کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەمیشە ئۆپۆزسیۆن یا هەمیشە پارتى..بۆ كاك فەرهاد پیرباڵ

Wednesday, 05/08/2009, 12:00


لەوانەیە ئەوەى كە پڕوپاگەندەت بۆ ئەكرد و ئەتووت هەمیشە من لەبەرەى دژە دەسەڵاتدام تا 24/7/2009 بۆت بە راست حساب بكرایە ، بەڵام كاتێ لەو بارودۆخە هەستیارەدا لە قێزەونترین تى ڤى دەسەڵاتەوە هێرشى ناڕەوە و دوو سەرە ئەكەیتە سەر بزووتنەوەى گۆڕان و بوختان و تۆمەتى نابەجێی وەك پیاوەكانى پاراستن و وەك پیاوەكانى دەسەڵات بیربكەیتەوە ئەوا بۆئێمە جێگەى گێلی و لەگوێی گادا نوستنە كە بەو دوعایەى جەنابت بڵێین ئامین ! .
من هیچ تێبینى و ناڕەواییەك لەوەدا شك نابەم كە خەڵك خۆی خاوەنى ئیرادە و دەنگى خۆی بێ و ئازادی تەواوى هەبێ لەبڕیارداندا ، ناحەقى جەنابت لەوەدایە ئازادى و بیروڕاى كەسانى تر لینگەو قوچ بكەیت و ناحاڵیانە بكەویتە شڕۆڤە كردنیشى . بۆتۆیەك كە خۆت بە شاعیرى نوێ خوازى و هەمیشە بەهار و هەمیشە لەسەنگەرى بەرگرى گەنجا دائەنێیت حیكمەت و سیحر و نهێنى لەچیدایە جگە لەوەى كەوەك زوڕناژەن و شایەرەكانى دەربارو بەتایبەتى بۆ مەسعودێك كە كابرایەكى خێڵەكى ، نا ڕۆشنبیر ، نا شارستانى و هۆز پەرست پڕوپاگەندە بكەیت و ئەفزەلیەتى لاى تۆ هەبێ ؟
ناحەقى من و هەزارانى وەكو من مەگرە گەر بڵێن كاك دكتۆر لە دوایین ساتەوەختە هەستیارەكانى مێژووى گۆڕان و ئاڵوگۆڕى میللەتێكدا سەنگەرى لەبەرەى گەل گرت و بۆ چەند سەفتە دۆلار و ئیمتیازاتەكانى دەسەڵات خەرمانەى وشە و باق و بریقى هۆنراوەكانى و ئاواز و روخسارى خۆى خستە ناو بوخچەیەك و فڕێی دایە ناو زپڵدانى نوسەرە بێ هەڵوێست و خۆفرۆش و شاعیرەكانى دەربارەوە !
پیاوى خۆڕاگر و ئاسۆ روون ، شاعیرى گەل و خاوەن هەڵوێست وابەئاسانى ناكەوێتە تەڵەى نەیار و ئەو هێزانەى كە ساڵانێكە بونەتە مۆتەكەى سەر سنگى خەڵك ، شاعیر ئەبێ ووردبین و دوور بین بێ ، ئەبێ هەچى سەرمایەو ماڵى دنیا هەیە زەفەر بە كێوى ورەى نەبات و بەردەوام لە ریزى پێشەوەى گەل و هێزە پێشكەوتنخواز و گۆڕانخوازەكانەوە بێت ، بەڵام بەداخەوە و سەد مخابن لەم سەدەى بیست و یەكەدا دكتۆر و شاعیر و خۆ بە ئۆپۆزسیۆنى عەیارە بیست و یەكێ لە قاپى زاڵمترین و بێ شەرمترین سەرۆكدا باروبنەى خۆى ئەخات و ئەكوڕزێتەوە ، وەك دواهەمین شایەرى دەربار بۆدواجار مەنزڵى خۆى ئەدۆزێتەوە !كورد لەخۆڕا نەیفەرمووە (تەیرى گول عاشق بەدارى زەقنەبووتە) .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە