ئایا كورد دەچێتەوە بەغدا؟
Sunday, 29/06/2014, 12:00
1703 بینراوە
دوای دوو سەردانى گەورە بەرپرسی وەكو جۆن كیری و ولیم هێگ وەزیرانى دەرەوەى ئەمریكا و بەریتانیا بۆ ئێراق و هەرێمى كوردستان و گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسی یەكەمى بەغدا و هەولێر لەمەڕ تەنگژەكانى ئەم دواییەی داعش و كوشتار و شەڕ و پێكدادانەكان لە ناوچە سوننە نشینەكان و بەردەوامی ئەو قەیرانە و چڕكردنەوەى هەوڵە دیبلۆماسیەكانی دەرەوە لەلایەن زلهێزەكانەوە بۆ ئەوەى كورد ئەگەر نەبێتە بەشێك لەلاگیری سوپا و شان بەشانى سوپا شەڕی داعش نەكات، ئەوا دەبێ لە حكومەتى داهاتووى ئێراق ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێ، لەكاتێكدا سەرۆكى هەرێم بەگوێرەى ئەو لێدوانەى دای كە ماددەى140 جێ بەجێكراوە بەمەبەست لێی دوای گەڕانەوەی بەشێكى زۆری ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان،ئەوجا كارتى دووەم لەلایەن كوردەوە جەختى لێ دەكرێتەوە كە كورد زەحمەتە بۆ سەربەخۆیی پشتگیری نێودەولەتی مسۆگەر بكات نەخاسمە پشتیوانى ئەمریكا و بەریتانیا كە ڕەنگە هاتنیان بەو بەلەپەلەییە و كۆبوونەوەكانیان تەوەری سەرەكى سەرەتا و كۆتاییان بنیاتنەوەى ئێراقێكى نوێیە كە هەموو لایەنەكان بەكورد و سوننە و شیعە بەشداری ڕاستەقینەى ئەو ئێراقە نوێیەبن لەكاتێكدا جگە لە ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی كوردستان تاكە وڵاتە و توركیایش لەگەڵ سەربەخۆیی ئابوورییە نەك سەربەخۆیی سیاسی كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ حەزنەكردن بەدەوڵەتێك كە كوردستانی ناوبێ.
سەركردایەتى سیاسی كورد پێ دەچێ هێشتا ئەو پرسەى یەكلایی نەكردبێتەوە لەكاتێكدا كە باس لە گەڕانەوەى بۆ ڕای جەماوەر و ریفڕاندۆم دەكرێ بۆ چارەنووسی ئەم هەرێمە خۆ ماوەى چەند ساڵێك دەبێ كەلەسەدا نەوەتى خەڵكى كوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیدا و پێ دەچێ كارت و فشاری دووەمى بێ مەرج نەگەڕانەوەى نوری مالیكی بێت بۆ ئەنجومەنى وەزیران كە ئەمەیش تا بەئەمڕۆ دەگات ئەو مەسەلە یەكلایی نەبۆتەوە لەكاتێكدا لێدوانى بەرپرسانى هەرێم ئەوەیە كە بەشداری حكومەتێك ناكەن مالیكى ببێتەوە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و لێدوانى ئەوەى كابرایەكى دیكتاتۆرە، گومان لە تاكڕەوى ئەو كابرایە ناكرێ كە جیاوازى ئەو و سەدام حوسێن، سەدام سوننە بوو سوپای بەدەستەوە بوو شیعەى دەچەوساندەوە، مالكیش شیعەیە و سوپای بەدەستە و سوننەكان دەچەوسێنێتەوە كە زۆربەى هەرە زۆری بەندیەكان لەم قۆناغە سوننەكانن، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا كورد دەچێتەوە بەغدا، هەڵبەتە وەك پرسێكى گرینگ تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات چەند دەڵێین مالیكى دیكتاتۆرە، كەچی تا ئێستا وەزیرەكانى كورد لەتەك ئەو دیكتاتۆرە دەوامى ئاسایی خۆیان دەكەن و تا ئێستا لەبەغدا نەكشاونەتەوە..وەلێ بەبۆچوونى من كورد لەبەردەم ئەو فشارە زۆرەى لەسەریەتى پێ دەچێ بگەڕێتەوە بەغدا بەڵام بەقورسایەكى وا بەشێكى زۆری داخوازیەكانى جێ بەجێ دەكرێت.