هەندرێن: ئەو راكردنە نیشانیدا پیشمەرگە هیچ خۆئامادەكردنێكی نییە
Sunday, 17/08/2014, 12:00
2682 بینراوە
ئەوەی پێشمەرگە لەشەنگال و موسڵ نیشانیدا ترسنۆكترین رەفتارە لەمێژووی كورددا
پێشمەرگەی دێرین و نووسەر و شاعیرێکی دیار "هەندرێن" لە هەڤپەیڤینێكی"رۆژی وڵات"دا رووداوەكانی كوردستان لەپەیوەندی بەهێرشەكانی گروپی تیرۆریستی داعش و بەرگریەكانی گەل هەڵدەسەنگێنێت. هەندرێن دەڵێ:"ئەوەی ئێستا روودەدا، ئاكامێكە لەو مۆدیلە سیاسی و ئابوورییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵگریەتی. ئەمەش نە راڤەیەكی تیۆرییە بۆ ئەو رەوشە و نە خەیاڵاندن، بەڵكو واقیعی ژیانی حكومەت و كۆمەڵگەی باشوورە"، هەندرێن ئەوەش دەڵێت:"داعش هێزێك نییە بتوانرێت بە گفتوگۆ رووبەڕووی ببیتەوە؛ بەڵكو دەبێ بە ئایۆلۆژیایەك رووبەڕووی ببیتەوە". هەرچی هەندرێنە پێ وایە كە:"بۆ رووبەرووبوونەوەی داعشیش دەكرێ سوود لە ئەزموونی هەپەگە و یەپەگە وەربگیردرێت؛ چونكە ئەمڕۆ تاكە هێزێكی سەربازیی خاوەن پرنسیپ و ئێتیكی نیشتمانیە كە كورد هەیبێ، ئەو دوو هیزەن".
ئا/ رۆژ ئەحمەد
* بە بۆچونی ئێوە گروپی توندڕەوی داعش(دەوڵەتی ئیسلامی) چما توندترین هێرش دەكەنە سەر گەلی كوردە لە ناوچەكەدا؟.
ـ داعش گرووپێكی دڕندەیە، پێكهاتەیە لە وەحشیترین هێزی ئیسلامی سیاسی، كۆنە بەعسی، پان ـ عەرەبیزم و ئەو موسڵمانانەی كە بڕوایان بە شەرع و خەلەفەتی ئیسلامی هەیە، تێكەڵییەكە لە كۆی ئەو كەسانەی كە لەماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا لە ژێر دەستەڵاتی حكومەتە دیكتاتۆرەكان لەجیهانی ئیسلامدا سووكایەتیان پێكراوە. هەروەك بریتیە لەو خەڵكانەی كە لەدۆخی بە جیهانیبوون و هەژموونی سەرمایەداریدا هەست بە بوغز و پەراوێزبوون دەكەن. گەندەڵیی و تایفەگەریی حكومەتی ئێراق رێگە خۆشكەربوون بۆ بە هێزبوونی داعش لە ئێراقدا، بۆیە سوپای ئێراق هاوكاربوو لە گرتنی موسڵ و ناوچە سوننیەكان. بە كورتی داعش، پشكۆی ژێر خۆڵەمێشی كۆمەڵگەی دەمكوتكراوی حكومەتە دیكتاتۆرییەكانی دونیای ئیسلامە. كەواتە لەبنەڕەتدا جەوهەری داعش موسڵمانە بێمۆرالترین هێزە تووندڕو و دڕندەكانی جیهانی ئیسلامن، بەڵام تووندتر بوونیان بەرانبەر كورد، پەیوەندی بە كۆی ئەو دیدە بەد و شوومەی كە لەتەواوی مێژووی كۆمەڵگەی عەرەبی و توركی و... تاد بەرانبەر كوردا هەیانە، هەیە.
دیاردەی داعش، جا هەر هێز و لایەنێك لەپشتەوەی سازكردنی بن، لە دۆخی جیهانگریی و پۆستناسیۆنالیزمی عەرەبییدا، لە فۆرمێكی ئیسلامیدا. نوێنەری پان ـ عەرەبیزم و شۆڤینیزمی جیهانی موسڵمانەكان و دووبارەبوونەوەی بەشێكی گرنگی مێژووی ئیسلامە دەكا. بۆیە لەروانگەی داعشەوە كورد بە گشتی و بە تایبەتیش پارتە كوردییەكان عەلەمانین، "مرتد"ن، بۆیە كوشتن، تاڵانكردن و مەحفكردنەوەی كورد، بەشێكە لە "جیهاد".
* ساڵێك زیاترە شەرڤانانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدەنە باشوری كوردستان كە داعش مەترسیە بۆسەر كورد و هاوڵاتیانی ناوچەكە و یەكێتی نەتەوەیی پێویستیە، بەڵام هیچ هێزێكی دیكەی كورد، بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەم هۆشدارییەی بەهەند وەرنەگرت، هێزەكانی سنوری هەرێم لەبەری وەڵامدانەوە زیاتر گەمارۆ و ئابڵوقەیان خستە سەر رۆژئاوای كوردستان، بە بڕوای ئێوە بۆچی؟.
ـ راستە نەك بەبڕوای من؛ بەڵكو بە بڕوای زۆرێك لە نووسەر و سیاسەتوانی رۆژئاوایی و جیهانیشدا، سەرسەخترین هێزێك كە توانیبێت و بتوانێت شەڕی قارەمانانەی داعش بكات، شەڕڤانەكانی یەپەگەن. ئەمڕۆ بە دیار ئەو دۆخەی مۆلەقەماندا بەرانبەر داعش، شەڕڤەكانی كورد لەخۆرئاوادا ئەوەیان سەلماند كە داعش مەترسییە بۆ سەر سەروەریی كوردستان، بەڵام مخابن حیزب و هێزەكانی تر لەبەشەكانی تری كوردستاندا، بە تایبەتیش حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هەنگاویان نەناوە، بەڵكو بە رێگەی ئابلۆقە و سنوور داخستنەوە تەگەرەشییان بۆ شەڕڤانەكانی كورد لەخۆرئاوا دروستكردووە، ئەمەش دیسان دووبارە بوونەوەی مێژوو و دووبەرەكی كوردە. نەبوونی ئەو یەكێتییە نەتەوەییە و ئابڵۆقە خستنە سەر رۆژئاوای كوردستان هۆكاری زۆرە، لێرەدا بوارمان نەبێت بە درێژی باسییان بكەین، بەڵام بە كورتی هۆكارە سەرەكییەكەی نەبوونی ویست و ئیرادەی یەكێتی نەتەوەیی، گوتاری نەتەوایەتییە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و بگرە زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردستانە. لەئاكامی ئەوەدا لەبڕی ئەو یەكێتی نەتەوەییە، دووبەرەكی حیزبی. پاوانخوازیی حیزبی، بەرژەوەندی حیزبی و ئابوورییان هەڵبژارد. ئەوەی راستی بێت، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو رێكخراو و گروپە سیاسی و رووناكبیرانەی كە خۆیان بە سەربەخۆ دەزانن دەستپێشخەری ئەو ئەركە، پرۆژەی یەكێتی نەتەوایەتییە بن، لێ بەڵگەنەویستە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی ئابووری، بازرگانی كردن، بە ئەركی سەرەكی خۆی داناوە. هاوكاتیش هیچ یەك لەهێزە جیاوازەكانی تر، نەك هەر ئەو غەمەیان بە ئەركی خۆیان نەزانیوە، بەڵكو هەڵگری هەمان پرۆژی ئابوورین.
دیارە ئەو دووبەرەكیی و پاوانخوازییەی حیزبەكان رابردوویەكی دووری هەیە و بۆتە نەریت و گوتارێك هەمیشە خۆیان بەرهەمدەهێننەوە، هەر ئێستا لە كاتێكدا ئاییندەی كورد لە بەردەم هەڕەشەی داعشدایە، كە چی رق و كێنە و ململانێی نێوان حیزبەكان لەپەرەسەندن دان. باشووری كوردستان، لەدوای رووخانی سەدامەوە، تووشی وەهێمك بوو كە چیتر كوردستان لەژێر هەڕەشەدا نەماوەتەوە، بۆیە بە دوبەیكردنی كوردستان، بازاڕخوازیی بوو بە خەونی سەرەكی حكومەتی هەرێم. بەمجۆرە بازاڕ و قازانجی هەمیشە، پارەخوازیی بوو بە ئامانجی سەرەكی هێز و هاووڵاتیانی كوردستان. ئەو بە ئابووریكردنە هەرچی بەهای نیشتمان و مێژووی كوردە تاڵانكرد. ئەو بە بازاڕكردنە بێئەخلاقی كرد بەئەخلاق، ساختەكاری كرد بە راستی؛ كۆی ژیان بوو بە كاڵا و پارە. لەوەش بترازێ، پەیوەندی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران، هەر لەئاستی بەرژەوەندی ئابووریی نەمایەوە؛ بەڵكو بوو بە بازرگانی نەوت و بەرژەوەندی سیاسیش. لەئاكامی ئەمەشدا ئەو دەوڵەتە دوژمنە مێژوویانەی كورد، هەر تەنێ كۆمەڵگە و حكومەتی كوردستانیان نەكرد بە كاڵاخۆر و بەرخۆری بازاڕەكانی خۆیان، بەڵكو توانیشیان بوونی ئێرادە و رۆحی ئەو یەكێتییە نەتەوەییە بێمانا و تاڵان بكەن.
لێرەوە كاتێك لەكۆمەڵگەیەكدا ژیان لەبازاڕ و بازرگانی كورتبكرێتەوە، ئیتر نیشتمان و نەتەوە مانایەكی نامێنێت؛ چونكە ئاشكرایە جەوهەری بازرگانی، قازانجی هەمیشەیە. ئەوەی كە ئێستا روودەدا، ئاكامێكە لەو مۆدیلە سیاسی و ئابوورییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵگریەتی. ئەمەش نە راڤەیەكی تیۆرییە بۆ ئەو رەوشە و نە خەیاڵاندن، بەڵكو واقیعی ژیانی حكومەت و كۆمەڵگەی باشوورە.
وێڕای ئەمەش، ئەوە مانای ئەوە نییە حیزبەكانی تر لەبەشەكانی تری كوردستان لەنەبوونی ئەو یەكیتییە نەتەوەییە بەشدار نین. دیارە گوتمان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەوەی دام و دەزگا و دەستەڵاتی هەیە، دەبوو دەستپێشخەری ئەو پرۆژەیە بێت، لێ دەكرێ پەكەكە و پەیەدە و هێزەكانی تری كوردستانی رۆژهەڵات، پێكەوە ئەو ئەركە ئێتیكیە نشتیمانییە بە هی خۆیان بزانن. ئەڵبەت لەدوای شكانی پێشمەرگە لەشەنگال، لە رووی سەربازییەوە هەپەگە و یەپەگە ئەو ئەركەیان راپەڕاندووە. ئەوە بە كردەیەكی گەورە، توانیوویانە مێژووی كۆمەڵگاكانیان وەربچەرخێنن.
وەك دەزانین، پەیوەندی نێوان ئەو هێزانە لەگەڵ یەكتر لەپەیوەندی نیوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی باكور و خۆرئاوادا باشتر نییە. بە كورتی كورد وێڕای ئەو هەموو هەژەندەی كە تووشی بووە، كەچی هێشتا لە قۆناغی عەقڵی خێڵ و حیزبخوازیدا تێداماوە و گیریخواردوە. بۆیە ئەو بەزینەی پارتی لەبەرانبەر داعشدا، وێڕای ئەوەی كە دڵخۆش بوون بەو شكستە هیچ لەو كۆستەی كە بەسەر كوردستان و بە تایبەتیش ئێزدییەكاندا هات، كەمناكاتەوە، لێ ئەو دۆخە بەرهەمی ئەو عەقلە خێڵەكیی و حیزبخوازییەیە كە هەر ئەمانەیە ئیرادەی یەكێتی نەتەوەییان ئیفلیج كردووە. دواجار، ئەمڕۆ ئەو هێزە شكۆی مێژوویی دەستبەر دەكا، كە بتوانێت ئەو پەرتەوازەیی و تێدامانەی كورد وەربچەرخێنێت و هێزێكی نیشتمانی دروستبكا، تا هەرنا لەم دۆخەدا بەرگریی لە هاوڵاتیانی كوردستان بكا.
* مانگێك لەمەوبەر هاتنی داعش بۆ موسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە وەك "هێزێكی ئامادەی سەركەوتوو" لە میدیاكانی جیهاندا ناسێنران، بەڵام چۆڵكردنی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری و گەشتنی شەڕ هەتاوەكو ناوچەكانی گوێر كە بە "٤٠" كیلۆمەتر لە هەولێر دوورە، تەواو پێچەوانەی ئەمە شرۆڤە دەكات، ئەم دەرئەنجامە هاوپێچەوانەیە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
ـ ئەو شكستە نەك هەر بوو بە هۆی تراژیدیایەك بۆ ئێزدییەكان و هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە؛ بەڵكو ئەو وێنە پاڵەوانییەی كە بۆ پێشمەرگە نیشاندەدرا هەڵوەشاندەوە. ئەمەش بە درەنگییەوە دەریخست ئەو ئاسایشەی كە لە كوردستاندا شانازی پێوە دەكرا شاشی و كەم و كوڕی زۆری تێدایە. ئەو راكردنە نیشانیدا كە هێزی پیشمەرگە هیچ خۆئامادەكردنێكی بۆ ئەو ئەگەرە نەكردووە. داعش دژی كوردە، بۆیە خۆئامادەنەكردنی پێشمەرگە بۆ هێرشی داعش، مانای "نائامادەیی" پێشمەرگەیە. وەك من تێدەگەم، راستە بەشێكی زۆری پێشمەرگە ئامادەیی شەڕی هەیە، لێ چونكە بوون بە پێشمەرگە، بوو بە بەشێك لەو كاسبیی و مووچەخۆرییە بە خۆڕاییەی كە لە كوردستاندا بوو بە باو، چاوەڕوانكراو نەبوو. كەواتە كە بوون بە پێشمەرگە وەك كاسبییەك سازكرابێت، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو شكستەی كە لەشەنگالیش تووشی بوو رووی نەدابووایە، بەڵام هەردەبوو ئەوە رووبدات؛ چونكە كاتێك پرنسیپ لە كۆمەڵگەیەكدا نەما، ئیتر هیچ تشتێك بایەخی نامێنێت، مرۆڤ دادڕمێت. كوردستانێك كە بە دوژمنی سەرسەخت گەمارۆدراوە، بەر لەهەموو كارێك دەبێ پێشمەرگە بە مۆرال و پرنسیپی نیشتمانی پەروەردە بكرێت. هەروایە و هێزی پێشمەرگەیە پیویستی بە مەشقكردن، بە ئیرادە، بە پڕچەكی باش و بە ئیرادەیەكی نیشتیمانی گۆشكراو هەیە. ئەو دەرئەنجامە ئەوەی پێ گوتین كە ئەگەر ئەو بە بەرخۆرییكردنەی كە لە كوردستاندا بوو بە سیستەم لە دەزگەكانی تر بە تەقە تەقیش بێت بەڕێوە بچێت، لێ لەبواری هێزی پیشمەرگەدا ئەوە سەرناگرێت. ئابووری نەك هەر ناتوانێت ئەخلاق و ئێتیكی نیشتمانیی بكرێت؛ بەڵكو تاڵانیشی دەكا!!.
كەواتە لە راستی لانادەین كە بێژین، ئەو دەرئەنجامەی كە هێزی پێشمەرگە نیشانی داین، وێڕای هۆكاری دەرەكیی و سیاسی ناوەكی، پەیوەندی بەوە هەیە كە جەوهەری هێزی پێشمەرگە بریتیە لەبەشێك لەو مشخۆرییەی كە سیاسەتی بە ئابووریكردن لە كوردستاندا بەرهەمیهێناوە. بۆیە نە بەرپرسەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شەنگال هەڵگری ئەو ئەركەن و نە بەشی زۆری پێشمەرگەكانیش، پێشمەرگە بوون.
مرۆڤ كە بۆ دەستكەوتنی پارە پێشمەرگایەتی وەك ئاسانترین كاسبی هەڵبژێرێت، سافیلكەییە چاوەڕێی بەرگریی و ئەركی نیشتمانیی لێبكەیت. پێشمەرگایەتی گەرەكە ئێتیك بێت، نەك بەشێك لەو كاسبیە تاڵانكاریەی كە لەكوردستاندا بوو دیاردە. لەوەش بگەڕێ؛ چونكە ئەو دەزگایەی پێشمەرگە بە بەرنامەیەكی ستراتیژیی نیشتمانیی سەیر نەكراوە، بۆیە نەبوونی مووچە، نەبوونی بەهای ئەخلاقی نیشتیمانی ... تاد وایكرد كە ئەو هێزە لە جەنگێكی وادا هەست بە بەرپرسیاری ئێتیكی خۆی نەكات. هاوكاتیش لەكوردستان یەك هێزی پێشمەرگە نییە؛ بەڵكو چەندین هێزی پێشمەرگە هەن؛ هەر حیزب و بەرپرسێكی ئەو حیزب و ئەم حیزب، خاوەن فەوج و لیوای پێشمەرگەی خۆیانن. وەك دەبینین ئەوە مانگێكە لە دەڤەری كەركوك و جەلەولا پێشمەرگە لەگەڵ داعشدا دەجەنگێ و كەچی، وەك ئەو هێزی پێشمەرگانەی كە لەشەنگال شكان، نەك هەر نەشكاون؛ بەڵكو زۆر شوێنیشی لەدەست داعشدا رزگار كردووە.
* چۆڵكردنی ناوچەیەك بەبێ بەرگری و جێهێشتنی قەدەری ژیانی سەدان هەزار خەڵكی سیڤیل لەدەستی هێزێكی توندڕەودا كە سنوری بۆ كوشتن نیە وەك داعش، كە پێشمەرگە لە شەنگال كردی و سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوان ئاوارە بوون و دەیانیان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی نەبونی خواردن و ئاو لەچیاكانی شەنگال، تا چەند بابەتەێكە مۆرال وبەرپرسیارێتی و ئیتیكی حكومەت و هێزێكی سەربازی دەكرێت بخاتە ژێر پرسیارەوە؟
ـ ئەوەی ناسنامەی هێزی سەربازیی یان پێشمەرگەی وڵاتیك یان حكومەتێك دیاریدەكا، ئێتیكی بەرگرییكردنە لە كەرامەت، ژیان و سەروەریی هاووڵاتیان و خاك و وڵاتەكەی. كەواتە كاتێك هێزی پێشمەرگە لە دۆخێكی گوماناوییدا دوای رۆژێك كەم یان زیاتر لە شەڕدا، بێ ئەوەی هاوڵاتیانی دەڤەری شەنگال ئاگادار بكاتەوە، هەڵبێ و خاك و خەڵكی مەدەنی، بە تایبەتی ژیانی ئێزدییەكان رادەستی داعش بكا كە تاڵانكردن و بە كەنیزەكردنی كیژەكانیان بە جیهاد بزانێت، وێڕای هەر پاساوێك، نەك هەر خیانەتی لەئەركی خۆی كرد؛ بەڵكو ئێتیك و ئەخلاقی خۆیشی رادەستی داعش كرد. هەر هێزێكی سەربازیی كە بەوجۆرە بوێری بەرەنگاری دوژمن و راپەڕاندنی ئەركە ئێتیكییەكەی نەبێت، گەرەكە ئەو خەسڵەتە ئێتیكییەی لێوەربگیردرێتەوە.
ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شەنگال و موسڵ نیشانیدا، رەنگە، ئەوەندەی من بیزانم، ترسنۆكترین و بێئەخلاقترین رەفتارە كە لەمێژووی كورددا، پێشمەرگە كردبێتی. دوای ئەو پێشهاتە تراژیدییەی كە بەسەر ئێزدییەكاندا هات، خەلكی كوردستان، ئەگەر سەروەری خاك و هاوڵاتییەكانی خۆیان بۆ گرنگ بێت، دەبێ داوای لێپێچینەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە بكەن كە سزای كۆی ئەو پرسانەی پێشمەرگە بدەن كە بەرپرس بوون لەو دەڤەرەدا. ئەو كارەی هێزی پێشمەرگە بەر لەوەی ریسواكردنی خۆیی و ئێزیدییەكان بێت، سووكردنی مێژووی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەشە. هێزێكی وەك پێشمەرگە ئەگەر ئەخلاقی بەرگری نەبێت لەخاك و خەڵكی وڵاتەكەی، كەواتە هێزێكە ئەخلاقیش وەك كاڵا بۆ بازرگانی بەكار دەهێنێت، بەڵام دۆخی پێشمەرگە بەدەر نییە لە كۆی ئەو ژیانی سیاسی و كۆمەڵگەی كوردستان. بۆیە دوای ئەو پێشهاتە ئەوەی كە دەبێت بخرێتە ژێر پرسیاری ئێتیكییەوە. ئەو شكستە ئەخلاقییە هەر تەنێ هێزی پێشمەرگە و حكومەت ناگرێتەوە؛ بەڵكو كۆی خەڵكیشە؛ چونكە مەرگ و كەرامەتی ئێزدییەكان و خاك، پەیوەندی بە ئەخلاقی كۆی كۆمەڵگەی كوردستانەوە هەیە، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكدا كە مۆرال و ئێتیكی نیشتمانیی، مرۆڤ و ژیان ببێتە كاڵا و كاسبی، كێ ئەو هێزی پێشمەرگە و بەرپرسیارانە بخاتە ژێر پرسیار؟!.
* داعش بە ئایدیۆلۆژیایەكی توندڕەو خوێنی خەڵك زۆر بەسانایی دەڕژێت و بەندەكانی ئەو بیروباوەرە تەكفیریە توندڕەوەی خۆشیان دەستبەجێ پیادە دەكەن لەهەرشوێنێك پێیدەگەن، كە زۆرجار لە سەربڕینی خەڵكدا هەوێنی ئەوتوندڕەویە بەناو ئیسلامیە ئاشكرا دەبینرێت. لەبەرامبەردا، بۆ بەرگریكردن لە هێرشەكانیان. تا چەند ئایدیۆلۆژیا گرنگە. یان بڵێێن، شەڕی دژە داعشدەكرێت تەنیا بە چەك سەربكەوێت بەبێ هەبونی ئایدیۆلۆژیا؟.
ـ دیارە ئەوەی كە وادەكا داعش بەو شێوەیە دڕندەیە خەڵك بكوژێت و موسڵمانەكانیش لە هەموو گۆشەكانی جیهانی ئیسلامەوە بێن بۆ سوریا و ئێراق و شەڕ بكەن، هەبوونی سەرچاوەیەكی ئایدیۆلۆژییە، كە داعش لەشەرع و ئایەت و قورئاندا وەریدەگرێت. ئەگەر داعش خۆی بە هەڵگری پەیامێكی ئیسلامی نەبێت، ناتوانێت بەوجۆرە شەڕ بكات. مرۆڤ كە شەڕ دەكا، تەنێ مەرگی تێدایە، ئەگەر پەیامێكی ئایینیی یان نەتەوەیی یان ئایدیۆلۆژییەكی لە پشتەوە نەبێت نایكات. داعش بە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییەوە ئەو شەڕە دەكا، كە خەونێكی هەمیشەیی موسڵمانەكانە. ئەو خەونەش دامەزراندی خەلافەتی ئیسلامییە.
داعش هێزێك نییە بتوانرێت بە گفتوگۆ رووبەڕووی ببیتەوە؛ بەڵكو دەبێ بە ئایۆلۆژیایەك رووبەڕووی ببیتەوە. هەڵاتنی سوپای ئێراق بەو هەموو هێز و چەكەوە لەموسڵ لەبەردەم داعشدا، ئەوەمان بۆ دووپاتدەكاتەوە كە ئەو هێزەی هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەك نەبێت، وەك سوپای ئێراق ناتوانێت دژی داعش شەڕ بكات.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، شەڕی یەپەگە، كە تەنیا مۆراڵی نیشتمانیی هێزی سەرەكییەتی، بەرانبەر هێزێكی دڕندە و پڕچەكی وەك داعش لەماوەی ساڵێكدا، نەك هەر داكۆكی لەخاك و خەڵكی خۆی كرد؛ بەڵكو داعشیشی تێكشكاند. كەواتە ئەوە راستییە كە تەنیا بە بوونی چەكی قوڕس ناتوانرێت رووبەڕووی دڕندەیی داعش ببییەوە؛ بەڵكو دەبێ ئایدیۆلۆژیی و ئێتێكێكی نیشتمانیش بین، تا شەڕی داعش بكەین. هەموو بەرەنگاری نەتەوە داگیركراوەكان لەجیهاندا ئەوەی سەلماندووە كە ئەوە ئامانج و ئەخلاقی نیشتیمانییە وادەكا شەڕی هێزە بەهێزەكانی داگیركاری بكەن. هەروەك لەكاتێكدا كە هێزی پیشمەرگە لەیەپەگە خاوەن چەكی باشتر و هێزی زیاتر بوو كە چی نەیتوانی دوو رۆژ لەبەرانبەر داعش شەڕ بكەن و خەڵك و خاكی دەڤەری شەنگال بپارێزێت، بەڵام هەر هێزەی كە ناوی پێشمەرگەیە لەهەشتاكاندا بە سادەترین چەك و كەمترین ژمارەی پێشمەرگە دەیتوانی لە گوندێكدا یان سەر شاخێكدا یان دەشتایەكدا باشترین بەرگری بكا.
* ڕێكخستنی جڤاك لەسەر بنەما فەلسەفیەكانی "بەرگری ڕەوا" تا چەند بە گرنگ دەبینن بۆ كورد و نەتەوەكانی دیكە لەناوچەكەدا لەبەرامبەر هێرشی ئەم جۆرە هێزانە؟.
ـ كورد ئێستا و رەنگە تا داهاتوویەكی درێژیش لەبەردەم هەڕەشەی هێزی دوژمن بێ. ئێستا، وێڕای هەڕەشە هەمیشەیی دەوڵە داگیركارەكان، داعش سەرەكیترین هەڕەشەیە لەسەر كورد و كوردستان. كەواتە نەبوونی پرنسیپی "بەرگری رەوا" وەك ئەركێكی سەرەكی و گرنگی نیشتمانی لەلایەن كۆمەڵگەی كوردستان و هێزە سیاسییەكانیدا، مانای قەبوڵكردنی كۆیلایەتی لای نەتەوەی كوردە؛ چونكە نەبوونی ئەو "برگرییە رەوا"یە، مانای نەبوونی كۆئاگایی و ئێتیكی نیشتمانییە لە لایەن نەتەوەی كوردەوە.
بۆیە ئەمڕۆ لە كاتێكدا كە كورد لەژێر هەڕەشەی هێزێكی بەربەری وەك داعشدایە، دامەزراندنی هێزێكی هاوبەشی نیشتمانی كە كۆی هێزەكانی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان لەخۆیدا كۆبكاتەوە، سەرەكیترین ئەركی ئێتیكی نەتەوەییە. لەوەڵامەكانی پێشوودا ئاماژەم بەوە كرد، كە دوای ئەو تێكشكانەی پیشمەرگە لەشەنگال و مەخموور، پێویستە ئەو هێزە یەكگرتووە نیشتمانییە ساز بكرێت، كە لێژنەیەك لەپۆلێك گەریلا و پێشمەرگەی خاوەن ئەزموون و مۆرالی بەرز لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا سەركردایەتی ئەو هێزە سەربازییە نیشتمانیە بكات.
دیارە بۆ ئەو كارەش دەكرێ سوود لە ئەزموونی هەپەگە و یەپەگە وەربگیردرێت؛ چونكە ئەمڕۆ تاكە هێزێكی سەربازیی خاوەن پرنسیپ و ئێتیكی نیشتمانیە كە كورد هەیبێت، ئەو دوو هیزەن. كۆی كوردیش ئەو راستییە دەزانن، كە هەپەگە و یەپەگە خودان مۆرالێكی نیشتمانیی و توانای سەربازیین.
ماوەی دەیان ساڵە هەپەگە خۆڕاگرانە شەڕ لەگەڵ هێزی ناتۆ، توركیا دەكا. هاوكاتیش ماوەی دوو ساڵە یەپەگە نیشانیدا بەو توانا و چەكە سادەیە بوێرترین "بەرگری رەوا" لەبەرانبەر داعش و دەوڵەتی سوریا دەكا. ئەڵبەتە پارتی كرێكارانی كوردستان دەمێكە دەسپێشخەری ئەو پرۆژە نەتەوەییەن، كە كورد پێویستی هێزێكی سەربازیی هەیە، تا "بەرگری رەوا" لەشكۆ و شەرەفی نەتەوەیی كورد بكا. هەر بۆیە هەپەگە دەیان ساڵە ئەو ئەركە نیشتمانییە رادەپەڕێنێت. لێ ئەوەی گرنگە دەبێ فەلسەفەی"بەرگری رەوا" دوور بێت لەحیزبخوازی و بەرژەوەندی و خۆسەپاندنی ئەم حیزب و ئەو حیزبە. مێژووی تاڵی كورد ئەوەمان پێدەڵێت كە نەبوونی ئیرادەی هاوبەشی نەتەوەیی، هۆكردی بەرچاوی مانەوەی كوردە لەو دۆخە كۆیلەییە. كەواتە، گەرەكە فەلسەفەی "بەرگری رەوا"، فەلسەفەیەكی سیاسی و كولتووری لەپشتەوە بێت. بە كەلتووركردنی مەیلی زانین و زانست لەژیانی كۆی كورددا. ئیرادەی هزراندنی"بەرگری رەوا" بەرگرتوو دەكا.
* یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەسەر ئاستی دنیا ئەمڕۆ وەك لەباشترین هێزەكانی بەرگری دژی داعش و هاوشێوەكانی دەناسرێن، بەوەی زۆرترین شكستیان بە هێزگەلێكی لەوشێوەیە هێناوە لەدوو ساڵی ڕابردوودا لەناو جەنگی ناوخۆ لە سوریادا، ئەم بەرگریە لەرۆژئاوای كوردستان كە دەكرێت و ژنانی كورد ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی تیادا دەگێڕن، چەندە گرنگی ئایدیۆلۆژیا و ژن پێكەوە دەردەخەن لەم شێوە بەرگریانە بۆ مانەوە لەبەرامبەر ئەو مەرگەی توندڕەوەكان لەگەڵ خۆیان دەیهێنن؟.
ـ بێ بوونی ئایدیۆلۆژی یان فەلسەفە و پرنسیپێك لەبزاڤێكی سیاسیی یان جڤاكیدا، ناكرێ ئەو ئیرادە هاوبەشە، ئەركە یەكسانیەی نێوان ژن و پیاو بەرجەستە بكرێتەوە. لەكۆمەڵگایەكی وەك كوردستاندا كە دوژمن هەمیشە هەوڵیداوە ئیرادەی تێكبشكێنێ و لەنەریتی كۆندا قەتیسی بكا ئەو فەلسەفەیە ئیرادەخوازەیە كە وایكردووە ژنی كورد لە باكور و خۆرئاوادا ئەو وەرچەخانە لەژیانی كۆمەڵگەی كورددا بسازێنێت و سەرنجی جیهانیش رابكێشێت.
ئەزموونی هەپەگە، یەپەگە و یەپەژە لەو چەند ساڵەدا توانی ناسنامەیەكی جیاواز بە كورد ببەخشێت. هەروەك ئەزموونی ژن لەباكور و خۆرئاوادا، ئەو وێنە ناشیرینەی كە كورد لەئەوروپادا وەك ژنكوژ سەیر دەكرا، سەرەو ژێر كردۆتەوە. بەر لەدوو ساڵ لەئەورۆپا لە مێدیایەكاندا تەنیا باس لەژنكۆژی لەباشور و كوردانی تاراوگە دەكرا، كەچی هەنووكە بە تایبەتی دوای ئامادەیی راشكاوانەی ژنی كورد شانبەشانی پیاو لە یەپەگە، وێنەی ژن و كۆمەڵگەی كورد بە پێچەوانەوە بۆتەوە. ئامادەیی و ئیرادەی ژنی كورد لەشەڕی داعش و داكۆكیكردن لەشكۆی نیشتمان و یەكسانی بۆ خەڵكی ئەورۆپا و بگرە رۆژهەڵاتیش لەشكۆی نیشتمان، بۆتە مایەی تێڕامان و باڵكێشی. كەواتە ئازادبوون و ئامادەیی ژنی كورد لەریزەكانی یەپەگە و هەپەگەدا، پەیوەندی بە ئامادەیی و كارایی ئەو ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی ژیان و ژنەوە هەیە كە ئەو دوو هێزە هەڵگرینە. خاوەنی ئەو فەلسەفە ئیرادەبەخشەی ژن، عەبدوڵڵا ئۆجالانە. وێڕای هەر تێبینیی و رەخنەیەك لەو فەلسەفەیە، لێ لەمێژووی كورددا و بگرە ولاتانی ئیسلامدا، هیچ بزاڤێكی لەو جۆرە نەبووە و نییە.
* خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ هاتنی هێزەكانی یەپەگە و گەریلا بۆ ناوچەكانی رەبیعە و شەنگال و شەهیدبوونی ئەندامانیان لەبەرگریكردنی خەڵكی سیڤیل لەو ناوچانەی باشوری كوردستان، پێتان وایە ئەمە ببێتە سەرەتایەك یان وەرچەرخانیك بۆ یەكێتی نەتەوەیی كە لەرۆژئاوای كوردستانەوە دوو ساڵە بانگەوازی بۆ دەكرێت لەدژی داعش و داگیركەرانی كوردستان؟.
ـ ئامادەیی هێزەكانی یەپەگە و گەریلا بۆ ئەو دەڤەرانە، مۆرالی ئێزدییەكان و خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەی تێكشكاو بەرزكردەوە. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە یەكێتی نەتەوەیی ئەركێكی چەند گرنگە. هەروەك بانگەواز و دەستپێشخەری خۆرئاوای كوردستان چەند گرنگە. ئەمڕۆ كورد لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە پڕە لەحیكایەتی دوبەیی كە بەرهەمی بە خوێنی هەزاران قوربانیی مرۆیی، ئەنفال، سووتانی خاك، تاڵانكردنی ... كوردە، كە چی ئێستا لەشەو و رۆژێكدا لەژێر هەڕەشەی داعشدایە. بۆیە ئەركی كۆی هێز و حیزبەكانی كوردستانە لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا، هێزێكی هاوبەشی یەكگرتوو، لەپێناوی داكۆكیكردن لەهاوچارەنووسی كورد دروستبكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی بوونی دەسەڵات و توانای ماددییدا بەرپرسی سەرەكی ئەو ئەركە مێژوویەیە.
هەنووكە كورد لەبەرچاوی جیهانەوە رووبەڕووی دڕەندەترین هێزی ئیسلامی ـ پانعەرەبیزم بووەتەوە، بۆیە ئەو یەكێتیە نەتەوەیە سەرەكیترین ئەركی كوردە. ئەو كردە ئێتیكییە، یەكێتی نەتەوەییە تەنێ هاوچارەنووسی هەر چوارپارچەی كورد لەهەڕەشەی داعش و شۆڤینیزمی نەتەوە داگیركارەكاندا رزگار ناكا؛ بەڵكو ئەو گوتارە خێڵەكییە نەتەوەییە دواكەوتووە، حیزبخوازی، خۆخۆرییە رەگئاژۆییەش لەهەناوی كۆمەڵگەی كوردستاندا كۆتایی پێدەهێنێت. هاوكاتیش كاریگەریترین شێوازە كە زلهێزەكانی جیهان ناچار بكا كە پایەی كورد بەهەند وەربگرن. بەمەش لەم دۆخەدا كە تێرۆر و ئاژاوەی جیهانی ئیسلامی تەنیوەتەوە، كورد جیاواز لەخۆی نیشاندەدا. لەهەمانكاتدا ئەو یەكتێتیە نەتەوەییە، كورد لەوە رزگار دەكا كە هەمیشە چاوەڕوانی بەزەیی و پشتیوانی جیهان بێت.
بەستانەوەی كورد بە خێر و بەرەكەتی ئەمەریكا كە بۆ بەرژەوەندی خۆی بۆ ماوەیەك داعش بێهێز دەكا، كورد لەو هەژان و تەنگژە ئێتیكییە نەتەوەییە رزگار ناكا؛ چونكە ئەمریكا لەبەر بەرژەوەندی خۆی ئەوكارە دەكا، رەنگە لەماوەیەكی كورتدا بەرژەوەندی ئەمەریكا وابكا، جارێكیتر پشت لەكورد بكاتەوە. ئەوكاتە كورد دیسانەوە پەنا بۆ كوڕووزانەوە بەرانبەر بەختی خۆی دەباتەوە. هیوادارین ئەو كۆژانەی كە ئەمڕۆ هەڕەشە لەشكۆی كورد دەكا، ببێتە راسانێكی ئەخلاقی و بە راگەیاندنی هێزێكی بەرگریی یەكگرتوو گوتارێكی نیشتمانیی هاوسەردەم، بوونی كورد لە بێمێژوویی، دەرەوەی مێژوو كۆتا پێبهێنێ و رۆحی مێژوو بتەنێتەوە.
* ئەوەی لەباشوری كوردستان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆر دیار بوون، توێژێكە بەناوی"روناكبیر و رۆشنبیر"، ئەم توێژە كە لەسەر هەموو بابەتێك باش و خراپ دەیگوت و دەینوسی، لەم ڕەوشەی ئێستا كورد تێكەوتوە بێدەنگترینن، وەك نوسەرێكی دیاری كورد لەناوە و دەرەوەی وڵات، بێدەنگی ئەم توێژە لەباشوری كوردستان چۆن شرۆڤە دەكەن؟
ـ "رووناكبیری" كورد، لەم رۆژگاری بە دوبەییكردنەی كوردستاندا، مشخۆرترین و فشۆڵترین توێژی كۆمەڵگەی كوردن. ئەو توێژە كاتی ئەوەیە رۆڵی خۆی بگێڕێت، لێ بە پێچەوانەوە ئەوەی نەیبێت بیركردنەوەیە، بۆیە بۆ ئەوەی لەتاریكدا خۆی مت و كپ دەكا، تا كەس نەیبینێت. ئەو توێژە یەكێكە لەتوێژە سوومەندەكانی ئەو مشەخۆری و داڕمانە ئەخلاقیەی كە لەكوردستاندا لەئارادایە. "رووناكبیر"ی كورد ئابووریی بە جۆرێك هاڕاندی كە نەك هەر بێدەنگە بەرانبەر ئەو رەوشە؛ بەڵكو ناخوازێ بشبینرێت؛ چونكە فێربوو وەك كوێخا خەریكی بەزمی رۆژانە و چاوەڕوانی خەڵات و بەخشیش بێت.
ئەو توێژە منداڵی دۆخێكە كە هی بە دەنگهاتن و ئێتیكی نیشتمانی نییە؛ بەڵكو منداڵی كۆكردنەوەی گوتراوەكانە تا لەپێناو كەڵەكردنی پارەدا ستوونە سوواو، كتێبە كڵۆڵەكەی پێ پڕ بكاتەوە.
دوای رووخانی رژێم كە پارە هەڵڕژا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، حیزبەكان، هاوشێوەی بوارەكانی تر تا بەو رێگەیەوە خەڵك دامەزرێنن، دەستییان كرد بە كردنەوەی بنكە و دەزگە بێبنەما و ناڕێكخراوەكان و دەركردنی گۆڤار و رۆژنامە و... تاد بێ بێسەروبەر. بەمجۆرە هەرچی كەمێك خوێندەوارە بوو لەو بنكە و دەزگەیانە، بوون بە "رووناكبیر". ئیتر "رووناكبیر" لەكوردستان بە قەت كاڵایە ستۆك و ئێكسپایەرەكان بێژمار بوون. نەبوونی"سیاسەتی كەلتوری" لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەرك و رۆڵێكیش بۆ ئەو "رووناكبیر"ە مانای نەما. بە بازارگانیكردن، بە دوبەیكردنی كوردستان وایكرد هیچ مانایەك بۆ ئێتیكی رۆشنبیریی نەمێنێتەوە.
* زۆر سوپاس بۆ ئەو كاتەی تەرخانتان كرد بۆ ئەم دیمانەیە، ئەگەر شتێك مابێت لە دوا گوتە. ئێمە دووبارە سوپاستان دەكەین؟.
ـ سوپاس بۆ تۆ كە لەو دۆخە ئاڵۆزەدا بوارت رەخساند كە لەو گفتوگۆیەدا پێكەوە باس لەو دۆخە غەمگینە و باس لەقەدەری كورد بكەین. هیوادارین ئەو شكستە سیاسی، سەربازیی و ئەخلاقیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ببێت بە وەرچەرخانێكی نەتەوەیی.
.............................