دادگایی جاش لەژیر قەڵەمرەوی بارزانی و تاڵەبانی ، خەونی حوشترە...
Tuesday, 16/08/2011, 12:00
کادیرێکی وەزارەتی شەهیدان لەئمێلێکی بەکۆمەڵدا ، کەناوی منیشی تیابوو . داوای زانیاری لەسەر شوێنی ئەو سەرۆک جاشانە دەکات کەناویان لەدادگای باڵای تاوانەکان هاتۆتەوە تا بدرێنە دادگا . ئمێلێکی لەم شێوەیە و بەپێی ئەو بارودۆخەی کوردستان و پێگەی سیاسی و ئیداری جاشەکان ، جگە لەگاڵتەجاری هیچی تری لێ بەدی ناکرێت . بەلام رەنگبێت هەندێ تاکی ئەم دەسەڵاتە لەئاستی مەسەلەکە بەتەواوی نەگەن بۆیە دەکەونە ئەم هەڵانەوە . بۆیە بەپێویستم زانی هەندێ سەرنجی خۆم دەرببڕم
١/ وەزارەتی شەهیدان یان پۆلیسی کوردستان ... ئەگەر دەیانەوێت ئەو سەرۆک جاشانە بگرن و بەرەو دادگایان ببەن ، زۆرینەیان لەبەرچاونن ، بەدەیانیان بەرپرسی سیاسی و ئیدارین لەدەسەڵات دا . بۆیە هیچ پێویست بەوە ناکات داوا لەخەلک و میدیاکان بکەن ، زانیاریتان بۆ بنێرن . بچن بۆ گەرمیان و هەولێر یان لەناو سوپاکەی بەناوی" هیزی پێشمەرگە " بەدەیانیان دەدۆزنەوە . ئەمەجگە لەوەی ئەندامی پەرلەمانی پێشوی عێراق (لەسەر لیستی پارتی) (عادل توفیق رەشید) کە ئێستا بەرپرسی دۆسیەی کوردە لای مالیکی وە ئەنوەر حەمەدەمین (لەسەر بەشی یەکێتی) بەرپرسێکی باڵایە لەسوپای جەنگی ئاسمانی عیراق.
٢/ چاودیری کوردۆساید چەندین ساڵ بوێرانە ئەو دۆسیەیە ی لەسفرەوە جوڵاند ، هەرلەکارو خەباتکردنی( سکالا ، ناوبلاوکردنەوە ، خۆپیشاندان ، کەمپین ... تەنیا بەووتەی بریقەداری بەرپرسان کۆتایەکەی هاتووە ، چونکە لەکوردستان یاسا و دادگا دو گالتەجاری ئیداری پارتی ویەکێتیە .
٣/ زۆرینەی سەرۆک جاش و مەفرەزە تایبەتیەکان بەبریاری بەرپرسانی ئێستای پارتی و یەکێتی بونەتە ناپاک . بەرادەیەک جاشەکانیش ٢ گروپ بونە ، جاش پارتی و یەکێتی . بەواتای داڵدەی لایەکیان دەدا و لەلاکەی تریان دەدا "چاکەیان لەسەریان زۆرە" . بۆیە گرتن و زیندانی ئەو سەرۆک جاشانە دەیان نهێنی ئەو بەرپرسانە ی ئەمڕۆی پارتی ویەکێتی ئاشکرا دەکات .
٤/ سەرۆک جاش و مەفرەزە تایبەتیەکان زۆرینەی سەرۆک خێلن ، کەهەیانە خێلی گەورەی سەدان هەزار کەسین. پارتی ویەکیتیش کەشەر لەسەر زۆرترین دەنگ نەوەک ئەخلاق و نەتەوە دەکەن ، هەرگیز دڵی ئەوانە لەخۆیان ناڕەنجێنن . کاری لەم شێوەیە بەهێز و دەسەڵاتی شۆڕشگێر و نەتەوەیی دەکرێت .
٥/ دەسەلات و دادگا ، دوو ناوەندی گەورە و بریاردەری گرنگی دەوڵەتە ، بەلام بریاربەدەستانی پارتی ویەکێتی ، کردویانەتە قەشمەرخانە یەکی گەورە . بەمیزاجی سیاسی و کەسێتی خۆیان مامەلەی پێدەکەن . لەبەرامبەر دژەکانیان مێش دەکەنە گامیش ، دۆستەکانیشیان گامێش دەکەن هیچ . ٥ سالە زیاتر ٥٠ داوای یاسایی لەلایەن بنەمالەی قوربانیانەوە لەسەر عەباسی بایز ئاغا تۆمارکراوە . بەئاشکرا دەلێت تەنیا ئەگەر بارزانی بڵێ بچۆ بۆدادگا ، ئەگەرنا هەرگیز ناچم . لەسالی ٢٠٠٨ تەلەفۆنم لەگەل وەزیری داد کرد وتی وەڵا دراوسێشمانە ناتوانم قسەشی لەگەل بکەم .
٦/ هەڵەش نیە ئەگەر بڵیین ئەمرۆ ناپاکەکانی گەل لە (داهات دزەکان ، فایلدار ، سەرۆک جاشەکان ، قونتەراتچیە سیاسیەکان..... بریاربەدەستی کوردن . سەرجەم ئەمانەش وەک زنجیر بەیەکتربەستراون و هێزیان هەیە ، پچراندنی هەر ئەلقەیەک دەبیتە هۆی پچراندنی ئەوەی تر
٧/ ئەمڕۆ ئێمە لەهەرێمێک دەژین بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی و ئیداری پۆلێ بەرپرسی پارتی ویەکێتی . هەرچی دەکەیت کە زیانی بۆ پەزی ئەوان نەبێت ، ئازادی . یەکێک لەودیاردە مەترسیانەش کەبۆتە بەشێک لەسروشتی سیاسی ئەو دوو پارتە تەزکیە کردنی ناپاکیە .
٨ لەهەموشی کارەساتتر تێکشکانی کەسێتی تاکی کوردە ، بەدەست ئەم ٢ پارتەوە . ئەگەرنا لەکام نیشتمان بووە بەسەدان جەلادی گەورەی نەتەوە لەفایلدار و سەرۆک جاش و ناپاک ....بریار بەدەستی وڵات بن خەلکێش ئەوانی پێ سەرکردە بێت!؟ تاوانبارێتی گەورەش بەپلەی یەکەم دەکەویتە ئەستۆی ئەو ڕٶشنبیر ڕێکخراوانەی ناوچەی قوربانیدەر و بواری جینۆساید ، کەدوای ٢٠ ساڵ لەتەمەنی سیاسی و ئیداری ئەم دەسەڵاتە و سەدان سوکایەتی بەخۆیان و قوربانیەکانیان .کەچی هیشتا بارزانی و تاڵەبانیان پێ رابەری نەتەوەیە .
تاکە ڕێگا بۆدادگایی هەموو ئەوانەی ناپاکیان لەگەلکردوە کۆتایی هێنان یان پەرو پاڵکردنی ئەم دوو پارتەیە ئەگەرنا هەردەبێت بەدوو دروشم و هەلای راگەیاندن کۆتایی فلیمەکە ببینینەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست