بۆچی سەرکردەکانی یەکێتی چوونە ئێران
Sunday, 19/01/2014, 12:00
زۆر باس لە چوونەکەی پارتی ویەکێتی بۆ ئێران کرا، هۆی زۆر باس کرا بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت سەرکردەکانی یەکێتی بانگهێشت نەکرابوون بەڵکوو خۆیان پەنایان بردە بەر ئێران خۆیان خستە بەختی ئێران، خۆیان خستە سەر دەست وپێی ئێران وپاڕانەوە بۆ ئەوەی ئێران بگاتە دادیان.
یەکێتی نیشتمانی ڕووبەڕووی واقیعێکی زۆر تاڵ بووە، ڕووبەڕووی توانەوە ونەمان بووە وهەنگاو بەرەو ئاوابوون دەنێت، حزبێک جەماوەری نەمابێت وڕۆژ بەڕۆژ کادر وئەندامەکانی لێ دوور دەکەونەوە، بێجگە لە هێزە چەکدارەکان کە بە پارە کار دەکەن نەک بە بیر وبڕوا، بێجگە لە کۆمەڵێکی کەمی سوودمەند کە ئەوانیش لەم کۆمپانیایە مووچە وەردەگرن وکارمەندن کەسێکیتر نەماوە. ئەوانەی بە باوەڕ هاتبوون بە باوەڕ بەجێیان هێشت. ڕۆڵی بیر وباوەڕ نەماوە ترس وتیرۆر وبەزۆر خۆسەپاندن لەلایەک، تجارەت وپارە وبەرژەوەندی تاکە کەسەکانی سەرکردایەتی لەلایەکیتر سیما وئامانجیانە.
سەرکردەکانی یەکێتی باش ئاگاداری ئەم بارە تاڵە نالەبارەن، باش درک بەو هەڕەشە ترسناکانە دەبەن، بۆیەش گەورەترین وەفد بەرهەم، کۆسرەت وهێرۆخان چووبوو، وەکوو جارانێش لە هەولێر قەدر وپایە نەماوە، بە بۆنەی هەڵەکانیان لە کەرکووکیش ودژایەتی کردن وشەڕفرۆشتن بە پارتی لەوێدا کە ناگونجێت لە گەڵ دۆستایەتی وهاوپەیمانی، درزی گەورە کەوتبووە ناو پەیمانی سیتراتیجی وپارتی پەست کردبوو بە ئاشکرا هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی ئەم هاو پەیمانییەی دەکرد، ئەمەش لەوانەیە ڕۆڵی هەبوایە لە دوورخستنەوەی وبەشدارینەکردنی لە حکوومەتی نوێدا، ئەمەش ترسێکی گەورەی لە ناو سەرکردەکانی یەکێتیدا ورووژاندبوو وبەگەرمی باسی لێوە دەکرا وتەنها چارەشیان ئایەتوڵڵاکانی ئێران بوون، بانگهێشت کردنی نێچیرڤان بەرزانیش بۆ ئێران ، قسەکانی جەنەڕاڵ قاسم سلێمانیش بەرپرسە گەورەکەی ئێران لە ناوچەکە وسوپاسالاری هێزی قودس یەکێتی وبنەماڵەی تاڵەبانی بە خەتی سوور لە قەڵەم دان تیشکی زیاتر دەخاتە سەر تەم ومژاوی بارەکە وئاشکرا کردنی پاڵنەر وهۆ ونیازی پشت ئەم چوونە.
ئەم چوونەی تاران نامەیەکمان پێ ڕادەسپێرێت وڕادەگەیەنێت کە یەکێتی نیشتمانی بە بێ پەیمانی ئیستراتیجی لە گەڵ پارتیدا وبەبێ دەست ویارمەتی وبەخشندەیی ئێران کە بۆتە گۆچان بۆ یەکێتیی لە پێ کەوتووی شکست خواردوو، ناتوانێت لە سەر پێی خۆی ڕاگرێت ناتوانێت بەردەوام بێت ولە ناوچووندایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست