کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەم قۆناغەدا ئەركی ئۆپۆزسیۆن قورسترە !

Sunday, 08/07/2012, 12:00




قسەمان لەسەر كوردستانە، لە بارودۆخێكی نالەباری وەك ئەمرۆی ژیانی خەڵك لە زۆر بورادا ،تەنانەت وای لێهاتووە بیركردنەوە لە چۆنێتی كارو هەڵوێستی راستودروست بێ دەردانی لاوەكی مێشك هیلاك بكات و، دەرئەنجامی باشمان دەست نەكەوێت . بونی واقعێك لە نارونی سیستمی سیاسی و ناجێگیری لە تیڕوانین و مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەكان و، نا شەفافیەت لە بەرێوەبردنی كاروباری گشتی هەرێم و بە كار راییكردن لەسەر ئەرزیەتێكی نیمچە دیموكراسی و لە ئاستێكی هۆشیاری گشتی نادیار و لە فەزایەكی شڵەژاوی باری ئابوری و رۆشنبیریەكی ئاست نزم و،لە قۆناغێكی هەستیاردا كە میزاج و بەرژەوەندی تەسكی هەمەچەشن باڵی بەسەر سەرجەم هەڵوێست و كاروبارە سیاسیەكاندا كێشابێت، ئا لەم واقیعەدا، ئۆپۆزسیۆنێكی تازەپێگەیشتوو چ رێگەیەك بگرێتە بەر كە تەنها و بەدیاریكراوی لە سەر ساحەی سیاسی كوردستان و لەچوارچێوەیەكدا ئەرك و كاروبارەكانی راییبكات، كە كتومت و بێ هەڵە و كەموكوری لە قازانجی گشتی خەڵكدا بكەوێتەوە، ئەم ئامانجەش لە كات و سات و زروفێكدا بێت هیچ دەرفەتێك لەبەردەمدا نەبێت جگە لە پاراستنی زۆرێك لەو بەرژەوەندیانەی كە بە زیندویی دەتهێَڵنەوە و بە هەموو شێوەیەك خۆیان بەسەر رەوتی ژیانی سیاسی سەرجەم لایەنەكاندا فەرز دەكەن .
ئەوەی لە ئۆپۆزسیۆن داوادەكرێت كە لە سیاسەت و مامەڵە كردن و هەڵویستەكانیدا پەیرەوی بكات و بەرژەوەندی باڵای خەڵك فەرزی دەكات زۆر قورستر و وردترە لەوەی كە دەسەڵات بەرێوەدەبات بە هەر شێوەیەك بێت؛ دەبێت هەڵوێستە جۆراوجۆرەكانی ئۆپۆزسیۆن نەچنە گیرفانی شۆفینیە توندرەوەكانی ناوەندی عیراق و دەوروبەریشەوە، دەبێت باری ئارامی و ئاسایشی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت، دەبێت لە هاوكێشە ناوچەییەكاندا خۆی لە خزان و هەڵوێستی نادروست بپارێزێت، دەبێت لە ژێر فشارە هەمەلایەنەكانی دەسەڵات و وروژاندنی مادی و ململانێكانیدا خۆراگر بێت، دەبێت لەو نێوەندەشدا بەرژەوەندیەكانی خۆیشی بپارێزێت لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات و خزمەتكردنی خەڵك، دەبێت داواكاری و فشاری بنكە جەماوەرەیەكەی فەرامۆش نەكات و چاودێری ئەوەش بكات لایەنە ركابەرەكانی ئیستغلالی نەكەن،دەبێت زەرورەتی پێداویستیە داراییەكان بۆ راییكردنی كاروباری سیاسی و رێكخستنی نێوخۆی خۆی هەمیشە لەبەرچاو بێت، دەبێت بیر لە پاراستنی متمانە و پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی بكاتەوە لەگەڵ خەڵكدا، دەبێت لە ئاستێكدا بێت كە بێزاری و بێهودەیی باڵ بەسەر هەواداریندا نەكێشێت، دەبێت هەمیشە راگەیاندنێكی كاراو پرۆفیشناڵ و كاریگەری بەردەوامی لە ئاست داواكاریەكانی خەڵكدا هەبێت و بەرنامە و راو بۆچون رەفتار و شێوەی دەربرینەكان و قسە وباس و بابەتە گرنگەكان و چۆنێتی دەرخستنیان بە پێی زەرورەتی رۆژ دەربخات و قسەو باس و دەربرینەكان نەسوابن.
ئا ئەمەیە ئەركی سەختی ئۆپۆزسیۆن كە لەم قۆناغەدا لە ژێر فشار و قورسایی ئەو هەموو دەبێتەدا دەبێت و، دەبێت ئەرك و كارەكانی بە شێوەیەكی مۆدێرن جێبەجێ بكات . بەڵام دەبێت ئەوەش لەبیر نەكەین، ئەوەی بە چواخشاندنێك بە رەفتارو گوفتاری ئۆپۆزسیۆنی كوردستاندا لەم ماوە كورتەی تەمەنیدا بۆمان دەردەكەوێت، بێ كەمو كورتی نەبووە و لە زۆر هەڵوێست و كردەوەیدا جێگەی پرسیار بووە . لەبەرامبەدا، دەسەڵات بەو هەموو فەراهەمبونەی پێداویستیە مادی و مەعنەویەكانیەوە، بێ گێرمەوكێشە و بە ئازادیەكی رەهاوە كاری خۆی و هاوڵاتیان مەیسەر دەكات و لە كەمترین شتدا دەبێت خزمەتگوزاریەكانیان دابین بكات ئەگەر بیریش لە دوا رۆژیان نەكاتەوە. ئەمرۆ وای دەبینین سەرەرای ئاسایی و ئاسانی كردەوەكانی دەسەڵات، لەمەر زۆرێك لە پرسە گرنگ و تەنانەت چارەنوسسازەكان هەڵەی گەورە و زەبەلاحیش دەكات و، لە هەڵویستە جۆراوجۆرەكانی بێ توێژینەوە و خوێندنەوەی راست و دروست بە پشت بەستن بە میزاجی شەخسی و تەنانەت پاڵپێوەنەری حزبی تەسك، بریار دەدات. ئەوەی هەستی پێ دەكرێت پەرش و بڵاوی و نا یەكگرتویی یە لە هەڵویستی لایەنە بەشداربوەكانی دەسەڵات لەمەر ئەو پرسە هەرە چارەنوسسازانەدا كە دوورایی و رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیە . جا ئەگەر رۆژێك بێت و ببن بە ئۆپۆزسیۆن چۆن دەجوڵێنەوە ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە