لە دەربەندیخانەوە، زەنگێك بۆ كاك نەوشیروان و لیستى گۆڕان
Thursday, 28/05/2009, 12:00
لاى هەمووان ئاشكرایە دەربەندیخان لەسەرەتاى دروست بونیەوە هاوشانى ناوچەكانى دیكەى كوردستان بەردەوام لەگەڵ شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى خەڵكى كوردستاندا بووە،وە شوێنێكە هەمیشە دانیشتوانى ناوچەكانى ترى كوردستان ڕووى تێ دەكەن بۆ گەشت و سەیران بە هۆى بوونى ئاو هەوایەكى پاك و سازگار و پاشان بوونى بەنداوێك لە ڕۆژهەڵاتى شارەكە. دەمەوێت لێرەدا ئەوە بخەمە ڕوو كە حوكمەتى كوردستان بە پێی پێویست ئاوڕى لە شارەكە نەداوەتەوە كەمترین خزمەت گوزارى پێشكەشى شارەكە كردوە كە سالانێك مەڵبەندى پارێزگاى كەركوك بووە لە سەردەمى ڕژێمى پێشودا، لەم ڕۆژانەدا لەناو خەڵكى شارەكەدا ئەوە زانرا كە ئەو كەسەى دانراوە بۆ نوێنەرى دەربەندیخان لە پەرلەمان لەسەر لیستى (كوردستانى). هەرچەندە كەسێكى ڕۆشنبیرو دڵسۆزى شارەكەیە و خۆی و بنەماڵەكەشى خاوەن مێژوویەكى پرشنگدارن لە خەبات و تێكوشانى بزوتنەوەى كوردایەتیدا، و گەنجێكى خەمخۆرى شارەكەیەو ماوەیەكى زۆریشە سەرۆكى یانەى وەرزشى دەربەندیخانەو گەنجانى ئەو شارە خوشەویستیەكى زۆریان بو ئەو گەنجە لێهاتووە هەیە.بەڵام ئێستا نائومێدیەك لەناو خەڵكدا پەیدابووە بەهۆى ئەوەى ئەو كەسە لە لیستى ناوى كاندیدەكانى لیستى كوردستانیدا ژمارە(44) ى گرتووە كە بۆ خۆى ماناى پشت گوێ خستنى دەربەندیخانە لە لایەن سەركردەكانى لیستى هاوپەیمانیەوە،چونكە خەڵك دڵنیایە لەوەى لیستى كوردستانى ئەو ژمارە زۆرە لە كورسى ناهێنێت لە پەرلەماندا تاكو ئەو گەنجە لێهاتووەى شارەكە بچێتە پەرلەمان وببێتە خەمخۆرى دەربەندیخان لە پەرلەماندا. لەلایەكى دیكەوە لیستى (گۆڕان)كە كاك نەوشیروان سەركردایەتى دەكات لە لیستى ناوى كاندیدەكانیاندا ناوى گەنجێكى دیكەى شارەكەیان خستۆتە ژمارە(30)یەوە كە ئەمەش تاڕادەیەك ڕەشبینیەكى دیكەى لاى دانیشتوانى دەربەندیخان دروست كردوە هەرچەندە ئەو كەسە گەنجێكى ناسراوى شارەكەیە و من دڵنیام دەنگێكى زۆر دەهێنێت. بەڵام ئەگەر هاتوو لیستى گۆڕان ئەو ژمارە زۆرە لە كورسى نەهێنا لە هەڵبژاردنى داهاتوودا ئیدى خەڵكى دەربەندیخان چ ئومێدێكیان بەو پەرلەمانە هەبێت كە نوێنەرێكى شارى دەربەندیخانى تێدا نەبێت بۆ ئەوەى هەوڵى بەرەو پێش چوونى شارەكە بدات. لێرەدا دەمەوێت كاك نەوشیروان و سەركردەكانى لیستى گۆڕان لەوە ئاگادار بكەمەوە ئەگەر پێش ئاشكرا كردنى ناوى كاندیدەكان لە لایەن كۆمیسیۆنەوە گۆڕانكارى نەكرێت لە لیستى ناوى كاندیدەكانى لیستى گۆڕاندا و ناوى ئەو كەسە نەخرێتە ژمارەكانى سەرەتاوە بێگومان خەڵكى دەربەندیخان بەدواى بەدیلێكى دیكەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەى دەنگى خۆیانى بدەنێ بە بڕواى من تاكە بەدیلیش لیستى(گۆڕان و چاكسازیی) ە كە لە ناو خەڵكدا بە لیستى چوار حیزبەكە ناسراون وچاوەڕوانى دەنگێكى زۆریان لێ دەكرێت لە دەربەندیخاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست