بانگەوازێك بۆ سەرجەم مامۆستایانی زانكۆ و قوتابخانەكانی باشوری كوردستان و خوێندكاران و قوتابیانی هەرێمی باشوری كوردستان!
Sunday, 27/03/2011, 12:00
پێنووسەكەتان وشەی هاتن هەڵگرێ، بۆ بەردەرگای سەرای شاری سلێمانی بكەوێتە ڕێ، لەوێ، بە جەماوەری چەوساوەی دەستی دەسەڵاتی گەندەڵ، بڵێ، خۆشەویستانمان، وشەی هاتنی ئێمەش بكەن بەهاوڕێ.
بەڕێزان، گومانێك لەوە دانیە كە ئێوە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی باشوری كوردستان لە هەموو كەس و لەخوودی بارودۆخەكەش باشتر دەزانن. ئێوە لەهەركەسێكی هاووڵاتی كوردستان باشتر ئاگاداری ئەو هەقیقەتەن كە نەتەنیا دەسەڵاتی ڕەها و داپڵۆسێنەری كوردی كە بەجلوبەرگی كوردیەوە، جێگەی ڕژیمی دڕندەی بەعسی گرتۆتەوە، هیچ یەك لە ئاوات و ئامانجەكانی هاووڵاتی كوردستانی وەدی نەهێناوە، سەرەڕای ئەوەش زۆر دڕندانە كەوتۆتە بێ ڕێزی بە هاووڵاتی و گرنگتر و ترسناكتر لە گشت ئەوانە، بەهەمان چەك كە شەڕی لەدژی ڕژیمی بەعس پێدەكرد، ئەمڕۆ بە پێچەوانە، جەستەی هاووڵاتی پێ دەدڕێت و خوێنیان دەڕێژێت و هەروەكوو سەردەمانی ڕژیمی سەددام، ترس و تیرۆر و ڕەشەكووژی و هەژاری و خوێن و فرمێسك پێشكەش بە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان دەكا!
ئێوە لەهەموو كەس باشتر دەزانن كە هیچ هێزێك و دەسەڵاتێك بۆی نیە، مرۆڤێكی تر بۆ ویستی كەسی یان دەسەڵاتی حیزبی خۆی بەخت بكا و مۆمی ژیانی بكوژێنێتەوە، بەڵام دەسەڵاتی بێ ئابڕوو و گەندەڵی هەرێم بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆرانەی خۆی، نەتەنیا گوێی بۆ دەنگی ڕەوای هاووڵاتی كە بۆ ژیان و پێشكەوتن و ئاشتی و دێمۆكڕاسیە، ناگرێت، بەڵكوو دەستووری كوشتن و گرتن و پەلامار دانی دەدا. ئەم دەسەڵاتە بەو كردەوە بێ ئابڕوانەیە بە هاووڵاتی كوردستان دەڵێ، زمانی ئەو بۆ هاووڵاتی، زمانی نەعرەتەی شێرە، زمانی ژەهری ماری كووبڕایە، زمانی ئەو، دووپشكە، ژەنگە سوورەی ناو دارستان و كاوەشاخە، زمانی ئەو تەپۆی ناو لێڕەوار و مالاڕایە، عەوە عەوی سەگە، زەڕەی كەرە، باڕەباڕی بزن و كاریلەیە، قولەقولی مەلای مزگەوتە، شیڕەشیرە، وزە وزی مێشەكەرەیە، زرمبە زرمب و شەقەی چەكمەی لەشكرە، سەرەنجام زمانی ئەم دەسەڵاتە، تیرۆر و گوللەی شەڕە.
كەوابوو دایالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا، پووچ و بێ مانا و خۆ كووشتنە.
ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای چەوسانەوە و پێشێل كردنی مافی هاووڵاتی كوردستان دامەزراوە و دژایەتی لەگەڵ ئەرك و مافی هاووڵاتی، ڕێباز و ئامانجی سەرەكی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ترسناكەیە.
ئێوەی بەڕێز، توێژی گرنگ و سەرەكی ئەم كۆمەڵە چەوساوەن كە دەتوانن گەورەترین و بەرچاوترین ڕۆڵتان بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە هەبێت. چونكە بنەمای هەر بابەتێك كەبە زانست و بیری بەرزی فەلسەفەوە دابندرێ، دەبێتە، بنەمایەكی هەتا سەری ژیان و شارستانیەت. دەریا و ئوقیانوس ناكوژرێ، تیشكی خۆر، بزر ناكرێ، چیای چەتوون و بەرز، ناڕووخێندرێ و سووڕانی زەوی بەدەوری خۆردا، ڕاناوەستێنرێ و زمانی لۆژیك نابڕدرێ و وشەی هاووڵاتیش بۆ ژیان و ئازادی و ئاشتی، ناكوژرێ، ملیۆن جەستەش بكوژرێ، وشەی لۆژیك بزر ناكرێ و لەناو ناچێ.
بۆیە ئێوە وەكوو لۆژیك و وشەی فەلسەفەی ژیان، پشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بگرن. توێژی ڕووناكبیر دایم و لە هەموو كاتەكانی مێژوودا، چەكی هەرە بەهێز بووە لە دژی دیكتاتۆریەت و چەوسانەوە. ئەگەر ئێوە ئەركی ڕاستەقینە بگرنە ئەستۆ، دەسەڵات و دیكتاتۆریەت هەزار قات لەوەش لە بواری لەشكر و چەك و تەقەمەنی و چەكدارەوە بەهێز بێت، هێز و وورە و دەنگی هاووڵاتی لە پێناو ئازادی و ئاشتی و مافی ژیان دا، بۆی ناڕووخێندرێ و ناكوژرێ. مێژووی درێژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، هەمووی خەبات و تێكۆشانی توێژی ڕووناكبیر و چەوساوە بەدژی دەسەڵاتی ڕەها و داپڵۆسێنەر بووە. دەسەڵاتەكانی پشوو زۆر لەو دەسەڵاتە گەندەڵەی هەرێم ترسناكتر بوونە. سەردەمانێك زۆرینەی وڵاتانی دونیا كۆڵۆنیای دەسەڵاتی ڕەها و دیكتاتۆریەتی ئینگلیستان بوو، بەڵام ئەو هەمان خەبات و تێكۆشانە، هەموو پەڕو باڵی ئەم هەڵۆ دڕندەیان بڕین و لەكونەكەی خۆیان كردەوە.
بەوجۆرە ئەگەر ئێوەش وەكوو نوێنەری لۆژیك و زمانی زانست و فەلسەفە، تێكەڵاوی دەنگی چەوساوەكانی هەرێمی كوردستان بن، تێك ڕمانی حكوومەتی مەسعوود بارزانی و كەماڵ كەركووكی و بەرهەم ساڵە، زۆر مسۆگەرە. سەردەمانێك فەیلەسووفی فەڕانسەوی، ڕوسۆ، لە ڕێگەی نووسینەوە، دەسەڵاتی گەندەڵی ئایین و دەسەڵاتەكانی دیكەی، خستبۆوە لەرزینەوە، پەڕتوكی ئی مایل، یەكێك لەو پەڕتووكانە بوو كە خەڵكی فەڕانسەی هەژاند. لەو دا باس لە پەروردە و فێركردنی منداڵ و كۆمەڵ دەكا، كە ڕێگای فێربوون و هۆشیاری جەماوەر، هەمیشە ئایین و دەسەڵاتە كۆنەپەرست و ڕەهاكان لێی ترساون. پەڕتووكی سەرمایەی كارڵ ماركس، بۆتە مارێكی كووبڕا بۆ سەرمایەدارەكان و چەوسێنەرە سەرەكیەكانی جیهان. چونكە لەو دا باس لە یەك سانی ئابووری مرۆڤایەتی دەكرێ و نرخی مرۆڤ دەخرێتە سەرەوەی كاڵاكان و كاڵاكانیش بۆ خزمەتی سەرجەم مرۆڤایەتی دیاری دەكا. كە ئەوە ئەرز ئەرزێكە بۆ قەڵا گەندەڵەكانی ئەوان. دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێمیش نوێنەری هەمان ئەو دەسەڵاتانەیە كە بەدژایەتی لەگەڵ پەروەردە وفێر كردن، دژی بەرژەوەندیەكانی جەماوەر دەوەستن.
هەر بۆیە ئێوە پێویستە وەكوو توێژی ڕووناكبیر، پێشەنگی خۆپێشاندەران بگرنە ئەستۆ و بە نووسنی بابەتی گرنگ و وەبیرهێنانەوەی شۆڕشەگرنگەكانی دونیا، هێز بدەنە جەماوەر. بۆ نموونە خەباتی جوامێرانەی ڤیتنامی باشووری كە چۆنیان ئەمریكای لەخۆڕازی و شەڕفرۆش تێك شكاند. تەنانەت سەردەمانێك، وڵاتی چینی دەراوسێ و مەزنیشیان بەچۆك داهێنا كە بەڕێبەرایەتی هۆشی مین، ئازادی و ئاسایشی خۆیان وەدەس هێنا. وشەی هۆنراوە و بابەتی فەلسەفی، بابەتی ڕوسۆ و هیگل و ماركس و سوقرات بكەنە چەكی بەهێزی خۆپێشاندەران. ڕوسۆیەك كە بە نووسینەكانی فەڕانسەی هەژاند، ڕێبازی هیگل فێری خۆپێشاندەران بكەن كە بووبە باوكی لۆژیك و بنەمای دیالۆگ و ڕەوشی بەرزی ژیانی مرۆڤ. ماركس كە جیهانی ترسناك و بێ ڕەوشی سەرمایەدارانی وەلەرزین خست و كێوی هیوای بۆ كرێكاران و برسیەكان، دروست كرد. سوقرات، فەیلەسووفی مەزنی ژیان، بەو خۆپێشاندەرانەی بەر دەرگای سەرا و سەرجەم جەماوەری كوردستان بناسێنن، كە لە پێناو ئازادی و ئاسایش و فەلسەفەی ژیانی ڕاستەقینە و ژیانێكی بەرزی مرۆڤدا، پیاڵە ژەهری خواردەوە، كۆپێرنیكس)Copernicus( بە خۆپێشاندەران بناسێنن كە لە سەر ئەوەكە گوتی گۆی زەوی وگشت هەسارەكان بە دەوری خۆر دا دەگەڕێن و لە سەر ئەو وتە بەرزە ئایینی مەسیحیەت، سووتاندی. ژاندارك بە ئافرەتانی بەشدار لەو خۆپێشاندەرانە بناسێنن، كە كچە وەرزێڕێكی فەڕانسەوی بوو و جلوبەرگی پیاوانەی كردە بەر و وڵاتی فەڕانسە و جەماوەرەكەی ڕزگار كرد كە لەشكری ئینگلیس گەمارۆی دابوون و دوایش گیرا وكەنیسە سووتاندی، چەكوارە بەلاوانی كوردستان بناسێنن، كە دوای ڕزگاركردنی وڵاتی كوباش لەچەنگ ئەمریكیەكان، ویستی وڵاتێكی دیكەش ڕزگار بكا و دوایی گیرا و گوللە باران كرا. مامە ڕیشەی شۆڕشگێڕ و نەترس وەبیر جەماوەری كوردستان بێننەوە كە بۆ ئازادی و بەختەوەری ئەوان سەری نایەوە. وشەی هۆنراوەكانی مامۆستا عەبدوڵا پەشێو، بكەنە وشەكانی جەماوەری خۆ ڕاگر و خۆپێشاندانەكانی پێ بڕازێننەوە، كە هەر یەك لە وشەكانی كە هۆنراوەكانی پێ ڕازاندوونەوە، چەكێكی هەرە بەهێزن بۆ ململانی لەگەڵ دەسەڵات و دیكتاتۆریەت و بەرز نرخاندنی ژیان و تایبەتمەندیەكانی ژیانی مرۆڤی پێشكەوتوو.
ناپلیۆن هەمیشە دەیگوت، تەنیا شتێك كە لێی دەترسێم، ڕۆژنامەیە. چونكە ئەو سەردەمان ڕۆژنامە گرنگترین بابەتی نووسین بوو كە زووتر بڵاو دەبۆوە و زووتر دەگەیشتە دەس خەڵك و جەماوەریش ئاسانتر لە پەڕتووك و نووسراوەكانی دیكە، ڕۆژنامەیان وەدەس دەكەوت. بۆیە نووسین و نووسراوەكان، دەتوانن گرنگترین ڕۆڵ لەدژی دەسەڵاتی ڕەها و زۆردار بگێڕن و جەماوەر بەهێز و بە وورە بكەن. بۆیە ئێوەش دەتوانن بە نووسراوەكانتان بەشداری ئەم ڕاپەڕینە گرنگەی جەماوەر بن. لەو بارودۆخەدا، هەر وشەیەكی ئێوە، دەبێتە تۆپ و ئەرز ئەرزێك بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و، كێوی هیوا و بڕواش بۆ هاووڵاتیان. شاری لێنین گارد، یان)St.Petersburg(بكەن شانۆ كە چۆن خەندەكێكیان بەدەوری شارەكەیان دا هەڵكەند و بەرامبەر بە لەشكری ئەڵمانیای هیتلێری، وەستان و شارەكەیان لە ئاست ئەم هێرەشە مەزنەی ئەڵمان دا پاراست و تەنیا خواردنێك كە دەیانخوارد، تەرمەكانی ئازیزەكانیان بوون و بەوبۆنەوە، ئەم شارە بە مردوو خۆرەكان بەناوبانگن. ئەم بەسەرهاتانە وەبیر هێنانەوەیان، زۆر ناخۆش و دڵتەزێنن. بەڵام لەبەر ئەوە نرخی ئازادی گران و پڕ بەهایە، ئەوان ئەو نرخەیان پێشكەش بە ئازادی كرد و سەرەنجام ئازادی خۆیان وەدەس هێنا. ئێستاش باشووری كوردستان، ئازادی و ئاسایشی دەوێ و ئەگەر ڕانەپەڕێت و مت و بێدەنگ بێت، دەبێ ژیانی كۆیلەتی و دیلی و داماوی قەبووڵ بكا. كە ئەوەش بە جەماوەرێك قەبووڵ ناكرێ كە مێژووەكەی پڕە لە خۆبەخت كردن و دانی ئەو نرخانەی كە بۆ ئازادی دەبێ بدرێن. بۆیە ئەگەر ئێوە وەكوو توێژی ڕووناكبیر بەو جۆرە بیر بكەنەوە و بەوجۆرە دروشمی هاووڵاتیانی چەوساوەی كوردستان، بكەنە هی خۆتان و سەرپەرشتیاری دروشم و بابەتەكانی كە ئاڕاستەی دەسەڵات دەكرێن، بگرنە ئەستۆی خۆتان، بەدڵنیاییەوە، دەسەڵات وەلەرزین دەكەوێ و سەرەنجام بۆ ویستی جەماوەری جوامێر و خۆڕاگر، بەتەواوی دەچەمێتەوە.
پێویستە دروشمەكان هەموویان لەیەك دروشم داكۆبكرێنەوە، ئەویش، تێكڕمان و هەڵتەكانی بنەمای دەسەڵاتی دیكتاتۆریەت و هەڵبژاردنەوەی سەر لە نوێی سەرپەرشتیاران. دانیشتن و گفتوگۆ، لەگەڵ پەرلەمانی شانۆیی و نوێنەرانی دیكەی حكوومەت، قەبووڵ مەكەن. لەبەر ئەوە ئەوان بەئانقەست و وەكوو پیشەو ئەرك، ئاسمانی ژیانی هاووڵاتیان كردۆتە هەورە ڕەشە و بارانی خوێن و فرمێسك، بەسەر هاووڵاتیان دا دەڕژێنن. ئەم خۆپێشاندانەی بەر دەرگای سەرای شاری سلێمانی، شانۆی ڕاستەقینەی ژیانە، زمانی لۆژیك و زمانی فەلسەفەی شارستانیەت و مرۆڤی مۆدێڕێن و پێشكەوتوویە، كە هەر ئەوەش لە شاری زانست و هونەر و فەلسەفەی سلێمانی چاوەڕوان دەكرێ.
باوكێك كە ئەركی باوكایەتی بەرامبەر بە منداڵەكەی بەڕێوە نەبا، باوك نامێنێ، دایكێك كە منداڵەكەی خۆی خۆش نەویست و ئەركی دایكایەتی لەبیر چۆوە، دایك نامێنێ و دەبێتە بێگانە و بوونەوەرێكی ترسناك.
بۆیە مەسعوود بارزانی و بارزانیەكان هەر لە سەرەتای ژیان و شۆڕشەكەیانەوە، سەرۆك و دڵسۆزانی ڕاستەقینەی خەڵكی كورد نەبوونە، چونكە ئەوانە هەردەم و لە هەموو كاتەكاندا، بەداخەوە، هاووڵاتی كوردستانیان لە سەر ڕەخنەیەكی ئاسایی كوشتووە، چونكە ڕەخنەی لە دەسەڵات و شێوازی سەرۆكایەتی ئەوان گرتووە، لەبەر ئەوە ئەوان دەسەڵات و دراویان خۆش دەوێت و لەو پێناوەشدا ئەگەر سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان، بە ڕۆژێك قەڵاچۆ بكەن، بۆ ئەوان، جێگای پەرۆش و نیگەرانی نابێت. جەڵال تاڵەبانی و دارودەستەكانیشی هەر بەوجۆرە. جەلال تاڵەبانی بۆ ڕاوی دراو و دەسەڵات، خۆی خزاندۆتە، بەغدا، لەبەر ئەوە دەزانێ كە مەسعوود بارزانی و بارزانیەكان، زۆربەی دەسەڵات و دراوەكانی هەرێمی كوردستانیان كردۆتە پاوانی خۆیان و بۆخۆیان گلداوەتەوە. ئەویش هەم ئەوەی لەبەر پێ و قاچی ئەوان دەمێنێتەوە، خڕی دەكاتەوە و لە بەغداش لەو ڕاوە بەردەوامە. ئیتر هاووڵاتی برسی دەبێ، دەچەوسێتەوە یان مەسعوود بارزانی دەیكووژێ، بەخەیاڵی دانایە و ڕەنگە زۆرینەی كات ژمێرەكانیش تەلەڤیزیۆنەكان بكووژێنێتەوە و هەر خەریكی ژماردنی دراوەكانی بێت و پلان دابڕێژێ بۆ بازرگانی و دزی و تاڵانی شوێنەكانی تری عێراق و كوردستان!
بەڕێزان، داواكاری من لە ئێوە ئەوەیە كە دەنگ و هاواری ئازادی و ئاشتی و ئاسایشی هاووڵاتی هەرێمی كوردستان، بكەنە هی خۆتان و ئیتر بە ملیۆن هێما و نیشانە دەركەوتووە، كە كاتی تێكڕمانی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و داپڵۆسێنەرە هاتووە. نووسراوەكانتان بكەنە چەك و سەرجەم جەماوەری هەرێمی كوردستانی پێ چەكدار بكەن. ئەو لەشكرە دەبێتە لەشكری هەرگیز نەچەماوە و هەڵخەڵەتاوانی دەسەڵاتی گەندەڵ، گۆڕەپانی ململانی بەجێ دێڵن و كۆرپەی ئازادی خۆی دەخاتە ناو ئامێزی جەماوەری ڕاپەڕێو و دایكانی ئازیز لەدەس چووەكان. ئەگەر بێدەنگ بن، بەپێچەوانە، لەشكری دەسەڵاتی گەندەڵ و ڕەها، كۆرپەی ئازادی دەكوژێت و ئێوەش بەشداری ئەم كارەساتانە دەبن كە لەدژی هاووڵاتی باشووری كوردستان بەڕێوە دەچێت و زمانی لۆژێك و ئاسایش لەو هەرێمە بەدەس دەسەڵات، دەبڕدرێ و ئاسمانی ژیانی هاووڵاتیانی هەژار و چەوساوەی هەرێمی باشوری كوردستان، فرمێسك و خوێنی لێ دەبارێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست