کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


31ی ئاب رۆژی بێشه‌رمی پارتیی

Wednesday, 31/08/2011, 12:00


وام پێ باشبوو ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها 31ی ئاب بێت چونکه‌ ڕاسته‌ له‌ ڕووی نوسینه‌وه‌ زۆر ساده‌یه‌ به‌ڵام له‌ ناخی نوسینه‌که‌وه‌ کتێبێک نوسین له‌ خۆ ئه‌گرێت و ئه‌گه‌ر بێین و بینوسینه‌وه‌ ئه‌وا پێویستمان به‌چه‌ندین رۆژ و مانگ و ساڵ ئه‌بێت ، چونکه‌ ئه‌م مێژووه‌ ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ یه‌ک رۆژ به‌ڵکو ئه‌گه‌ر به‌ وردی لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ بکرێت ئه‌وا هه‌تاکو ئێستاش کاریگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر ئێستا بوونی هه‌یه‌ و چه‌ندین گه‌نج و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌تاکو ئێستاش بێسه‌ر و شوێنن و چه‌ندین که‌س هه‌تاکو ئێستا هه‌ر له‌ زینداندان و بێ ئه‌وه‌ی که‌س شوێنیان بزانن ، ئێمه‌ له‌ هه‌موو ساڵێکدا یادی ئه‌م رۆژه‌ ئه‌که‌ینه‌وه‌ و به‌ خیانه‌تێکی له‌بیر نه‌کراوی ئه‌یه‌ین له‌ قه‌ڵه‌م و پێمان شه‌رمه‌ کاتێک ئه‌بینین ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ له‌ ناو میلله‌تی کوردا بوونی هه‌بووه‌ و تاکو ئێستاش بوونیان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ 31ی ئاب هێنده‌ باسکراوه‌ته‌وه‌ له‌لای هه‌ندیك خه‌ڵک سواوه‌ به‌ڵام باسکردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ و یادکردنه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێکی ئه‌م رۆژه‌مان لا تازه‌ ئه‌کاته‌وه‌ و وا هه‌ست ئه‌که‌ین که‌ هه‌موو ساڵێک ئه‌و رۆژه‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ، پێویست ناکات ئێمه‌ سه‌رله‌نوێ باسی ئه‌و رۆژه‌ و چۆنێتی ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته‌ بکه‌ینه‌وه‌ چونکه‌ هه‌موو تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ ئه‌زانن و زۆر ده‌میكه‌ درکیان به‌و شه‌رمه‌زاریه‌ کردووه‌ ، کاتێک هه‌موو ساڵێک ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م رۆژه‌ له‌ ناخه‌وه‌ شتێک ئازاری ده‌روونمان ئه‌یات و وامان لێ ئه‌کات که‌ ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نها جارێکیش بێت بڵێین ئه‌مرۆ 31ی ئابی شومه‌ ، ئه‌مرۆ ئه‌و رۆژه‌ بوو که‌ خاکی کورد و په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌روه‌ری باشووری کوردستان بۆ جارێکی تر له‌ دوای ڕاپه‌ڕین که‌وته‌وه‌ ژێر پۆستاڵی گڵاوی به‌عسیه‌کان و له‌م رۆژه‌دا کورد چاوه‌ڕێ مه‌رگی کوردی ئه‌کرد و چه‌ندین ڕۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌ بوونه‌ قوربانی ئه‌قڵێکی به‌عسی کوردی و له‌ پێناو به‌ ده‌ستهێنانی کورسی و ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و سامان, چه‌ندین خوێن به‌ ناحه‌ق ڕژران و چه‌ندین منداڵ هه‌تیو و چه‌ندین دایک و باوک جه‌رگ سوتاو کران ، دواتریش خیانه‌ته‌کانیان له‌ ڕووپه‌ری ڕۆژنامه‌ به‌عسیه‌کانه‌وه‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌ل پێناس کرد و رۆڵه‌کانی گه‌لیشیان به‌ دوژمنی گه‌لی عێراق پێناس کرد. ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا شه‌رمه‌زاریه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ ئازاری هه‌موومان ئه‌یات ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی 31ی ئابیان تۆمار کرد و له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات ئه‌و کاره‌ساته‌یان خوڵقاند و چه‌ندین خوێنیان ڕشت، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا هه‌ردووکیان به‌ یه‌که‌وه‌ که‌وتونه‌ته‌ گیانی هاوڵاتیان و رۆژ به‌ رۆژ خیانه‌تێکی هاوچه‌شنی 31ی ئاب تۆمار ئه‌که‌ن و ژێر به‌ ژێر و به‌ ئاشکرا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ڕێئه‌که‌ون و سه‌روه‌ری خاکی کورد دووباره‌ ئه‌خه‌نه‌وه‌ ژێر پێی بێگانه‌ ،ئه‌ویش له‌ پێناو به‌خشینی ده‌ست خۆشه‌ و ئافرینێک که‌ ته‌نها ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات درێژ ئه‌کاته‌وه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ک کوردێک و خه‌مخۆرێک ڕێگه‌ نه‌یه‌ین چی تر کاره‌ساتی له‌م جۆره‌ دووباره‌ بکه‌نه‌وه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌موو کات هه‌ڵوێستی ئاشکرای خۆمان هه‌بێت و هه‌موو کات ئه‌م رۆژه‌یان به‌بیر بێنینه‌وه‌ و نه‌یه‌ڵێن له‌ سزای گه‌ل ده‌ربازیان ببێت و به‌ سزای خۆیان بگه‌ن و ئاڕه‌قی شه‌رمه‌زاری بڕێژن و بکه‌ون به‌سه‌ر پێڵاوی دایک و باوک و که‌سوکاری شه‌هیدان و ماچی بکه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە