کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ ده‌نگدان مه‌چۆ، ئه‌و ده‌نگه‌ی تۆ! ره‌وادانه‌ به‌ خیانه‌ت و فه‌سادیی و ناپاکیی - بەشی شه‌شه‌م

Thursday, 09/05/2013, 12:00





 

بایکۆت کردن و ئەگەرە پۆزەتیڤەکانی
هەڵەیەکی گەورەیە گەر واتێگەین کەوا بایکۆت کردن واتە گۆڕەپان چۆڵکردن و ئاشبەتاڵپێکردن. ئەم جۆرە لەسیاسەت، گرنگی خۆی هەیە و ئەشێ سەرکەوتن و دەستکەوتی مەزنمان بۆ مسۆگەر بکا. لێرەدا چەند نمونەیەك باس ئەکەین کەوا بایکۆت چەندە گرنگە و ئەبێ پشتی تێ نەکرێ.
کاتێ گاندی- داوای لە گەلی هیندستان کرد کە بایکۆتی شمەك و کەلوپەلی بەریتانیای داگیرکەر بکەن، بەمە توانی گورزی کوشندە لەکۆمپانیاکانی بەریتانیا بدەن و دواتر بوو بەهۆی کشانەوەی ئنگلیزەکان لەو ووڵاتە. کاتێ گاندی داوای لەو جۆرە سیاسەتەی لەمیلەتەکەی خۆی کرد، خودی خۆی بە ئامێرە بچکۆلەکەی دەستی کەبە(نەودل)ناسرابوو، لەکاتی چوونی بۆ لەندەن و لەسەر پشتی ئەو کەشتیەکە تا ئەو کاتەی گەیشتە ئەوێ کاری لەسەر ئەکرد و پۆشاکی بەدەستی خۆی دروست ئەکرد،، ئەم داوایەی گاندی-خۆی پێشەنگی ئەکرد و دواتر هەموان چاویان لێکرد و سەرکەوتنی وەدەست نا. گاندی بەوەشەوە نەوەستا، داوای بەکارهێنانی مادەی خوێ-ی خۆراکی خۆماڵی کرد و بەوەش جەزرەبەیەکی تری ئابووری کوشندەی لە کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی لەندەنی داو بایکۆتی کڕینی مادەی خۆراکی خوێی ئەوانی کرد.
گەلی ڤێتنام لەگەڵ داگیر کردنی ووڵاتەکەی دژی فەرەنسیەکان و داوتر ئەمریکیەکان،،هەمان سیاسەتی بایکۆت-کردنیان دژ بەهەموو کەلوپەلە فەرەنسی و ئەمریکیەکان کرد و پشتیان بەخۆیان بەست.. بەمەش نەك هەر توانیان دوژمن وەدەرنێن و ووڵاتیان ڕزگار بێ. لێ توانیان نەریتێکی نوێی بەرخودان و بەرگری میلی دروست بکەن کە لەتوانایدابوو گازەرای پشتی گەورەترین هێزی جیهانی بشکێنێ.
چەندین جار لەنێوەندە ڕۆشنبیری و هونەریەکانی جیهانی بەگشتی و ئەوروپی بەتایبەتی کەوا کاتێك هونەرمەندێك هەڵئەستێ کە دروست کردنی کاریکاتێرێك لەسەر ئیسلام وەیان موحەمەد-، زۆربەی زۆری جیهانی ئیسلامی لێدێنە دەنگ و لەزۆربەری کاتەکاندا تووشی ڕەخنەی توند ئەبنەوەو کەوا لەزۆر شوێن بینیمان کەچۆن باڵوێزو باڵوێزخانەکان لەووڵاتانەدا گڕیان تێبەردراو چەندین کەسی تیا کوژراو چەندین باڵوێزخانەش داخران. نمونەی کوژرانی باڵوێزی ئەمریکا لە-بەنغازی- لە ١٢/٩/٢٠١٢ لەسەر ئەوەی کەوا لە هۆلیوود فلیمێك لەسەر موحەمەد کرا بەو هەنجەتەی سووکایەتی پێوەکرا بوو. وەیان چەندین کات ئەو ووڵاتە ئیسلامیانە بایکۆت-ی ئابووریان ئەخستە سەر ئەو ووڵاتانەو مامەڵەی بازرگانیان لەگەڵدا نەئەکردن.
لەکاتی ئەوەی ئەمریکا خۆی بۆ جەنگی عێراق ئامادە ئەکرد و داوای ڕای جیهانی ئەکرد بۆ ئەوەی پەلاماری عێراق بدا، فەرەنسا یەکێ بوو لەو ووڵاتانەی دژ بەم خواستەی ئەمریکا وەستایەوەو ڕازی نەبوو جەنگ دژ بەعێراق بکرێ.. هاوڵاتیانی ئەمریکی بایکۆتی- چەندین شمەك و کەلوپەلی فەرەنسیان کرد و بەچاوی دوژمن سەیری فەرەنسایان کرد، ئەمە لەکاتێکدا فەرەنسا ئەو ووڵاتە بوو کەپشتگیری ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی دوژمنی داگیرکەری ئینگلیز لەئەمریکا نەهێڵن.
دیارە نمونەی بایکۆت-کردن مەرج نیە تەنها سیاسی بێ.. ئەوەتا لەساڵانی هاشتاکاندا، تیپی مۆسیقای سلێمانی ڕازی نەبوو کە گۆرانی بەسەر حزبی بەعس و خودی سەدام حوسێندا بڵێ و بایکۆتی هونەریان جاڕدا، بەرانبەر بەوە، تیپەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەچالاکی ڕاگیراو هەڵپەسێرا.. حەتمەن زۆربەمان ئەو ڕۆژانەمان بیرە کەوا دژ بە دوژمنی بەعس و پێش ئەوانیش چەندین جار داوا ئەکرا کە دەرگای خوێندنگاکان و دوکان و بازاڕەکان بۆ ماوەی ڕۆژێ دابخرێ و بایکۆتی فەرمانەکانی بەعس بکرێ و تا ئەو پەیامە بدرێ کەوا میلەت چەند ڕق و کینەی بەرانبەریان هەیەو دواتر چەند کاریگەری ئەرێنی دروست کرد لەسەر تاکی کورد.
کەواتە لەو چەند نمونەی سەرەوە بۆمان دەرکەوت کەوا سیاسەتی-بایکۆت-کردن چەندە پێوستەو چەندە توانیویەتی بەرژەوەندی و سەرکەوتن بەچنگ بێنێ.. ئاخۆ هەنووکە ئەوەی پێی وایە کەوا بایکۆت-کردنی هەڵبژاردن بەمانای گۆڕەپان چۆڵکردن بۆ پارتی و یەکێتیە،، ئەوا گەلێ بەهەڵە لەم پەیامەی کوردستانپۆست گەیشتوون . ئێمە هیچ کات باوەڕمان بە گۆڕەپان چۆڵکردن و ئاشبەتاڵ پێکردن نیە، لێ هەندێ جار بایکۆت-کردنی ئەم هەڵبژاردنە وەك پێوستیەك ئەزانین و ئەزانین هەڵبژاردن و چوونە بەردەم سندووقەکانی هەڵبژاردن ، جارێکی تر ڕەوادانە بە پارتی و یەکێتی، سەرەنجام ڕەوادانە بە زیاتر بەتاڵانبردن و تێكشاندنی تاکی کورد و خەفەکردنی ئازادی و نەهێشتنی دیموکراتی.
بۆیە ئەگەری نەچوونی دەنگدەر لەو ڕۆژەدا ئەو پەیامە ئەبەخشێ کەوا زۆرینە لەگەڵ سیاسەتە چەوتەکانی ئەم دزو ناپاکانە نین و بەتەمای ئەوە نین کەوا دوا ڕۆژێکی تاریك و تەم ومژاوی بۆ نەوەکانی دوا دێن ، داوا بکەن. دهنگدان بە دز و خیانەیکار و بەشداری کردن لە هەر پرۆسەیەك کە ئەم دەم وچاوانەی ئێستا هەن ، ڕەوا دانە بە داخستنی دەنگە ناڕەزایی و بەرتەسکردنەوەی ئازادی و تیرۆرکردنی زۆرترین لە (سەردەشتەکان). وەستان لە تابووری دەنگدان وەکو وەستانە بۆ ئەوەی زۆرترین نەمامی سەوز و زیندوو زیندە بەچاڵ بکەین و کوردستانێکی ئازاد بگۆڕینەوە بۆ کوردستانێکی بنەماڵەیی و دیکتاتۆر و دز و چەتەگەری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە