كاوەو سۆران و سەردەشت و دایكانى ئێمە
Friday, 06/12/2013, 12:00
1895 بینراوە
هەر جارێك كە ئەچم بۆ بەرنامە یان دیدارێكى تەلە فیزیۆنى یاخود وتارێك دەنوسم ، دایكم تكاى دنیام لێدەكات " قسەى خەراپ نەكەم" دایكم هەموو رەخنەیەكى پێ قسەى خەراپە ، ئەو ئازارو مەینەتى بینیوەو جەرگى سوتاوە بۆیە لە هەموو قسەیەك دەترسێت ، دواى هەر بەرنامەیەك كۆڵێك سەرزەنشتم دەكات.
كاوەشیان كوشت ، دواى هەركوشتنێك پۆلیس و ئاسایش دەڵێن بێخەم بن ، بكوژەكان دەدۆزینەوە، دواى سۆرانى مامە حەمە هەركە قسەمان دەكرد دەیانگوت، ئێوە لە لێكۆڵینەوە نازانن و سەرە داوەكان تێكەڵ و پێكەڵ دەكەن، دواى كوشتنى سەردەشت سیناریۆیەكى هێندە قێزەونیان دروست كرد كە خۆیشیان بڕوایان پێنەبوو، ئێستا ئەمانە چیان لە نوسەرو رۆژنامەنووسان دەوێت، هەررۆژ جەرگى دایكێ داخ دەكەن، ئایە رۆژنامەنووسان فایلیان هەیەو پێش قەرەوڵى سوپاى دوژمن بوونەو نەوت و سامانى ئەم وڵاتە دەدزن و هەر جار ناجارێ بانكەكان رووتدەكەنەوە، یان مافیایەك كە نابێ كەس لە گوڵ كاڵتریان پێبڵێت.
چ چێژێك لە كوشتنى ئەو پەپولانەدا هەیە ، ئەوە چ ئاوەزێكى ژەنگنە لاى وایە رەوڕەوەى مێژوو رادەگرێت، ئایە دواى ئەم كوشتنە سەرەى كێ ى ترە ، ئایە ئیتر كوردستان هى ئەوەیە باسى ئازادى رادەربڕینى تیا بكرێت و دەسەڵات شانازى پێوە بكات، فەرمون ئەگەر ئێمە زیادەین دەرگاى سنورمان بۆ بكەنەوە با سەر هەڵگرین لە داختان ، ئایە كاوە زیادە بوو ، مافى ئەوەى نەبوو هەواى ئەم نیشتمانە فرۆشراوە هەڵمژێت، مافى ئەوەى نەبوو كۆرپە لەدایك نەبوەكەى ببینێ خودایە ئەمانە چین كە ناویان كوردە,
لە دواى ئەم كوشتنەوە هەر كەمپەین و بەیاننامەو قسەى زل و راگەیەنراو بەسە یان پێویستە رێگایەكى تر بدۆزینەوە، ئەم كوشتنە چیمان پێدەڵێت، كێ ئەو مافەى بە كەسانى ترداوە ببنە بكوژ و ببڕو سەروەت و سامانى وڵات بخۆن و هەركەسیش ناویان بێنێ نابێ بژێ ، چما كاوەو سەردەشت و سۆران كورد نەبوون ، مرۆڤ نەبوون، كەس و كاریان لە پێناوى كوردایەتى و ئازادیدا باجى گەورەیان نەدابوو، خودایە ئەم ئازادیە ببڕى كە سەرانى كورد شانازى پێوە دەكەن ، ئازادیەك ئاسایشى بۆ مرۆڤەكان تیانەبێت كەى ئازادیە.
لێرەوە ئێمە دەبێت بە دووى رێگایەكى تردا بگەڕێین.