ویستو داواكارى خەڵك
Sunday, 31/05/2009, 12:00
خەڵك چیان لە سیستمى سیاسى و بەڕێوەبردنى ووڵات دەوێ.
خەڵك داواى داگرتنى عەرشى ئەعلا ناكەن لە دەسەڵات.
داوا ناكەن دەسەڵات بەهەشتیان بەسەرا دابەش بكا.
خەڵك داواى شتێ ناكا كە لە تواناو قودرەتى دەسەڵاتا نەبێ.
داوا ناكەن هەر یەكەو بەرزترین پۆستى دەسەڵاتى پێبدرێ.
نایەوێ داهاتو ویمتیازاتى ووڵات وەكو یەك دابەش بكرێ بەسەر تاكەكانى كۆمەڵگادا.
بەڵكو ویستو خواستو داواكارى خەڵك كۆمەڵێ پێداویستیو مافو یەكسانیو دادپەروەرییە كە لە چوار چێوەى داهاتو زەمینە و كەشو هەواى كوردستانى ئەمڕٍۆدا پێویستە دەسەڵات فەراهەموو دەوستەبەرى بكا بۆ خەڵك.
خەڵك دەیەوێ لە نیشتمانێكى دادپەروەرو یەكساندا ژیان بگوزەرێننو ڕێزیان لێ بگیرێتو بە یەكچاو سەیر بكرێن.
دەیانەوێ نیشتیمان بۆ هەندێكى كەم بەهەشت نەبیتو بۆ زۆرینە بوبێتە دۆزەخ.
گەر بۆ تەنها ڕۆژێك لەم كوردستانەدا بگەڕێیت.
یا تەنها چەند خولەكێك سەیرى ئەو كەناڵو میدیایانە بكەى كە ڕاستیەكان دەخەنە ڕوو.
یا چاوێك بە ڕۆژنامەو گۆڤارو سایتە ئەلكترۆنییەكاندا بخشێنیت.
ئەوا یەكسەر ئەو ڕستیەت بۆ دەردەكەوێو دركى پێ دەكەیت كە دەردو ئازارو نەهامەتى ئەم میللەتە لە چ ئاستیكدایە.
خەڵك دەیەوێ داهاتو سەروەتو سامانى ئەم ووڵاتە بە یەكسانیو دادپەروەرى سەرف بكرێو دابەش بكرێ.
نەك بچێتە دەست كۆمەڵێ كەسى دیارى كراوو بە ئارەزوى خۆیان مامەڵەى پێوە بكەنو كەسیش بۆى نەبێ بڵێ بۆ وایەو چۆن وا وەبێ.
خەڵكى دەیەوێ وەك ڕعیەت و كۆیلە مامەڵەى لەگەڵ نەكرێو تەماشا نەكرێ.
دەیەوێ لەسەرجەم دامو دەزگاكاندا ئیشى بە باشیو یەكسانى بڕوات نەك بۆ ئیمزایەك یا بۆ كارێكى چەن خولەكى چەند ڕۆژێك هاتو چۆى پێ بكرێو بێ ڕێزى بەرامبەر بكرێ.
خەڵكى دەیەوێ لە دەسەڵاتى دادوەریدا یەكسانیو عەدالەت هەبێو دادوەران بە یەكچاو سەیرى هەموو تاكەكان بكەنو دۆسیەكان وەك یەك سەیر بكەنو جیاوازى نەكەن لە نێوان
دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتو
دەوڵەمەندو هەژارو
بەهێزو لاوازو
نێرو مێدا.
خەڵكى دەیەوێ مافە سەرەتاییەكانى چنگ كەوێو لە قەیرانى ئاوو كارەباو سوتەمەنیو شوێنى نیشتەجێبون ڕزگارى بێ.
دەیەوێ بژێوى ژیانى باش بێو هەموان لە سایەو سێبەرى دەسەڵاتێكى چاكو یەكسانو دادپەروەردا بحەسێنەوە.
دەیانەوێ باشترین دەسەڵاتى حوكومڕانى هەبێت.
دەیانەوێ ووڵاتو گەل پارێزراو بێت لە پلانى دووژمنان.
دەیانەوێ لێپرسینەوە بكرێ لەگەڵ كەسانى گەندەڵو ستەمكار.
دەیانەوێ شەفافییەت هەبێ لە وسەرجەم داموو دەزگاكاندا.
دەیانەوێ سیستمى ئەم ووڵاتە بەرەو پێش بچێو لە چەق بەستویو تاك ڕەوى بێتە دەر.
دەیانەوێ ڕێ بدرێ بە كەسانى شارەزاو بە ئەزموون و شەهادە دارو پسپۆڕ كە بێنە ناو كایەى دەسەڵاتەوە.
دەیانەوێ ڕێگە چارە هەبێ بۆ نەمانى قەیرانى بێكاریو دامەزراندنو چونە دەرەوەى تاكى كورد بۆ دەرەوەى ووڵات و بەجێ هێشتنى نیشتیمانەكەیان.
دەیانەوێ چارەسەرى كێشەى ئەو هەموو خوێندكارو قوتابیانە بكرێ كە خوێندن تەوواو دەكەنو بەشێكى زۆریان بە دەست دانەمەزراندنیان لە داموو دەزگاكاندا توشى نەهامەتى دەبنو پەشیمان دەبن لەو چەند ساڵەى كە خوێندویانەو تەمەنو ڕەنجیان بە فیڕ دەڕوا.
ئاخر كەى ڕەوایە بە دەیان خوێندكارو قوتابى زیرەكو بە ئەزموونو لێهاتو بە دەست بێكارییەوە بناڵێنێ.
ئاخر كەى ڕەوایە خوێندكارو قوتابى هەژدەساڵ لە تەمەنى تەرخان بكاو بە هەژاریو قوڕبەسەریو ئەو هەموو هیلاكییەوە خوێندن تەواو بكا لە دوایدا بە دواى ئیشێكدا بگەڕێو كارێك بكا كە بە قەدەر ئەرزو ئاسمان جیاوازى هەبێ لەگەڵ میهنەكەى خۆیدا.
ئاخر كەى ڕەوایە بە هەوڵو ماندوبونى خۆى خوێندن تەواو بكاو سەركەوتن بەدەست بێنێ بەڵام بە بێ واستەو تەسكییەى حزبیو بەرتیلدان جێى نەبێتەوەو دانەمەزرێو حسابى بۆ نەكرێ.
خەڵكى دەیەوێ بەو پەڕى ئازادیو دیموكراتى ژیانى بەسەر بەرێ لەم ووڵاتەو دوور بێ لە چاو سوركردنەوەو هەڕەشەو زەبرو ززەنگو گەندەڵى.
خەڵكى دەیەوێ لە سایەى سیستمێكى سیاسى دادپەروەرو یەكساندا مافەكانى بە دەست بێنێو بپارێزرێ.
خەڵك دەیەوێ موچە بە پێى حەقو، هیلاكیو، بە ئەزموونیو، شەهادەو، خۆ ماندو كردن ،دابەش بكرێ و فەرق بە پێى مەنتق بێ نەك لە موچە خۆرێكەوە بۆ موچە خۆرێكى دیكە ئەوەندەى جیاوازى هەبێ ببێتە مایەى سەرسوڕمانو ئەو پەڕى نا عەدالەتى پێوە دیار بێ.
بەڕێزان...
ئەمەى كە باسمان كرد ڕەنگە بەشێك بێ لە ویستو داواكارییەكانى خەڵك.
بەڵام ناكرێ لێرەدا هەمووى باسبكرێو بوترێ.
ڕۆژانە ویستو داواكارى خەڵك چ لە ڕێگەى میدیاكانەوە چ لە ڕێگەى كۆڕو كۆبونەوەكان دەوترێو دەبیسترێو دەنوسرێ.
بەڵام بە داخەوە ئەوەى ماییەى ناخۆشیو نەهامەتییە ئەوەیە كە لایەنە پەویوەدیدارەكان زۆر سستو ئیفلیجن بۆ بە دەنگەوە هاتنو چارەسەركردنى ویستو داواكارییەكان.
ئاخر حوكومەتو پەڕلەمان وەك خۆشیانو خۆشمان ئەڵێین بەرهەمى خوێنو ڕەنجو ماڵ وێرانى ئەم میللەتو خەڵكەیە.
كەچى وەك حوكومەتو پەرلەمانێكى نامۆ وایە بەم خەڵكو میللەتە.
بۆتە حوكومەتو پەڕلەمانى كۆمەڵێ نوخبەى سیاسى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست