کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و نامانه‌ی که‌ هه‌موو مێژووی تاڵه‌بانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌(2)

Tuesday, 21/09/2010, 12:00


ڕه‌نگه‌ خوێنه‌رانی کوردستانپۆست پرسیار بکه‌ن، که‌ حیکمه‌تی بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌م نامانه‌ له‌چیدایه‌؟ یان بۆچی ئه‌م نامانه‌ ئیستا بڵاوده‌کرێنه‌‌وه‌؟ کێ له ‌پشتی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م نامانه‌دایه‌ و ده‌یان پرسیاری تر، که‌ ده‌شێ و مافی هه‌موومانه‌ بیکه‌ین و لێیان به‌گومان بین.

به‌ڵێ من وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی سه‌رده‌می ئه‌و نامانه‌ زۆر ئاگام له‌ ڕووداوی ئه‌و کاته‌یه‌، منیش یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی له ‌شه‌ڕه‌که‌ی قه‌یوان ماوه‌تدا که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌سێ مانگی خایان به‌شدار بووم، به‌ڵام من نه‌م ده‌زانی سه‌رانی حیزبه‌که‌م ئێمه‌یان کردۆته‌ پاسدارێکی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان.

ئه‌وه‌ی له‌م دوونامه‌یه‌دا ده‌ر ده‌که‌وێت، ته‌نها تاکڕه‌ویی تاڵه‌بانی نییه، ته‌نها و ته‌نها ئه‌وه‌تانێ له‌ نامه‌ی یه‌که‌مدا باس له‌ نه‌وشیروانیش ده‌کات، که‌ له‌گه‌ڵ دکتۆر فوئاد مه‌عسومدا. له‌م نامه‌یه‌شدا دیسان ناوی هاتۆته‌وه‌، ئه‌وانیش بیانه‌وێت یان نا به‌شێکن له‌و مێژووه‌، به‌رپرسیارن له‌وه‌ی که‌ چۆن تاڵه‌بانی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی کردووه‌، ئه‌مان هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ری نه‌بووه‌؟ بۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه‌ خاینه‌تکاریی و ناپاکییه‌ی تاڵه‌بانییدا رۆیشتوون؟
ژیانی سیاسی تاله‌بانی وایه‌ کاتێک ده‌ڵێ ڕێک ده‌که‌وم ئیتر هه‌موو شتێکی له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌،خوێنه‌ری خۆشه‌ویست پێتان وانه‌بێت ئه‌مه‌ بۆ خاتری کورد و یه‌کێتی نیشتمانی بکات و کردبێت، نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو شتێک له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆی و ده‌سه‌ڵاتدا کردووه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچی هه‌واڵی ڕاکردن و گیرانه‌وه‌ی مه‌لابه‌ختیار به‌ حسک ده‌دات؟ له ‌ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ دۆسته‌ تازه‌کانی تێ ده‌گه‌یه‌نێت ئیتڵاعات و قه‌رارگاخوێنڕێژه‌کانی ئێران، تاڵه‌بانی سه‌لماندویه‌تی که‌ کتێبی (میر) مێکافێلی هه‌ر ده‌رخ کردووه‌، ئه‌و چۆته‌ ناو خوێنێوه ‌و ده‌یه‌وێت له ‌سه‌ر که‌لله‌سه‌ری هاوڕێ و هاوخه‌به‌ته‌کانی خۆی درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات، لێره‌ به‌شانازییه‌وه‌ باس له‌و هه‌موو کوژراوه‌ی عه‌ره‌ب و دوژمن ده‌کات، که‌چی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ربازێکی عێراقی ده‌توێته‌وه. ‌ هه‌موو ساڵێک به‌هه‌ڵه‌داوان بۆ شه‌شی کانوون ده‌چێ له ‌سه‌ر سه‌ربازی وونبوو، گوڵ داده‌نێت .
تاڵه‌بانی هێنده‌ په‌رۆش و عاشقی ئه‌و په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵبوونه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، خه‌ریکه‌ سوێی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م کابرایه کاتێکیش بۆ گفتوگۆ چووه‌ به‌غداد بیری چووبۆوه‌، که‌ هێنده‌ی پێچوو له‌ مانگ و دوان ده‌رچوو ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ ئێرانیش بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سه‌فه‌ر بوو هیچی تر، له‌ کاتێکدا کوردستان سوتماک ده‌بوو، تاڵه‌بانی یه‌کێتی نیشتمانیی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌جێ هێشت له ‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌کاندا ده‌ڕۆیشت به‌ره‌و ئه‌وروپا، ئه‌و ده‌م ئێمه‌ گه‌نجێکی خوێن گه‌رم بووین و نه‌مان ده‌زانی ئه‌مانه‌ چیده‌که‌ن و چۆن به‌چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مان یاری ده‌که‌ن؟

به‌ڵام ئیستا تکا له‌ گه‌له‌که‌م ده‌که‌م، که‌ به‌ سانایی باوه‌ڕمان به‌ سه‌ره‌ سه‌پێنراوه‌کان نه‌بێت، بزانن دوای چه‌ند ساڵی تر ، کاتێک جه‌نه‌راڵه‌ پیره‌کان بیره‌وه‌ریی خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌؟ چۆن باس له‌م که‌سایه‌تیانه‌ ده‌که‌ن؟ بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌م نامانه‌ جگه‌ له‌خزمه‌تێک به‌مێژوو هیچی تر نییه، ئه‌و خزمه‌ته‌ش ده‌سپێرم به‌ کوردستانپۆست، تکایه‌ هه‌ر که‌سێک که‌ڵکی له‌م نامانه‌ وه‌رگرت ناوی کوردستانپۆستی له‌ بیرنه‌چێت، چونکه‌ کوردستانپۆست، نه‌ک ته‌نها له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن نووسه‌ری وابه‌سته‌، به‌ڵکو له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی ناو کوردستانیش سانسۆرکراوه‌، کاتێکیش باسی ئازادیی ده‌که‌ن و خۆیان به‌ ئازاد ده‌زانن.، لێ بڤه‌یه‌ ناوی کوردستانپۆست بهێنرێت، ئه‌م سه‌روه‌رییه‌ هی کوردستانپۆسته‌، کوردستانپۆست قوتابخانه‌ی راستگۆیی و ئازایه‌تییه‌، ئه‌وه‌نییه‌ سه‌رده‌شت عوسمان له‌و قوتابخانه‌یه‌دا ناسنامه‌ی نه‌مریی وه‌رگرت؟ کوردستانپۆست موڵکی کورده‌،‌ بۆیه‌ من هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌ و دۆکۆمێنتانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمدایه‌ ده‌یسپێرم به‌ کوردستانپۆست و نهێنییه‌کانتان بۆ ئاشکرا ده‌که‌م. له‌دنیاشدا هه‌روابوه‌ دوای بیست ساڵ ،هه‌رچی دیکۆمێنت هه‌یه‌ چاپ و بڵاوده‌کرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌و خانه‌یه‌دایه.
نامه‌که‌ی تاڵه‌بانی ده‌یسه‌لمێنێ، که‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌وسای یه‌کێتی به‌ هه‌رسێ باڵه‌که‌یه‌وه‌ تامه‌زرۆی رێکه‌وتن و تێکه‌ڵ بوون بوون له‌گه‌ڵ ئێراندا، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌بێ هه‌موو یه‌کێکیان له‌به‌رده‌م دادگای مێژوودا دابنێین و له‌ که‌س نه‌بوورین.

*******************نامه‌ی یه‌که‌م************************

برای خۆشه‌ویستم کاک محه‌مه‌د ڕه‌حیم
سڵاوێکی شۆڕشگێرانه‌ی گه‌رم !
شادی و خۆشیتانم داوایه ‌و ئێمه‌ش شوکور باشتن . زۆرسوپاس بۆ نامه‌که ‌و هه‌ستی دلێرانه‌تان ،به‌ڕاستی وه‌ک خۆشت نوسیوته‌ ،شه‌ڕێکی واقاره‌مانانه ‌و دلێرانه‌بوو که‌سه‌ری هه‌موو کوردێکی دلسۆزی به‌رزکردۆته‌وه‌ . بیست ڕۆژ و بیست شه‌و یه‌ک له‌دوای یه‌ک ، دوژمن به‌ (42) فه‌وج و ده‌یان ده‌بابه‌و فڕۆکه‌و ده‌یان تۆپه‌وه‌ هێرشی هێناو هه‌مووی تێک شکێنرانران و سه‌دان کوژراو پتر له‌ (1500)برینداری داوه‌! ده‌یان ئه‌سیر و ده‌یان پارچه‌ چه‌کمان لێ گرتوه‌ .چه‌ندین شوێنمان لێ گرتوه‌ ،له‌جیاتی ئه‌وان شوێنمان لێ بگرێ ، وه‌ک شاخی پشتی ماوه‌ت . زیانی ئێمه‌ش(25) شه‌هیدو (110) بریناربوو له‌گه‌ڵ سوتانی ده‌یان خانوو به‌ بۆردمانی دوژمن و فڕۆکه‌ی دوژمن.
کاکه‌ منیش بیستم که‌ کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ته‌مابوو هێز بنێرێت، هی برا پێشمه‌رگه‌کانتان ، هیوادارم ئیمڕۆو سبه‌ی بگه‌ن .
هه‌رچۆنێک بێت هاوده‌ردیتان له‌گه‌ڵمان به‌هه‌ست و بروسکه ‌و دڵ و گیان زۆر به‌هیمه‌ت و باش بوو، زۆریش سوپاستان ده‌که‌م، که‌ دنیاتان تێ گه‌یاندوه‌!
هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ جارێ ئیستا له‌ئاستی کوردستاندا که‌ڕو ڵاڵه‌، براکه‌م تکام وایه‌ کاک
(حاجی مسته‌فه‌وی) دڵنیا بکه‌ن که‌ ئێمه‌ برایه‌تی ئه‌ومان زۆر گه‌ره‌که ‌و له‌بیرمان نه‌کردوه‌ ،
من خۆم چه‌ند نامه‌یه‌کیشم بۆ ناردوه‌ . ئیتر زۆر سڵاوم هه‌یه‌ بۆ کاک ڕه‌سوڵ و سه‌ید کاکه ‌و مه‌لا ناسیح و برایانی ترتان یه‌که‌یه‌که‌ ، لێره‌شه‌وه‌ کاکه‌ نه‌وه‌و دکتۆر فواد زۆر سڵاویان هه‌یه‌ .
هه‌ربژین بۆ برا و دڵسۆزتان
مه‌م جه‌لال
1986.09.26

*******************نامه‌ی دووه‌م************************
برای خۆشه‌ویستم کاک محه‌مه‌د ڕه‌حیم
سڵاوێکی شۆڕشگێرانه‌ی گه‌رم !
شادی وبه‌ختیاریتانم داوایه ‌و ئێمه‌ش باشین .
نامه‌که‌تان گه‌یشت، زۆرسوپاس بۆ هه‌ستی برایانه‌تان. منیش نامه‌م ناردوه‌ بۆ (قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان) ده‌عوه‌تم کردن بۆ ئێره‌ تاکو به ‌تێرو ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵیان قسه‌ بکه‌ین .
هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی هاتنی هه‌ڤاڵانی ئێوه‌شین ، کاک ڕه‌سوڵ و ئه‌وان. زۆریش سڵاوم هه‌یه‌ بۆیان و له‌پێشه‌وه‌ به‌خێرهاتنیان ده‌که‌م ، که‌ برایانی پارتی هاتن به‌خێر بێن و زۆریش به‌ڕاستی و به‌په‌رۆشه‌وه‌ پێشوازیان لێ ده‌که‌ین و گفتو گۆیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین.
کاکه‌ وا کاک کۆسره‌ت دێت بۆ سه‌ر دکتۆر، خۆت ده‌یناسی؟ جگه‌ له‌وه‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواره‌، زۆریش خۆشه‌ویستی منه ‌و شایسته‌ی هه‌موو جۆره‌ یارمه‌تی دانیشه‌، تکایه‌ زۆر زۆر هیمه‌تی بۆ بکه‌ن. ده‌مه‌وێت له‌وه‌ش ئاگادارت بکه‌م که‌ کاک جه‌نابی برای شه‌هید شه‌هاب هات بوو به ‌که‌فیلی مه‌لا به‌ختیار ، ئێمه‌ش له‌سه‌ر تکای ئه‌و له‌زیندان ده‌رمان هێنا و ئازادیمان دایه‌ ، که‌چی پیاوه‌تێکه‌ی ئه‌وه‌ بوو دوێنێ شه‌و ڕای کرد !
دووباره‌ سڵاوم هه‌یه‌ بۆ برایانی لای ئێوه‌ و هه‌ربژین بۆ برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال
1986.06.10

11/ 6
کاکه‌ حاجی
سڵاو
شه‌وی رابردوو مه‌لا به‌ختیار گیرایه‌وه‌.

*******************تێبینی کوردستانپۆست************************

1- به‌پێی نامه‌ی یه‌که‌م که‌ له‌ 10/ 6 / 1986 جه‌لال تاڵه‌بانی نووسیوێتیی ده‌رده‌که‌وێت، که‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ 9 /6/ 1986دا رایکردووه‌ و له‌ 11 /6 /1986 گیراوه‌ته‌وه‌.
نامه‌که‌ی تاله‌بانی له‌ 10ی مانگدا نووسراوه‌، هێشتا به‌ڕێی نه‌کردووه‌، بۆ به‌یانییه‌که‌ی که‌ مه‌لا به‌ختیار ده‌گیرێته‌وه‌، له‌ خوار نامه‌که‌وه‌ هه‌واڵی گرتنه‌وه‌که‌ی تێدا نووسیوه‌.
2- مسته‌فه‌وی که‌ تاڵه‌بانی سه‌لامی بۆ ده‌نێرێت، خێزانه‌که‌ی بارزانییه‌، یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی که‌ تاوانباره‌ به‌ تیرۆرکردنی قاسملۆ.

بۆ بینینی هه‌ردوو نامه‌که‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە