دامەزراندنی دەوڵەت دەستپێكی نەهێشتنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی یە
Wednesday, 13/06/2012, 12:00
دوور لە خۆشخەیاڵی و یۆتۆبیا، بە بیركردنەوە هێمنانە لەچونێتی دیاریكردنی كات و بارودۆخی گونجاوی دامەزراندنی دەوڵەت لە كوردستان، كۆمەڵێك مەرجی پێشوەخت خۆیان فەرز دەكەن و، ئەركێكی زۆر پێویستە كە لەبەرچاو بگیرێن تاوەكو چاوەرێی دەرئەنجامی دروست بكەین لە بریارداندا، لەوانەش شیكردنەوەی سەرجەم ئەگەر و سیناریۆكان و فاكتەرە دەرەكی و ناوەكیە بەهێز و لاوازەكان و رێگریەكان و چۆنێتی دانانی پلانی زانستی و خوێندنەوەی گشت لێكەوتە و دەردانێكی پاش بریارە چارەنوسسازەكان .
زۆر سەرم سوردەمێنێ كە زۆرینەی رەهای رۆشنبیران لەم كاتەدا دەڵێن، دەوڵەتێكی كوردیمان ناوێت كە بە دواكەوتوویی و لە سایەی دەسەڵاتی ئۆلیگاریشی و بنەماڵەییدا بنیاتبنرێت! بێ ئەوەی هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی قازانجبەخشتر بۆ دوارۆژی ئەم گەلەیان پێبێت كە ئەگەرە سەلبی و سەختەكان وەلابنێت و، ئایندەیەكی رووناكتر لە هەنگاونان بەرەو بە دەوڵەتبونی كوردستان بۆ ئەم گەلە دیاریبكات ، بەدەر لە قۆناغبەندی پەرەسەندنی كۆمەڵگە و چۆنێتی هەنگاو نان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، بێگومان هەر یەكەو بە پشتخانێكی فیكری تایبەت بە خۆی و دوور لە بێلایەنی پێویست لە شیكردنەوە و بێ واقعبینی قسەكانیان فرێ دەدەن و زۆربەشیان یان بە پانچەپی خەیاڵی ناسراون یان بە ئاینپەرست توندرەو یان پشت بە پاڵنانی ململانێی حزبیدەبەستن لە بەرژەوەندیەكی تەسكدا و ، دوور لە بیرو فكر و بەرژەوەندیە گشتیەكان ئەسپی خۆیان تاودەدەن .
مانەوە و راهاتن لە سەر دڵەراوكێی بەردەوام و ترس لە نەتەوەی سەردەست و چەقبەستن لە شوێنیێكی دیاریكراو و نەبونی ئومێدی هەنگاونان بەرەو سەرفرازی و پێشكەوتنی وەزعی گشتی خەڵك و هەستپێنەكردن بە ئاسۆیەكی روون بۆ پچراندنی ئەڵقەی وابەستەبون بە نەتەوەكەی تر، هەمیشە بێئومێدی بەرهەم دەهێنێت و، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لە بەردەم رزگاربون لە ململانێی دەرەكی بێقازانج و دەستپێكردنی ململانێ و كێبركێی ساغ و دروستی نێوخۆیی لە پێناو حوكمێكی سەربەخۆی ئازاد و پرتوانا و هەڵبژاردنی خەڵكی شیاو و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو .
بەڵی پێشوەخت پێویستمان بە بنیاتنانی پێگەی بەهێز و گونجاو و پێویست و بەرگریكەر هەیە بۆ دانانی بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵام پرسیارەكە لەوێدایە؛ئەگەر شیمانەی ئەوەت لابێت كە لەم وەزعەی ئێستاش پاشەكشە بكرێت و بارودۆخی كوردستانی باشوور وەك پارێزگایەكی تری عێراق لێیبێت و مامەڵەی ناوەند بە پێی دەسەڵاتەكان بگۆرێت، لەم كاتەدا چ رێگەیەك بگرینەبەر باشترە، سەركێشی كردن لە پێناو دروستكردنی دەوڵەت بە هەر دەسەڵاتێكەوە بێت و لەم كاتەدا بە هەر شێوەیەك بەرێوە ببرێت لەسەرەتادا چەند شڵەژاو بێت یان قروقەپ لێكردن و خۆ خستنەدەست قەدەر وخولانەوە لە بازنەیەكی بەتاڵ یان تەنانەت پاشەكشە كردن لە واقعی حاڵیحازر و، دواخستنی گەیشتن بەو ئاواتە بۆ كاتێكی نادیار، كە مەرج نیە بارودۆخە گونجاوە پێویستەكەی بێتەئاراوە . بەڵام چاوەرێی كاتێكی دیاریكراوی گونجاو و بارودۆخێكی نمونەیی و سەركردایەتیەكی عاقڵ و ژیانێكی دیموكراسی عەیار بیست و چوار و ئازادیەكی رەهای خەڵك و ژێرخانێكی پتەو و سەرخانێكی سەردەمیانە،لە سایەی بێ دەوڵەتی مەگەر لە خەیاڵدا بێتە سەر ئەرزی واقیع، ئەگینا مێژووی ولاتان پێمان دەڵێن كە هیچ وڵاتێك بە شێوەیەكی نمونەیی دانەمەزراوە و هەنگاوی یەكەم قورسترین ئەرك بووە.
كێشەی سەرەكی ئەمرۆی كوردستان و بەربەستی گەورە لەم كاتەدا، تەنها خۆی لە فاكتەرە دەرەكیەكە دەبینێتەوە، ئەگەر تا رێژەیەكی باش رێگریەكان لادرابێت و هەڵوێستە پێویستە گرنگەكان زامن كرابێت، دواخستنی جاردانی دەوڵەت رەنگە بە خۆی بەربەست دروست بكات .
ئەگەر ترسی زۆرینە لە حوكمی خودی دەسەڵاتی كوردستانیش بێت لە زۆر لایەنەوە، ئەوا لەوباوەرەدام ململانێی سەخت و ریگریكردن لە دەسەڵاتی نەشیاو و دواكەوتوو لە بونی دەولەتدا ئاسانترە و ئەو شەرەش لە كاتی خۆیدا هەر پێویستە بكرێت، مێژوو پێمان دەڵێت كە زۆرینەی وڵاتان بە بنەماڵەیی دامەزراون، ئەوە تەماشای زیلهێزەكان و سەرەتای دروستبونیان بكەن كە هەر یەكەو بنەمالەیەك رۆڵی تیدا بینیوە وەك: بەریتانیا ، دانیمارك، ئەلمانیا، روسیا و دەیانی تر، بەڵام پاش هەنگاوی یەكەم، سەرەتای دیموكراسیەت و ئازادی راستەقینە و نەهێشتنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەستی پێكردووە و، هەر قۆناغە بە شێوەیەكی سروشتی بڕاوە، تا كار گەیشتۆتە ئەم واقعەی ئەمرۆیان كە دەیبینین و، زۆر جار بازدانێكی ئیجابی و خێرا لە سیستمی حوكمرانی بە شۆرش یان راپەرینێكی جەماوەری لە چوارچێوەی خودی دەوڵەت زۆر لەو بارانەی راست كردۆتەوە و كاروانی پێشكەوتنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان راستەرێكردووە،زۆر نمونەش لەبەردەستدایە، كە زۆرێك لەو بنەماڵانەی كە رۆڵی گەورەیان لە بنیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی دیموكراسیدا بینیوە پاش قۆناغێك و لەدەرئەنجامی ململانێكان بە شێوەیەكی رەمزی وەك سومبول ماونەتەوە دوور لەوەی هیچ دەسەڵاتێكی فیعلیان هەبێت، بۆیە دەبێت چاوەرێی ئەوە بین كەكوردستان بە شێوەیەكی سروشتی قۆناغەكانی سەربەخۆیی خۆی ببرێت و لەو كاتەدا سەرەتای ململانێی نێوخۆیی وڵات لە پێناو بەرژەوەندیە چینایەتیەكان ئاسانتر دەبێت و، هیچ ترسێك لە گەڕانەوە بۆ داوە نامێنێت، وەك لەم حاڵەتە دلەراوكێیەی كە ئێستا تێدا دەژین،
ئەگەر چاوەرێی ئەوەش بین كە لەم وڵاتانەی ئێستا لەگەل نەتەوەكانی تردا بەئازادی و یەكسانی بژین و هاوڵاتیبون بە واتای وشەكە خۆی بسەپێنیت، دەبێت چاوەرێیی چەندین سەدەی تر بكەین لە گۆرینی عەقڵیەتی نەتەوەی سەردەست و هۆشیاری گشتی خەڵك و برەوسەندنی بیری مرۆڤدۆستانە لە لایەن نەتەوەی خاوەن دەسەڵات و بریار ، لە پێناو چەسپاندنی دیموكراسی راستەقینە و بڵاوبونەوەی فكری ولاتدۆستی و چاندنی سروشتی گیانی ئینتما بۆ وڵات نەك بۆ نەتەوەیەك یان ئاینێك یان تایەفەیەك یان كۆمەڵێك .
بۆیە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەم واقیعەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سەرەرای ئەوەی دەستپێكی قۆناغی سەرفرازیە سەرەتای قوناغی ململانێ راست و دروستە نێوخۆییەكانە و، لەوێشدا دەتوانرێت سیستمێكی پێشكەوتنخواز و دوور لە هەر بنەماڵە و حزبێك یان كۆمەڵێكی دیاریكرا بێتە ئاراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست