گۆران لە سلێمانییەوە نیشانە لە هەولێر دەگرێتەوە
Monday, 28/04/2014, 12:00
1919 بینراوە
گۆران ڕمەکانی لە سلێمانییەوە تیژکردۆتەوەو نیشانە لە هەولێر دەگرێت هەر لەبەر ئەوەی هەولێر پایتەختە ئیتر دەبێت ڕمەکانی بگرێتە هەولێر. گۆران زۆر جار باسی هەولێر دەکات بە بۆچونی من ئەم نیشانە گرتنە لە هەولێر هەڵەیە لەبەر ئەوەی خودی هەولێر نیشانە نییە بەڵکو ئێستاکە هەولێر پێکاتەیەکە لە تێکەڵە لە چەند ساڵانێکی کەمیشدا ئەمیش وەکو کەرکوک ڕووبەڕووی زۆر کێشە دەبێتەوە، یەکێک لە هەڵە کوشندەکانی یەکێتی ئەوەبوو کە یەکێتیش نیشانەی لەهەولێر دەگرتەوە هەر بۆیە ڕۆژی گەیشتە ئەم ڕۆژە کە وەک گەڵای دار ئەوەرێت. ئەگەر بگەرێنەوە بۆ مێژوو بۆ خودی مام جەلال کە خۆییو براهیم ئەحمەد و هاورێکانی لە ساڵەکانی شەستدا لە پارتی جودابوونەوە ئەو حیزبەیان چۆڵکردوو و سپاردیان بە کۆمەڵێک خەڵکی کەم ئەزموون، نەخوێندەوار کەهیچ لە بنەماکانی سیاسەتیان نەدەزانی تەنها ناوی کوردستان نەبێت ئێستاکەیشی لەسەر بێت ئەم حیزبە هەر بەناوی کوردستانەوە ئەم خەڵکە بەکوشتو سەرگەردانو تەفرە ئەدات ئەگینا هیچی پێی نییە بۆ ئەم خەڵکە جگە لە درۆ و ناوهێنانی دەوڵەتی کورد نەبێت، بە پێچەوانەکەیەوە نەوشیروان موستەفا کارێکی زۆر هوشیارانەی کرد کە بزووتنەوەی گۆرانی دروستکرد و لەنێوەند ئەو هەموو کێشمەکێشو ئاڵۆزیەدا توانیی ئارامی خۆیی بپارێزێت و گرەوەکە بباتەوە پەندێکی زۆر جوان هەیە کە دەڵێت: پیاوی زیرەک و بەهێز لە توورەبووندا دەردەکەوێت، ئەم ووتە پڕ بە پڕی بزووتنەوەی گۆرانە ئەوان پیاوەکانیان لەو فەوزایەی کە دەسەڵات بۆیان سازکرد توانیان ئارام ببن ددان بە خۆیاندا بگرنو توورە نەبن.
بابەتێکم بڵاوکردووە سیاسەتم بەوە پێناسەکرد کە وەک گەمەی ڕم هاویشتن وایە ئەگەر ڕمەکەت هاویشتو لە سەدەکەت نەدا ئەوا دەبێت پلانت هەبێت ئەگینا هاویشتنی ڕمێکی تر زیاتر بێهێزو کەم ڕمت دەکات، هیوادارم گۆران پلانی پێێ بێت لەم گەمەیەدا و ئاگایی لە ڕمەکانی بێت، چونکە یەکێتی هەموو ڕمەکانی گرتە هەولێرو هیچی پێنەمایەوە تا ناوچەی سەوزی پێ پارێزێتو توشی شکست هات لەوەیش سەیرتر ئەوە بوو لەگەڵ هاویشتنی ڕمەکاندا یەکێکیان نەیانتوانی لە هەولێردا بمێنەوە و بنکە دامەزرێنن تەنها بە قسەی زل لە سلێمانییەوە قسەیان بۆ هەولێر دەکرد، ئەوان ئاگایان لە هیچ نەبوو تەنها چۆن زەویو خانوو پۆستو موچە بۆ کارمەندەکانیان مسۆگەر کەن بەو واتایەیی ئەمانە تەمەڵخانەیەکیان خوڵقاند لەهەمان کاتیشدا باسی هێزی کاریان دەکرد بۆ خەڵک ئەو خەڵکەی کە لێیان بێزار ببوون یەکێتی چونکە بە هێز لە هەولێردا دەڕپەراند وایاندەزانی تەنها هێز دەتوانێت هەولێر بگرێتەوە واتە بەم هاوکێشەیە ئێمە دەبوایە چاوەرێ شەرێکی نەگلیسی براکوژیمان بکرادایە بۆ گرتنەوەی هەولێر، حیزب کە پلانی نەبوو شکست دهێنێت، لە ساڵی ١٩٩٧ تاکو ئێستاکە یەک تاکە کەس لە سەرکردایەتی یەکێتی هەولێریان بەس میوانی بینیوە باورناکەم ئێستاکەیش بیبینن ئەگەر نەبن بە پارتی و سەنگەر نەگوێزنەوە ئەگینا یەکێتی تا بەم جۆرە هزرەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەولێر بکات هەروا دەبێت توشی هەڵهاتن دەبێت. سەدام دەیخوازت کە تکریت جوانترین شار بێت بەڵام چونکە لە بەغداد دادەنیشتو سەرکردایەتی لە بەغداد بوو ناچاربوو بەغداد خۆشکات، پارتیش وایە خۆزگە دەخوازێت بەرزان جوانو خاوێن بێت بەڵام بە ناچاری هەولێر جوان دەکات چونکە پەرلەمانو میوانەکان لەوێ دادەنیشین، یەکێتی چونکە بێ لانە بوو نەیدەتوانی شوێنێک بۆ خۆی جوان کات و هیچ کام لەم جوگرافیایەی باشوری بە ماڵی خۆی نەزانییوە کە سکرتێر بوو بە سەرۆک کۆمار ئیتر شوێنێک نەمایەوە بۆ جوانکردن ئەوان هەموو هێزیان لە سەرۆک کۆماردا کۆکردنەوە ئێستاکەیش سەرۆک نادیارە کەواتە ئەو هێزەی کە کۆیانکردەوە بەهەمان شێوە نادیارە، پارە کۆدەکرێتەوە بەڵام هێز کۆناکرێتەوە ئەگەر کۆیشتکردەوە دەبێت لە کاتی خۆیدا بە کاریبهێنیت ئەگینا بێ هێز دەبیت ئێستاکە یەکێتی ئەو هێزەیە کە بێ هێز بووە چونکە نەیزانی چۆن ئەو هێزە بەکاربهێنێت.
ئێمە زۆر جار باس لە ژێرخانی بژێوی ژیانو ئابووریو هەرێم دەکەین بێئاگابین یان ناو ئێمە هەر قسەدەکەین بەڵام بە بۆچوونی من ژێرخانی سیاسی حیزب دەبێت لەماڵەکەی خۆتەوە دەست پێکات وەک چۆن شۆرشێکی گەورە لە هەنگاوێکەوە دەست پێدەکات ئاوایش حیزبیش وایە دەبێت ژێرخانی مرۆیی هەبێت دەبێت ژێرخانی دەنگەکانی هەبێت، من گوندێکی خاوێنو جوانو پڕ کەرەسەو پێویستی ژیانم پێێ باشترە لە شارێک کە پڕبێت لە فەوزاو و تاکەکانی دڵیان خاڵی بێت لە تروسکەکانی ژیانو خاڵی بێت لە داهاتوو و بێ ئومێد بن لە دەسەڵات بێ هیوا بن لەژیان لای ئەوان تەمەن تەنها بەڕێکردن بێت وەک لەوەی سود وەرگرتن .
یەکێک لە گەمژەیی دەسەڵات ئەوەیە کە دووژمنەکەی کردووە بە هاورێو دۆستی خۆیی، ئەشێ لە دووژمنەکەت خۆش بیت ، ئەشێت لە دووژمنەکەت ببووریت بەڵام نابێت بیکەیت بە دۆستی خۆت ئەگینا ملتی تێدا دەشکیت ڕێک ئەمە وەک ئەوە وایە کە پارتی تورکیایی لە دوژمنە سەرسەختەکەی کوردەوە کردووە بە دۆستی خۆیی و ڕاوێژێ پێدەکات وای نیازە هەموو بوجە و سەروەری کورد بخاتە بانکی تورکیایەوە ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیەیە کە پارتی ملی خۆییو یەک گەلی پێوە دەشکێنێت، {ئەگەر چاکە لەگەڵ پیاو خراپدا بکەیت دووجار زەرەر دەکەیت یەکەم ئەوەیە کە پارەکەت دەفەوتێ دووەمیش ئەوەی کە هیچ سوپاسێک ناکرێت} دەسەڵاتی کوردیش لە لەگەڵ دووژمندا ئەنجامەکەی هەروا دەبێت. شیخ سەعیدی پیرانو جوڵانەوەکەی لە دەرسیمدا بە فیتی تورکەکان شێخیان بەوە هەڵخەڵەتاندا کە دەوڵەتیان بۆ دروستدەکەن ڕیک وەک ئەمە دڵخۆشکەرەی پارتی وایە کە بە نیازە تورکیای دەوڵەتی کوردی بۆ دروستکات، شێخ سەعید کەوتە داوی درۆی تورکەکانەوە بەوەی کە ئێمە موسڵمانینو دەبێت یارمەتی یەکتری بدەین و پێش سوپایی تورک کەوتوو دەستی کرد بە کوشتنی یەزیدێکان و ئەرمەنێکان ئەوەندە لە یەزیدێکان کوشت بەناوی ئسلامەوە تاکو ئەو کاتەی کە تورک ئیشی بە شێخ سەعید نەما ئینجا خۆییو هاورێکانیان بانگکرد بۆ ئەستەمبوڵ تا پسولەی دەوڵەتی کوردی باتێ بەڵام گرتاینو لە سێدارەیاندا پێش ئەوەی لە سێدارەی بدەن پێیانووت تۆ وەفات بۆ خەڵکی خۆت نەبووە کە یەزیدێکان بوون ئیتر چۆن وەفات بۆ ئێمە دەبێت و لەسیدارەیاندا و کوردیش لەسەرگەردانی و ناهەموار نەبێت هیچی بۆ نەمایەوە.
حەوت ساڵ لەمەوەبەر بابەتێکم نوسسیوو تێدا باسی ڕیککەوتنی یەکێتیو پارتیم کرد، تێدا نووسیی بووم ئەم ڕێکەوتنە سترادیژییەیی نێوان پارتیو یەکێتی کە کردیان و یەکێکیان ببێت بە سەرۆک کۆمارو ئەوی تریان ببێت بە سەرۆکی هەرێم ووتم: ئەمە فێلێک بوو هەردووکیان لەیەکیان کرد وە لە پاشەرۆژدا ملی هەردووکیانی تێدا دەشکێت، ئێستاکە یەکێکیان ملی شکاوە بەبێ ئەوە بە خۆیی بزانێت ئینجا نۆرەی ئەوی تریشیان دهێت کە ملێ بشکیت بەڵام دڕەنگ زوو کەوتووە، بەڵام بێگومان بن ئەو ڕۆژەیش دهێت ئەویتریشان ملی بشکێت.
زۆر کەس دهێت باس لە قەیرانو فاکتەرانە دەکەن کە کوردی پێوە گیرۆدە بووە، یان باس لە جێپۆڵتێکی دەکەن ئەو جوگرافیایە دەکەن کەبۆتە هۆیی شکستی تاکی کورد، بە بۆ چونی من یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی کورد ئەوەیە کە کورد قەیرانی هزر هەیە وەک لەوەی قەیرانی دەرەکیی هەبێت، ئەم هەموو وڵاتانەی کە دروست بوون هزر خوڵقاندوونێتی نەک جوگرافیا، ئەگەر بە جوگرافیاو قەیران بووایە دەبوایە یەک لەسەر سێ ئەم وڵاتانی ئەم جیهانە دروست نەبوایە، بەڵام کە میللەت ئیرادەیەکی بەهێزو هزرێکی جوانو بێگەردی هەبوو هەر دەگات بە ئاواتی خۆیی، ئەوەی لە ئاگر نزیک دەبێتەوەو ئاگر دەخاتە باوەشی خۆی نابێت لە گرەکەی بترسێو بسڵمێتەوە سروشتی قارەمان وایە! ئەوە گوندە کە دەبێت بە شار و گەورە دەبێت بەڵام دەسەڵاتی کوردی شارێکیان کرد بە گوند کە سلێمانییە.
١٢٠ ڕۆژ گۆران خەریکی وتووێژوو نامەگۆرینەوەو دڵدارییو رێکەوتنوو سەر ئێشە بوو لەگەڵ پارتیدا، پارتی هەر مێشیش میوانی نەبوو، ئەو حیزبە ئەوەندە لە خۆیی بایببوو لەبەر لووتبەرزی بەرچاوانی خۆیی نابینێت، پارتی پلانی دانابوو بۆ گۆران بەهەموو بیانویەک دروستکردنی حکومەتی دوادەخست تابەو هۆیەوە خەڵکانێک لە گۆران ماندوو و بێ هیوابن کەچی کاتێک ئاغایی ئێرانی دووجار خۆی کرد بە سلێمانیداو لەگەڵ یەکێتیدا کۆبۆوە ڕێککەوتن لەسەر هەرێم و چۆنێتی دروستکردنی حکومەت ئەوە بوو ئاغای تارانی جارێکە نەگەیشتبووەوە ئێران، تورکیا تەنها یەک زەنگی لێدا بۆ پارتیو لەگەڵ گۆراندا ڕێککەوتن، واتا ئێستاکە تۆپە دراوەکەی دەوڵەتی کوردستانی پارتی ئێستاکە لە قاچی تورکدایە نەک ئێران، ئەگەر ئەم حیزبانە ئاوابڕۆن ملی هەموومان دەشکێنن، ڕۆژێک دهێت حەبی سەرئێشە لەو باشورەدا لە هەموو شتێک زیاتر فرۆشتنی هەبێت. من پێموایە ئەم دەسەڵاتە ئەگەر نەگۆرێتو دەساودەستی هێز نەکرێت ئەوا ئەنجامەکەی خۆکوشتنە، ئەو خۆکوشتنەیش دەبێت پەنجەکانمان لە خوێنو گۆشتی یەکتریدا سورکەین.
بە بۆچوونی من ئەگەر گۆران بتوانێت لە هەڵبجەدا هەڵبژاردن بباتەوە ئەوا لە پاشەڕۆژدا گۆران دەبێت بە هێزی یەکەمو هەموو پێکهاتەکان دەتوانێت بخاتە ژێر جڵەوەی خۆییەوە ئەگەر بەرنامەو پلانێکی جوان هەبێت، من پێم وایە هەڵبەجەو ناوچەکانی پشت هەڵبجەو دەورووبەری تاکو ئەو سنوورە دەستکردەی کەناویان ناوە سنوری ئێران ـ عێراق گۆران تێدا سەرکەوتوو بێت ئەوا هاوکێشەی سیاسی هەرێم بە تەواوەتی دەگۆرێت وە دەیشبێت ئەم گۆرانکارییە بێتە ئاراوە، ئێستاکە کاتی ئەو هێزەیە کە کۆکراوەی گەلە، ئەگەر بێتو بەکار نەهێنرێت ئەوا ئەویش وەکو هێزەکەی یەکێتی بەرەو نادیار دەڕوات و لە پاشەڕۆژیشدا هیچ سودێکی نابێت، ئەو هێزەی کە ئەمرۆ هەیە هێزی خەڵکە ئیتر دەبێت خەڵک هوشیار بێت ئەگینا خەڵک ڕووبەڕووی کارەساتە ناخۆشەکان دەبێتەوە ئەمجارە خەڵک بەواتایی وشە دەبێتە تاوانباری یەکەم پاش ئەو هەموو قوربانییەوە و کارەساتەی کە بەسەری هاتبوو.
شۆفێری تەکسێکە بەدەم لێخورینەوە پرسیاری لێکردم تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەم دەسەڵاتە؟ لە وەڵامدا پێمووم من هەرگیز باورم بەم دەسەڵاتە نییە لای زۆر سەیر بوو کەوامووت، پێمووت هەر دەسەڵاتێک لەسەر بنەماکانی هێزو چەک دروست ببێت هەرگیز خۆشی لەخۆی نابینێت بێگومانیش وایە، پێمووت تا جوڵانەوەیەکی بێ چەک دروست نەبێت لەم کوردستانەدا ئەوا هەرگیز ئەم نیشتیمانەی ئێمە ئاسوودە نابێت، ئەو جوڵانەوە بێ چەک و تۆپ و بارووتە قوربانی زۆر دەوێت دەبێت زۆر ئارام بیت لەگەڵیدا ئەگینا تۆشی شکستی دەبیت ئێستاکە بزووتنەوەیەک لە کوردستاندا وا سەر هەڵئەدات بێ چەک و بێ سوپاو بێ دەبابەو بێ دوژمن هیوادرم بەردەوامبێت لە سەر خەباتی مەدەنینی خۆییو هەرگیز خەیاڵی بەلای هێزو چەکدا نەچێت تەنها لەوکاتەدا نەبێت کە ئەم نیشتیمانە رووبەرووی تیرۆلیسەکانی عەرەبو تورکو فارس دەبنەوە. ئەم بزووتنەو بێ چەکە دەبێت پشتگیری بکرێت ئەگەر چی پڕ بێت لە گلەییو پڕ بێت لە ڕەخنەو کەمووکوڕیی، ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە پڕیش بێت لە مرۆڤ هەلپەرستو هەلهەلی بەڵام هەر دەبێت پشتگیری لێبکرێت بۆ ئەوەی ئێمە لێرەوە فێری خەباتی مەدەنی بین، بۆ ئەوەی ئیتر منداڵەکانمان نەوەکانمان لەگەڵ چەکدا گەورە نەبن هەر وەک ئەم دەسەڵاتە کە لەگەڵ چەکدا گەورە بووە و تازە بۆنی بارووت و پەترۆدۆلار چووە بە لووتو قورگیدا بڕوا ناکەم هەروائاسان دەست بەرداری دەسەڵات بن، بەڵام ئەوەی باووڕی بە خۆیی هەبێت دەتوانێت بە پێێ دزکێ بچێتە ژوانی ئەستێرەو شانی ئەستێرەکان داگرێیو خۆڕ وەکو تاجێک بکاتە سەری هیواکانی بۆ سبەیی پێکەنێت، سروشتی بیروباور وایە! بۆ ئەوەی ئەگەر ئێمە لەم بزوتنەوەیشدا سەرکەوتوو نەبین ئەوا دەتوانیین نەوەکانمان فێرکەین کە ئەوانیش لە پاشەڕۆژدا دەتوانن ئەم نیشتیمانە بەرن بەڕێوە خەباتی مەدنی خۆیان بکەن چونکە نیشتیمان موڵکی نەوەی نوێیە ئەو نەوەیش ئێستاکە ئامادەیە بۆ دەسەڵات وەرگرتن.