بۆ سایتی فەرمی ڕوداو سوکایەتی بە گەنجانی سلێمانی دەکات؟
Tuesday, 04/03/2014, 12:00
سایتی ڕوداو گەنجانی سلێمانی تۆمەتبار دەکات بەوەی سەریانکردۆتە گێڕانی شەوە ئاهەنگ و شەوانە گەنجان لە ماڵەوە بە دزی دایک و باوکیانەوە دەردەچن و جلی دانس و سەما دەپۆشن کوڕان و کچان لە ١٢ ی شەوەوە تا ٥ ی بەرە بەیان پێکەوە بەسەر دەبەن ، ڕوداو دەڵێت ئەم دیاردەیە لەو ماڵانەدا بەڕێوە دەبرێت کە دایك و باوکەکانیان نییە لە ماڵەوە، ڕوداو چەند ناوێکی خوزراوی دابەزاندووەو بەناوی ئەو ناوە وەهمییانەوە نوسەرە دڵنەخۆشەکەی داخ و قینی خۆی بە گەنجانی سلێمانی ڕشتووە .
بەڕای من ئەمە تێرۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی و گەنجە هۆشیارو دلێرەکانێتی ، دەپرسم بۆ چی تۆڕی میدیایی بەناو سەربەخۆی ڕوداو گەنجانی سلێمانی بە ئامانج دەگرێت و کێچێکیان لێدەکات بە گایەك ، بۆ زومی کامێرای ڕوداو ڕوداوە بچوکەکانی سلێمانی بەگەورەیی بە ڕووە نەرێنییەکەیدا نیشاندەدات و فۆکەسی لەسەر ئەم شارە و گەنجەکانی ئەمشارەیە ؟
بەڕای من دەیگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەنجانی ئەم شارە ئازادو دلێرو هۆشیارن و ڕاست و دروست بەباشی لە یەکتر جیا دەکەنەوەو دەزانن دوای چی جۆرە ئاراستەو تەوژمێك دەکەون و ساویلکە نین و دوای تراویلکە ی بیابان ناکەون و ملکەچ و کۆیلەیی کەسیان قبوڵ نییە.
دابەزاندنی ئاوا ڕاپۆرتێك بە زەقی ،ڕقی شاراوەی بەڕێوەبەرانی سایتی ڕوداوی نیشاندا بەرامبەر گەنجانی سلێمانی و شاری سلێمانی و خەڵکە بە شەرەف و جوامێرەکەی ، بە پێیی ئەو ڕوداوە درۆینەی ڕوداو بێت بەرەڵایی لە ناو گەنجانی سلێمانیدا بۆتە دیاردەو شیرازەی خێزانی بەرەو هەرەس و ڕوخاندنەو دایکان و باوکان کۆنترۆڵی منداڵەکانیان لەدەست داوە، لە پەرەگرافێکدا لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە دەڵێت هۆکاری پشت بڵاو بونەوەی ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەنجان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پەیوەندیگرتنەوە یەکتر دەناسن و ئاشنایی لە گەڵ ژیانی ڕۆژئاوایدا پەیدا دەکەن و هەوڵدەدەن وەك ئەو گەنجانەی ئەوێ هەڵسوکەوت بکەن ، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێرە ڕێگەی ئەوەیان پێنادات بە ئاشکرا شەوان بە دزییەوە ئەو بەزمە دەکەن کە ئەو ناوی ناوە (هاوس پارتی) ئەدی چما تەکنەلۆژیای پەیوەندی گرتن لە هە ولێرێ نینە ، ئەدی کو لەوێندەر ناکرێتن ، برێێ خەلکی ئەوێندەر کراوەتر بیتن لە خەرکی سلێمانی و پێویستیان بە هاوس پارتی نەبیتن ؟
ئەم ڕاپۆرتە ڕق و قینەیەکی زۆر لە پشتەوەیەو ئامانج و مەبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە پشتییەوە شاردۆتەوە ، هیوا دارم بەڕێوەبەرانی سایتی ڕوداو هەڵەی وایان جارێکی تر لێ نەبینرێتەوەو گەنجانی هیچ شارێك نەکرێنە ئامانج و نێچیری سیاسی هیچ ئایدۆلۆژیاو هیچ پارتێك.
بابان بریزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست