راپۆرتی یۆنامی: ژنان لەژێر ناوی شەرەف وناموسدا دەكۆژرێن و بكوژەكانیش بێ سزا دەگەڕێن
Tuesday, 29/12/2009, 12:00
كوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف و ناموسپەرستیدا لەباشوری كوردستاندا بەردەوامەو ئەنجامدەرانیش بێ سزا دەرباز دەبن. دەستەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئێراق ناسراو بە یۆنامی ڕایگەیاند كە تا ئێستا توندوتیژیی دژی ژنان و كوشتنی ژنان بەپاساوی شەرەف لەهەرێمی كوردستاندا مایەی نیگەرانی دەستەكەیەو ئەم تاوانانەش بەبێ سزا دەڕوات. لەدوا راپۆرتی تایبەتدا بەمافەكانی مرۆڤ دەستەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئێراق هاتووە: سەرباری ئەوەی هەوڵی یاسایی هەیە بۆ باشكردنی رەوشی ژنان لەكوردستاندا، بەڵام هێشتا تاوانی كوشتنی ژنان بەپاساوی شەرەف بەردەوامەو تاوانی كوشتنی ژنانو توندوتیژی بەرانبەریان بەبێ سزادان دەڕواتو تێپەڕ دەبێت.
ئەم راپۆرتە كە تایبەتە بەساڵی ئەمساڵ 2009 تیشك دەخاتەسەر سەروەری یاسا لە ئێراقو دەربازبوون لەسزاو بارودۆخی زیندانو گرتوخانەكانو هێما بۆ ئەوە دەكات لەم بوارانەدا هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە نمونەیەكی جیا لەئێراق پێشكەش بكات و لەبڕگەیەكدا رەخنەی ئەوە دەگرێت كە لە زیندانەكانی بەغداو هەرێمی كوردستان خراپ مامەڵە لەگەڵ گیراوەكاندا دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست