لێ‌بگرن و ده‌نگیان پێبده‌ن چونکه پێش 75 ساڵ باب و باپیرانیان پیاوی باش بوون!
ئایا ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤی سیاسییه که به‌و شێوه ساویلکه‌ییه به‌راوردی سه‌رده‌مه‌کان بکات و به جه‌ماوه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه بڵێت پێش 75 ساڵ ئێمه باش بووین ، ئیتر ده‌نگیشمان پێنه‌ده‌ن ئێمه هه‌ر براوه‌ین! .. ئای له‌و عه‌قڵییه‌ته! مه‌گه‌ر کورد نه‌یوتووه "نان ئه‌و نانه‌یه که ئه‌مڕۆ له خوانه"!
مێژووی خه‌بات و قوربانییه‌کانی شیوعییه‌کان شتێکه و سه‌رکردایه‌تییه‌کانی حیزبی شیوعییش شتێکی ترن ، ته‌نانه‌ت دوژمنانیشیان نکۆڵیی له به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌بات و قوربانییدانانهیان ناکه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه سه‌رده‌مێک بوو ، ئه‌مڕۆش سه‌رده‌مێکه!
ئه‌و سه‌رده‌مه پێویستییه‌کی مێژوویی خه‌باتی شیوعییه‌کانی دروستکرد ، دژی ئیمپیریالیزم و ده‌سه‌ڵاتداران و چه‌وسێنه‌ران ، به‌ڵام ده‌یان ساڵه سه‌رکردایه‌تییه‌کانی حیزبی شیوعی تا پێیانکرابێت پاڵیانداوه به پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌وه و له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتداراندا خۆیان ژیاندووه ، ته‌نانه‌ت کوشتن و بڕینیش له ده‌سه‌ڵات نهیتۆراندوون ، تا ئه‌و کاته‌ی مه‌ترسیی له‌سه‌ر سه‌رکرده‌کان دروست نه‌بووبێت و به ناچاریی نه‌بووبێت ، له ده‌سه‌ڵات دورنهکهوتوونهتهوه. نمونه‌ی چه‌پڵه‌لێدان بۆ عه‌بدولکه‌ریم قاسم له ساڵی 1958 به دواوه و به‌شدارییکردن به وه‌زیر له حکومه‌ته‌که‌یدا و دواتر له ساڵی 1973 دا تا 1979 له‌گه‌ڵ به‌عسدا و ئێستاش نزیکه‌ی 19 ساڵ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کیه‌تیدا ، ئه‌وه له فه‌رهه‌نگی چینایه‌تیدا پێی ناوترێت "پێویستیی مێژوویی" ، ئه‌وه پێی ئه‌وترێت دورکه‌وتنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و چینه چه‌وساوه و به‌شمه‌ینه‌ته‌کان و خۆپه‌رستیی و هه‌لپه‌رستیی و خۆهه‌ڵواسین به داوێنی ده‌سه‌ڵاتدا!
جاران و له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا ، شیوعییه‌کان به خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییده‌ربڕین به‌ناوبانگ بوون ، ده‌یان جار وه‌زاره‌تیان گۆڕی ، چوار جار کابینه‌ی نوری سه‌عیدیان گۆڕی ، ئه‌وه مێژووه و به که‌س ناسڕێته‌وه و کتێبه‌کانی حه‌نا به‌تاتۆ و ده‌یان کتێبی مێژوویی که هیچیان شیوعییه‌کان نهیاننوسیون ، شاهیدی ئه‌و خه‌باته‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا له ساڵی 1968 ـه‌وه و له دوای خۆپێشاندانه‌که‌ی کارگه‌رانی کارگه‌ی ڕۆنی ڕووه‌کیی به‌غاوه و له‌م هه‌ژده ساڵه‌شدا که سه‌رکرده‌کانی ئه‌مڕۆی حیزبی شیوعی خۆیان هه‌ڵواسیوه به چهمهنلغی سه‌یاره شڕه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو خێڵ و بنه‌ماڵه‌وه ، نه‌ک هه‌ر هیچ خۆپێشاندانێکیان له‌و مێژووه دور و درێژه‌دا دژی گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌کردووه و نه‌ڕژاونه‌ته ناو جاده و گۆڕه‌پانه‌کانه‌وه و داوای پێویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی چین و توێژه که‌مده‌رامه‌ت و چه‌وساوه‌کان بکه‌ن ، ته‌نانه‌ت له‌و دواییانه‌دا ئه‌ندامانیان هۆشیارئهکردهوه که به‌شداریی خۆپێشاندانه‌کانی پارتی چه‌پی کوردستان و جه‌ماوه‌ره بێزارهکهش نه‌که‌ن!
جاران سه‌رکرده‌کانی حیزبی شیوعی ژیانی خۆیان ئه‌به‌خشی له‌پێناوی مانه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌کان و ئهندامانیاندا ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه که ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی نه‌مێنێت ئه‌وا له جه‌ماوه‌ره‌که‌وه دروستئه‌بێته‌وه ، مێژووش ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند ، هه‌ر وه‌ک ساڵانی 1949 و 1963 که نزیکه‌ی ته‌واوی قه‌واره‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزبی شیوعی ، ئه‌و دوو جاره ، به سکرتێریشهوه له سێداره‌دران ، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی له ماوه‌یه‌کی هێجگار که‌مدا له جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌وه دروستبووه‌وه.
له سه‌رده‌می دوای ئه‌واندا ، ئه‌و ڕاستییه پێچه‌وانه بووه‌وه و سه‌رکرده‌کان له ساڵانی 1978 و 1979 دا به پاسپۆرتی عێراقیی و له ڕێی فڕۆکه‌خانه و تێرمیناڵه‌کانه‌وه و به به‌رچاوی به‌عسه‌وه ، عێراقیان به‌ره‌و وڵاته کۆنه سۆشیالیستییه‌کان به‌جێهێشت و عایده یاسین ته‌نیا ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بوو که گیرا و چووه ڕیزی نه‌مرانه‌وه ، به‌ڵام ده‌یان هه‌زار ئه‌ندام و ڕێکخراوه‌کانیان بۆ گه‌له‌گورگی به‌عس به‌جێهێشت! چونکه ئه‌و ڕاستییه‌یان ئاوهژووکردبووهوه و تا ئێستاش لایان وایه که ئه‌گه‌ر سه‌رکرده نه‌مێنێت ئه‌وا سه‌رکردایه‌تی دروست نابێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر له‌ناوبچێت ، ئه‌وا گرنگ نیه ، چونکه سه‌رکرده (عه‌بقه‌رییه‌کان!) حیزبه‌که له (حاشیه‌ی خۆیان) دروستئهکهنهوه! بۆیه ساڵه‌های ساڵه سه‌رکرده‌کانی حیزبی شیوعی ده‌ستیان گرتووه به کڵاوی خۆیانه‌وه و جه‌ماوه‌ریان نه‌ماوه و به‌بێ جه‌ماوه‌ریش هه‌ر خۆیان به براوه ئه‌زانن!
جاران سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌ک فه‌هدی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی شیوعی ، که‌سانی ساکار و جوتیار و کارگه‌ری هه‌ڵئه‌بژارد بۆ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که ، وه‌ک (عبد تمر) ی نه‌خوێنه‌وار و چه‌وساوه و کارگه‌ر ، به‌ڵام ساڵانێکه سه‌رکرده‌کان ته‌نیا که‌سانێک هه‌ڵئه‌بژێرن بۆ سه‌رکردایه‌تییه‌کان که (حاشیه) ی خۆیان بن و بۆ ئه‌وه‌ی که تا ئه‌مرن هه‌ر کاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی حیزبه‌که دابینبکه‌ن و مه‌رجه‌ع بن!
جاران حیزبی شیوعی یاخیی بوو له ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام ئه‌وا ساڵه‌های ساڵه بووه به ده‌سته‌مۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی خێڵ و بنه‌ماڵه و هه‌میشه چاوی له ده‌ست و ده‌رگای ده‌سه‌ڵاته.
جاران حیزبی شیوعی گوێی له جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ئه‌گرت ، به‌ڵام ساڵانێکه ئه‌وه‌ی گوێی لێ نه‌گرێت جه‌ماوه‌ره‌که‌یه‌تی.
سه‌یرێکی ئه‌م پاراگرافانهی خواره‌وه بکه‌ن که له پێشه‌کیی کتێبی (پشتئاشان له نێوان ئازار و بێده‌نگییدا) که هاوڕێ نه‌وزاد وه‌لی نوسیویه‌تی و ئه‌و کاته ئه‌ندامی حیزبی شیوعی بوو ، کتێبه‌که له سایتی پارتی چه‌پی کوردستان و هه‌ندێک له سایته‌کاندا به کوردیی و عه‌ره‌بیی هه‌یه ، له‌وێدا چه‌ندان ڕاستیی تاڵ ده‌رئه‌که‌ون و نیشانه‌ی خه‌مڵاندنه زانستییه‌کان و دواڕۆژی ئه‌و حیزبه "براوه‌یه!"یه که ساڵانێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و کادێرانه داوای گۆڕانکاریی و چاکسازیی و پاکسازییان کردووه و سه‌رکردایه‌تییه‌کان گوێیان لێنه‌گرتوون:
تێبینی: له‌م پاراگرافانهی خواره‌وه‌دا هه‌موو وشه‌یه‌کی حیزب ، مه‌به‌ست له حیزبی شیوعییه.
((له چاپی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه‌دا كه نزیكه‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو(1998) ، زۆر پرسیاری ڕاسته‌خۆ و ناڕاسته‌وخۆی تیادا بوو كه تا ئێستاش وه‌ڵامێكیان نه‌بوو! زۆر خه‌مڵاندنی تیادابوو ده‌رباره‌ی ئایینده‌ی حیزب و سیاسه‌ت و دروشمه‌كه‌ی كه به داخه‌وه له ماوه‌ی نێوان دوو چاپی ئه‌م كتێبه‌دا زۆربه‌یان هاتنه‌دی ، وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی حیزبمان له هه‌ڵبژاردنه هه‌مه‌جۆره‌كاندا! ...
... ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه حیزب تۆزێك ژه‌نگی حه‌فتا ساڵه‌ی هه‌ڵبوه‌رێنێت و به شێوه‌ی سه‌رده‌م خۆی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌یدا بگونجێنێت؟ له كاتێكدا كه جه‌ماوه‌ره‌كه بێزاره له (ده‌سه‌ڵاتداران) و ئه‌و بارودۆخه نائاساییه‌ی كه ساڵانێكه باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشاوه!
ئایا ئه‌توانین به عه‌قڵییه‌تی حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه و سه‌رده‌می ئیمپیریالیزمه كلاسیكییه‌كه ، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه و ئیمپیریالیزمه نوێیه(ڕزگاركه‌ره‌كه!) دا خۆمان بگونجێنین؟
به‌ڵێ .. ئه‌مڕۆ هه‌زاران پرسیار له‌به‌رده‌می حیزبمان و هێزه چه‌په‌كاندا قوتبوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامن. بێگومان كۆنگره‌ی سێیه‌می حیزبمان كه ئه‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی كوردستان بگیرێت! ئه‌بێت به شێوه‌یه‌كی زانستییانه و سه‌رده‌مییانه وه‌ڵامی زۆربه‌ی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه.
... ئه‌گه‌ر حیزبمان ده‌رسێك له مێژوو وه‌رنه‌گرێت و چاونهخشێنێتهوه به زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بنه‌ما فیكریی و سیاسی و ڕێكخراوهییهكانیدا ، ئه‌وا گومانی تیادا نیه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایینده‌دا سه‌ركه‌وتن دۆستمان نابێت!
ئه‌گه‌ر حیزبی ئێمه جارێك له جاران دوو كه‌س سزا نه‌دات كه به‌رپرس بوون له تێك‌شكان و نه‌هامه‌تییه‌كان و سیاسه‌ته ماڵوێرانییهكاندا ، ئه‌ی كامه‌یه ئه‌و (زه‌بت و ڕه‌بته پۆڵایینه) یه‌ی كه حه‌فتا ساڵه باسئهكرێت و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێ په‌روه‌رده‌كراوه!)).
هه‌روه‌ها ئه‌م پاراگرافانهی خواره‌وه‌ش له پێشه‌کیی کتێبی (ڕه‌خنه یان کوته‌ک) که له سایتی پارتی چه‌پی کوردستان و هه‌ندێک له سایته‌کاندا به کوردیی هه‌یه:
... ((ئه‌وه (نوقڵانه) نه‌بوو كه هاوارمان ئه‌كرد ئه‌بێت كادێرانی حیزب به خۆیان و سیاسه‌ت و دروشم و به‌رنامه‌ی حیزب‌دا بچنه‌وه .. ئه‌وه پێشبینیی و خه‌مڵاندنی زانستییانه و دایالیكتیكییانه بوو.
دوای سه‌لماندنی ئه‌و (نوقڵانانه)! حیزب چی كرد؟ ئایا هه‌مان ده‌موچاو و هه‌مان سیاسه‌ت وه‌ك خۆیان نه‌ماونه‌ته‌وه؟
ئایا بۆ ته‌نیا یه‌ك جاریش له مێژوودا ، ته‌نیا كه‌سێك نیه له‌م حیزبه‌دا كه به‌رپرسیار بێت له‌م قه‌یران و شكستانه و بردنی حیزب له‌م شكسته‌وه بۆ ئه‌وی تر؟.. كوا؟.. كێیه؟
ئایا ئه‌بێت حیزبمان ببێت به مۆزه‌خانه‌ی سیاسه‌ت و ته‌مه‌ندرێژانی حیزبایه‌تی! یان قوتابخانه‌ی نه‌وه‌كان و پێشكه‌وتن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه نوێیه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی؟)).
به‌ڵێ .. ساڵانێکه کادێران و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری حیزبی شیوعی داوای گۆڕانکاریی و چاکسازیی و پیاداچوونه‌وه به بنه‌ما سیاسی و ڕێکخراوه‌یی و ئایدیۆلۆجییه‌کاندا ئه‌که‌ن ، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێک له بارهگاکانیشدا مانگرتنیان کردووه ، به‌ڵام له باشترین حاڵه‌تدا ، ئه‌و سه‌رکرده (عه‌بقه‌رییانه!) به تۆقاندن و ده‌رکردن ، به‌ره‌نگاری کادێران و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆیان بوونه‌ته‌وه.
له کاتێکدا که له دوو کۆنگره‌ی حیزبی شیوعیدا بڕیاردرا که وه‌زیره‌که‌یان له حکومه‌ته‌که‌ی پارتی و ففتی ففتییهکه بکێشننه‌وه ، به‌تایبه‌تیی له دوای 31 ی ئابی 1996ـه‌وه ، به‌ڵام ئه‌و سه‌رکرده عه‌بقه‌رییانه به پێچه‌وانه‌ی داوای جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌یانه‌وه ، زیادتر دڵسۆزییان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌رئه‌بڕی و بڕیاری کۆنگره‌کانیان پێشێل ئه‌کرد!
له کاتێکدا که کۆنگره داوای لێکۆڵینه‌وه له فایڵدارێک بکات و له‌بری ئه‌وه‌ی که ئه‌و فایڵداره له مه‌ڵبه‌ندی بڕیار دوربخه‌نه‌وه ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ، فایڵدارهکه به‌رزئه‌که‌نه‌وه بۆ لوتکه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یان که مه‌کته‌بی سیاسییه‌که‌یانه!
ئه‌گه‌ر حیزبێک ئه‌وه حاڵی بێت و ساڵانێک بێت خاڵیی بووبێته‌وه له هه‌موو گیانێکی چینایه‌تی ، ڕۆشنبیریی ، که‌سانی هۆشیار ، بیریار ، زانا ، به‌توانا له ڕووی ئایدیۆلۆجیی و فه‌لسه‌فییه‌وه ، وردبینیی و پێشبینییه‌وه ، ئایا ئه‌توانێت متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه به‌ده‌ستبهێنێت؟ بێگومان هه‌زار نه‌خێر ، له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌وه ئاستی بیرکردنه‌وه و ڕۆشنبیرییان ئه‌بێت که به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌که‌یان ، هه‌ر وه‌ک محه‌مه‌د سه‌عید سهحافی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌کانی ڕژێمی پێشوو ، به هه‌موو دۆڕاندن و نه‌هامه‌تییه‌کان بڵێت سه‌رکه‌وتن و براوه‌یی! له کاتێکدا که جه‌ماوه‌ری گه‌ل ، ڕاستییه‌کان چۆنن ، هه‌ر وا ئه‌یانبینن و سه‌رکرده‌کانی ئه‌وانیش له‌ودیوی ڕاستییه‌کانه‌وه دڵخۆشیی خۆیان به دۆڕاندنه‌کانیان ئه‌ده‌نه‌وه و هه‌ر وه‌ک "گۆبڵز"ی وه‌زیری ڕاگه‌یاندنه‌کانی هیتلێر وتویه‌تی ، سه‌د جار به خۆیان بڵێن براوه ، دواجار ڕادێن و خۆیان لێ ئه‌بێت به براوه!
له کۆتاییدا .. ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که ئه‌م نوسینه‌م بۆ سوکایه‌تی به‌و حیزبه کڵۆڵه نیه ، به‌ڵکوو به‌زه‌یی و به‌شدارییه‌که له بههۆشهێنانهوهیان و پێشاندانی ڕاستییه‌کان به ئه‌ندامانیان و بێداربوونهوهیان و چیتر ئه‌و زه‌لیلییه‌ی سه‌رکرده‌کانیان قبوڵ نه‌که‌ن.
داوایان لێئه‌که‌م چاوێک بخشێننه‌وه به نوسراوه‌کانی ئه‌و کادێر و ئه‌ندامه بهتوانایانهیاندا که ساڵانێکی زۆر داوای گۆڕانکاریی و چاکسازیی ئه‌و حیزبه‌یان ئه‌کرد.
ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه که ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه بڕیاری خۆیان بده‌ن و ڕازیی نه‌بن که ئه‌و سه‌رکردانه‌یان به‌ره‌و هه‌ڵدێری تریان ببه‌ن.
ڕۆژی ئه‌وه‌یه که ئه‌و سه‌رکردانه بگۆڕن و به‌رپرسه‌کانی شکسته‌کان و نه‌هامه‌تییه‌کان دادگایی بکه‌ن و حیزبه‌که‌یان بخه‌نه‌وه سه‌ر ڕێی چینایه‌تی ڕاستینه‌ی خۆی.
منیش ئه‌وه ئه‌ڵێمه‌وه ، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه خۆی نه‌گۆڕێت و پیاداچوونه‌وه‌یه‌ک به سه‌رجه‌می بنه‌ما سیاسی و ئایدیۆلۆجیی و ڕێکخراوه‌ییه‌کانیدا نه‌کات ، ئه‌وا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئایینده‌دا ، ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت ، ئه‌وا حاڵی له‌مه‌ی ئێستای باشتر نابێت!
09-08-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست