دەزگاى زانیارى بە دواى سەرەداوى ڕاستیەكانى گریبەستى موەلیدەكانى تەندروستى ڕاپەڕیندا دەگەڕێ
Tuesday, 23/04/2013, 12:00
دواى بڵاو بوونەوەى هەواڵى گرێبەستی كڕینى چەندین موەلیدەى كارەباى جۆرى 50 كەى ڤى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین بۆ بنكە و مەڵبەند و نەخۆشخانەكان و دابەشكردنیان بە ئیجبارى , لە ئێستادا دەزگاى زانیارى یەكێتى و ئاسایشى ڕاپەڕین بە نهێنى لێكۆڵینەوە لەو دۆسێیە دەكەن ,
دواى بڵاو بوونەوەى هەواڵى گرێبەستێكى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى ڕاپەڕین بۆ كڕینى ژمارەیەك مۆلیدەى كارەبایى نا پێویست لە كوردستان پۆست و تەشەنە كردنى هەواڵەكە لەناو كەرتى تەندروستى و هاووڵاتیاندا , دەنگى ناڕەزایەتى لێكەوتەوە و لە ئێستادا دەزگاى زانیارى و ئاسایشى ڕاپەڕینى یەكێتى بە نهێنى لە هەوڵى كۆكردنەوەى زانیارى و ئیجرائات وەرگرتنن لەو بارەیەوە , چونكە هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان ترسیان لە بەرزبوونەوەى زیاترى دەنگى ناڕەزایەتى هاووڵاتیانە بە هۆى ئەو دزى و گەندەلیانەى بەڕێوەبەرە حكومیەكان بە تایبەتیش بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین (د . محمد ڕەسوڵ) و دارو دەستەكەى لە سنورەكە دەیكەن ,
ئاشكرابوونى كڕینى چەندین مۆلیدە بۆ نەخۆشخانەكانى بیتوێن و پشدەر و دابەشكردنى بە زۆرەملێى ئەو موەلیدانە دواى ئەوە هات كە بەڕێوەبەرى گشتى (د . محمد ڕەسوڵ) و لیژنەى كڕین و دابەشكردنى موەلیدەكات هەڕەشەیان لەو شوێن و كەسانە كردبوو كە بە هۆى خراپى موەلیدەكان و پێویست نەبوونیان وەرگرتنى موەلیدەكانیان ڕەتكردبۆوە و پێیان ووتبوون ئێوە (كاڵەك خۆرن یان بێستان ڕنن) . دواتر یەكێك لەو كەسانەى تەلەفونى بۆ كراوە و هەڕەشەى لێكراوە هەڕەشەكانى بەڕێوەبەرى گشتى لە مۆبلیلەكەى تۆمار دەكات و دواتر لە تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیس بووك تۆمارە دەنگیەكەى بەڕێوەبەرى گشتى بڵاودەكاتەوە .
لە تۆمارە دەنگیەكەدا بەڕێوەبەرى گشتى بە ئاشكرا هەڕەشەى ئەوە لێپرسراوێكى كۆگاى كەل و پەلى نەخۆشخانە دەكات ئەگەر موەلیدە وەرنەگرێت و ملكەچى بڕیارەكانى نەبێت ئیجرائاتى توندى لەگەڵ دەكات .
گرێبەستى كڕینى ئەو موەلیدانە یەكێكە لەو سەدان گرێبەستە گەندەڵ و ناشەفافانەى ڕۆژانە لە لایەن كۆمەڵێك دزو كاسەلێس و دارو دەستەى بەڕێوەبەرى گشتى یەوە دەكرێن و كەس ئیجرائاتیان لەگەڵ ناكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست