کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نێچیرڤان بوو، که‌ ره‌ئوف ئاکره‌یی تیرۆرکرد

Sunday, 13/06/2010, 12:00


لە نێوان نووسینەکەی هاوڕێم قادر نادر و هیشام ئاکرێی و حەقیقەتێکی باس نەکراودا . هێندە بەسە بۆ من کە لەپارتی و یەکێتی تێبگەم ، لە چ خانەیەکی مێشکمدا جێگریان بکەم ، لەکوێدا ناو و ڕەفتاریان بخەمە بەرچاو ، بەهەموو داهاتوشیان گەر بێ پەڵە بێت ، ناتوانن ڕۆژگارێکی ڕابردویان لای من و گەلەکەم سپی بکەن .
ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێز قادر نادر وەک پەروادارێک بۆ مامۆستاو هاوڕێ دێرینەکەی شەهید (ڕەئوف ئاکرێی) بەنووسینێک یادەکەی بەرز ڕاگرت . لە نووسینەکەیدا هەندێک شیکاری لە جۆری ژیان و کاری سیاسیی و هۆکاریی شەهیدکردنەکەی خستە بەردیدی خوێنەران .
ناوه‌ڕۆکی نووسینەکەی بەدواچوونە بۆ دیاریکردنی سەرەداوەکانی هێلینی تیرۆر لە کوردستاندا ، پەروایە بەرامبەر بەهاوڕێ و هاوبیرەکەی، دەست نیشانکردنی کۆمەڵێک چەمکە ، کە کورد لەدوای (دەوڵەتی مێد)ەوە وەک ڕەگی ژیان بە کڕاگەی پشتییەوە ئاڵاوە ، ئەم مەدرەسەیە بۆ دوو بنەماڵە وەک میرات بەجێ ماوە . لەوەدەچێت لەسەرەتاوە پشتاوپشت بۆیان مابێتەوە ، دەقەکانی خواست و ڕەفتارین هەمان هاوکێشەیە کە میر و سەرۆکەکانی ڕابردوی ئەمارەتەکانی کورد پیادەیان دەکرد . نووسینەکەی هاوڕێم قادر نادر جودایە لە نووسینی نووسەرە ڕەبۆتەکەی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر (هیشام ئاکره‌یی) . هەریەکەیان بەڕێچکەیەک بەسەر ڕووداوەکەدا دەگوزەرێن . لایەکیان لەویژدانی مێژوودا دەژی و لایەکی تریش بەویژدانی حیزبەوە مێژوو دەشێوێنێت .
گەرەکمە بگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو ، ساڵ ١٩٨٧ پۆلێک پێشمەرگە ڕووەو بادینان بەڕێکەوتین بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان پارتی و یەکێتی بە چاودێری کۆماری ئیسلامی کە ژمارەمان نەدەگەیشتە ٢٠٠ کەس . هاوین ملی بەهاری تێک شکاندبوو ، بەڵام ناوچەکە لەنازی بەهار بێ بەش نەبوو.
پاش ماوەیەک لە ئاشنا بوونمان بەهەندێک لەناوچە دڵفڕێنەکانی بادینان ، دەمەو چێشتەنگاوێک کەسێک بەهاوڕێیەتی دوو پێشمەرگەی تر بەسەر ئەو ڕێچکە ڕێیەی خوار بارەگەکانی ئێمەدا کەبەلێواری زێی پچوکدا ملی دەنا ، دەیویست تێپەڕێت ڕووەو گۆندەکانی نزیک شارۆچکەی دێرەلوک . من و شەهید ئازادی سەرکردە لەسەربانی یەکێک لەو چوار خانووەی بارەگاکانی یەکێتی لەبادینان بەدەم کورتە پیاسەوە قسەمان دەکرد . لەناکاو کاک ئازاد وەک شێوەیەک لەساکان چاوی لەسەریان دانەبڕی ، ئەوان هەنگاویان ڕووەو لێواری ئەو گۆمە دەنا کە پارتی ساڵی ١٩٨١ ،٣٩ کادری (پارتی گەل) یان بە قاچ و دەست بەستراویەوە فڕێدایە ناوی و نقومی گۆمەکەیان کرد ، تەرمەکانیان بەهەمان زێدا کە بەشارۆچکەی دێرەلوکدا دەگوزەرێت سەرئاو کەوتن ، دوژمن ویژدانی جوڵاو بەڕێزەوە دەری هێنان . منیش پرسیم کاک ئازاد ئەوانە کێن ؟ لەوەڵامدا وتی ئەوەی لای دەستەڕاستەوە ڕەئوف ئاکرێیە و یەکێکە لەکادرە هەرە بەتواناکانی بادینانمان، ماوەیەکە بەداخەوە لێمان زویر بووە و ئێستا بەنهێنی ڕێکخراوێکی بۆ خۆی دامەزراندووە ، ئەم مرۆڤە بۆ ئەمڕۆی ئێمە زۆر پێویست و بەسووده‌.

هەرەشەکانی نێچیر لە ڕەئوف ئاکرێیی
ئێوارەیەکی ڕووەو خۆر ئاوابوون بۆ جارێکی تر من و کاک ئازاد قسەمان دەکرد ، من پێم ڕاگەیان کاتێک چوم بۆ بەری گوندەکانی (نێروێ) ڕەئوف ئاکرێیم بینی لەبەردەم ئەو بارەگایەی ئەوبەرمان، پێدەچێت لەبەشی یەکێتی قوتابیانی پارتی بێت . ئەویش وتی نەک پێدەچێت، بەڵکو لەوێیە . کەوتە باسی چۆنییەتی کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی پارتی لەساڵی ١٩٨٥ وتی: یەکێتی قوتابیانی پارتی ساڵی ١٩٨٥ کۆنگرەیان لە کەرەجی تاران بەست ، ململانییەکی توند لە نێوان ڕەئوف ئاکرێی و نێچیرڤان بارزانی دروست بوو، لەئەنجامدا ڕەئوف ئاکرێی زیاتر لە سەد دەنگی هێناو نێچیر تەنها حەوت دەنگی هێنا ، نێچیر دەستی کرد بەهەرەشە و گوڕەشە لە ڕەئوف ئاکرێی و قوڕگی پڕ بوو بوو، وتوی (بەگۆڕی مەلامستەفا ڕۆژێک بێت دەبێت هەربتکوژم) . منیش وتم ئەوان کە سوێندیان بەگۆڕی مەلا مستەفا خوارد ئیتر کێشەکە دەبڕێننەوە . کاک ئازاد وتی: یەکێک لە بەهانە گرنگەکانم بۆ گەڕانەوەی ، ئەو پەیامەیە .

ڕەخنە و سەرنج
ڕابردوی سیاسیی و موڕاڵی سەرکردەو حیزب ، نووسینی پەڕەگرافێک نییە کەبەئاسانی بکوژێنرێتەوە ، یان کڕینی کەلوپەلێک نییە زۆر بەئاسانی بیگێڕدرێتەوە و پارەکەت دەست بکەوێتەوە . ڕابردوی حیزب بەشێکە لەمێژوی دەسەڵات و شیواندن و بنیادنان بۆ گەلێک . پارتی و یەکێتی بەپێی ئەو جیهانە ناکامڵە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی کورد هەیەتی ، چەمکی چارەنووسی گەلەکەمانیان لەئەستۆ گرت . کۆمەڵگا گوێگر ، جێبەجێکار ، وزە ، پارێزەر ، زیان لێکەوتوو . تاکی کورد لەهەنگاوێکی پێویست و لەتێروانێکی نابەرامبەر و لەلاسارییەکی دەسەڵاتدا ڕووبەڕوی ئەوەی حیزب دەخوازێت دەبێتەوە . ئەوەی لەدەستپێکی ئەم فۆڕمەدا بەرۆکمان دەگرێت ، مێژوی پەنجاساڵەی تیرۆرە . لەسەرنانخواردن ، لە پێخەفی نووستندا ، لەسەر کار ، لە خوێندندا، لەهەر کوێیەک هەین ئەویش هەیە ، بۆ کوێ بڕۆین و لەکوێدا قسە بکەین لەویادا بەناشرینترین شێوە وەڵاممان دەداتەوە . ئەم مەدرەسەیە بەرهەمەکانی چەندجۆرن ، مامۆستای پیاوکوژ ، خویندکاری پیاوکوژ ، دکتۆری پیاوکوژ ، کاسپکاری پیاوکوژ ، شۆفێری پیاوکوژ ، سیاسی پیاوکوژ ، سەرکردەی پیاوکوژ ، نووسەر و ڕۆشنبیری درۆزن و پیاوکوژ بەرهەم دێنێت . ئەمانە بەدوای زیانە سیاسیی و ئەخلاقیی و جەماوەریەکانیانەوە هەڵیانکوتاوەتە نێو جیهانی تەکنەلۆژیاو لەژیر ناوی جۆراو جۆرو بریقەداردا خۆدەنوێنن ، کۆمەڵێک کۆیلەی تریان قوت کردۆتەوە ، وەک ڕەبۆتی ئەلەکترۆنی بەکاریان دێنن و بۆ تیرۆر کردنی فکر و کەسە ڕۆشەنفکرەکانی کۆمەڵگا. هیشام ئاکرێی یەکێکە لەو پیاوکوژه‌ درۆز و بێویژدانه‌ی ئەم سیلەیە .
ئەم ڕەبۆتە باتری کزە، لەدەرکەوتنی بورکانی ناڕازییەکان بەپێشڕەوایەتی بزاڤی گۆڕان، خۆی بەتەواویی یه‌کلاکردەوە . پێمان دەڵێت : ئێوە کێن و ئێمە کێین ، یان دەڵێت: لەمەودوا ئێوە ئەوانەن لەڕابردودا بەهەژمار هاوزنجیرتان بووم و ئێستا پەشیمانم. خۆم هەڵدەخەڵاتن و ئێوەشم لەخشتە دەبرد، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ناوڕۆکی ئێستام هاوشێوەی جارانە، بەڵام ڕەنگ و شێوەو ڕووکەشم وەک لەمەو پێش نییە . لەمێژبوو پاسەوانێکی بەردەرگای حیزب و ڕەبۆتێکی بەکارهێنراوی دەسەڵات و کۆیلەیەکی سەرکردە بووم. تێمان دەگەیەنێت و گومانەکانمان بۆ دەکاتە واقیع ، دەڵێت : حەوت مانگە ڕاستگۆیی خۆمم بۆ بەیان کردون . بەپێچەوانەی جارانەوە هاتومەتە مەیدان و ڕەخنە لە وانە دەگرم کە جاران ڕەخنەیان لەبەرەی ئەمڕۆی من دەگرت . لێرەوە دەست پێ دەکەم دژی هەرکەسێکم بەو ستایلەی دوێنێ من بەگژ بەرەی ئەمڕۆم بچێتەوە ، لێرەوە ڕاستییەکان بەبەرژەوەندی دەسەڵات دەشەوێنم و خەڵک لە خشتە دەبەم . لێرەوە ئیتر ئەو پاسەوانەم ، کە ساتەکانم پەنهانی بونم بوو بۆ ئەمڕۆم . ئیتر قەڵەمەکەم فڕێ دەدەم و کێردێکی قەسابی یان چەکێکی بێ دەنگ هەڵدەگرم ، دوێنی لەدژی تیرۆر بوم و ئەمڕۆ لەبەرەی تیرۆردا خۆم دەبینمەوە . یەکەم نووسینم پاش هەڵگەڕانەوەم لەسەر بزاڤی گۆڕان وسەرکردەکەی بوو، دوێنێ مێژوی چرکەساتەکانی شەهیدێکی سیاسیی و نیشتمانی و هۆشیارم شیواند و بەیانیش بەسەر سەرکردە نانیشتمانییەکانماندا پیاهەڵدان دەست پێ دەکەم .
دوێنێ وتی : لە دوای کۆنفڕانسەکە شەهید ڕەئوف ئاکرەیی یەکێ لەو بەرپرسیارانەی ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەران دەبێت کە بەرگری لە سەربەخۆیی سیاسیی ئەو ڕێکخراوە دەکات و بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابێت ڕێکخراوی تێکۆشان ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە ئەو کاتە نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتی دەکرد.
پاشان دەڵێت : لەبەر ئەم هەڵوێستەی شەهید ڕەئوف یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری (کۆشتنی) ڕەئوف ئاکرەیی دەرکرد بە تاوانی ئەوەی گوایە (بەشێوەیەکی نهێنی ڕێکخراوێکی تری لەناو کۆمەڵەدا دروست کردوە وکۆمەڵەی لەتکردوە).
دیسان دەڵێـت : تاوەکوو ئێستا ئاگام لەوە نییە ئایە ڕێکخراوی تێکۆشان یان هەر کەسێکی تر ئەم زانیاریەی بڵاوکردۆتەوە یان نا . بۆیە بڕیارمدا خۆم باسی بکەم بۆ ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕۆنکردەوە لەسەر ئەو کێشەیە بدات و ئایە لەدوای ساڵی 1982 کێشەکەیان چارەسەرکرد یانیش هەر بە (خائن) لە قەڵەم دەدەن.

ئەم نوسیەنەیە لەڕێکەوتی ١٣ /٥ /٢٠١٠ لە سایتە ناسه‌ربه‌خۆکه‌ی خۆیدا بەناونیشانی (کێ ڕەئوف ئاکرەیی شەهید کرد؟ پارتی، یەکێتی یان سیخوڕەکانی میتی تورکیا؟ چەند زانیاریەک بۆ یەکەمین جار ئاشکرادەکەین) ، نووسی . ئەمە بەرهەمی دوای یەڵە سەرەتە ، ئەو ساتەی کۆنتڕۆڵی پارتی هەڵی دەسوڕێنێت و دەڵێت : سەرەتە بکەوەرە گەڕ . ئەوە نییە وا خەریکە نووسەرێک ، پەنجەی ڕاستی بۆ لاپەڕەکانی مێژوی شەرمەزاریمان دەبات و هەڵیدەداتەوە ، مەیهێڵە تروسکایی بگاتە بەرچاوی ئەوانەی مێشکیان بەڕاستی توڕە دەبێت و لەئاستماندا هەڵدەچن ، مەی هێڵە مێشک دەربارەکانی خەرمانەی پارتیمان لەخشتە بەرێت . بنووسە و بیشێوێنە ، ڕاستییەکان تێکەڵ بە چەوتی بکە و مێژویەکی نادروست بخەرە سەر شانۆ . ئێمە گرێبەستی کۆنتراتیەکەی نێوانمان بۆ ئەوەیە ، لای ئێمە پاره‌ و لای تۆش وشەی لەخشتە بردن و شێواندنی ڕاستییەکان .

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=caa5e2b5

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە