کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کاک کامه‌ران عومه‌ر من له‌ جیاتی تۆ شه‌رم ده‌مگرێت و ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌

Sunday, 30/12/2012, 12:00


ئێمه‌ی کورد له‌ مانای هونه‌ر ناگه‌ین بۆیه‌ مه‌رجمان نییه‌ بۆ پێناسه‌کردنی هونەر و هونه‌رمه‌ند، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لە هونەرمەند گه‌یشتبین ئەو کەسەیە کە قوڕگێکی سافی هەبێت بۆ تێچیڕاندن، کاتێک کورد به‌ کامه‌ران عومه‌ر ده‌ڵێت هونه‌رمه‌ند، ئه‌وه‌ی له‌ بیرده‌چێته‌وه‌، کە بولبوڵ و زۆر له‌ باڵنده‌کانیش دەنگ و گه‌رووی خۆشیان هه‌یه‌ بۆ خوێندن، ئایا ده‌کرێت به‌ بولبولێک بوترێت هونه‌رمه‌ند!؟
هونه‌رمه‌ند خه‌سڵه‌ت و مه‌رجی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌، کاتێک ده‌نگخۆشێک ئه‌و مه‌رجانه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات که‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌و پێناسه‌یە، ئەمە جگه‌ له‌ سوکایه‌تیی به‌ هونه‌ر، سوکایه‌تیشە به‌ خۆی!
هونەر به‌شێکه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوو، مێژووش گه‌وره‌یی که‌سه‌کان ده‌نووسێته‌وه‌، نه‌ک مه‌قامێک، نه‌ک پێداهه‌ڵدانێک، یان هۆنراوه‌ و گۆرانییه‌کی بێتام. ئه‌گه‌ر تاله‌بانی گه‌وره‌ بێت، ده‌بێت لێ گه‌ڕێن بزانین له‌ چ خانه‌یه‌کی مێژوودا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. کامه‌ران عومه‌ر ناتوانێت تاله‌بانی بکات به‌ گه‌وره‌ و داوا بکات جێمان نه‌هێڵێت، گوایه‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان چاوه‌ڕوانێتی، له‌ کاتێکدا تاله‌بانی بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌که‌، یان بۆ ئازادیی پارچه‌یه‌کیش به‌ خه‌ون و به‌ بێ ئه‌قڵی ده‌زانێت.
کامه‌ران عومه‌ر له‌ گه‌وره‌یی تاله‌بانییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ بچوکی خۆی، خۆیمان پێده‌ناسێنێت، تۆ به‌ یه‌کێک ده‌ڵێیت گه‌وره‌م، واته‌ خۆت بچوکیت، ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی کوردی له‌ هونه‌رمه‌نده‌ جیهانییه‌کان جیاکردۆته‌وه‌، وشیاریی و پێشبینییه‌ بۆ داهاتوو، که‌سی وشیار بچوک نییه‌، من دڵنیام کامه‌ران عومه‌ر، پاش چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ ئه‌گه‌ر گوێ له‌م مه‌قامه‌ی خۆی بگرێته‌وه‌ شه‌رم دایده‌گرێت! ئه‌و کاته‌ ده‌زانێت چ غه‌درێکی له‌ خۆی وله‌ هونه‌ریش کردووه‌، چین چین ئاره‌ق دایده‌گرێت! من رێزم بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌ مردنی تاله‌بانی خه‌مبارن، له‌ خه‌مباری ئه‌وانه‌ تێده‌گه‌م، لێ له‌وه‌ تێناگه‌م، که‌ بۆچی ئه‌وانه‌ تێناگه‌ن!
له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم هه‌ر وه‌کو بارام به‌گ سێ به‌سێ ته‌ڵاقی خوارد و فه‌رمووی: من رۆژانه‌ سه‌د جار له‌ جیاتی خه‌ڵک ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌، منیش له‌ جیاتیی کامه‌ران عومه‌ر که‌ گوێبیستی ئه‌و مه‌قامه‌ی بووم، تک تک ئاره‌ق به‌ نێوچه‌وانمدا زه‌نگوڵه‌ی به‌ست و ته‌ریق بوومه‌وه‌.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە