بریا ئێمەش کور و کچی شەهید و ئەنفال و پێشمەرگە بوینایە ؟
Monday, 11/07/2011, 12:00
بێ پێچ و پەنا هەموو دەزانین کە لەوەتەی کوردستان ڕزگار بووە بالۆرەی پێشمەرگەی کۆن و شەهیدان و ئاوارە و ئەنفال و هەڵەبجە کراوەتە وەسیلەی پارە قۆستنەوە و دزیکردن ، خوێنەری بەڕێز ئێوە ڕۆژانە گوێ هەڵخەن بزانن بە ناوی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان و هەڵەبجە و کوڕ و کچی شەهیدان و پێشمەرگەی کۆن و دێرین چی پارە دەڕوات جی دەکرێت ، بۆ نموونە بڕیاردرا پارەی سلفە لە کەسوکاری شەهیدان و کوڕ و کچەکانیان وەرنەگیرێتەوە ، کوڕو کچی شەهیدان لە وەرگرتنی زانکۆ و پەیمانگەکان لە پێش خەڵکی ترەوەن ، زەوی ، خانوو شوققە زەمالەی دەرەوە دامەزراندن ئەمانە هەمووی بۆ شەهید و کەسوکاری شەهید و هەڵەبجەیی و هتد .. باشە ئەی ئەوەی شەهید نیە ؟ ئەوەی کەسوکاری شەهیدی نیە ؟ ئەوەی هەڵەبجەیی نیە ؟ ئەی ئەوەی ئەنفالی نەبێت ؟ ئەوەی پێشمەرگایەتی نەبێت ؟ ئەوەی لە ڕێکخستندا نەبوبێت ؟ ئەوەی زیندانی سیاسی نەبوبێت ؟ ئەوەی ئاوارە نەبوبێت ؟ ئاخر چۆن ژیان ئاوا دەڕوات بە ڕێوە ؟ حکومەت بێ لایەنیەکەی لە کوێدایە ؟ ئایا مەرجی هاوڵاتیی بوون لەم وڵاتە شەهید بوون و پێویستی کەسوکاربوونی شەهیدان و هەڵەبجەیی بوون و ئانفال بوون و پێشمەرگایەتی بوونە ؟ ئەرێ بۆ ڕۆشنبیرانی ووڵات بیرناکەنەوە ئەم گەمەیە چیە ؟ ئەم فرت و فێڵە چیە ؟ گوناهی ئەو خەڵکانە ئەبێ چی بێت کە شەهید نەبوون و کەسوکاری شەهیدان نین و ئەنفالیان نیە و پێشمەرگە نەبوون ؟ تاوانی ئەو کەسانە ئەبێ چی بێت کە کەسوکاری بەرپرسیان نیە ؟ تاوانی ئەو هەموو پیر و گەنج و ژن و منداڵانە ئەبێ چی بێت کە بەبێ بوونی یەکێک لەو هۆکارانە لەم وڵاتەدە هاتونەتە سەرزەوی و دەژین ؟ ئایا دەبێت کەسێک هەبێت شەرەفمەندانە وەڵامی ئەم مەتەڵە بداتەوە ؟ بۆ بەردەوام ڕێنمایی و یاساکان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانە دەردەچێت ؟ بۆ تەنها ناف بەوان دەدرێت مرۆڤ و هاوڵاتی پلە یەک بن ؟ ئایا هێند بەس نیە کە ماوەی 25 ساڵە هەموو مافێکیان دەدرێتێ ؟ ئایا لێیان پرسیار نرکراوە کەی تێر دەبن و شەرەفمەندانە دەڵێن کاکە تا ئێرە بەسە و ئەو خەڵکەی تریش مافی ئەوەیان هەیە پارە و ئیمتیازاتیان هەبێت ، ئەو خەڵکەش کوردن و هاوڵاتین گەرچی شەهید نەبوون و ئەنفالیان نیە و پێشمەرگە نەبوون و زیندانی سیاسی نەبوون کەسی بەرپرسیان نیە ، گەر خۆتان هەست ناکەن و شعورتان نیە ئەوە لێرەوە دەڵێین بۆخاتری خوا بەسە کورە داهاتی ئەم وڵاتەتان دادۆشی بەم شەهید و پێشمەرگە و زیندانی سیاسی و ئاوارە و ئەنفال ، لە ئێستادا کوردستانی باشور 5 ملیۆن کەسە بڕوا بکەن بۆ دزینی داهات و خۆشگوزەرانی نیوەی کراوەتە شەهید و کەسوکاری شەهید و ئەنفال دەزانرێت 5000 کەس لە هەڵەبجە کیمیاباران کران تا ئەمڕۆ زیاد لە 500.000 پێنج سەد هەزار کەس پێیانەوە دەلەوەڕێت و هەر گلەییشیانە ئەمەیە حاڵی ئەم کوردستانە حەیاتە بڵێی ئەم مەهزەلەیە تا کەی بەردەوام بێت و کەی لە کۆڵ دەستەواژەکانی پێشمەرگەی کۆن و شەهید و هەڵەبجەیی و زیندانی سیاسی و ئەنفال ببینەوە دایانڕزاندین بریا ئەم وڵاتە هەر ڕزگار نەبویایە و خۆزگە ئێمەش شەهید یا زیندانی سیاسی یا پێشمەرگەی کۆن یا پاشماوەی ئەنفال یا کوڕو کچی ئەنفال بوینایە تا مافی هاوڵاتیی بوون و ژیانمان لەم کاولەیەدا ببوایە کە پێی دەڵێن کوردستانی باشوور .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست